riklam

ئەڵمانیا..دوو دادوەری كورد گفتوگۆ لەسەر نادادپەروەری دادگاکانی عیراق دەکەن

تاراوگە‌‌ 05:49 PM - 2019-12-09
.

.

ناوەندی پێکەوە ژیانی کوردو ئەڵمان لەنۆرنبێرگ ئێوارە دیدارێکی بۆ هەردو دادوەر حاکم زگار حەمە ئەمین و حاکم ئاسۆ سۆفی سازکردو ژمارەیەکی بەرچاو لەکوردانی نۆرنبێرگ و ژمارەیەک لەخوێندکارانی بەشی یاسای خوێندنی باڵای زانکۆی ئێرلانگنی ئەڵمانیا بەشدرایان تیاکرد.

لەو دیدارەدا كە ئێوارەی 7ی کانونی یەکەمی 2019 بەڕێوەچوو، وێڕای رێزلێنان لەقوربانیانی کۆمەڵکوژی کورد، هاوڕێ ئەحمەد خوێندکاری ماجستێر لەزانکۆی ئێرلانگن بەناوی ناوەندی پێکەوە ژیانی کوردو ئەڵمانەوە بەخێرهاتنی هەردوو کەسایەتی ناسراوی کردو سەرەتا ئاماژەی بەوەدا بەدرێژایی مێژوو کورد روبەڕووی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادی بۆتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەتی نەبووە نەیتوانیوە لەڕووی یاساییەوە دەنگی خۆی بگەیەنێتە نیوەندە یاساییە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەجینۆساید، بەڵام لەدوای روخاندنی سەدام و دادگاییکردنی بەهۆی پێگەی یاسایی و پێگەو متمانەی دادوەرێکی بەنمونە وەک حاکم رزگارو لەمیانەی بەشداریکردنی لەچەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەوروپی و جیهانیدا توانراوە کەیسی جینۆسایدی کورد لانی کەم بخرێتەبەر تێڕوانینی دنیا.

وەک هاوڕێ ئەحمەد وتی حاکم ئاسۆ سۆفی بەهەمان شێوە لەچەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و ئەوروپی و جیهانیدا کاریان لەسەر کەیسی بەجینۆساید ناساندنی کورد.کردووە.

دواتر سەبارەت بەپێکهێنانی دادگای تاوانەکانی عیراق لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە بەسود وەرگرتن لەو یاسایانە لەهەلومەرجی دوای ئازادکردنی عیراق پرسیارەکانی ئاراستەی هەریەک لەحاکم رزگارو حاکم ئاسۆ کرد.

حاکم رزگار سەرەتا پانۆرامایەکی سەبارەت بەپێکهێنانی دادگای تاوانەکانی عیراق و سەرچاوەکانی وەرگرتنی ئەو یاسایەو دادگاییکردنی سەرانی بەعس و رژێمەکەی هەندێک راستی خستەبەرچاوو.

 

"پێکهاتەی دادگای تاوانەکانی عيراق 60%ی بەعسی بوون"

حاکم رزگار وتی: بەپێی پرەنسیپەکانی پێکهێنانی دادگاکە دەبوایە هیچ کەسێکی بەعسی تەنانەت کرێکاریکی بچوکی دەوروبەری دادگاکەش بەعسی تیا نەبێت، بەڵام بەداخەوە رێژەیەکی زۆر لەکۆنە بەعسیەکان لەپێکهاتەی دادگاکەدا بوون جگەلەوەش فەرزکرا کەدەبێت دادگاییکردنەکە بەزمانی عەرەبی بێت، لەمبارەیەوە لەگەڵ حاکم ئاسۆ کۆکبوون لەسەر ئەوەی 60%ی دادگای تاوانەکانی عیراق بەعسی بوون.

حاکم رزگار خۆشحاڵ بوو کە لەناوەندی کوردی ولەشاری نۆرنبێرگ دیدارێکی لەمجۆرە سازدەکرێ  بەتایبەتی کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانی کۆمەڵکوژیداو گرنگی نۆرنبێرگی لەدروستکردنی بنەماکانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکاندا بەرزنرخاندو ئاماژەی بەچەندین داتاو جۆرو شێوازی دادگایی نازیەکانداو بەدادگایەکی عادیلانە ناوی بردو لەو دەروازەیەشەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە سەبارەت بەدەست لەکارکێشانەوەی لەدادگاییکردنی سەدام حسێن داو باسی لەوەکرد سەرەتای دادگاییکردنەکە باش بەرێوەچووە، بەڵام دواتر فشاری زۆری لایەنە سیاسیەکان کاریگەریان لەسەر دادگا داناوەو سەروەری دادگا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە ئەمەو زۆر خاڵی تر وایکرد کەئەو وەزعەی پێ قبوڵنەکرێت.

 

حاکم زگار: بۆ مێژوو تەنیا مام جەلال و  مەسعود بارزانی دەستێوەردانیان لەدادگا نەکرد

پێشیوابوو رەوشی دادگا لەعراق زۆر خراپ و وێرانەو سیاسیەکان پانتاییەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ سەروەری یاسا، بەڵام ئاماژەی بەوەدا هەم لەکاتی دادگاییکردنی سەدام و سەرانی رژێمداو دواتریش ئەوەی کەدەستی وەرنەداوەتە دادگای تاوانەکان مام جەلال و مەسعود بارزانی بوون، پێشیوابوو سەرەڕای کەموکوڕی و ناعەدالیەتیەکان هێشتا رەوشی دادگا لەکوردستان بەبەراورد لەگەڵ عیراق باشترە.

سەبارەت بەو پرسیارەش کە دادگای نێودەوڵەتی لەچیەوە سەرچاوە دەگرێ، حاکم رزگار وتی: کاتێک کێشەی نێوان دەوڵەتان سەریان هەڵداو ململانێکان قوڵبونەوە ئیتر دادگای نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریکردن لەمافی دەوڵەتان بووە پێویستیەکی گرنگ و لەسەر ئەو بنەمایانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەکان وئاشتی وسەقامگیری و دوبارەنەبونەوەی کێشەکان دروست بوو..

 

"ئەوەندە بەڵگە لەبەردەستدا بوو کە دەبوو کەیسی هەڵەبجە پێش دوجەیل بکەوتایە"

سەبارەت بە دادگاییکردنی کەیسی دوجەیل کە سەدام حسێنی تیا حوکمدراو لەسێدارەدرا، حاکم رزگار پێیوابوو ئەو دادگاییکردنە لەڕاستیدا خۆی دادگاییکردنی مەحکەمەی سەورەبوو کە زیاتر لەسەر 40 کەس بەتۆمەتی کوشتنی سەدام لەسێدارەدابوو، حاکم رزگار وتی: پێشخستنی کەیسی دوجەیل و لەسێدارەدانی سەدام و داخستنی تاوانەکانی سەدام راست نەبوو لەکاتێکدا کە بایی ئەوەندە بەڵگە لەبەردەستدا بوو کەهەڵەبجە پێشبخرێت، چونکە بە لەسێدارەدانی سەدام ئیتر مافی هەڵەبجەو ئەنفال و چەندین کەیسی تر تاڕادەیەک فەوتا ڕەخنەی لەدادوەرانی کوردیش گرت کەلەدواخستنی کەیسی هەڵەبجەو ئەنفال دا دەبوایە کاراتر کاریان بکردایە..

 

حاکم ئاسۆ: بەعس و رژێمەکەی بە بەرنامە هەوڵی سڕینەوەی کوردی داوە

لەتەوەرێکی تردا حاکم ئاسۆ سۆفی پێناسەی تاوانی دژە مرۆڤایەتیکردو جیاوازی تاوانی ئاسایی و نێودەوڵەتی شرۆڤەکردو لە سێ خاڵدا لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیەوە خستیەبەرچاو، ئەوانەش هێرشکردن، هێرشکردنەکە بەشێوەیەکی گشتی و فراوان. ئاڕاستەکردنی خەڵکی سڤیل و مەدەنی وتیشی ئەم سێ خاڵە زۆر گرنگە، چونکە هاوبەشە لەگەڵ تاوانی جینۆسایدو تاوانی دژی خەڵکی ئەمەش بەپێی هەندێک خاڵ رژێمی بەعس لەناوبردنی کوردی وەک نەتەوەیەک مەبەست بوو لەرێگەی سیاسەتیکەوە بەئامانجی رەشکردنەوەی سیمای کورد لەرێگەی ئەنجامدانی کوشتنی بەئەنقەست و ئەنفال و گواستنەوەی بەزۆرو بەکۆمەڵ، لەکاتێکدا کەکورد وەک نەتەوەیەک کەبەپێی دەستوری عیراقی نەوەتەوەی دووەمە،خاڵێکی تر بونی هێزی سەربازی وەک بونی فەیلەقەکان و بارەگاکانی بەعس لەشوێنی ڕوداوەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بەشێوەی تایبەتی و گشتی.

حاکم ئاسۆ کە حاکمی کەیسی دوجەیل و ئەنفال و هەڵەبجە بوو بەهان شێوە پێیوابوو لەسێدارەدانی سەدام دەستێوەردان و شکستپێهێنانی پرۆسەی دادگاییکردنی بوو لەسەرچەندین تاوانی تری وەک هەڵەبجەو ئەنفال،  رونیکردەوە ئەو درەنگ لەو کەیسانەدا دەستبەکاربووە، پێشیوابوو لایەنێکی سیاسی ئەو دادگاییکردنەوەی وەک دەستکەوتێک بۆخۆی تۆمارکرد نەک بۆسەرەوەری یاساو عەدالەت لەسەر دادگاییکردنی لەسەر تاوانەکانی تر.

حاکم ئاسۆ باسی لەهەموو ئەو تاوانانەی رژێمکردو بەپێی پێوەرە جیهانیەکان رونیکردەوە چۆن ئەو تاوانانەی رژێم چونەتە خانەی تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەوە لەم بارەیەوە پێناسەی بۆکردوو لەڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە رونکردنەوەی لەسەردا.

لەو دیدارەدا چەند پارێزەرو خوێندکارێکی خوێندنی باڵای بەشی یاسای زانکۆی ئێرلانگن بەئەڵمانی و بەئینگلیزی و عەرەبی پرسیاریان ئاراستەی هەردو حاکمی بەڕێزکردوو بەڕێزیشیان لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای سزادانی عێراقی و دادگای تاوانەکانی عیراقەوە وەلامیان دانەوەو بۆیان وەردەگێڕدرا.

لەدیدارەکەدا ئاماژە بەچەندین نمونەی دادگاییکردن و یاسایی لەسەر ئاستی جیهان دراو وەک دادگای روەنداو نازیەکان و چەندین پرسی تر بەتایبەتی سوریاو داعش.

شایانی باسە حاکم ئاسۆ سۆفی بەر لەچەند رۆژێک لەکۆنفرانسێکی تایبەتی بە کەمینە نەتەوەکاندا کەنەتەوەیەکگرتوەکان لەجنێڤی پایتەختی سویسرا سەرپەرشتی دەکرد وتارێکی لەسەر جینۆسایدی دژ بەکورد خوێندوەو لەچەندین کۆنفرانس و کۆبونەوەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەوروپیدا کار لەسەر کەیسی بەجینۆساید ناساندنی دژ بەکوردەکات و کارامەو دڵسۆزانەو لەخۆبوردووانە لەهەوڵی بەردەوامدایە.

حاکم ڕزگاریش هەفتەی رابردوو لە کۆنفرانسیکی تایبەت بەتاوانەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدا لەدادگای نێودەوڵەتی لاهای وتارێکی لەسەر کۆمەڵکوژی کورد خوێندەوە، حاکم رزگار لەدوای دادگاییکردنی سەدام حسێن بەو شێوازەی کەبەڕێوەیبرد سەرنجی ئەوروپیەکان و دنیای بەلایخۆیدا ڕاکێشاو ئێستە وەک کەسایەتیەکی خاوەن متمانەو باوەڕپێکراو حسابی بۆ دەکرێ و بەهەمان شێوە لەچەندین کۆنگرەو کۆنفرانس و کۆبونەوەی نێودەوڵەتیدا بەشداری دەکات.

دیاری ناوەندیان پێبەخشرا

بۆ ناوەند ئێوارە دیدراێکی پڕ بایەخ و بوسود بوو دوای ئەو گفتوگۆ گەرم و ڕونکردنەوەو ئاماژە گرنگانە لەلایەن بەشداربووانەوە  گفتوگۆو پرسیارگەلێک ئاراستەی هەردوو دادوەر کراو وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە، لەکۆتاییدا هەردوو ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ناوەندی پێکەوە ژیانی کوردو ئەڵمان لە نۆرنبێرگ خاتوو مەهاباد قادرو ئافتاو عەزیز گوڵ و دیاری لۆگۆی ناوەندەکەیان پێشکەش کردن.

PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵـمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket