خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی ره‌گو ڕیشه‌ی سیسته‌می سیاسی فرانسیس فۆكۆیاما
ئەدەب وهونەر 01:14 PM - 2019-12-15.
له كۆتایی ساڵانی هه‌شتادا ناوی " فرانسیس فۆكۆیاما" ته‌واوی جیهانی داگیركردبوو، به‌تایبه‌تی پاش بڵاوبونه‌وه‌ی كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی " كۆتایی مێژوو" لێره‌وه ئیتر فۆكۆیاما بووه ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی بیرمه‌ندانی ئه‌مریكا و جیهان، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه جاڕی له‌ناوچوونی سیسته‌می سۆسیالیستی و موژده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی سیسته‌می لیبڕاڵی و مۆدێلی ئه‌مریكی به‌جیهاندا راگه‌یاند. له‌و كاته‌دا ته‌واوی چه‌په‌كانی جیهان دژی ئه‌م بۆچوونه‌ی وه‌ستانه‌وه و ئێمه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری چه‌پی عه‌ره‌بی و ئێرانی‌دا دژی فۆكۆیاما وه‌ستاینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هێشتا كتێبه‌كه‌یمان خوێندبێته‌وه. من پاش 10 ساڵ كاتێك گه‌یشتمه ئه‌ڵمانیا، ئه‌و كتێبه‌م به زمانی ئه‌ڵمانی خوێنده‌وه، بینیم كابرا ئه‌و شه‌یتانه‌ش نییه كه ئێمه له مێشكمی خۆماندا وێنه‌مان كێشابوو.
هه‌رچه‌نده له ماوه‌ی پێشوودا له دیدارێكی تایبه‌تیدا فۆكۆیاما دانی به‌وه‌دا نا، كه هه‌ندێك له بۆچوونه‌كانی ئه‌و كتێبه‌ی واده‌رنه‌چوون به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی چین و ئێران و سه‌ركه‌وتنی ئیسلامی سیاسی له گێتی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا.
به‌هه‌رحاڵ له ماوه‌ی پێشوودا چاوم به یه‌كێك له كتێبه نوێ و هه‌ره باشه‌كانی ئه‌م بیرمه‌نده كه‌وت كه ئه‌ویش كتێبی " ره‌گو ریشه‌ی سیسته‌می سیاسی " له‌لایه‌ن كاك " ئاوات ئه‌حمه‌د سوڵتان" كراوه‌ته كوردی. كتێبه‌كه له دوو به‌رگ پێك دێت به‌رگی یه‌كه‌م نزیكه‌ی 700 لاپه‌ره‌یه و به‌رگی دووه‌میش نزیكه‌ی 900 لاپه‌ره‌یه.
كاتێك كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه، ته‌واو تووشی سه‌رسامیی كردم،ئه‌م كتێبه یه‌كێك بووه له‌و كتێبه فكرییه باشانه‌ی كه له ماوه‌ی پێشوودا خوێندوومه‌ته‌وه، له زۆر رووه‌وه زانیاری زۆری پێبه‌خشێم له‌هه‌مانكاتییشدا پێداچوونه‌وه‌و راستكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگیش بوو بۆ هه‌ندێك دید و تێڕوانینم، وه‌كو ده‌ڵێن ئه‌بده‌یتێكی فكریی و سیاسی له مێشكمدا خوڵقاند.
فۆكۆیاما له‌م كتێبه‌دا كۆمه‌ڵێك باسی ئێجگار گرنگی وروژاندووه ، بۆ من هه‌ندێكیان زۆر نوێ بوون، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به ره‌گوریشه‌ی سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا، چۆنێتی گه‌شه‌سه‌ندنی سیسته‌می دیموكراسیی و لیبڕاڵی له‌م وڵاته، هه‌روه‌ها گرنگی جه‌نگ، چینی ناوه‌ند، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، باج وه‌رگرتنی حكومه‌ت له‌سه‌ر خه‌ڵكی، بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی وڵاتان. له هه‌مانكاتیشدا نووسه‌ر شرۆڤه‌یه‌كی ئێجگار قووڵی له باره‌ی گه‌نده‌ڵی له سیسته‌مه سیاسییه‌كانی جیهان كردووه، مێژوویی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه له ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی له وڵاتانی " به‌ریتانیا، ئیتالیا، یۆنان، هه‌نگاریا، فه‌ره‌نسا" و جیهانیش باسكردووه، له هه‌مووشی نوێتر له ئه‌مریكا چۆن بووه، له لایه‌كی تریشه‌وه گرنگی ئایین به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه باس ده‌كات، شرۆڤه‌یه‌كی زۆر جوانی بۆ هۆكاری پێشكه‌وتنی سیاسیی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا كردووه، زۆر به باشی له ئه‌زموونی چین، ژاپۆن، ده‌نیمارك، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌مریكا، هیندستان، روسیا، ئه‌مریكای لاتین و وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌فریقا و گێتی عه‌ره‌بی باسكردووه.
هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی، داڕمانی سیاسی باسكردووه، بۆچی گه‌لانی ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، ناتوانن سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی سیاسی و دیموكراسی و لیبڕاڵ و شه‌فاف دروست بكه‌ن، هۆكاری دواكه‌وتنی ئه‌مان و پێشكه‌وتنی ته‌واوی جیهان باس ده‌كات. له‌هه‌مانكاتیشدا باسی گرنگی رۆڵی پێگه‌ی جوگرافی و دیمۆگرافی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تان باس ده‌كات. ئه‌مه و كۆمه‌ڵێك باسی گرنگی تر، كه به بڕوای من هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت له دونیای سیاسه‌تی ئه‌مڕۆ و كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵی و داڕمانی سیاسی یان ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن " ده‌وڵه‌تی فاشیل" تێبگات، ده‌بێت ئه‌م كتێبه بخوێنێته‌وه، چونكه زۆر زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی له شێوازی حوكمی ده‌وڵه‌تان بگه‌یت. له كانگای دڵمه‌وه حه‌ز ده‌كه‌م، هه‌رچی به‌رپرسی كوردستان و عیراق هه‌یه، ئه‌م كتێبه بخوێننه‌وه، چونكه ئه‌م كتێبه رێگا چاره‌ی گونجا و هۆكاری كێشه‌كانی ئه‌مڕۆمان بۆ باس ده‌كات.
له‌پاش خوێندنه‌وه‌ی پێمخۆشبوو به چه‌ند دێرێك له باره‌ی ئه‌م كتێبه‌وه بنووسم، له لایه‌كه‌وه بۆ ناساندنی ئه‌م كتێبه گرنگه، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له فكری نوێی فۆكۆیاما.
حوكمی بنه‌ماڵه‌یی یه‌كه‌م شێوازی رێكخستن
نووسه‌ر له كتێبه‌كه‌یدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ره‌گوریشه‌ی رێكخستنی كۆمه‌ڵگاكان له مێژوودا، ئه‌وه‌ش به‌پشت به‌ستن به دیدوبۆچوونی كۆمه‌ڵێك ئه‌نترۆپۆلۆژی پێش خۆی. نووسه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه، یه‌كه‌مین شێوازی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه شێوازی حوكمی خێزانیی یان وه‌كو خۆی ناوی لێناوه " بانده به‌راییه‌كان" ئه‌و پێشی وایه، حوكمی خێزانی پێش دروستبوونی خێڵ بووه.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
رێكخستنه خێڵایه‌تییه‌كان دوای ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێكان و گه‌شه‌كردنی كشتوكاڵ له ده‌وروبه‌ری نۆ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دروستبووه، كۆمه‌ڵگه راوچیی _ خۆراكچنه‌كان كه پێش كشتووكاڵییه‌كان هاتوون، ماوه‌ی ده‌یان هه‌زار ساڵ له‌وه‌وبه‌ر له‌شێوه‌یه‌كی ساده‌دا رێكخرابوون، له‌سه‌ر بناغه‌ی گرووپی بچووكی خێزانی كۆچه‌ریی كه له قه‌باره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بانده به‌راییه‌كان ده‌بوون ل 78. به‌رگی یه‌كه‌م
له باره‌ی سیماكانی ئه‌م جۆره رێكخستنه‌ش ده‌ڵێت:
له‌ناو گرووپی بانده به‌راییه‌كاندا هیج شتێك نییه له ئاڵوگۆڕی ئابووریانه‌ی مۆدێرن بچێت، هیچ شتێك نییه ئاماژه بێت بۆ تاكگه‌رایی هاوچه‌رخ. له‌م قۆناغه‌دا گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی‌دا هیچ ده‌وڵه‌تێك نه‌بوو سته‌م له خه‌ڵكی بكات، ئه‌مه‌ش ئه‌نترۆپۆلژیستی كۆمه‌ڵایه‌تی " ئێرنست گێڵنه‌ر" به (سته‌مكاری ئامۆزاكان) ناوی ده‌بات واته، جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی كورت بۆته‌وه بۆ بازنه‌یه‌ك له خزمان له ده‌ورت، ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن چی ده‌كه‌یت، له‌گه‌ڵ كێ زه‌ماوه‌ند بكه‌یت و چۆن په‌رستشه‌كانت بكه‌یت، هه‌موو شتێكی ژیانت ئه‌وان بڕیاڕی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.
پاشان زیاتر شیده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:
له كۆمه‌ڵگا باندییه‌كاندا یه‌كسانییه‌كی زۆر هه‌یه، جیاكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز دامه‌زراون، پیاوان راو ده‌كه‌ن و ژنان خۆراك ده‌چنن، هیچ سه‌ركردایه‌تییه‌كی هه‌میشه‌یی نییه. سه‌ركردایه‌تی ده‌درێت به تاكه‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی تواناكانیان وه‌كو گوڕوتین، زرنگی ، هه‌روه‌ها متمانه‌داریی. ل 79 به‌رگی یه‌كه‌م
به‌ڵام پاشان كۆمه‌ڵگه‌كان كاتێك قۆناغی خۆراكچنی و راوكردن به‌جێده‌هێڵن و هه‌نگاو به‌ره‌و قۆناغێكی تر ده‌نێن، كه ئه‌ویش قۆناغی كشتوكاڵیی و جێگیرییه، لێره‌ش شیوازێكی نوێ له رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت كه جیاوازه له شێوازی خێزانی، ئه‌ویش " خێڵایه‌تی" یه.
خێڵ
خێڵ یه‌كێكه له شێوازه كۆنه‌كانی رێكخستنی كۆمه‌ڵگا، كه هه‌تاوه‌كو ئێستاش له زۆر وڵاتی جیهاندا ماوه به‌تایبه‌تی وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا. ئه‌مجۆره‌ش له ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌ندی به گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تییه‌وه هه‌یه به‌تایبه‌تی له راگواستنیه‌وه له قۆناغی خۆراكچنی و راوچێتییه‌وه بۆ قۆناغی كشتوكاڵی، وه‌كو نووسه‌ریش ده‌ڵێت :
گه‌شه‌كردنی كشتوكاڵ وایكرد گوێزانه‌وه له ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی بانده‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌كی، كارێكی شیاو بێت. ل81
هۆكاری دروستبوونی خێڵ
خێڵ وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی، شیوازێكی نوێی ئیدارییه، له هه‌مانكاتیشدا كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌بوون كه وای له مرۆڤ كردووه كه پشت به‌مجۆره رێكخستنه ببه‌ستێت. فۆكۆیاما پێی وایه دوو هۆكار بوونه‌ته هۆی دروستبوونی خێڵ ئه‌وانیش بریتین له: كشتوكاڵكردن، چڕی دانیشتوان . له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
ماڵیكردنی گژوگیا و تۆوه كێوییه‌كان وورد بووه‌و هاوشانی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان بووه . به پشت به‌ستن به باردووخۆی كه‌شوهه‌واو، چڕی دانیشتوانی كۆمه‌ڵگا راوچی و خۆراكچنه‌كان، له 0.1% بۆ 1% كه‌سه بۆ هه‌ر كیلۆمه‌تر دووجایه‌ك. له كاتێكدا داهێنانی كشتوكاڵ چڕی دانیشتوانی به‌رزكرده‌وه‌و بۆ 40 بۆ 60 كه‌س له كیلۆ مه‌تر چوارگۆشه‌دا، ئێستا په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان زۆر به‌رینتره، هه‌ربۆیه ئه‌مه‌ش پیویستی به فۆرمێكی جیاوازی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. ل 81
لێره‌شه‌وه مرۆڤ هه‌نگاوی گه‌وره‌تر ده‌نێت و سنووری خێڵ تێده‌په‌ڕێنێت و به‌ره‌و فۆرمێكی نوێی رێكخستن هه‌نگاو ده‌نێت كه ئه‌ویش ده‌وڵه‌ته.
ده‌وڵه‌ت
ده‌وڵه‌ت ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م كتێبه‌یه، نووسه‌ر زۆر به چڕی له‌سه‌ر مێژوو، هۆكاری دروستبوون، شێوازی حوكمڕانی قسه‌ی كردووه. دیاره له ئێستادا پرسی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می ئیداریی و سیاسی، یه‌كێكه له پرسه گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كانی جیهان. نووسه‌ریش له‌م كتێبه‌یدا زۆر به قووڵی خۆی به‌م پرسه‌وه خه‌ریكردووه.
هۆكاره‌كانی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت
دیاره بۆ دروستبوونی دوڵه‌ت نووسه‌ر شیكردنه‌وه‌ی خۆی كردووه له‌هه‌مانكاتیشدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ تێڕوانین و بۆچوونی دوو فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ی جیهان كه ئه‌وانیش " رۆسۆ و هۆبز". له‌رێگاشدا زوو زوو ره‌خنه له دیدوبۆچوونه‌كانی ماركس و ئه‌نجلس ده‌گرێت.
لای رۆسۆ هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت " په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه" كه تاكه‌كان له‌سه‌ری رێكه‌وتوون، گه‌رجی لای هۆبز، مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری مافی " ئه‌وه‌ی چی پێخۆشه بكات بووه" له‌به‌رامبه‌ردا ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی قۆرخكردنی هێزه‌وه، ئاسایشی بنه‌ڕه‌تی بۆ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك زامن ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌شتوانێت مافه‌كانی موڵكدارێتی، رێگاوبان، دراو، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسی ده‌ره‌كی ، هه‌موو ئه‌م مافانه بۆ هاوڵاتیان دابین بكات، له‌به‌رامبه‌رێشدا هاوڵاتی ده‌بێت " باج بدده‌ن ، هه‌روه‌ها سه‌ربازگرتنیش ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته. ل 117 به‌رگی یه‌كه‌م
ده‌وڵه‌ت وه‌كو ده‌رئه‌نجامێكی توندوتیژی
خاڵێكی تر كه فۆكۆیاما زۆر گرنگی پێداوه، رۆڵی توندوتیژیی و جه‌نگه له دروستبونی ده‌وڵه‌ت، فۆكۆیاما پێی وایه ، ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌م یان ده‌رئه‌نجامی سروشتی توندوتیژی مرۆڤه، دوایین لوتكه‌ی توندوتیژیش جه‌نگه، ده‌وڵه‌ت له ئه‌نجامی دروستبوونی جه‌نگه‌كانه‌وه له‌دایك بووه. له‌لایه‌كه‌وه گه‌لان له ترسی داگیركاری بیانی هه‌وڵیانداوه له رووی سه‌ربازیی و ئیدارییه‌وه خۆیان باشتر رێكبخه‌ن، له لایه‌كی تریشه‌وه داگیركردنی وڵاتان، هانده‌ربووه تاوه‌كو پێگه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌هێزتربێت له پێش هه‌موویانه‌وه سوپا.
" توندوتیژی و زۆره‌ملێ" هه‌یه، یان " جه‌نگ" هۆكارێكی گرنگی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت. هه‌میشه مرۆڤایه‌تی هه‌وڵیداوه گیانی خۆی له هێزێكی داگیركه‌ر بپارێزێت، جه‌نگ و توندوتیژیش به‌شێك بوون له مێژووی مرۆڤایه‌تی. فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
توندوتیژی وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری پێكهێنانی ده‌وڵه‌ته. بوونی مه‌ترسی داگیركردنی له‌لایه‌ن خێڵێكی بیانییه‌وه، هانی گرووپه خێڵێییه‌كان ده‌دات، بۆ دامه‌زراندنی فۆرمێكی درێژخایه‌نتر و ناوه‌ندیتری فه‌رمان و كۆنترۆڵكردن . ل 121. به‌رگی یه‌كه‌م
هۆكاری توندوتیژی
به‌لای فۆكۆیاماوه هۆكاری توندوتیژی و جه‌نگ، ته‌نها له سروشتی مرۆڤه‌وه نه‌بووه وه‌كو تۆماس هۆبز ده‌ڵێت، به‌ڵكه دوو هۆكاری سه‌ره‌كی له پشت ئه‌م كرداره‌ی مرۆڤه‌وه بوون. یه‌كه‌میان: دزین و تاڵانی. دووه‌میان شكۆمه‌ندی. دزین و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌ره‌وت و سامانی خه‌ڵكیدا، هه‌میشه هانده‌ری یه‌كه‌م بووه، به‌ڵام شكۆمه‌ندی و ئازایه‌تیش و پاڵنه‌رێكی تر بووه تاوه‌كو خه‌ڵكی ئاماده‌بێت گیانی خۆی بخاته مه‌ترسیه‌وه.
ئاوه‌دانی
هۆكارێكی تری دروستبوونی ده‌وڵه‌ت به‌لای فۆكۆیاماوه، ئاوه‌دانییه، خۆی ئه‌م خاڵه‌ی ناوناوه " ئه‌ندازه‌ی هایدرۆلیكی" فۆكۆیاما پێی وایه، زۆربه‌ی پرۆژه گه‌وره ئاوه‌دانییه‌كان، كاتێك دروستبوون كه ده‌وڵه‌ته‌كان له دایك بوون، بۆ نموونه كه‌ناڵی گه‌وره‌ی چین یان دیواره مه‌زنه‌كه، ئه‌مانه كاتێك دروستبوون، كه ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز پشتگیری كردوون. واته ده‌وڵه‌ت وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانیش له دایك بووه.
كشتووكاڵ
یه‌كێكی تر له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، له دایك بوون و گه‌شه‌سه‌ندنی كشتووكاڵه. فۆكۆیاماش پێی وایه، گواستنه‌وه مرۆڤ له قۆناغی راوچێتی و خۆراكچنیه‌وه بۆ قۆناغی كشتوكاڵی، هۆكارێكی گرنگی تری دروستبونی ده‌وڵه‌ت بووه.
چڕی دانیشتوان
هۆكارێكی تریش بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت چڕی دانیشتوانه، نووسه‌ر پێی وایه چڕی دانیشتوان پاڵنه‌رێكی گرنگ بووه بۆ داهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا ، بۆ نموونه زۆربه‌ی شارستانه دێرینه‌كان له نزیك رووباره‌كان كۆبوونه‌وه‌و خه‌ڵكی زۆر تێیدا ژیاوه، هه‌روه‌ها له میسر و میزۆپۆتامیا و چین، سیسته‌می كشتوكالی ئاڵۆزیان داهێناوه، وه‌كو ئاودێری فراوان ، به‌رهه‌می نوێی به‌هادار. هه‌ربۆیه نووسه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه بوونی دانیشتوان هانی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت ده‌دات بۆ ره‌خساندنی بوار بۆ تایبه‌تیكردن و دابه‌شكردنی كار له نێوان گروپه ده‌سته‌بژێر و خانه‌دانه‌كان.
به‌لای فۆكۆیاماوه، چڕی یان زۆربوونی دانیشتوان پاڵنه‌ر بوون بۆ دروستوبی ده‌وڵه‌ت و كتشوكاڵ و ته‌كنه‌لۆژیا.
ئایین
پاڵنه‌رێكی تر په‌یوه‌ندی به دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه ئه‌ویش ئاینه‌كانه، ئاینیش ڕۆڵی گرنگی گێڕاوه له دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌كان، له‌مباره‌یه‌وه فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
ئایین رۆڵێكی وه‌زیفه‌یی گرنگ ده‌بینێت له ئاسانكارییكردنی فراواندا بۆ كرده‌ی پێكه‌وه‌یی. هه‌روه‌ها ئایین رۆڵێكی گرنگیش هه‌یه له دروستبوونی كه‌سایه‌تی كاریزمایی. ل 90. به‌رگی یه‌كه‌م
جیاوازی خێڵ و ده‌وڵه‌ت
خێڵ و ده‌وڵه‌ت دوو رێكخستنی جیاوازی كۆمه‌ڵگه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان له قۆناغێكی مێژوویدا، زه‌روره‌تێك هێناویه‌ته به‌رهه‌م. له ئێستاشدا تێكه‌ڵاوییه‌ك له نێوان ئه‌م دوو دامه‌زراوه‌دا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئاسیا و ئه‌فریقادا. نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یدا به قووڵی خۆی به‌م پرسه‌وه خه‌ریككردووه، بنه‌ما و كۆڵه‌كه‌كان و هۆكاری دروستبوونی هه‌ردووكیانی دیاریكردووه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا خاڵی جیاواز و ناكۆكی ده‌رخستوون، له‌مباره‌یه‌وه فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
بانده‌كان و خێڵه‌كان، ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌سه‌ر بناغه‌ی خزمایه‌تی دامه‌زراوه، ئه‌وانه تا ڕاده‌یه‌ك كۆمه‌ڵگای یه‌كسانین، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌ماره‌ته‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان، سیسته‌مێكی هه‌ڕه‌میان هه‌یه و له بری خزمایه‌تی، موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. ل 77 به‌رگی یه‌كه‌م
پاشان زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:
به‌گشتی ده‌وڵه‌ته‌كان زۆر له كۆمه‌ڵگه‌كانی خێڵ ڕێكخراوتر و به ده‌سه‌ڵاتترن ، یان ئه‌وه‌تا خێڵه‌كان داگیر ده‌كه‌ن یاخود هه‌ڵیانده‌لوشن . 116 به‌رگی یه‌كه‌م
به بروای فۆكۆیاما چوار خاڵی سه‌ره‌كی خێڵ و ده‌وڵه‌ت له یه‌كتری جیا ده‌كاته‌وه:
1/ ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه چ له شێوه‌ی پادشا، سه‌رۆك، ده‌تواننن یاساكان به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كاندا بسه‌پێنێت.
2/ ئه‌و سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته " پادشا یان سه‌رۆك" له رێگه‌ی قۆرخكردنی ئامڕازه ره‌واكانی ناچاركردنه‌وه له فۆڕمی " سوپا، یان پۆلیس، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان" پشتیوانی لێده‌كرێت.
3/ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت هه‌رێمایه‌تییه نه‌ك خزمایه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی ده‌وڵه‌ت پشت به خزمایه‌تی نابه‌ستێت، بۆیه ده‌توانێت زۆر له خێڵ زیاتر گه‌وره بێته‌وه‌و گه‌شه بكات.
4/ ده‌وڵه‌تان زیاتر چینایه‌تین و نایه‌كسانی زیاتریان تێدایه، لێره‌دا فه‌رمانڕه‌واو ستافه كارگێڕییه‌كه‌ی زۆرجار خۆیان له باقی كۆمه‌ڵگا جیاده‌كه‌نه‌وه.
5/ ده‌وڵه‌ت به هۆی كۆمه‌ڵێك فۆڕمی باوه‌ڕه ئاینییه‌كانه‌وه زۆر به‌رچاوتره ، كه چینێكی تایبه‌تی ئایینزاكان ده‌بێته پاسه‌وانیان. هه‌ندێكجاریش ئه‌و چینه ئاینزایه راسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرێت ، له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌بێته ده‌وڵه‌تێكی ئایینی " تیۆكراسی" . ل115 به‌رگی یه‌كه‌م
خراپی ده‌وڵه‌تی خێڵه‌كی
پاشان نووسه‌ر باسی جۆرێكی خراپی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، كه ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی خێڵگه‌راییه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای خێڵه‌كی دامه‌زراوه‌و به جۆرێكی زۆر خراپی ده‌وڵه‌ت دایده‌نێت. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر بناغه‌ی خێڵ دامه‌زرابێت، ئه‌وه هه‌ر به سروشتی خۆی لاواز و ناسه‌قامگیره، سه‌ركرده خێڵه‌كییه‌كان به‌وه ناسرابون به ئاسانی نایه‌نه ژێر بار، زۆرجار له دوای ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كی بچووك ، له‌گه‌ڵ خزماندا خۆیان ونده‌كه‌ن. ل 271. به‌رگی یه‌كه‌م
به‌ڵام هه‌روه‌ك نووسه‌ریش ئاماژه‌ی بۆ كردووه، هێشتا له زۆر شوێندا ، بنه‌ماكانی خێڵگه‌رایی زاڵه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
كاتێك كۆمه‌ڵگه‌كان ئاستی خێڵ توانیان بگه‌نه ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌وڵه‌ت، پیاوانی خێڵ به‌ئاسانی بزر نه‌بوون، له چین، هیندستان، خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر لوتكه‌ی دامه‌زراوه خێڵایه‌تییه‌كان دامه‌زران و پێكه‌وه ماوه‌یه‌كی درێژ له حاڵه‌تێكی هاوسه‌نگی ناره‌حه‌تدا مانه‌وه،خه‌باتكردن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سیاسه‌ته " خێڵه‌كییه‌كان" به فۆڕمی زیاتر ناشه‌خسی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان، له‌سه‌ده‌ی بیست ویه‌كیشدا هه‌ر به‌رده‌وامه. ل113
بۆچوونی هۆبز و رۆسۆ له ته‌رازووی زانست‌دا
وه‌كو پێشتریش باسمكرد نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یدا زیاتر جه‌ختی له سه‌ر بۆچوونه‌كانی هه‌ردوو فه‌یله‌سووف " جان جاك رۆسۆ، تۆماس هۆبز كردووه" . خلافی سه‌ره‌كی له نێوان ئه‌م دوو فه‌یله‌سووفه له‌وه‌دابووه، كه هۆبز پێی وابوو. توندوتیژی به‌شێكه له سروشتی مرۆڤ ئه‌و به " حاله‌تی سروتی " وه‌سفیكردووه. گه‌رچی رۆسۆ دژی ئه‌م بۆچوونه ده‌وه‌ستایه‌وه پێی وابووه،كه توندوتیژی به‌رهه‌می ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه مرۆڤه‌كان لێی له‌دایك ده‌بن" تاڕاده‌یه‌كی زۆر ماركسیش هه‌مان بۆچوونی هه‌بوو". به‌ڵام به پشت به‌ستن به لێكۆڵینه‌وه‌كانی هه‌ردوو ئه‌نترۆپۆلیژیست " لاورانس كیبڵی و ستیڤن لابانكی" ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت له لێكۆڵینه‌وه‌كان كه بۆ 90 خێڵی به‌رایی كراوه، له ماوه‌ی پێنچ ساڵی پێشوودا هه‌ر خه‌ریكی شه‌ڕو جه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ یه‌كتری، ل104 به‌رگی یه‌كه‌م
له‌لایه‌كی تره‌وه نووسه‌ر پێی وایه، مه‌سه‌له‌ی جه‌نگ و توندوتیژی زیاتر په‌یوه‌ندی به خێڵه راوكه‌ره‌كانه‌وه هه‌یه، له‌مه‌دا باسی شامبازییه‌كان ده‌كات كه هه‌میشه له راوی مه‌یمونه‌كاندان، له‌رێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه ئه‌م توندوتیژییه بۆ مرۆڤ گوازراوه‌ته‌وه. گه‌رچی رێژه‌ی توندوتیژی له‌ناو خۆراكچنه‌كان كه‌متره.
ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و فاشیل
له ئێستادا له ته‌واوی جیهاندا قسه‌وباسی زۆر له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ده‌وڵه‌تی فاشیل ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له پاش رووداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی گێتی عه‌ره‌بی كه به " به‌هاری عه‌ره‌بی" ده‌ناسرێت، كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و نه‌هامه‌تی و كاره‌سات رۆیشتن. فۆكۆیاما له‌م كتێبه‌دا پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ چۆنێتی و هۆكاری دروستبونی ده‌وڵه‌ت به‌گشتی و ده‌وڵه‌تی مۆدێرن ته‌رخانكردووه، له‌هه‌مانكاتیشدا هۆكاری شكستی نه‌ته‌وه‌كان له دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی پته و باسكردووه به‌تایبه‌تی له گێتی عه‌ره‌بی و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین. فۆكۆیاما پێی وایه:
كاتێك سیسته‌مه سیاسییه‌كان ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ باردوخه گۆڕاوه‌كاندا بسازێنن، ئیتر داڕمانی سیاسی روو ده‌دات. ل 15 به‌رگی یه‌كه‌م
له‌مه‌دا فۆكۆیاما باشی پێكاوه، ته‌واوی كێشه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش هه‌ر ئه‌مه‌یه كه نووسه‌ر باسی لێوه ده‌كات .
سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی دیموكراسی مۆدێرن
به بڕوای فۆكۆیاما دیموكراسی مۆدێرن له‌سه‌ر سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی دامه‌زراوه كه ئه‌وانیش بریتین له :
1/ ده‌وڵه‌ت
2/ سه‌روه‌ری یاسا
3/ حكومه‌تی به‌رپرسیار
پاشان نووسه‌ر گرنگی ئه‌م سێ كۆڵه‌كه‌ی باس ده‌كات و ده‌ڵێت:
ده‌وڵه‌ت ته‌كیز ده‌كاته سه‌ر به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك ملكه‌چ بكات بۆ یاساكانی و له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانی دیكه و هه‌ڕه‌شه‌ی دیكه‌دا، داكۆكی له خۆی بكات. سه‌روه‌ری یاسا و به‌رپرسیارێتی حكومه‌تیش، ده‌تواننن ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت سنوردار بكه‌ن، یه‌كه‌م له رێگای ناچاركردنی بۆ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به پێی ژماره‌یه‌ك یاسیا گشتی و شه‌فاف، پاشان له رێگای زامنكردنی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت ملكه‌چه بۆ ویستی گه‌ل. ل 28 . به‌رگی یه‌كه‌م
سه‌قامگیریی سیاسی رۆڵی بۆ به‌هێزبوونی هاوڵاتیبوون
خاڵێكی گرنگی تر كه نووسه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كات و به گرنگی داده‌نێت بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن، بوونی هه‌ستی هاوڵاتیبوون یان نیشتمانپه‌روه‌رییه. له‌مباره‌یه‌وه چین به نموونه ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت:
سه‌قامگیری سیاسیی هه‌تا بڵێی گرنگه بۆئه‌وه‌ی هاوڵاتی واهه‌ست بكات كه ده‌وڵه‌ت ره‌وایی هه‌یه و هه‌ستوسۆزی نیشتمانپه‌روه‌ریی له لاپه‌یدا ببێت و ئه‌زموونی بكات. پارتی كۆمۆنیستی چینی، راسته به‌هۆی چالاكییه ئابورییه به‌رچاوه‌كه‌یه‌وه ره‌وایی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام خاڵێكی به‌هێزی دیكه‌شی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌و په‌راوێزه‌یه كه تێیدا وه‌ك به‌رجه‌سته‌كه‌ری ناسیۆنالیزمی چینی ده‌رده‌كه‌وێت. ل 332 به‌رگی دووه‌م
ناسیۆنالیزم
خاڵێكی گرنگی تر كه نووسه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كردووه مه‌سه‌له‌ی " ناسیۆنالیزمه" . له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
ناسیۆنالیزم یه‌كێكه له فۆرمه دیاره‌كانی سیاسه‌تی شوناس كه یه‌كه‌مین گوزارشتی به‌رچاوی خۆی له شۆڕشی فه‌ره‌نسادا بینییه‌وه، له دیدی ناسیۆنالیزمه‌وه ، ده‌بێت سنووره سیاسییه‌كان ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ سنووره كه‌لتووریه‌كاندا بسازێن، كه ئه‌ویش له بنه‌ڕه‌تدا به زمان و كولتووری هاوبه‌ش پێناسه ده‌كرێت.
پاشان هانای بۆ دیدی تایلۆری فه‌یله‌سووف ده‌بات و ده‌ڵێت:
خه‌بات له پێناوی شوناسدا هه‌ر به سروشتی خۆی سیاسییه، چونكه داوای دانپێدانران ده‌كات، مرۆڤه‌كان بونه‌وه‌رگه‌لێك نین كه ته‌نها به سه‌رچاوه ماددییه‌كان ئاسووده ببن، له پاش ئه‌وه‌شدا داوا ده‌كه‌ن خه‌ڵكانی تر دانیان پێدابنێن،بیانناسنه‌وه، كه‌رامه‌ت و شكۆیان پارێزراو بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌واندا یه‌كسان بن، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه، ئاڵا، كورسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان لای ناسیۆنالیسته‌كان به گرنگ وه‌رده‌گرن و بایه‌خی پێده‌ده‌ن . ل 333 . به‌رگی دووه‌م
ناسیۆنالیزم و مۆدێرنه
خاڵێكی گرنگی تر كه نووسه‌ر جه‌ختی لێده‌كاته‌وه، په‌یوه‌ندی نێوان ناسیۆنالیزم و مۆدێرنه‌یه. له‌مه‌شدا پشت به بۆچوونی هه‌ردوو فه‌یله‌سووفی ناودار " ئه‌ندرسۆن و گیلنه‌ر" ده‌به‌ستێت و ده‌ڵێت:
ئه‌ندرسۆن و گیلنه‌ر ناسیۆنالیزم ده‌به‌ستنه‌وه به مۆدێرنه‌وه، له راستیدا كۆمه‌ڵگه پێش مۆدێرنه‌كان، شوناس وه‌كو گرفتێك ده‌رناكه‌وێت،333
جیاوازی حوكمی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ده‌وڵه‌تی خزمه‌گه‌رایی
ئه‌وه‌ی كه زۆر به‌لامه‌وه گرنگ و پڕ بایه‌خ بوو، مه‌سه‌له‌ی شیكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ده‌وڵه‌تی نامۆدێرن یان خزمگه‌رایی . له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
حكومه‌ته مۆدێرنه‌كان، ستافی خۆیان له سه‌ر بناغه‌ی لێوه‌شاوه‌یی و شاره‌زایی هه‌ڵده‌بژێرن، كاره‌كانیشیان له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ده‌بێت، ده‌وڵه‌تی خزمه‌گه‌رایی نوێ ته‌نها شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی له هی مۆدێرن ده‌چێت، ده‌ستووری هه‌یه، سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و سیاسه‌تی یاسایی، هه‌موو ئه‌مانه‌ی هه‌یه و خۆی وا نمایش ده‌كات كه نا كه‌سیانه كاروباره‌كانی راده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام له ڕاستیدا، خه‌ریكی به‌خشینه‌وه‌و ته‌خشان و په‌خشانكردنی سه‌روت و سامانی وڵاته به‌سه‌ر كه‌سوكارو دۆسته‌كانی خۆیدا. 498 به‌رگی دووه‌م.
رۆڵی یاسا له بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن
خاڵێكی گرنگی تر كه نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێداوه، گرنگی رۆڵی یاسایه له بونیاتنانی ده‌وڵه‌تدا. سه‌روه‌ری یاسا رۆڵێكی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن له ده‌وڵه‌تێكی خێڵه‌كی.
یاسای گشتی بۆیه پێی ده‌گوترێت گشتی، چونكه تایبه‌تگه‌را نییه. ل 352 به‌رگی یه‌كه‌م
له‌مباریه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
یه‌كێك له خاسییه‌ته تایبه‌تییه‌كانی بونیاتنانی ده‌وڵه‌ت له ئه‌وروپا ئه‌وه‌بوو، هه‌ر زوو ده‌وڵه‌ت پشتی به یاسا ده‌به‌ست، هه‌ربه‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه بوو كه دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت گه‌شه‌یان كرد. ل 368 به‌رگی دووه‌م
زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌دا ملكه‌چن بۆ یاسا نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی له زه‌ینی خۆیاندا لێكدانه‌وه‌ی عه‌قڵانیانه ده‌كه‌ن له باره‌ی تێچوون و قازانجه‌كانه‌وه یان له سزا ده‌ترسن، ئه‌وانه گوێڕایه‌ڵی ده‌كه‌ن، چونكه باوه‌ڕیان وایه كه یاسا له بنه‌ڕه‌تدا داپه‌روه‌ره، له رووی ئاكارییه‌وه مه‌یلیان له پێڕه‌وكردنیه‌تی، خۆ ئه‌گه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دا بوونایه كه یاسا دادپه‌ره‌وه نییه، ئه‌وا زۆر كه‌متر ده‌خوازن گوێڕایه‌ڵی بن. ل 354 به‌رگی دووه‌م
داڕمانی سیاسی
پرسێكی گرنگی تر كه نووسه‌ر له به‌رگی دووه‌مدا به چڕی باسی لێوه ده‌كات، مه‌سه‌له‌ی داڕمانی سیاسییه، له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
داڕمانی سیاسی بریتییه له ناتوانایی دامه‌زراوه‌كان بۆ خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخه گۆڕاوه‌كاندا به‌تایبه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه نوێیه‌كان و داواكارییه سیاسییه‌كایان ، ل 781به‌رگی دووه‌م
هه‌روه‌ها گه‌لێك له دامه‌زاروه سیاسییه‌كان سست بوون و ئه‌ركی خۆیان راناپه‌ڕێنن، بكه‌ره سیاسییه‌كان له شوێنی خۆیاندا چه‌قیون، رێگاش نادده‌ن وڵاته‌كه چاكسازییان تێدا بكات، ئه‌نجامدانی چاكسازیی دامه‌زراوه‌یی كارێكی هه‌تا بڵێی سه‌خته ، هیچ زامنێك نییه بۆئه‌وه‌ی كه ئه‌نجام بدرێت بێ ئه‌وه‌ی سیسته‌مه سیاسیه‌كه بخرێته له‌رزه. ل 788 به‌رگی دووه‌م.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌رج نییه هه‌موو داڕمانێكی سیاسی خراپ بێت، بگره هه‌ندێكجار كارێكی باشه، تاوه‌كو دووباره چرۆی سیسته‌مێكی سیاسی نوێ له‌دایك بێت. له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
داڕمانی سیاسی له زۆر رووه‌وه مه‌رجێكه بۆ گه‌شه‌كردنی سیاسی، پێویسته كۆن هه‌ره‌س بهێنێت و جێگا بۆ تازه چۆڵ بكات، به‌ڵام له‌وانه‌بێت ئه‌م گوێزانه‌وه‌یه پڕبێت له پشێویی و توندوتیژی، هیچ زامنێك نییه بۆئه‌وه‌ی كه دامه‌زراوه سیاسییه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و خۆبه‌خۆ باروودۆخه تازه‌كان قبووڵ بكه‌ن. ل 781 به‌رگی دووه‌م
هه‌موو سیسته‌مێكی سیاسی ده‌روخێت
زۆرجار وا ده‌زانین كه سیسته‌مه سیاسییه‌كان ماوه‌یه‌كی زۆر جێگیر بوون ئیتر ترسی رووخانیان نییه، به‌ڵام نووسه‌ر دژی ئه‌م بۆچوونه‌یه و ده‌ڵێت:
هه‌موو سیسته‌مێكی سیاسی " رابردوو و ئێستاش" هه‌موویان قابیلی داڕمانن . سیسته‌مێك هه‌رئه‌ونده‌ی سه‌ركه‌وتوو بوو، دیموكراسییه‌كی لیبراڵی سه‌ركه‌وتووی هه‌بوو، ئیتر مانای ئه‌وه نییه كه هه‌تا هه‌تایه هه‌روا ده‌مێنێته‌وه. ل 766 به‌رگی دووه‌م
دیموكراسی
له‌ماوه‌ی پێشوودا قسه‌وباسی زۆر له باره‌ی دیموكراسییه‌وه ده‌كرێت به‌تایبه‌تی نه‌ك له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا، بگره له ئێستادا له رۆژئاواش ترسی داڕمانی سیسته‌می دیموكراسی هه‌یه. نووسه‌ریش پانتایی زۆری له كتێبه‌كه‌یدا بۆ پرسی دیموكراسی داناوه، به‌تایبه‌تی ئاینده‌ی دیموكراسی له رۆژئاوادا
له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر :
ئاینده‌ی دیموكراسی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو پشتده‌به‌ستێت به توانای ئه‌وان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گرفتی له‌ناوچوونی چینی ناوه‌ڕاستدا ، دوای قه‌یرانه ئابووریه‌كه گرووپه پۆپۆلیسته‌كان له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵدا .
ده‌شێت دیموكراسی خۆی ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره‌سهێنان و پووكانه‌وه ل 780 به‌رگی دووه‌م
به‌هێزبوونی هێزه پۆپۆلیسته‌كان
به‌هێزبوونی هێزه پۆپۆلیسته‌كان، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه ئه‌مڕۆ له رۆژئاوادا بۆته پرسێكی گه‌رم و گرنگ. نووسه‌ریش خۆی به‌م كێشه‌یه‌وه خه‌ریكردووه، به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه له هۆكار و سیما و ئامانجه‌كانی ئه‌م ره‌وته پۆپۆلیستانه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
ئه‌وه‌ی هه‌موویانی یه‌كخستووه باوه‌ڕبوونه به‌وه‌ی ده‌سته‌بژێڕانی وڵاته‌كانیان خیانه‌تیان لێكردوون، له زۆر رووشه‌وه له‌سه‌ر هه‌قن، ئه‌و ده‌سته‌بژێرانه‌ی كه كه‌شووهه‌وای هزری كولتووری وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانیان خستۆته سه‌رپێ ، خۆیان له كاریگه‌رییه‌كانی داڕمانی چینی ناوه‌ڕاست به‌دوورن، هه‌وڵیكیش نادده‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی. 765 به‌رگی دووه‌م.
تاكه چاره‌سه‌ر چییه؟
پاشان باسی چاره‌سه‌ره‌كان ده‌كات بۆ ئه‌م كێشه‌یه و ده‌ڵێت:
تاكه چاره‌سه‌ر بۆ مه‌ودای دوور سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی وه‌هایه بتوانێت زۆرینه‌ی هاوڵاتیان به‌ره‌و ئاسته به‌رزه‌كانی خوێندن و پسپۆریی و شاره‌زایی ببات. یارمه‌تی هاوڵاتیان بدات تا نه‌رم بن و خۆیان له‌گه‌ڵ باروودۆخه گۆڕاوه‌كانی كاركردندا بسازێنن، هه‌روه‌ها ده‌بێت ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه تایبه‌تییه‌كانیشی به‌هه‌مانشێوه نه‌رمیان تێدا بێت. خاسیه‌تی دیموكراتی پێشكه‌وتوو ئه‌وه‌یه ، به تێپه‌ڕینی كات كۆمه‌ڵێك چه‌قبه‌ستن و به‌سته‌ڵه‌كی له‌خۆی كه‌ڵه‌كه كردووه كه هه‌وڵدان و گونجاندن و راهێنانی دامه‌زراوه‌ییان هه‌تا بێت قوورستر ده‌بێت . 766 به‌رگی دووه‌م
حكومه‌تی مۆدێرن چییه؟
نووسه‌ر وه‌سفێكی جوانی حكومه‌تی مۆدێرن ده‌كات و ده‌ڵێت:
حكومه‌تی مۆدێرن و كارا، هاوسه‌نگی گونجاو ده‌دۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی هه‌م به‌هێز بێت و هه‌م كاراش بێت ، دامه‌زاروه‌كانی یاسا و به‌رپرسیارێتی وه‌ها وه‌گه‌ر ده‌خات كه ده‌وڵه‌ت سنووردار ده‌كه‌ن و ناچاری ده‌كه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیاندا هه‌ڵبسورێت. ل 853 به‌رگی دووه‌م.
رۆلی خراپ ته‌كنه‌لۆژیا
گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیا و كاریگه‌رییه خراپه‌كانی، پرسێكی گرنگه و له ئێستادا له ته‌واوی جیهاندا، نووسه‌رو بیرمه‌ند و سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه، خۆیان پێوه خه‌ریكردووه. نووسه‌ریش له‌م كتێبه‌یدا، پانتاییه‌كی باشی بۆ ئه‌م بابه‌ته داناوه.
به‌تایبه‌تی لایه‌نی نێگه‌تیفی ته‌كنه‌لۆژیا كه ده‌بێته هۆی له ده‌ستدانی كاری كرێكاره‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌بیته هۆی به‌هێزبونی نا یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
هه‌میشه نا یه‌كسانی له ئارادا بووه چونكه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی جیاوازی له نێوان به‌هره‌و لێهاتووه‌یه‌كانیدا هه‌بووه، به‌ڵام ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مڕۆ، ئه‌م جیاوازیییه زۆر گه‌وره ده‌كاته‌وه، 759 به‌رگی دووه‌م
ترسی ته‌كنه‌لۆژیا
پاشان نووسه‌ر باسی ئه‌و ترسه ده‌كات، كه ته‌كنه‌لۆژیا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌كان دروستیكردووه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان نه‌یانتوانی قازانجی ئابووری فراوان و هاوبه‌ش به‌دیبهێنن، یاخود ئه‌گه‌ر سست بوو، ئه‌وه كۆمه‌ڵگا مودێرنه‌كان ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ جیهانی مالتۆسی، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوونی دیموكراسی ده‌بێت ، 762 به‌رگی دووه‌م
رۆڵی چینی ناڤین له شۆڕشه‌كان و دیموكراسیدا
هه‌موو كاتێك چینی ناڤین رۆڵی گرنگی هه‌بووه له ناو كۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌كاندا، نووسه‌ریش له‌م كتێبه‌یدا زۆر به قووڵی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وه‌ستاوه، به‌تایبه‌تی رۆڵی ئه‌م چینه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی ئێستادا له هه‌موو جیهاندا. له‌مه‌شدا ته‌نها پشتی ته‌نها به دیدوبۆچوونی خۆی نه‌به‌ستووه به‌ڵكه هانای بۆ چه‌ند بیرمه‌ندێكی تر بردووه به‌تایبه‌تی ساموێل هینگتۆن، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: چینه‌كانی ناوه‌ڕاست بۆ گۆڕانی سیاسی زۆر گرنگن.
ده‌شڵێت:
شۆڕشه‌كان هه‌رگیز له لایه‌ن هه‌ژارترینی هه‌ژارانه‌وه هه‌ڵناگیرسێنرێن، چونكه ئه‌وانه نه سه‌رچاوه‌یان له‌به‌رده‌سته و نه ئه‌وه‌نده‌شیان خوێندووه كه بتوانن به شێوه‌یه‌كی كارا خۆیان رێكبخه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه چینه‌كانی ناوه‌ڕاست گرووپی زۆر له‌بارترن، زۆر به خێرایی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان زیادیكردووه و فراوان بووه، بۆیه رووبه‌روی ئه‌و نا ئومێدییه بونه‌ته‌وه، چونكه رێگای جووڵه‌یان لێگیراوه، بۆشایی نێوان داواكارییه‌كانی ئه‌وان و واقیع ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیریی سیاسی. ل 732 به‌رگی دووه‌م
گرنگی چینی ناڤین
پاشان گرنگی و رۆڵی چینی ناڤین له كۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌كان باس ده‌كات و ده‌ڵێت:
بوونی چینی ناوه‌ڕاستی فراوان نه به‌سه بۆ هێنانه كایه‌ی دیموكراسی و لیبراڵی، نه مه‌رجێكیی پێویستیشه بۆی، به‌ڵام یاریده‌ده‌رێكی زۆرباشه بۆ هێشتنه‌وه‌ی و پاراستنی ، ل 756 به‌رگی دووه‌م.
رۆڵیان له به‌هاری عه‌ره‌بی
به بۆچوونی نووسه‌ریش چینی ناوه‌ڕاست رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له شۆڕشه‌كانی عه‌ره‌بی كه‌به به‌هاری عه‌ره‌بی ناسراوه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه نووسه‌ر هاتووه لێكچوونێكی له نێوان به‌هاری عه‌ره‌بی ساڵی 2011و به‌هاری ئه‌وروپی ساڵی 1848 كردووه، پێی وایه تاكه خاڵی هاوبه‌ش نێوانیان به‌شداربوونی رۆڵی ئه‌كتیفی چینی ناوه‌ڕاسته. ل 732 به‌رگی دووه‌م
مه‌رج نییه چینی ناڤین پشتگیری شۆڕش بكه‌ن
له لایه‌كی تره‌وه نووسه‌ر باسی خاڵێكی گرنگی تری كردووه، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، مه‌رج نییه هه‌مووكاتێك چینی ناڤین پشتگیری شۆڕش و هێزه دیموكرات و لیبراڵه‌كان بكه‌ن، نووسه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
مه‌رج نییه گرووپی چینی ناوه‌ڕاست پشتیوانی له لیبڕاڵ و دیموكراسی بكه‌ن، ده‌توانن له‌گه‌ڵ هێزه كۆنزێرڤاتیڤه‌كاندا ببنه هاوپه‌یمان نه‌ك بۆ فراوانكردنی دیموكراسی، به‌ڵكو قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و هێزه میللییانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاكان و هه‌شتاكان له ئه‌مریكای لاتین پێڕه‌ویان كرد، هه‌روه‌ها توركه‌كانیش له نه‌وه‌ته‌كان وایانكرد. ل 735 به‌رگی دووه‌م
ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند
له كاتێكدا نووسه‌ر له زۆر شوێندا گرنگی به بوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ده‌دات، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌رخۆی بۆمان روون ده‌كاته‌وه به‌هێزبوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌وه زه‌ره‌ریشی هه‌یه.
وه‌كو نووسه‌ریش ده‌ڵێت: به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی فه‌ره‌نسا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا بووه‌هۆی پێشێلكردنی مافی تاكه‌كان ، سه‌ره‌تا و پێش هه‌موو شتێكیش مافه‌كانی موڵكایه‌تی.
ترس له نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی
له‌لایه‌كی تره‌وه نووسه‌ر درێژه به لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌دات له سیسته‌مه ئه‌وروپییه‌كان و هه‌نگاریا به نموونه ده‌هێنێته‌وه، لێره‌شه‌وه سێ باسی گرگی وروژاندووه ئه‌ویش ئازادیی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕش. هه‌روه‌ها ترسی نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره بۆسه‌ر هه‌ره‌سهێنانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و گه‌لانه‌ی خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزنین، ببنه پاروویه‌كی ئاسان بۆ هێزه بێگانه‌كان و وڵاته‌كانیان داگیربكه‌ن، له‌مه‌شدا نموونه‌ی هه‌نگاریا ده‌هێنێته‌وه.
نووسه‌ر له‌باره‌ی هۆكاری له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه له هه‌نگاریا وه ده‌ڵێت:
ئازادی بۆ یه‌ك چین ، به واتایه‌كی تر، نه‌بوونی ئازادی بۆ هه‌موو كه‌سێكی دیكه، بووه هۆی لاوازكردنی ده‌وڵه‌ته‌كه له‌ناو كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی به‌هێزدا. ل 502 به‌رگی یه‌كه‌م
شار و ئازادی
خاڵێكی گرنگی تر كه نوسه‌ر ئاماژه‌ی پێداوه، گرنگیی بوونی شاره‌كانه له پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئازادی، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
بوونی شاره ئازاده‌كان بووه هۆی ئه‌وه‌ی سیسته‌می خاككۆیله " ئه‌و جووتیارانه‌ی كه هه‌موو شتێكیان دۆڕاندووه‌و ته‌سلیمی ئاغا‌كان بوون" به زه‌حمه‌ت به‌رێوه‌ببرێت، ئه‌وانه " شاره‌كان" سنوری ناوخۆیی وه‌هابوون كه خاك كۆیله‌كان ده‌یناتوانی بۆیان هه‌ڵبێن و ئازادی خۆیان ببه‌نه‌وه، لێره‌شه‌وه ئه‌و په‌نده هاتووه " هه‌وا شآر ئاازدت ده‌كات ل 506 به‌رگی یه‌كه‌م
سوود و زه‌ره‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی
خاڵیكی گرنگی تر كه نووسه‌ر باسیكردووه، بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزی مه‌ده‌نییه كه بتوانێت فشار بخاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاته به‌هێزه‌كان، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزیش، مه‌رج نییه به سوود بۆ گه‌لان بگه‌ڕێته‌وه، له‌مه‌شدا نموونه‌ی هیندستان و هه‌نگاریا ده‌هێنێته‌وه، له هیندستان كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی زۆر له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌هێزتربووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ده‌وله‌تێكی به‌هێزی ناوه‌ندی دروست نه‌بێت، هه‌ربۆیه زۆرجار هیندستان به‌رهێرشی داگیركه‌ران كه‌وتووه. له ئه‌وروپاشدا نموونه‌ی هه‌نگاریای هێناوه‌ته‌وه ده‌ڵێت:
مه‌رج نییه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی به‌هێزی یه‌كانگیری باش، ئازادی سیاسی بهێنێته دی . له هه‌نگاریا پاشئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی لاوازكرا، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه توركه‌كان بتوانن وڵاته‌كه داگیربكه‌ن . ل514
ئه‌زموونی گه‌لان له بواری حوكمڕانیدا
نووسه‌ر هه‌وڵیداوه مێژووی سیاسی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان شیبكاته‌وه‌و قسه‌ی له‌باره‌و بكات ، به‌تایبه‌تی مێژووی شارستانیه‌ته گه‌وره‌كانی وه‌كو " چین، هیندستان، ئیسلامی، ئه‌وروپی" لێره‌شدا كورته‌یه‌ك له بۆچوونانه‌ی ده‌خه‌مه ڕوو.
چین یه‌كه‌مین شێوازی ده‌وڵه‌تی دروستكردووه
چین كه یه‌كێكه له شارستانییه دێرینه‌یكانی جیهان له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، هه‌وڵی خۆیان داوه، به‌تایبه‌تی له ڕووی حوكمڕانی و ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه،هه‌تاوه‌كو ئێستاش ته‌واوی مێژوونوسان و چاودێرانی سیاسی، لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆر له‌باره‌ی ئه‌م وڵاته‌وه ده‌كه‌ن. هه‌رچه‌نده من ماوه‌یه‌كی زۆره خه‌ریكی مێژووی چینم، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی له‌م كتێبه زانیاریم وه‌رگرت، له هیچ كتێبێكی تر وه‌رمنه‌گرتووه.
مێژووی كۆنی چین
نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یدا گرنگییه‌كی زۆری به مێژوویی چین داوه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی نیشته‌جێبوونی مرۆڤ له‌م پارچه زه‌ویه‌دا:
مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كان نزیكه‌ی 8 هه‌زار پ.ز له چین نیشته‌جێبوون، نزیكه‌ی 5 هه‌زار ساڵ ده‌بێت كه له باكوور " هه‌رزه" و له باشووریش " برنج" چێنراوه. كانزاكان له قۆناغی یانگشا و " 500 بۆ 2000.پ‌ز" هه‌بوون. شاره شورا به‌ده‌ور دروستكراوه‌كان به‌ڵگه‌ی روونی چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه له ماوه‌ی لۆنگشاندا "3000 بۆ 2000 پ.ز" ئایین له سه‌ر بناغه‌ی په‌رستنی رۆحی باپیران به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و شامانه دامه‌زرابوو كه وه‌ك له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئاستی بانددا ، پسپۆر نه‌بوون ، به‌ڵكو ئه‌ندامی ئاساییی كۆمه‌ڵگه بوون. ل 137 به‌رگی یه‌كه‌م
یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت له جیهاندا
ده‌وڵه‌ت وه‌كو دامه‌رزاوه‌یه‌كی رێكخستنی كۆمه‌ڵگا، بۆ یه‌كه‌مجار له چین دروست بوو، له‌مباره‌یه‌وه فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
چین یه‌كه‌مین شارستانی جیهانه، كه ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرنی دامه‌زراندووه، ینگ شینگ 259/210 پ.ز دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی یه‌كخراوی چینه
هۆكار و بنه‌مه‌كانی ده‌وڵه‌تی چین
دیاره نووسه‌ر زۆر به ووردی له‌و هۆكارانه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه كه بۆته‌هۆی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له چین، له‌هه‌مانكاتیشدا باسی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی كردووه؛ فۆكۆیما پێی وایه چه‌ند هۆكارێك وایكردووه كه ده‌وڵه‌تی مۆدیرن له چین دروستبێت، كه ئه‌وانیش بریتین له مانه‌ی خواره‌وه
جه‌نگ وه‌كو هۆكاری سه‌ره‌كی
فۆكیاما پێی وایه، ده‌وڵه‌تی چینی له منداڵدانی جه‌نگه‌وه له دایك بووه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا سه‌ربازییه‌كانی دیكه‌دا، ده‌سه‌ڵاتی چین به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو توندوتیژ بووه، ده‌وڵه‌تی كین توانیویه‌تی رێژه‌ی 8بۆ 20 % ی سه‌رجه‌می دانیشتوانی وه‌گه‌ربخات، له‌كاتێكدا كۆماری رۆمان له 1% بووه،و یۆنانی كۆنیش 5% بووه. هه‌روه‌ها قوربانییه‌كان وێنه‌ی نه‌بووه. له به‌هارو پاییزی ساڵی 294 پ.زدا، زیاتر له 1211 جه‌نگ روویداوه. یاده‌وه‌رێكی چینی ده‌ڵێت، له یه‌ك شه‌ڕدا له ساڵی 293 پ.ز دا، 240 هه‌زار كه‌س كوژراون، ساڵی 260 پ.ز 450 هه‌زار كه‌س كوژراون ، له نێوان ساڵانی 356 بۆ 236 پ.ز دا، 1.5 ملیۆن كه‌س له شه‌ڕه‌كاندا كوژراون. ل 156 به‌رگی یه‌كه‌م.
رێكخستنی سه‌ربازی
خاڵیكی تر كه بۆته هۆی به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌ت، رێكخستنی سه‌ربازی بووه، فۆكۆیاما ده‌ڵێت: شۆڕشێك له رێكخستنی سه‌ربازیی روویدا. یه‌كه‌مین سوپای پیاده له سه‌ده‌ی 6 پ.ز دروستكراوه ، جووتیاره‌كان ناچاركران ببنه سه‌رباز، یه‌كه‌ی كارگێڕی بوون و ریزبه‌ندییه‌كی هه‌ڕه‌میان هه‌بوو، كه ژماره‌ی یه‌كه‌كانی جێگیربوون. وه‌رچه‌رخان له گالیسكه‌وه بۆ هێزی پیاده، كرۆكی هێزی په‌لاماردانی سوپای چین بوو،،ل 158 به‌رگی یه‌كه‌م
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه چین یه‌كه‌مین شارستانی جیهانه، كه خزمه‌تی سه‌ربازی به‌سه‌ر دانیشتواندا سه‌پاندووه‌و لێره‌شه‌وه ئیتر خزمه‌تی سه‌ربازی له جیهاندا په‌یدا بووه.
بیرۆكراسی
خاڵێكی گرنگی تر كه بۆته هێزێكی گه‌وره بۆ ده‌وڵه‌ت له چین، داهێنانی بیرۆكراسییه. یه‌كێك له خاڵه سه‌رنجڕاكێشه‌كان كه له‌م كتێبه‌دا بۆم ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌یه كه چین داهێنه‌ری بیرۆكراسی ده‌وڵه‌ته، له‌مباره‌یه‌وه فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
جێی خۆیه‌تی بڵێین چینییه‌كان بیرۆكراسی مۆدێرنیان داهێناوه ، واته كادیری كارگێری به‌رده‌وام به پێی لێهاتووییی نه‌ك خزمایه‌تی یان میراتگریی داده‌مزرێنرێت، ل 159. به‌رگی یه‌كه‌م
له ساڵی 5 پ.ز كاتێك دانیشتوانی تۆماركراوی چین شه‌ش ملیۆن كه‌س بوون، نزیكه‌ی ب130 هه‌زار بیرۆكرات له پایته‌خت و پارێزگاكان خزمه‌تیان ده‌كرد، چه‌ندین قووتابخانه دامه‌زرێنرابوون بۆ راهێنانی لاوانی ته‌مه‌ن حه‌ڤده ساڵ به‌ره‌و ژوور ، پاشان تاقیده‌كرانه‌وه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تواناكانی خوێندنه‌وه‌ی نووسراوه جۆراوجۆره‌كان، راگرتنی حیساب و كیتاب و شتی دیكه، ئینجا ده‌خرانه به‌ر خزمه‌ت ل 188. به‌رگی یه‌كه‌م
واته چینییه‌كان پێش هه‌زاران ساڵ، بیریان له پێگه‌یاندن و دروستكردنی كادیری ده‌وڵه‌ت كردۆته‌وه به‌داخه‌وه هێشتا ئێمه له كوردستان ئه‌وه‌مان نه‌كردووه.
گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كه‌نه‌لۆژیا له چین
خاڵێكی به‌هێزی تر گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیا بووه، هه‌میشه ته‌كنه‌لۆژیا رۆڵی له به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تان هه‌بووه، چینیش یه‌كێك بووه له‌وانه، له‌مباره‌یه نووسه‌ر ده‌ڵێت :
گه‌شه‌كردنی داهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا وه‌كو گوێزانه‌وه له برۆنزه‌وه بۆ ئاسن،له وێشه‌وه بۆ پێشخستنی كۆمه‌ڵێك ئامڕازی پۆڵایین و دروستكردنی گاسنی ئاژه‌ڵ ، په‌ره‌سه‌ندنی به‌رێوبردنی زه‌وی زار و ئاودێریش پێشكه‌وت، كاری بازرگانی له نێوان به‌شه جیاوازه‌كانی چین زیادیكرد، هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌ستیان به فشارێكی زۆركرد بۆ زیادكردنی ئاسته‌كانی باج وه‌رگرن، له‌به‌رئه‌وه ده‌بوو به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ زیاد بكات ، هه‌موویان داهێنانه‌كانیان خواست و به‌كاریانهێنا بۆ زیادكردنی ده‌سه‌ڵات و پایه‌ی خۆیان. ل 161. به‌رگی یه‌كه‌م
ئایینه‌كان و ئایدیاكان
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه هه‌رچه‌نده توندتیژی و جه‌نگ زۆربێت، ئایدیاكانیش به‌هێزتر ده‌بن، له‌مباره‌یه‌وه فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
چه‌ندین سه‌ده‌ی توندوتیژی، له كۆتاییه‌كانی سه‌رده‌می به‌هار و پاییز و ده‌وڵه‌ته جه‌نگاوه‌ره‌كاندا، گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تی كولتووری له مێژووی چیندا خوڵقاندووه. به‌تایبه‌تی ئایینی كۆنفۆشیۆس، رۆڵی به‌رچاوی گێڕاوه له به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی چینی‌دا. له‌مباره‌یه‌شه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
ده‌توانین له‌گه‌لێك رووه‌وه وه‌ها بڕوانینه كۆنفۆشیۆس كه ئایدۆلۆژیایه‌كه له‌سه‌ر بناغه‌ی خێزان پێڕه‌وێكی ئاكاری بۆ ده‌وڵه‌ت داده‌مزرێنێت. ل 167. به‌رگی یه‌كه‌م
پیاوه ئاینیه‌كانی كۆنفۆشیوس له زۆركاتدا بوونه‌ته كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ نموونه له سایه‌ی ئیمپراتۆر "ویودا" 141 / 87 پ.ز دانایانی كۆنفۆشیوس خراونه‌ته ناو پۆسته كارگێڕییه‌كان و كۆلیژی كۆنفۆشیوس به 5 به‌شه‌وه دامه‌زراوه ،هه‌روه‌ها كۆنفۆشیوس داوای هیچ لێپرسینه‌وه‌كی ئاكاری به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆیه‌ته‌وه ناكات، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یه‌وێت میر په‌روه‌رده بكات بۆ ئه‌وه‌ی وای لێبكات كه هه‌ست به‌وه بكات كه به‌رامبه‌ر به گه‌له‌كه‌ی به‌رپرسه. ل 169. به‌رگی یه‌كه‌م
له زۆر رووه‌وه ئاینی كۆنفۆشیوس پاڵپشتی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت بووه‌و یه‌كێكیش بووه له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌وڵه‌ت، له‌مه‌شدا پێچه‌وانه‌ی ئایینی هیندۆسی، كه دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت بوو له وڵاته مه‌زنه‌كه‌ی هیندستان.
هیندستان و دروستبوونی ده‌وڵه‌ت
فۆكۆیاما له‌م كتێبه‌یدا به‌شێكی گه‌وره‌ی بۆ هیندستان داناوه له ره‌گوریشه‌ی سیسته‌می سیاسیی و ئیداری ئه‌م وڵاته كۆڵیوه‌ته‌وه. بێگومان هیندستان یه‌كێكه له شارستانه‌ی دێرینه‌كانی جیهان، نووسه‌ریش گرنگی زۆری به‌م وڵاته داوه. كه باسی شارستانیش ده‌كه‌ین، ده‌وڵه‌ت یه‌كێك ده‌بێت له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی، به بڕوای منیش هه‌تاوه‌كو ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز نه‌بێت، شآرستانیش دروست نابێت. گه‌رچی چیرۆكی ده‌وڵه‌ت له هیندستان پێچه‌وانه‌ی چین و ته‌واوی جیهانه، لێره‌دا ئێمه ده‌وڵه‌تی زۆر به‌هێز نابینین، به‌ڵكه كولتوورێكی زۆر به‌هێز ده‌بینین به‌تایبه‌تی له رووی ئایینی و فه‌رهه‌نگیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. كاتێك مێژووی هیندستان ده‌خوێنمه‌وه، هه‌میشه ئه‌و پرسیاره‌م لا دروست بووه، چۆن ئه‌م كیشوره مه‌زنه هه‌میشه له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تی بیانییه‌وه داگیركراوه؟ له‌كاتێكدا هیندستان زۆر له‌و نه‌ته‌وه به‌ربه‌ریانه به‌هێزتربووه به‌تایبه‌تی له رووی ژماره‌ی دانیشتوان و رووبه‌ری زه‌ویی و كولتوووریه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان داگیریان كردووه، بۆ نموونه ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده له لایه‌ن عه‌ره‌ب و ئه‌فغانی و مه‌غوڵ و پاشانیش ئینگلیزه‌كانه‌وه، ئه‌م كیشوه‌ره مه‌زنه داگیر ده‌كرێت.
ئه‌م كتێبه هاوكاری زۆری كردم بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌و زانیاری زۆریشم له باره‌ی شارستانی هینده‌وه ده‌ستكه‌وت. دیاره هۆكاری سه‌ره‌كی له داگیركردنی هیندستان له لایه‌ن ئه‌و نه‌ته‌وه به‌ربه‌ریانه‌وه، نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت بووه به پله‌ی یه‌كه‌م،دووه‌میش ئاینی هیندۆسی به پێچه‌وانه‌ی كۆنفۆشیوسی چینیه‌وه، نه‌ك هاوكاری دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی نه‌كردووه، بگره دژیشی بووه.
سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له هیندستان
نووسه‌ر به‌پشت به‌ستن به كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی، باسێكی قووڵی مێژووی دروستبونی ده‌وڵه‌تی له هیندستان كردووه، له سه‌ده‌ی شه‌شی پ.ز . یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت به‌ناوی "ماگداها" له خۆرهه‌ڵاتی هیندستان سه‌ریهه‌ڵداوه. له‌م قۆناغه‌دا ده‌وڵه‌ت سیسته‌مێكی كارگێڕی هه‌بووه‌و باجی له خه‌ڵك كۆكردۆته‌وه، به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان بێت، شه‌ش یه‌كی به‌رهه‌می كشتوكاڵی له خه‌ڵكی سه‌ندووه. به‌ڵام به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی هیندی، ئیمپراتۆریه‌تی " ماوریایی" بووه، كه به‌شێكی زۆری خاكی هیندستانی له ساڵی 321 پ.ز داگیركردووه و پاشانیش سنووری ئه‌م ده‌وڵه‌ته له سایه‌ی ئاشۆكایدا، ده‌گاته لووته‌كه له ساڵی 260 پ.ز له ئه‌فغانستانه‌وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تاوه‌كو ده‌گاته باشووری هیندستان. ئه‌مه‌ش به‌هێزترین ده‌وڵه‌تی هیندی بووه له مێژوودا.
كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز
نووسه‌ر پێی وایه، گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی هیندییه‌كان هه‌ر زوو پێش گه‌شه‌كردنی سیاسی و ئابووریش كه‌وتووه، ئه‌وه‌ش له سایه‌ی كۆمه‌ڵێك باوه‌ڕی ئایینی و كرده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ژماره‌یه‌ك كولتوری هاوبه‌شی لێ نیشته‌جێ بووه‌و كه نیشانه‌ی شارستانی جیهانی پێوه‌یه. ل 243 . به‌رگی یه‌كه‌م
له‌مه‌شدا ئایینی هیندۆسی رۆڵی زۆری هه‌بووه، ئه‌م ئایینه به تایبه‌تی له رێگه‌ی دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌وه بۆ چه‌ند سێكتێك، توانیویه‌تی رۆڵی خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێز بكات، به پێچه‌وانه‌وه هیچ كاتێك نه‌یهێشتووه، ده‌وڵه‌تێكی مه‌زن دروست بێت، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌بووه.
كۆماری گونده‌كان
خاڵێكی سه‌رنجڕاكێشی تر له ئه‌زمونی هیندستاندا، به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵاتی گونده‌كانه، كه نووسه‌ر به " كۆماری گونده‌كان" وه‌سفی ده‌كات و هیندییه‌كان به " پانچایات" ی ناوده‌به‌ن. نووسه‌ر ده‌ڵێت:
گونده‌كان دامه‌زراوه‌ی به‌رێوبردنی ناوخۆیی خۆیانیان هه‌بوو، پشتیان به ده‌وڵه‌ت نه‌ده‌به‌ست بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، یه‌كێك له وه‌زیفه‌كانی پانچایات، یاسایی بووه‌و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر كردووه. ل 235. به‌رگی یه‌كه‌م
چۆن پیاوانی ئایینی كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگه‌یان كردووه
له لایه‌كی تره‌وه نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر چینێك یان سێكتێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه‌ی هیندی ده‌كات كه ئه‌وانیش پیاوانی ئایینی یان " براهمانه‌كان" ده‌كات. ئه‌مانه به بڕوای فۆكۆیاما له رێگه‌ی سێ فاكته‌ره‌وه توانیان كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن و دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز بوه‌ستنه‌وه:
یه‌كه‌م : به پێی دابه‌شكردنی سێكته‌كان كه له چوار به‌ش پێكدێت : براهماییه‌كان، " پیاوانی ئایینی ". دووه‌م: كشاترییه‌كان، واته " جه‌نگاوه‌ره‌كان". سێهه‌م: ڤایشیاكان، واته " بازرگان"نه‌كان، چواره‌میش :سودراكان واته " خه‌ڵكی ره‌ش رووت و زۆرینه‌ی خه‌ڵكی.
به پێ ئه‌م سیسته‌می سێكته بێت، ته‌نها به‌شێكی كۆمه‌ڵگه ده‌بنه جه‌نگاوه‌ر، واته ده‌وڵه‌ت ناتوانێت هه‌میشه ته‌واوی كۆمه‌ڵگه بجوڵێنێت و خه‌ڵكی بكاته سه‌رباز، به‌ڵكه ته‌نها سێكتی جه‌نگاوه‌ران بۆیان هه‌یه ببنه سه‌رباز. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ناهێڵێت سوپایه‌كی گه‌وره‌و به‌هێز دروست بكه‌یت، بگره جه‌نگاوه‌رانیش ده‌كاته نوخبه‌یه‌كی ئه‌رستۆكراتی دوور له خه‌ڵكی.
دووه‌م هۆكاریش به‌ده‌ستی براهامییه‌كانه‌وه، دروستكردنی كۆمه‌ڵێك گرووپی فشار یان ده‌وڵه‌تی بچووك له هیندستان كه به ده‌وڵه‌تی " گونده‌كان " ناویده‌به‌ن.
سێهه‌مین رێگاش خوێنده‌واری بووه، به پێی ئایینی هیندۆسی ته‌نها نوخبه‌یه‌كی بچووك بۆی هه‌بوو خوێنده‌وار بێت كه ئه‌وانیش پیاوانی ئاینین.
ئه‌مانه‌ش هه‌مووی بوونه كارتی به‌هێز به‌ده‌ستی پیاوانی ئایینی و نه‌یهێشت ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز له هیندستان دروست بێت.
بۆچی داگیركردنی هیندستان ئاسان بوو؟
ئه‌مه‌ش پرسیارێكه ته‌واوی مێژوونوسانی هیندی و جیهانیشی پێوه خه‌ریكردووه، به بڕوای نووسه‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌پشت ئه‌مه‌وه بوون:
یه‌كه‌م : ئایینی هیندۆسی بره‌وی به فكری ناتوندتیژیی ده‌دا، له‌ناو ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی هیندیدا ئه‌م فكره‌یه زاڵ بوو. ئه‌مه‌ش وایكرد كه سوپایه‌كی به‌هێز و جه‌نگاوه‌ر دروست نه‌بێت.
دووه‌م: له پاش رووخانی ئیپراتۆریه‌تی ماوریا به‌تایبه‌تی له باكوور ئیتر هیچ ده‌وڵه‌تێكی مه‌زن نه‌بوو كه خاوه‌نی سوپایه‌كی به‌هێز بێت ، تاوه‌كو نه‌هێڵێت خێڵه به‌ربه‌رییه‌كان ئاسیای ناڤین داگیریبكه‌ن.
داگیركردنی ئاسن بووه حوكمكردنی قورس بووه
راسته ئاینی هیندۆسی رۆڵی نێگه‌تیف هه‌بووه له دروستنه‌كردنی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز، به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه ئاینی هیندۆسی توانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز دروست بكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه داگیركاره‌كان زۆر به زه‌حمه‌ت حوكمی خۆیان به‌سه‌ر هیندستاندا بسه‌پێنن.
جیاوازی هیندستان و چین
نووسه‌ر گرنگی زۆری به هه‌ردوو وڵات " چین و هیندستان" داوه، به ووردی باسی مێژوو ، شارستانی، شێوازی حوكمڕانی، ئایین و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تی بنه‌مای " خێزان، خێڵ" ی له‌م دوو وڵاته كردووه. له كۆتایشدا هه‌وڵیداوه جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته مه‌زنه‌ی ئاسیا باسبكات.
ئه‌و خۆی به‌وه‌وه سه‌رقاڵكردووه بۆچی هیندستان توانی سیسته‌می دیموكراسی دامه‌زرێنێت،چین نه‌یتوانی، بۆچی چین ده‌توانێت ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی ناوه‌ندی دامه‌زرێنێت كه‌چی هیندستان ناتوانێت؟!.
فۆكۆیاما پێی وایه، هۆكاری سه‌ره‌كی له‌وه‌ی كه هیندستان توانیویه‌تی سیسته‌می دیموكراتی دامه‌زرێنێت په‌یوه‌ندی به مێژووی سیاسی هینده‌وه هه‌یه، چونكه هیچ كاتێك له مێژووی ئه‌م وڵاته‌دا ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی ناوه‌ندی نه‌بووه ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می داگیركاری " مه‌غۆلی، ئینگلیزیشدا" ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه ئه‌م كاره بكه‌ن، چونكه له‌مه‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی هیندی له رووی رێكخستنی ناوچه‌یی و به‌تایبه‌تی گوندییه‌وه زۆر به‌هێز بووه. به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه له چین ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی ناوه‌ندی هه‌بووه، له‌مه‌شدا ئایین و گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆڵی هه‌بووه.
پاشان ده‌ڵێت: هیچ كاتێك بناغه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گه‌شه‌كردنی ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاری له ئارادا نه‌بووه، كه بتوانێت زۆر كاریگه‌رانه ده‌سه‌ڵات چڕبكاته‌وه‌و ببێته هۆی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری قووڵ له دامه‌زاروه كۆمه‌ڵایه‌تییه بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا، به‌و چه‌شنه‌ی حكومه‌تی زۆردار كه له چین و روسیادا سه‌ری هه‌ڵدا ل به‌رگی یه‌كه‌م 258
حكومه‌تی چین ده‌توانێت گه‌وره‌ترین به‌نداوی جیهان دروست بكات، كه ئامانج لێی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورییه، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی ملیۆنان هاوڵاتی چینی، به‌ڵام حكومه‌تی هیندی هیچ كاتێك ناتوانێت ئه‌م پرۆژه گه‌ورانه جێبه‌جێبكات، چونكه فشارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت هه‌یه و ناتوانێت پلانه‌كانی سه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش راسته له لایه‌كه‌وه په‌یوه‌ندی به سیسته‌می دیموكراسی هه‌یه، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی هیندی زۆر به‌هێزتره له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی .
گه‌شه‌سه‌ندنی خۆرهه‌ڵاتی كیشوه‌ری ئاسیا
ناوچه‌یه‌كی تری جیهان كه له‌م كتێبه‌دا گرنگی زۆری پێدراوه خۆرهه‌ڵاتی ئاسیایه، نووسه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی ووردی له باره‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیاوه كردووه، دیاره گه‌شه‌سه‌ندی ئه‌م وڵاتانه له جیهاندا به شتێكی نا ئاسایی داده‌نرێت،چونكه له‌ماوه‌یه‌كی ئێجگار كورتدا، گه‌شه‌ی ئابووری خێرایان به خۆوه بینیوه. به بروای فۆكۆیاما كۆمه‌ڵێك هۆكار له پشت ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ن:
پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تی بازاری ئازاد و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت بۆ پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری وڵات، بوونی ده‌وڵه‌تی به‌هێز، هه‌روه‌ها بوونی كولتورێكی به‌هێزی كاركردن و بازرگانی كه له‌ناو ئه‌و گه‌لانه‌دا بونی هه‌بووه، هه‌روه‌ها هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی و هاوڵاتی بونیش له‌م ناوچه‌یدا به‌هێزه.
نووسه‌ر هه‌وڵیداوه به درێژی باسی گه‌شه‌سه‌ندنی ژاپۆن، كۆریای باشوور، هۆنگ كۆنگ، چین بكات، به ووردی باسی مێژووی سیاسیی و ئابووری ئه‌م وڵاتانه‌ی كردووه. به‌تایبه‌تی زۆر به ووردی باسی ئه‌زموونی گه‌شه‌سه‌ندووی ژاپۆن و چینه‌وه ده‌كات.
یابان پێش ئه‌وه‌ی به خۆرئاوا بگات، ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی هه‌بوو، گه‌لێك له خاسییه‌ته‌كانی بیرۆكراسی ڤێبه‌ریانه‌ی تێدابوو، هاوسه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا، زۆر به‌لای ده‌وڵه‌تدا شكابووه‌وه، گروپی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاجیای وه‌كو وه‌رزێران، بازرگانان، جه‌نگاوه‌ران هه‌بوو، به‌ڵام بۆ كرده‌ی پێكه‌وه‌ییی خۆیان رێك نه‌خستبوو. ل 603 به‌رگی دووه‌م
چین بیرۆكراسییه‌كی ناوه‌ندیی له‌سه‌ر بناغه‌ی لێوه‌شاوه‌یی دامه‌زراند كه هه‌شتسه‌د ساڵێك به‌رله‌وه‌ی له ئه‌وروپادا ده‌وڵه‌تی هاوشێوه‌ی ئه‌م دروست ببێت، توانای هه‌بوو، دانیشتوانه‌كه‌ی تۆمار بكات، باج و خه‌رجییه‌كان یه‌ك بخات ، كۆنتڕۆڵی سوپا بكات و كۆمه‌ڵگا به یاسا به‌رێوه ببات. ل .607 به‌رگی دووه‌م
ده‌وڵه‌تی ئیسلام
به‌شێكی گرنگی تری ئه‌م كتێبه بۆ مێژووی سیاسی و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ته‌رخانكراوه، فۆكۆیاما شاره‌زاییه‌كی زۆرباشی له باره‌ی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلامه، له سه‌رده‌می حه‌زره‌تی پێخه‌مبه‌ره‌وه هه‌تاوه‌كو ده‌وڵه‌تی عوسمانی. نوووسه‌ر زۆر به‌ئاگاییه‌وه باسی ئه‌و قۆناغه گرنگانه ده‌كات.
نووسه‌ر پێخه‌مبه‌ر به دامه‌زرێنه‌ری قۆناغێكی مێژوویی نوێی سیاسی عه‌ره‌ب داده‌نێت، ئه‌و توانیویه‌تی عه‌ره‌ب له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵه‌كی بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی و رێكخستنێكی نوێ بهێنێته كایه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
ده‌ستووره‌كانی په‌یامبه‌ر له هه‌ندێك رووه‌وه به ئه‌نقه‌ست دژه خێڵگه‌رایی بوون، تا ئه‌و راده‌یه‌ی بوونی ئۆمه‌تێكی گه‌ردونی یان كۆمه‌ڵی باوه‌ڕدارانیان راگه‌یاند. دڵسۆزی ئه‌مانه بۆ خودا بوو نه‌ك بۆ خێڵ، ئه‌م گه‌شه‌كردنه ئایدۆلۆژییه زۆر گرنگ بوو بۆ خوڵقاندنی بناغه‌یه‌كی كرده‌یی ده‌سته‌جه‌معی و جوغزێكی به‌رینی متمانه به یه‌ككردن له نێوان ئه‌واندا كه پێشتر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی په‌رته‌وازه و به گژیه‌كدا چوویان هه‌بوو. ل 266 . به‌رگی یه‌كه‌م
به‌ربه‌ریه‌ت و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی
یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی كه هه‌تاوه‌كو ئێستا زۆربه‌ی مێژوونوسان پێوه‌ی خه‌ریكن، چۆن خێڵه عه‌ره‌بییه به‌ربه‌رییه‌كان، توانیان په‌لاماری دوو ئیمپراتۆری مه‌ده‌نی و به‌هێزی وه‌كو ساسانی و بیزه‌نته بدده‌ن؟ فۆكۆیاماش زۆر خۆی به‌مه‌وه خه‌ریكردووه. له هه‌مووشی گرنگتر چۆن عه‌ره‌به‌كان توانیان پاشتر ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز دروست بكه‌ن.
گه‌رچی پاڵنه‌ری پیاوانی خێڵه عه‌ره‌بییه‌كان ئایینی بووه، به‌ڵام دوای داگیركردنی كۆمه‌ڵگا ده‌وڵه‌مه‌نده كشتوكاڵییه‌كان، ئیتر هانده‌ره ئابوورییه‌كانیش گرنگ بوون ، رووبه‌رێكی فراوانی خاك كه‌وته ده‌ستیان، كۆیله، ژن، ئه‌سپ و موڵكی گواستراوه‌ی زۆریان ده‌ستكه‌وت، به‌ڵام گرفتی هه‌موو كۆچه‌رییه دڕنده‌كان یه‌ك شته: دابه‌شكردنی تاڵانییه‌كان به شێوه‌یه‌ك كه نه‌بێته هۆی شه‌ڕو شۆڕ له نێوان جه‌نگاوه‌ره‌كاندا. ل 267 به‌رگی یه‌كه‌م
له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
زۆری پێنه‌چوو عه‌ره‌به خێڵه‌كییه‌كان له داگیركه‌ره‌وه گۆڕان بۆ فه‌رمانڕه‌وای خاكه كشتووكاڵییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به دانیشتوانه‌كانیانه‌وه، خه‌لیفه پێویستی به‌وه نه‌بوو سه‌رله‌نوێ ڕه‌وره‌وه دابهێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بونیات بكات، چونكه ده‌وربه‌ریان نموونه‌ی ده‌وڵه‌ت یان ئیمپراتۆریه‌تی پێشكه‌وتوو بوون. ل 267 به‌رگی یه‌كه‌م
هۆكاری سه‌ركه‌وتنی عه‌ره‌به‌كان
فۆكۆیاما به ووردی مێژوویی سه‌ره‌تاكانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایین و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داوه، دیاره ئه‌وه‌ش به پشت به‌ستن به كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی. به‌هێزبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی خێرای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، به بڕوای نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆكارێك:
یه‌كه‌م: عه‌قیده‌ی ئایینی، ئایین ناسنامه‌یه‌كی نوێی به عه‌ره‌به‌كان دا و به‌مه‌ش توانی هه‌موویان له ژێر چه‌تری ئایینێكدا كۆبكاته‌وه له گیانی خێڵایه‌تی رزگاریان بكات، هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ت بووه، وه‌كو نووسه‌ریش ده‌ڵێت: شوناسی خێڵایه‌تی ره‌گی له قووڵایی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بییدا داكوتاوه‌وناتوانرێت هه‌روا به سانایی به فه‌رمانێك یان بڕیارێك ریشه‌كێش بكرێت. ل 270. به‌رگی یه‌كه‌م
دووه‌م: لاوازبوونی ئیمپراتۆریه‌تی فارسی و یۆنانی، كه هه‌میشه له شه‌ڕو شۆڕدا بوون، ئه‌مه‌ش بۆته لاوازی بۆ ئه‌و دوو ئیمپراتۆریه‌ته.
سێهه‌میان: عه‌ره‌به‌كان توانییان سوود له شارستانی ده‌وڵه‌مه‌ندی فارسیی و یۆنانی وه‌ربگرن، به‌تایبه‌تی له رووی ئیداریی و ده‌وڵه‌تدارییه‌وه.
یه‌كه‌مین سیسته‌می كۆیلایه‌تی
وه‌كو وتم نووسه‌ر زۆر گرنگی به مێژوویی عه‌ره‌بی و ئیسلامی داوه به‌تایبه‌تی سه‌رده‌مه كۆنه‌كانی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و شێوازی حوكمڕانی زۆر به‌لایه‌وه مه‌به‌ست بووه. فۆكۆیاما پێی وایه یه‌كه‌مین قۆناغی دامه‌زراندنی دوڵه‌تی مۆدێرن له لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه كاتێك بووه، كه له جیاتی پشت به‌ستن به‌هێزی سه‌ربازی خێڵه‌كان، پشتیان به كۆیله‌ی توركی به‌ستووه، به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می عه‌باسیدا، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی هێزێكی سه‌ربازی به‌هێزبێت كه دووربێت له گیانی خزمخزمێنه و خێڵایه‌تی و جۆره سیسته‌مێكی مۆدێرن بووه.
له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
سیسته‌می كۆیلایه‌تی سه‌ربازیی له سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی عه‌باسیدا له سه‌ده‌ی نۆیه‌مدا وه‌كو ئامڕازێك بۆ زالبوون به‌سه‌ر لاوازییه‌كانی لیڤییه خێڵه‌كییه‌كاندا و وه‌كو بناغه‌یه‌كیش بۆ هێزی سه‌ربازی عه‌باسییه‌كان به‌كاریانهێناون. به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می خه‌لیفه مه‌مئمون"813"-832 " هه‌روه‌ها خه‌لیفه موعته‌سه‌م" 832-844 "به‌كارهێنانی كۆیله‌ی توركی وه‌كو كرۆكی هێزی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ستیپێكرد. ل274 به‌رگی یه‌كه‌م
به‌ڵام دواتر ئه‌م كۆیله توركانه ده‌بنه ترسێكی گه‌وره بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی عه‌باسی و ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌رووخێنن و خۆیان ده‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ته‌كه و لێره‌شه‌وه كاره‌ساتی گه‌وره ده‌ستپێده‌كات و ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاری تووركی به‌ناوی عوسمانییه‌وه دروست ده‌بێت.
ده‌وڵه‌تی عوسمانی
ده‌وڵه‌تی عوسمانیش پانتاییه‌كی گه‌وره له‌م كتێبه داگیر ده‌كات و نووسه‌ر هه‌وڵیداوه له رووی ئیداریی و سه‌ربازییه‌وه لێكۆلینه‌وه‌ی وورد بكات به‌تایبه‌تی له رووی سه‌ربازیییه‌وه باسی سوپای ئینكشاری ده‌كات و چۆن ئه‌م سوپایه ده‌بێته كرۆكی ئه‌م ده‌وڵه‌ته سته‌مكاره. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م نووسه‌ره زۆر ئاگاداری مێژوویی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوه، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه بووه مایه‌ی سه‌رنجم باسی سوڵتانێكی عوسمانی ده‌كات كه ناوی " موحه‌مه‌دی سێهه‌م،" 1595 ٠1620" ئه‌م سوڵتانه پێش ئه‌وه‌ی ببێته سوڵتان، نۆزده برای خۆی له كۆشكدا كوشتووه. ل303 به‌رگی یه‌كه‌م له‌مه‌وه دڕنده‌ییی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، سوڵتانێك ره‌حم به براكانی نه‌كات ئیتر ده‌بێت چۆن ره‌حم به گه‌له‌كه‌ی بكات .
مێژووی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا
پاشان فۆكۆیاما واز له رۆژهه‌ڵات ده‌هێنێت و ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وروپا و به درێژی باسی ئه‌زموونی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات . له‌م كتێبه‌دا ئه‌وروپا پانتایی گه‌وره داگیر ده‌كات به‌تایبه‌تی له رووی مێژوویی حوكمڕانی ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه له پێش هه‌مووشیانه‌وه " فه‌ره‌نسا ، به‌ریتانیا، هه‌نگاریا، پۆڵندا، ئیتالیا " دیاره پێشتر من ئاگاداری مێژوویی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و تا ڕاده‌یه‌كیش ئیتالیا و یۆنان بووم، به‌ڵام له‌م كتێبه‌دا زانیاریی زۆری تێدایه له باره‌ی ئه‌م وڵاتانه و زۆر وڵاتی تریش، خاڵێكی سه‌رنجراكێش بۆ من ده‌وڵه‌تانی " هه‌نگاریا و پۆڵه‌ندا و ده‌نیمارك" خاوه‌نی مێژووییه‌كی سیاسیی حوكمرانی زۆر گه‌وره‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون.
نووسه‌ر له‌م كتێیه‌بدا به چڕی باسی مێژووی سیاسی ئه‌وروپای كردووه" شۆڕشی فه‌ره‌نسا هۆكاره‌كانی، شۆڕشی پیشه‌شازی، پێشكه‌وتنی وڵاتانی ئه‌وروپا، گه‌شه‌سه‌ندنی یاسا و سه‌ره‌وه‌ری یاسا و یاسای گشتی و رۆحی تاكگه‌راییی و سه‌رمایه‌داری" نووسه‌ر زۆر به‌جوانی باسی هه‌موو ئه‌مانه‌ی كردووه، به‌راستی ئه‌م مێژووه‌ش بۆ هه‌موو كه‌سێك گرنگه بیزانێت چونكه كاریگه‌ری به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تییه‌وه هه‌بووه.
رۆڵی كڵێسا له ئه‌وروپا
هه‌روه‌ها پانتاییه‌كی زۆر باشیشی بۆ مێژوویی كڵێسا له ئه‌وروپا داناوه. ئه‌وه‌ی بۆ من نوێ بوو دوو شت بوو ؛ یه‌كه‌م: كڵێسا رۆڵی سه‌ره‌كی له له لاوازكردن و له ناوبردنی خێزانی ته‌قلیدیی و حوكمی بنه‌ماڵه هه‌بووه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ببێته هۆی پێشكه‌وتنی گیانی " تاكگه‌رایی" له ئه‌وروپا. دووه‌م خاڵی گرنگ كڵێسا سه‌ره‌تا خه‌باتێكی زۆریكردووه بۆئه‌وه‌ی خۆی له حوكمی پادشاكان رزگار بكات، واته سه‌ره‌تای جیابوونه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر داواكاری كڵێساكان بووه‌و ئه‌وانیش له‌م پێناوه خه‌باتێكی گه‌وره‌یان كردووه، به‌ڵام له پاشان له سه‌رده‌می رێنانسازدا، دووباره خه‌بات له دژی جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سووفانی ئه‌وروپاوه ده‌ستپێده‌كات.
پاپا گریگۆری ساڵی 1075 مافی ئه‌وه‌ی له پادشا سه‌نده‌وه كه بتوانێت ئه‌سقوفه‌كان لاببات و دابه‌مزرێنێت.ل360
خاڵێكی گرنگی تر ئه‌وه‌یه، كڵێسای ئه‌وروپا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له دانانی یاساكان و له هه‌مووشی گرنگتر سه‌ره‌وه‌ری یاسادا.
هۆكاری شۆڕشی پیشه‌شازی
نووسه‌ر له زۆر شوێندا باسی شۆڕشی پیشه‌شازی به‌ریتانیا ده‌كات و گرنگی زۆری پێداوه، هه‌روه‌ها له هۆكاره‌كانی به باشی كۆڵیوه‌ته‌وه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
شۆڕشی پیشه‌شازی ئه‌نجامی ته‌نها بوونی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات نه‌بوو، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك سیسته‌می لاوه‌كیی پێكه‌وه كۆبوونه‌وه‌و به‌رجه‌سته‌یان كرد: سیسته‌مێكی زانستی كه توانی له چاودێریكردن و ووردبوونه‌وه‌كانه‌وه تیۆری گشتی ئاماده بكات، سیسته‌مێكی ته‌كنه‌لۆژی كه توانی ئه‌و زانیارییانه پیاده بكات و له‌بواره كرده‌ییه‌كاندا به‌كاریان بهێنێت، سیسته‌مێكی مافه‌كانی موڵكایه‌تی كه پاڵنه‌ره‌كانی داهێنانی ته‌كنه‌لۆژیی خوڵقاند، له پاڵ كولتووریكی بزێودا كه زۆر تامه‌زرۆ بوو له باره‌ی جیهانی ده‌ره‌كی شت بزانێت، سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن كه زیاتر ته‌ركیزی له‌سه‌ر راهێنانی قووتابیان بوو، له بواره زانستی و ته‌كنیكییه‌كاندا، له كۆتایشدا سیسته‌مێكی سیاسی، كه پشتیوان و هانده‌ری به‌دیهاتنی ئه‌م شتانه بوون بۆئه‌وه‌ی له هه‌مانكاتدا و پێكه‌وه روو بدده‌ن. ل 609 به‌رگی دووه‌م.
بۆچی روسیا توانی ده‌وڵه‌تی ره‌ها دروست بكات
هه‌میشه ئه‌مه یه‌كێكه له پرسیاره گه‌وره‌كان كه هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش چاودێرانی سیاسی ده‌یكه‌ن، بۆچی هه‌میشه له روسیادا ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار و ناوه‌ندی توانیووییه‌تی حوكم بكات، هیچ كه‌سێكیش هێنده‌ی فۆكۆیاما نه‌یتوانییووه به باشی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه. به بڕوای فۆكۆیاما چه‌ند هۆكارێك رۆڵیان له‌مه‌دا هه‌بووه:
یه‌كه‌م : جوگرافیا .
جوگرافیا فراوانه‌كه‌ی و بونی ده‌شتی ته‌خت و كراوه وایكردووه هه‌میشه رووبه‌روی هێزی داگیركه‌ری بیانی گه‌وره بێته‌وه، راسته ئه‌مه ترسێكی گه‌وره‌ی ده‌ره‌كی بووه، به‌لام له‌هه‌مانكاتیشدا رێگای خۆشكردووه بۆ سه‌پاندنی حوكمێكی ناوه‌ندی توند، چونكه هیچ هێزێكی خانه‌دان ، نه‌یتوانیوه دژی حوكمی تزاره‌كان بوه‌ستێته‌وه.
دووه: : فیئودالیزم و حوكمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له ئه‌وروپا نزیكه‌ی هه‌شت سه‌ده مێژوویی هه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه له رووسیا حوكمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ناوچه‌یی ته‌نها دوو سه‌ده مێژووی هه‌بوو، هه‌میشه ده‌ره‌به‌گه‌كان ناچاربوون، ملكه‌چی حوكمی تزاره‌كان ببنه‌وه، له ئه‌وروپا ده‌ره‌به‌گه‌كان له قه‌ڵاكان ده‌ژیان، به‌ڵام له روسیا له شاره‌كاندا، ئه‌مه‌ش بواری داگیركردنیان ئاسانتربوو.
سێهه‌م : هیچ كاتێك له‌مێژوویی كۆنی سیاسی و ئاینیشدا، سه‌روه‌ری یاسا بوونی نه‌بووه له روسیا. به پێچه‌وانه‌ی كڵێسای كاتۆلیكیه‌وه، كڵێسای بیزه‌نه‌ت " ئه‌رته‌دۆكسی روسیا" كێشه‌ی له‌گه‌ڵ رژێم نه‌بووه، ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی خۆی بووه خۆی قه‌شه و پیاوه ئاینییه‌كانی داناوه، بگره به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپاوه، زۆرجار كڵێسا پشتگیری حوكمی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های پاشایه‌تی كردووه .
چواره‌م: بوونی سیسته‌می خاككۆیله‌یی " جووتیاران وه‌كو كۆیله مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا"، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه زۆرجار جووتیاره‌كان له ده‌ستی ده‌ره‌به‌گه‌كان راپه‌رێن، ده‌ره‌بگه‌كانیش به ناچاری پێویستیان به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌هێز هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بكه‌ن.
پێنچه‌م: هیچ كاتێك بیری لیبڕالیزم، هومانیزم، سه‌روه‌ری یاسایا، دیموكراسی، مۆدێرنه، وه‌كو ئه‌وروپا نه‌یتوانیوه جێگه‌ی خۆی له روسیادا بكاته‌وه. ل575. به‌رگی یه‌كه‌م
هۆكاری دواكه‌وتوویی ئه‌فریقا
كیشوه‌ری ئه‌فریقا یه‌كێكه له كیشوه‌ره گه‌وره‌كانی جیهان، له‌هه‌مانكاتیشدا خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامانێكی ئێجگار گه‌وره‌ی سه‌رزه‌ویی و بن زه‌وییه،لێ ئه‌م كیشوه‌ره مه‌زنه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌ده‌ست " داگیركاریی، هه‌ژاریی، برسێتی،دواكه‌وتوویی، گه‌نده‌ڵی، شه‌ڕو جه‌نگی ناوخۆ و نا ئارامی ، دیكتاتۆری" یه‌وه ده‌ناڵێنێت. فۆكۆیاما له‌م كتێبه‌یدا پانتایی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌فریقا داناوه ، شرۆڤه‌یه‌كی زۆر قووڵی بۆ كردووه.
فۆكۆیاما ئاماژه‌ی بۆ سێ هۆكاری گرنگ كردووه كه ئه‌وانیش بریتین له:
یه‌كه‌م: كه‌می ژماره‌ی دانیشتوان، هه‌رچه‌نده ره‌چه‌ڵه‌كی مرۆڤی سه‌ره‌تایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كێشوه‌ری ئه‌فریقا، به‌ڵام به پێی زۆربه‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان بێت، ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌فریقا له چاو كێشوه‌ره‌كانی تر كه‌متر بووه، ئه‌فریقا ته‌نها له ساڵی 1975 ژماره‌ی دانیشتوانی گه‌یشتۆته ئاستی ئه‌وروپا. له ساڵی 1990دا له ژاپۆن 118 كه‌س بۆ یه‌ك كم چوارگۆشه ژیاون، كه‌چی له بیابانی ئه‌فریقا، 4.4 بۆ هه‌ر كم چوارگۆشه.
دووه‌م : دواكه‌وتوویی ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه كشت‌وكال پشتی به باران به‌ستوه‌و هه‌وڵیان نه‌داوه ئاودێریی پێشبخه‌ن و ئاگایان له پیشه‌شازی ئاسن نه‌بێت.
سێهه‌م : جوگرافیا، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپا و ئاسیاوه، ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كان بۆیه سه‌ریانهه‌ڵد،ا چونكه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی داگیریان كردبوو، ته‌خت بوو، به پێچه‌وانه‌وه له ئه‌فریقا بوونی دارستانێكی ئیستوایی گه‌وره‌و بیابانی گه‌وره‌و فراوان، رێگری گه‌وره بوون له دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی ناوه‌ندی، ته‌نها له‌و ناوچانه ده‌وڵه‌تی به‌هێز دروستبوون، كه ده‌توانرێت ئه‌سپ و حوشتر تێیدا به‌كاربهێنرێت. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی رووباره‌كان جگه له " نیل" به‌كه‌ڵكی كه‌شتیوانی نایه‌ن، هه‌ربۆیه شارستانی كۆنی میسری له په‌نا نیل دا دروستبووه.
چواره‌م: زاڵبوونی خێلایه‌تی به‌سه‌ر ئینتمای نیشتمانی، هه‌تاوه‌كو ئێستاش ئه‌م هه‌سته زاڵه، ته‌نانه‌ت نووسه‌ر پێی وایه، به‌شێكی زۆری نه‌ژاد و نه‌ته‌وه ئه‌فریقییه‌كان، زیاتر خێڵن، نه‌ك نه‌ته‌وه‌و ئێتنی.
پێنچه‌میش؛ هێزه كۆڵۆنیالیسته‌كانی ئه‌وروپا، هیچیان نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له‌م كیشوه‌ره دروست ببێت. ل 510. به‌رگی دووه‌م .
سیمای ده‌وڵه‌ته ئه‌فریقییه‌كان
نووسه‌ر زۆر به ووردی باسی سیمای ئێستای حوكمداری له كیشوه‌ری ئه‌فریقا ده‌كات، كه زیاتر ده‌وڵه‌تی فاشیلن، دوورن له ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه‌وه. له‌مه‌شدا به ووردی باسی سیماكانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌كات و ده‌ڵێت:
1/ به كه‌سییكردن حكومه‌ته‌كان له ئه‌فریقا، سه‌ركرده‌كان نێرینه‌ن، خۆیان له وێنه‌ی باوكدا ده‌بینن، وه‌كو سه‌رۆكێكی مافیا وان.
2/ له‌ناو حزبه‌كاندا ئایدۆلۆژیا هیچ رۆڵی نییه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌وروپاوه.
3/ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك زۆره، هیچ به‌سه‌ر یاسادانه‌ران، دادگاكان، یان وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش نه‌كراوه، ده‌ستووریش هیچ رۆڵی نییه.
4/ به‌كارهێنانی سامانی ده‌وڵه‌ت بۆ په‌یداكردنی پشتیوانی سیاسیی كه ئه‌نجامه‌كه‌ی ته‌شه‌نه‌كردنی ده‌سته‌گاریی و چڵكاوخۆرییه.
دامه‌زراندنی خه‌ڵكی وه‌كو مووچه‌خۆری حكومه‌ت، بۆ نموونه له كۆنگۆ دا 1990 له‌سه‌رده‌می دیكتاتۆر مۆبۆتۆ سیسیكۆنی 165 هه‌زار مووچه خۆری هه‌بوو.
5/ نه‌بوونی سیسته‌می بیرۆكراسی، زۆربه‌ی وڵاته ئه‌فریقییه‌كان له رووی سیسته‌می بیرۆكراسی ده‌وڵه‌تییه‌وه لاوازن .
6/ خراپی سیسته‌می باج وه‌رگرتنی حكومی له كیشوه‌ری ئه‌فریقا .
7/ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری " په‌روه‌رده، ته‌ندروستی ، ته‌نها له ده‌وروبه‌ری شاره‌كان هه‌یه و له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان لاوازه یان هه‌ر نییه..
8/ ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كان نه‌نییه. ل501. به‌رگی دووه‌م
ئه‌مریكای لاتین
فۆكۆیاما گرنگیی زۆری به ره‌وشی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین داوه، دیاره نابێت ئه‌وه‌شمان له‌یادبچێت كه فۆكۆیاما ماوه‌یه‌كی زۆر راوێژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بووه، هه‌میشه ئه‌م ناوچه‌یه‌ش گرنگی گه‌وره‌ی له سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌مریكادا هه‌بووه. نووسه‌ر زۆر به قووڵی باس له كێشه‌كانی ئه‌م كێشوه‌ره ده‌كات، به بڕوای نووسه‌ریش كێشه‌كانی ئه‌م كێشوه‌ره بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وانه:
1/ جوگرافیا
نووسه‌ر پێی وایه جوگرافیا رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن یان ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی به‌هێز له‌م كێشوه‌ره دروست نه‌بێت، چونكه سروشتێكی سه‌ختی هه‌یه، بۆ نموونه بوونی دارستانه مه‌زنه‌كه‌ی ئه‌مازۆن، زنجیره شاخه‌كان، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
كه‌شوهه‌وا و جوگرافیا به‌شێكن له‌و نوقسانییه نه‌ژادییه‌ی له سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌مریكای لاتین دا هه‌یه . ل 446. به‌رگی دووه‌م.
2/ نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی
كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تری ئه‌م كێشوه‌ره ئه‌و نایه‌كسانییه كۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌یه‌یه كه له وڵاتانی كێشوره‌كه هه‌یه، دیاره ئه‌مه‌ش به یه‌كێك له میراتییه‌كانی كۆڵۆنیالیزمی ئیسپانی و پورتوگالی داده‌نرێت.
3/ خراپی كۆڵۆنیالیزمی ئیسپانیی و پوروتوگالی
هۆكارێكی تری كێشه‌كانی ئه‌م وڵاتانه، قۆناغی كۆڵۆنیالیزمی ئیسپانیی و پورتوگالییه، چونكه ئه‌وان به دڕندانه‌ترین شێوه ئه‌م كێشوه‌ره‌یان ره‌تاندۆته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌وڵیانداوه له رووی دیمۆگرافییه‌وه، دانیشتوانی ناوچه‌كه بگۆڕن، خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی به‌هۆی نه‌خۆشی و كشتوبڕه‌وه له‌ناوبه‌رن. هه‌ر له‌ساڵانی یه‌كه‌می داگیركاری ئه‌واندا نزیكه‌ی 90% هاوڵاتی ره‌سه‌نی ئه‌مریكای لاتین به نه‌خۆشی مردوون. هه‌رئه‌مه‌ش وایكرد كه له ئه‌فریقاوه كۆیله بهێنن ل 431 به‌رگی دووه‌م.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م دوو كۆڵۆنیا ئه‌وروپییه نه‌یانتوانی سیسته‌مێكی بیرۆكراتی باش له‌م وڵاتانه دامه‌زرێنن، به‌ڵكه سیسته‌مێكی له‌رزۆكیان هه‌بوو، ئه‌وان ته‌نها گرنگیان به كۆكردنه‌وه‌ی باج و دزینی سامانی ئه‌م كیشوه‌ره ده‌دا.
ئه‌مریكی لاتین به نقوسانی له‌دایك بوو ئیسپان و پورتتوگالییه‌كان تۆوی دامه‌زراوه ده‌سه‌ڵاتخوازو مێركانتیله‌كانی خۆیان له جیهانی نوێ‌دا چاند. وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته ئابووریانه‌ی له‌وێ به‌سه‌ریاندا كه‌وتن، ئه‌م كاره‌شیان كرد، ئه‌و پێكهاته چینایه‌تییه‌یان به‌رهه‌مهێنایه‌وه كه له نیمچه دورگه‌ی ئیبیریادا هه‌بوو، هه‌روه‌ها سیسته‌مێكی سیاسیشیان دامه‌زراند، كه تێیدا ده‌وڵه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتخواز له ژێر ركێفی ده‌سته‌بژێره لۆكاله‌كاندا بووه‌و نه‌یانده‌توانی به‌سه‌ریاندا باڵا ده‌ست بێت. ل 441 . به‌رگی دووه‌م.
4/ رۆڵی نێگه‌تیفی سه‌ركرده رزگاریخوازه‌كانی ئه‌م كیشوه‌ره
خاڵێكی گرنگی تر كه نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌دات و من پێشتر ئاگام لێی نه‌بوو، مه‌سه‌له‌ی شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌لانی ئه‌مریكای لاتینه، كه به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له دژی هێزه كۆڵۆنیاكان ده‌جه‌نگان، خۆیان پێشتر ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م كیشوه‌ره بوون. له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی كه خه‌باتی رزگاریخوازیان له دژی كۆلۆنیالیزمی ئیسپانیی و پورتوگالی كرد، هه‌ر ئه‌و چینه لۆكالییه ده‌سه‌ڵاتداره بوون، كه له سه‌رده‌می كۆڵۆنیا حوكمی ئه‌و كیشوه‌ریان ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه جیاوازیی چینایه‌تییه‌كه وه‌كو خۆی مایه.
له‌لایه‌كی تروه نووسه‌ر پێی وایه ناسیۆنالیزم و نیشتمانپه‌روه‌رێتی له‌هیچ فۆرمێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وروپا ده‌رنه‌كوت. ل449
5/ نه‌بوونی جه‌نگ
خاڵێكی تر كه نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێده‌دات نه‌بوونی جه‌نگی گه‌وره‌یه له نێوان ده‌وڵه‌تانی ئه‌م كیشوه‌ره. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
له كیشوه‌ری ئه‌مریكا لاتیندا جه‌نگی گه‌وره له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا رووی نه‌داوه، بگره زیاتر له‌م وڵاتانه‌دا جه‌نگی ناوخۆ روویداوه، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه هه‌ستی ناسیۆنالیزمی به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌وروپا گه‌شه نه‌سێنێت. هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ناوه‌ندی به‌هێز دروست نه‌بێت. ل449 به‌رگی دووه‌م.
ئه‌مریكا
گه‌شه‌سه‌ندنی سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا پانتایی گه‌وره‌ی له‌م كتێبه داگیرده‌كات، نووسه‌ر مێژووی سیاسی ئه‌مریكا زۆر گرنگی پێداوه، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت له سیسته‌می سیاسی و ئیداری ئه‌مریكا تێبگات، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێت ئه‌م كتێبه بخوێنێته‌وه، چونكه نووسه‌ر زانیاری زۆری له‌مباره‌یه‌وه پێیه و خۆیشی پێشتر به‌شێك بووه له سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا و هه‌تاوه‌كو ئێستاش له بڕیاری سیاسییه‌وه نزیكه.
كێشه‌كانی سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا
به بڕوای نووسه‌ر له ئێستادا سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا رووبه‌روی كۆمه‌ڵێك گرفتی سه‌ره‌كی بۆته‌وه كه ئه‌وانیش بریتین له :
1/ بێ متامنه‌یی خه‌ڵكی به حكومه‌ت .
2/ به‌هێزبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی رۆڵی لۆبییه‌كان له ناو كۆنگرێس و حكومه‌تدا
3/ خراپی یاسای باج دان
4/ گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی بنه‌مه‌ڵه‌كان وه‌كو " كه‌نه‌دی، بوش، كلینتۆن"
5/نه‌بوونی هۆشیاری سیاسی و به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵكی له پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌مریكا
6/گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌مسه‌رگه‌ریی و ئه‌وه‌ی كه نووسه‌ر ناوی لێده‌نێت"ڤیتۆكراسی"
هه‌موو ئه‌مانه‌ش وا ده‌كه‌ن كه سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا لاواز بێت یان له‌ناوبچێت.
ئه‌گه‌ری له‌ناوچونی سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا
له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
ئه‌مریكا وه‌كو یه‌كه‌مین و پێشكه‌وتووترین دیموكراسی لیبڕاڵ له جیهاندا له هه‌موو سیسته‌مه سیاسییه دیموكراسییه‌كانی دیكه زیاتر به‌ده‌ست گرفتی داڕمانی سیاسییه‌وه ده‌ناڵێنێت . ل 808به‌رگی د ووه‌م
یان ده‌ڵێت :
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات سیسته‌می سیاسی ئه‌مریكا به‌ره‌و هه‌ڵدێر و داڕمان چووه، چونكه سیسته‌مه كۆنه‌كه‌ی پشكنین و هاوسه‌نگكردن قووڵتر بۆته‌وه و تا دێت زیاتر چه‌قده‌به‌ستێت له‌گه‌ڵ بونی جه‌مسه‌رگیرییه‌كی توندا ئه‌م سیسته‌مه ناسێنته‌رییه كه‌متر و كه‌متر ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه بكات، به‌ڵكو ده‌بێته نوێنه‌ری دید و بۆچوونی گرووپه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی و رێكخراوه چالاكه‌كان ، كه پێكه‌وه ناتوانن سه‌روه‌ری گه‌لی ئه‌مریكا به‌دیبهێنن.848 به‌رگی دووه‌م
یه‌كه‌م حكومه‌تی نا شه‌خسی له ئه‌مریكا
ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه زۆر نوێ بوو، مێژووی سیاسی ئه‌مریكایه، نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا زانیاری زۆری نووسیوه. هه‌تاوه‌كو كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده، ئه‌مریكاش جۆره حكومه‌تێكی هه‌بووه، كه رێك وه‌كو حكومه‌ته فاشیله‌كانی ئێستای ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین وابووه.
یه‌كه‌مین هه‌وڵیش بۆ دورخستنه‌وه‌ی ده‌زگای حكومی له هه‌ژمونی ده‌سته‌گه‌رایی و خزمخزمێنه ساڵی 1883 بووه، ئه‌وكاته دائیره‌ی دارستان ده‌بێته سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حكومه‌تی ناشه‌خسی و نا ده‌سته‌گه‌رایی له ئه‌مریكا ، ئه‌مه‌ش پاش كێشه‌ی سووتاندنی دارستانه‌كه‌وه دروست بووه.
له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت:
حكومه‌تی ئه‌مریكا له سه‌ده‌ی نۆزده سیسته‌مێكی ده‌ستگه‌رایی هه‌بوو، تێیدا پۆسته گشتییه‌كان به ده‌ست پارته سیاسیه‌كانه‌وه بوون و ئه‌وانیش به‌پێی خزمخزمێنه و وه‌كو به‌رتیل و ده‌مچه‌وه‌ركردن دابه‌شیان ده‌كردن 769 ، به‌رگی دووه‌م
خاڵێكی گرنگی تر كه زانیارییه‌كی نوێ بوو به‌لای منه‌وه، ژماره‌ی ئێستای كارمه‌ندنای حكومی ئه‌مریكایه. ساڵی 2005 ژماره‌ی كارمه‌ندانی حكومه‌ت 1.8 ملیۆن كارمه‌ند بووه، ل 779. به‌رگی دووه‌م
واته ژماره‌ی مووچه‌خۆره‌كانی ئه‌وان كه‌مێك له هی ئێمه زیاتره، له‌كاتێكدا ئه‌مریكا زلهێزێكی جیهانییه و ئێمه‌ش هێشتا نه‌بووینه‌ته ده‌وڵه‌ت.
ئیسلامی سیاسی
مه‌سه‌له‌ی به‌هێزبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی ئیسلامی سیاسی، پانتایی گه‌وره‌ی له‌م كتێبه‌دا هه‌یه، نووسه‌ر چ له‌به‌رگی یه‌كه‌م و چ له‌به‌رگی دووه‌مدا، لێكۆڵینه‌وه‌ی ووردی له‌باره‌وه كردوون و قسه‌ی خۆی له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه. نووسه‌ر پێی وایه: سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، پێویسته له زۆر رووه‌وه وه‌كو فۆرمێكی شوناسی سیاسی ببینین نه‌ك مه‌سه‌له‌ی بوژاندنه‌وه‌ی ئایین له خۆیدا. ل 732 به‌رگی دووه‌م
هۆكاری دروستبوونی ئیسلامی سیاسی
پاشان له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی ئیسلامی سیاسییه‌وه فۆكۆیاما ده‌ڵێت:
بۆ ماوه‌ی نه‌وه‌یه‌ك دوای سه‌ربه‌خۆیی له كۆڵۆنیالیزم، ناسیۆنالیزمی عه‌لمانی وه‌كو سه‌رچاوه‌ی شوناس كاریكردووه، به‌ڵام له حه‌فتاكاندا و به‌هۆی نشوستییه‌كانی له گه‌شه‌ی ئابووریی و دابه‌شكردنیدا، هه‌روه‌ها دۆڕانده‌كانی له پرسی وه‌كو ململانێی ئیسرائیل و فه‌له‌ستیینه‌كاندا، كه‌وته پاشه‌كشه‌كردن. ئه‌مه‌ش بووه هۆی به‌هێزبوونی ره‌وته ئیسلامییه‌كان. ل 732 . به‌رگی دووه‌م
ئایین جێگای شوناس ده‌گرێته‌وه
دواتریش ده‌ڵێت:
ئایین ئه‌و بۆشایه‌ی پڕكرده‌وه‌و بوو به سه‌رچاوه‌یه‌كی روونتری شوناس بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی تازه هاتوونه‌ته شاره‌كان و له ئێستاشدا سه‌ته‌لایت و ته؛له‌فزیۆن و ئینته‌رنێتیان له‌به‌رده‌ستدایه ، یه‌كێك له هۆیه‌كانی گوڕ و تینی ئیسلامی سیاسی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه، كه ده‌توانێت له یه‌ك كاتدا ، باس له پرسه‌كانی شوناس، ئایین، هه‌روه‌ها چینی كۆمه‌لڵیه‌تی بكات . ل 733 به‌رگی دووه‌م .
كورد
له‌م كتێبه دوو به‌رگییه‌دا نووسه‌ر ته‌نها به‌یه‌ك دێر باسی كورد ده‌كات، ئه‌وه‌ش كاتێك باسی رۆڵی جوگرافیا ده‌كات له مانه‌وه گه‌شه‌سه‌ندنی رۆحی خێڵگه‌رایی . له 130 به‌رگی یه‌كه‌مدا ده‌ڵێت:
چیاكان مانه‌وه‌ی فۆرمه‌كانی رێكخستنی خێڵایه‌تی له‌گه‌لێك ناوچه‌ی جیهاندا لێكده‌ده‌نه‌وه، وه‌كو ئه‌فغانستان، هه‌رێمی كورده‌كانی تروكیا و عیراق و ئێران و سوریا.
چه‌ند سه‌رنجێك
دیاره نایشارمه‌وه ئه‌م كتێبه یه‌كێكه له كتێبه باشه فكرییه‌كان كه‌له‌م جه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا كراوه‌ته كوردی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من وه‌كو خوێنه‌رێك چه‌ند سه‌رنجێكم هه‌بوو، لێره‌دا به كورتی باسیان لێوه ده‌كه‌م.
دیدێكی نا غه‌ره‌بزاده‌ییی
یه‌كێك له‌و خاڵه جوانانه‌ی فكری فۆكۆیاما ئه‌وه‌یه به تێڕوانینێكی غه‌ره‌بزاده‌ییه‌وه سه‌یری جیهان ناكات، له‌وانه‌بێت له‌مه‌شدا بنه‌چه‌ی خۆی رۆڵی هه‌بێت چونكه ئه‌و له ئه‌سڵدا ژاپۆنییه، له لایه‌كی تریشه‌وه به‌رزی ئاستی ئه‌كادیمی وایلێكردووه كه‌به تێروانینێكی مرۆڤانه و ئه‌كادیماینه‌وه سه‌یری مێژووی جیهان بكات. هه‌میشه بیرمه‌نده رۆژئاواییه‌كان له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، رۆژئاوایان به سه‌نته‌ری جیهان داناوه، وایان له جیهان گه‌یاندووه هه‌میشه ئه‌وه رۆژئاوایه كه سه‌رچاوه‌ی فكر و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و زانست و ئیداری ده‌وڵه‌ت بووه، به‌ڵام له راستیدا ئه‌مه توندڕه‌وییه‌كی ناشیرینه، چونكه مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌هه‌موو شوێنێكدا هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كردنی دراوه.
ئێمه كه باسی فكر‌و سیاسه‌ت ده‌كه‌ین، زیاتر یۆنانی كۆن و رۆمان به سه‌رچاوه داده‌نرێت، به‌ڵام له راستیدا كۆمه‌ڵێك شارستانی تری جیهان، له پێش ئه‌وروپییه‌كانه‌وه له هه‌موو روویه‌كی ژیانه‌وه، ئه‌زمونی باشیان هه‌بووه به‌تایبه‌تی هیند و چین. نووسه‌ریش له‌م كتێبه‌یدا به دیدیكی ئه‌كادیمیانه‌وه ئه‌زمونی ئه‌م دوو شارستانییه‌ی باسكردووه.
تارمایی ماركس
دیاره فۆكۆیاما یه‌كێكه له بیرمه‌نده لیبڕاڵه‌كان و له‌هه‌مانكاتیشدا یه‌كێكه له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی كه هه‌میشه دژی فكری ماركسیزم بووه، له‌م كتێبه‌شیدا هه‌ر له سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌وه هه‌تا كۆتایی كتێبه‌كه، تارمایی ماركس دیاره و نووسه‌ر به چه‌پ و راست ، ره‌خنه له بۆچوونه‌كانی ده‌گرێت و زۆرێك له بۆچوونه‌كانی ماركس ره‌ت ده‌كاته‌وه به‌تایبه‌تی بۆچوونه‌كانی له‌باره‌ی دروستووبین ده‌وڵه‌ت، خێزان، موڵكایه‌تی، جه‌نگ ، یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی، شۆڕش.
باس نه‌كردنی شارستانییه كۆنه‌كان
هه‌رچه‌نده نووسه‌ر هه‌وڵێكی زۆریداوه كه تێگه‌یشتن له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی جیهان، به‌ڵام تاكه خالی لاواز به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یه، كه نووسه‌ر خۆی به مێژووی شارستانییه كۆنه‌كان خه‌ریك نه‌كردووه به‌تایبه‌تی شارستانی میزۆپۆتامیا و میسری كۆن، چونكه ئه‌م دوو شارستانیه‌ته‌ش، مێژووییه‌كی گه‌وره‌یان له سیسته‌می سیاسی و ئیداریدا هه‌بووه، ده‌توانین ته‌نها باسی یاساكانی حامورابی بكه‌ین، كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زۆربه‌ی یاساكانی جیهان بووه، لێ نووسه‌ر هیچ باسی شارستانی سۆمه‌ری، بابلی، ئاشووری، ئه‌كه‌دی، میدیایی و فیرعه‌ونی نه‌كردووه.
له‌رووی چاپیشه‌وه دیاره پێمخۆشه سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشی له كاك ئاوات بكه‌م، چونكه ماندووبونی زۆری كێشاوه بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه، هه‌روه‌ها ده‌زگای دواڕۆژیش كارێكی باشیكردووه كه ئه‌م كتێبه‌ی چاپكردووه، به‌ڵام ئه‌م كتێبه چ له رووی قه‌باره و چ له رووی كێشه‌وه زۆر قوورس و گه‌وره‌یه، باشتربوو له چه‌ند كتێبێكدا چاپ بكرایه، به‌مشێوه‌یه باشتر بوو بۆ خوێنه‌ر .
دوا قسه
جگه له‌و بابه‌تانه‌ی كه باسمكردوون، كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی زۆر له‌م كتێبه‌دا باسكراون، كه هه‌موویان بۆ تێگه‌یشتن له سیسته‌می سیاسی گرنگن. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئه‌م كتێبه یه‌كێكه له كتێبه باشه‌كان كه له‌باره‌ی سیسته‌می سیاسی و ئیدارییه‌وه نووسرابێت، مێژوویی سیاسی زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی جیهانی تێدایه، هه‌روه‌ها باسی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی گه‌وره‌ی كردووه كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێوه‌ی ده‌ناڵینێت به‌تایبه‌تی " گه‌نده‌ڵی، ده‌وڵه‌تی فاشیل، سیسته‌می سته‌مكاری، به‌هێزبوونی ره‌وته ئیسلامییه‌كان و پۆپۆلیسته‌كان،،،هتد" هه‌ربۆیه زۆر گرنگه و به‌لای منه‌وه پێویسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان به ژیانی سیاسییه‌وه خه‌ریكردووه ئه‌م كتێبه بخوێننه‌وه.
به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م كتێبه یه‌كێكه له كتێبه باشه‌كانی ده‌زگای دواڕۆژ كه له‌م ماوه‌یه‌دا چاپ بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌تاوه‌كو ئێستا هیچ رانانێك یان ئاوڕێك له‌م كتێبه گرنگه نه‌دراوه‌ته‌وه، دڵنیام كه وه‌رگێری هێژاش زۆر ماندووبوه پێوه‌ی، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كاره‌ساته كه رووبه‌روی كتێب چاپكردن ده‌بێت له‌م قۆناغه‌دا، رۆژانه ده‌یان كتێب چاپ ده‌كرێت، به‌ڵام زۆركه‌م خوێنه‌رمان هه‌یه و به‌ده‌گمه‌نیش خێرومه‌ندێك قسه‌یه‌كی خێر له‌باره‌یه‌وه بكات.
دووباره ده‌ستخۆشیش له كاك ئاوات ئه‌حمه‌د ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازم
سه‌رچاوه:
1/ فرانسیس فۆكۆیاما. ره‌گو ڕیشه‌ی سیسته‌می سیاسی. له سه‌رده‌می پێش مرۆییه‌كانه‌وه تا شۆڕشی فه‌ره‌نسا. وه‌رگێڕانی : ئاوات ئه‌حمه‌د سوڵتان. چاپی یه‌كه‌م. ده‌زگای دواڕۆژ بۆ روناكبیری و راگه‌یاندن. سلێمانی. 2016.
2/ فرانسیس فۆكۆیاما. سیسته‌می سیاسی و داڕمانی سیاسی. له شۆڕشی پیشه‌شازییه‌وه بۆ به‌جیهانیكردنی دیموكراسی. وه‌رگێڕانی : ئاوات ئه‌حمه‌د سوڵتان. چاپی یه‌كه‌م. ده‌زگای دواڕۆژ بۆ روناكبیری و راگه‌یاندن. سلێمانی. 2018.
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
کوردستان 09:29 AM - 2024-04-26 -
لە یادی بۆردومانی هەڵەبجەدا
بیروڕا 11:03 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25