riklam

شێوەكانی كاریكاتێر لەڕۆژنامەگەریدا

ئەدەب وهونەر 09:53 AM - 2019-12-10
.

.

بەشی هەشتەم

وێنەی كاریكاتێریی دەتوانێت لە رۆژنامەگەری خولاودا بە چەندین شێوەی جیاوازەوه بوونی هەبێت‌، بە گوێرەی ئامانجە دیاریكراوەكانی یان ئاماژە زۆرەكانی ترەوە، لە نێو ئەو شێوانەشەوە دەتوانین باس لەم شێوانەی خوارەوە بكەین:

1-گۆشەی سەربەخۆ.

2-كاریكاتێری بڵاوكراوە لە گۆشەیەكی ڕۆژنامەوانی تردا.

3-كاریكاتێری وەرگیراو لە ڕۆژنامەیەكی دیكه.

4-كاریكاتێری بەرگ لە گۆڤارەكاندا.

5-ئەو كاریكاتێرەی دەبێتە سیمبولێك (لۆگۆ) بۆ بڵاوكراوەكه.‌

 6- ئەو كاریكاتێرەی هاوشانە لەگەڵ ناونیشانی گۆشەیەكی دیاریكراودا.

 7- چیرۆكە كاریكاتێر (كۆمیكس).

8- كاریكاتێری ئاوێتە (زنجیرە):

كاریكاتێری ئاوێتە ئەو كاریكاتێرەیە كە لە چەند وێنەیەكی كاریكاتێری پێكدێت، لە چوار پێنج وێنە تێناپەڕێت، هەر هەموویان بەرەوپێشوەچوونی ڕووداوێك پێكدێنن، لەوانەیە وا بێتەپێش چاو كە كاریكاتێری ئاوێتە جیاوازی نەبێت لەگەڵ كاریكاتێری كۆمیكس، بەڵام ئەگەر تەماشای بكەین جیاوازیەكی گەورە دەبینینەوە، ئەویش ئەوەیە كە كاریكاتێری كۆمیكس زۆرجار هاوشانە لەگەڵ دەقی چیرۆكێكی ئەدەبیدا، دەگمەنیشە ئەگەر كاریكاتێرێكی پوختی تێدا ببینینەوە وەكو ئەو نمونەیەی كاریكاتێرەكانی هونەرمەند (هێرلۆف بیدسترپ) كە باسمان كرد. 

بەڵام كاریكاتێری ئاوێتە كاریكاتێرێكی پوختە. هۆنینەوە چیرۆكیانەكەی كورت و پوختە، بۆ‌ گەیاندنی بیرۆكەیەكی كۆمیدیانە بۆ بینەر، زۆرجاریش دەقی ئەدەبی تێدا بەكارنایەت و بەتاڵە لە سەركەوتی درامایی، بۆ ‌بەراوردكردن لە نێوان هەردوو شێوەدا، تابلۆیەكی (هێرلۆف بیدسترپ) دێنینەوە و بەراوردی دەكەین لەگەڵ كاریكاتێرەكەی پێشوو، لەم‌ كاریكاتێرەیدا هۆنینەوەی چیرۆكیانە وونە، كاریكاتێریستەكە قایلە به تێبینیكردنی‌ بیرۆكەیەكی كۆمیدیانە و پێشی دەخات لە قۆناغی ماقوڵەوە بۆ ناماقوڵ، هونەرمەند بە بیرۆكەیەكی زۆر ئاسایی دەست پێدەكات كە شتێكی وای تێدانیە كە ببێتە هۆی وروژاندنی گاڵتەجاڕی یان سەرسوڕمان، نیگاركێشێك كەلوپەلی خۆی هەڵدەگرێت و بەدوای شتێكدا دەگەڕێت كە وێنەی بكێشێت، لە باكگراوندی كاریكاتێرەكەش دیمەنێكی سروشتی هەیە كە وێنەی خانوویەكی لادێی لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی دووەم و سێیەمیشدا، هیچ شتێكی سەرسوڕهێنەریان تێدانیە، نیگاركێشەكە بەردەوامە لە وێنەكێشانی خانووەكە‌ و چەندی شتێكی بۆ زیاددەكات لە تابلۆكەیدا، سەرسوڕمانەكە كاتێك ڕوودەدات كە نیگاركێشەكە لە نیگار‌كردنی خانووەكە تەواودەبێت و تابلۆكەی هەڵدەگرێت و دەڕوات، خانووەكە دەچێتە سەر تابلۆكە و لە شوێنی خۆیدا نامێنێت. بەم شێوەیە هەر سێ كاریكاتێر كێشراون بۆ هێنانەدی پێشكەوتنێكی ئاسایی بۆ بیرۆكەیەك، لە قۆناغی چوارەم وكۆتاییدا لەناكاو ڕێڕەوێكی جیاوازی دەداتێ كە ببێتە هۆی نانەوەی سەرسوڕمان و پێكەنین.

بەڵام لە كاریكاتێری یەكەمدا دەتوانین بە شێوەی دەقێكی ئەدەبی دایڕێژینەوە بەم شیوەیە، قەشەیەكی ڕێبوار ژنێكی جوانی لەبەرانبەردا دانیشتووە و گۆڤارێك دەخوێنێتەوە، قەشەكەش‌ كتێبی ئینجیل دەخوێنێتەوە، بەڵام چاوی بە قاچەكانی ژنەكە دەكەوێت، بۆئەوەی لاواز نەبێت بەرانبەر بەم فریودانە، ڕووی وەردەگێڕێت و دەموچاوی بە كتێبەكە دادەپۆشێت، بەڵام بەبێ ویستی خۆی چاوەكانی دووبارە بەلای قاچی ژنەكە وەردەگەڕێن، كە ئەمجارە جلەكەی زیاتر لەسەر قاچەكانی لاچووە، لە دواییدا قەشەكە ڕادەستی ئەم فریودانە دەبێت، كتێبەكە لەسەر دەموچاوی لادەبات و تەماشای قاچەكانی ژنەكە دەكات، ژنەكەش زیاتر جلەكەی لەسەر قاچەكانی لادەبات تا زیاتر بەدەركەون، قەشەكەش كتێبەكە دادەخات و وەلاوەی دەنێت و بەشەرمەوە تەماشای قاچەكانی دەكات، و تەماشاكردنەكە بەدیقەتتر دەبێت، و ڕادەست دەبێت و ڕێ بەخۆی دەدات دەستبازی بە قاچەكانی ژنەكەوە بكات، كاتێك كە ژنەكە گۆڤارەكە لادەدات كە دەموچاوی پۆشیبوو، بۆ قەشەكە دەردەكەوێت ئەوەی كە گۆڤارەكەی دەخوێندەوە ژن نەبوو بەڵكو ئیبلیس بوو، بۆیە ئەویش دەست بە پاڕانەوە لە خوا دەكات و داوای لێخۆشبوون دەكات. ئەم كاریكاتێرە بۆی هەیە ببێتە دەقێكی ئەدەبی، بەڵام كاریكاتێرەكەی پێشتر‌ تەنیا یەك بیرۆكەیە، وێنە بەكاردێنێت بۆ ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە بیرۆكەكە بە كاریگەرییەكی زیاتر، بەڵام لە كاریكاتێری یەكەمدا چەندین حاڵەتی مرۆڤایەتی دەبینین، كە هۆنینەوەی چیرۆكەكە پێكدێنن، لە سەرەتادا بینینێكی سەرەڕێ، بووە هۆی بینینێكی وروژێنەر دوایی ڕەتكردنەوە و بەرەنگاربوونەوە و دوودڵی و ڕاڕایی و چەندوچۆنیكردن و ڕادەستبوون و دوودڵی لە بڕیاردان و جێبەجێكردنی بڕیارەكە و دوایی سەرسوڕمان و هەژان و لە كۆتاییشدا پەشیمانی و تۆبەكردن، كاریكاتێری ئاوێتە (زنجیره)‌ لەوانەیە لە دوو وێنە پێكبێت، لەوانەشە لە سێ وێنە پێكبێت وەكو كاریكاتێرەكەی هونەرمەند (عەلی فەرزات)، یان زیاتر وەكو كاریكاتێرەكانی هونەرمەند بیدسترپ. ئەم جۆرە كاریكاتێرانەش گونجاون بۆ مادەیەكی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ، لەگەڵ‌ كاریكاتێری گونجاو بۆ گۆشەی سەربەخۆ هیچ جیاوازییەكیان نیە، تەنیا ئەوە نەبێت كە لە چەند وێنەیەكی كاریكاتێریی پێكهاتوون.

PUKmedia هەندرێن خۆشناو

63.gif

62.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket