riklam

تەواوی زانیاری لەبارەی كاندیدو دەنگدەرانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان

ی.ن.ک‌‌ 07:18 PM - 2019-12-08
كۆنگرەی سێیەمی (ی.ن.ك) فۆتۆ: ئەرشیف

كۆنگرەی سێیەمی (ی.ن.ك) فۆتۆ: ئەرشیف

بڕیارە سبەینێ 9ی كانونی یەكەمی 2019، بۆ دیاریكردنی ئەندامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بەڕێوەبچێت و  سەرجەم مەڵبەندەكانیش دەڵێن هەموو ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەیان تەواوكردوەو پرۆسەكەش لەسەعات 8ی بەیانیەوە تا 3ی پاشنیوەڕۆ دەخایەنێت.

زوبێر عوسمان سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 1ی سلێمانی بە PUKmedia ی راگەیاند: سبەینێ دوو شەممە لە سەعات 8ی بەیانییەوە تا سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بەڕێوەدەچێت و دەنگدەران بەشێوازێكی زۆر مەدەنییانە دەنگی خۆیان دەدەن.

وتیشی: لە مەڵبەندی سلێمانی لە كۆی 363 كاندید 73 كاندید كە دەنگی پێویست بەدەستدەهێنن  دەبنە ئەندامی كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن و 969 دەنگدەریش دەنگدەدەن.

زوبێر عوسمان ئەوەشی خستەڕوو: سەرەتا لە مەڵبەندی سلێمانی 438 كاندید هەبوو، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكان لە پرۆسەكە كشانەوەو لەئێستادا 363 كاندید بەشداری پرۆسەكە دەكەن.

جوتیار نوری سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 2ی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی راگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەمان تەواو كردوەو چاوەڕێی سبەینێ دەكەین بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە.

وتیشی: لەسنوری مەڵبەندی كەركوك 787 دەنگدەر هەیە، 341 كاندید خۆیان پاڵاوتوەو 124 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 25یان ژن دەبن.

هاوكات جەزا سەید مەجید سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 3ی رێكخستنی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ PUKmedia وتی: بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان، هەموو ئامادەكارییەكانمان تەواو كردوەو سەعات 8ی بەیانی سبەینێش پرۆسەكە دەستپێدەكات.

ئەوەشی وت: لەسنوری مەڵبەندی هەولێر 567 دەنگدەر هەیەو 178 كاندیدیش هەیەو دوای پرۆسەكەش 49 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 10یان ژن دەبن، بەڵام ئەگەر ژنان لەپرۆسەكەدا دەنگی پێویست بێنن ئەوا ژمارەیان زیاتر دەبێت، چونكە ئەو 10 ژنەی دیاریكراوە بۆ بوون بەئەندامی كۆنگرە بەكۆتا دەبێت.

 لای خۆشیەوە هاوڕێ سەلیم سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 4ی رێكخستنی دهۆك تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە تەواوی ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواو كردوە، بە PUKmedia وت:  لەسنوری مەڵبەندی دهۆك 310 دەنگدەرو 67 كاندید هەن، 18 كاندیدی سەركەوتوی پرۆسەكەش دەبن بەئەندامی كۆنگرە كە لە 14 پیاو 4 ژن پێكهاتوون.

 لەمەڵبەندی 5ی رێكخستنی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواوكراون و پرۆسەكەش لە سەعات 8ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆی سبەینێ لەهۆڵی مەڵبەند بەڕێوەدەچێت، سیروان ئەحمەد رەشید سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی بەغدا بۆ PUKmedia وتی: لەسنوری مەڵبەندی بەغدا 76 دەنگدەرو 27 كاندید هەن، 7 كاندیدی سەركەوتوش دەبن بەئەندامی كۆنگرەی چوارەم كە یەكێكیان ژنە.  

د.رەهێڵ فەرەیدون سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 24ی رێكخستنی راپەڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواو بووە، بە PUKmediaی وت: لەسنوری مەڵبەندی راپەڕین 419 كەس مافی دەنگیاندایان هەیەو 171 كاندیدیش هەیەو دوای پرۆسەكە 36 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرەی چوارەم كە لە 29 پیاو 7 ژن پێكهاتوون.

لەسنوری مەڵبەندی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتیی نیشمانیی كوردستانیش هەموو ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواكراون، لەیلا محەمەد سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی بە PUKmediaی راگەیاند: لەسنوری مەڵبەندی حەمرین 82 دەنگدەر هەیە، هەروەها  19 كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ بوون بەئەندامی كۆنگرە كە لە 6 كاندیدی سەركەوتوو پێكهاتون كە 5 پیاو ژنێكە. 

هەروەها سالار سەرحەد خەلیفە سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 12ی رێكخستنی چەمچەماڵ بۆ PUKmedia ئەوەی خستەڕوو كە سەرجەم ئامادەكارییەكانی پرۆسەی كۆنفرانسی مەڵبەندەكانیان بۆ كۆنگرەی چوارەم تەواو كردوەو سبەینێش پرۆسەكە بەڕێوەدەچێت، وتیشی: لەسنوری مەڵبەندی چەمەچماڵ 158 دەنگدەر هەیە، 55 كاندیدیش كێبڕكێ لەسەر 8 ئەندامی كۆنگرە دەكەن، واتە 6ی پیاو 2 ژن دەچنە كۆنگرە.

لەمەڵبەندی 11ی رێكخستنی گەرمیانی یەكێتیش وەك سەرجەم مەڵبەندەكانی تر، ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواكراوەو چاوەڕێی پرۆسەكە دەكەن، لەوبارەیەوە نەوزاد رەسوڵ سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی11ی رێكخستنی گەرمیان بە PUKmedia راگەیاند: لەسنوری مەڵبەندی گەرمیان 282 دەنگدەر هەیە، هەروەها 82 كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ بوون ئەندامی كۆنگرە، مەڵبەندەكەش 18 ئەندامی كۆنگرەی دەبێت كە لە 14 پیاو 4 ژن پێكهاتوون.

مامۆستا ئیكرام سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 10ی رێكخستنی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات هەموو ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواوكردوەو هۆڵەكەشیان ئامادەیەو سبەینێ سەعات 8 پرۆسەكە دەستپێدەكەن، بە PUKmediaی راگەیاند: لەمەڵبەندی پێشمەرگە 115 دەنگدەر بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن و 70  كاندید هەیەو 21 كاندیدی سەركەوتوش دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە لە 20 پیاو ژنێك پێكهاتوون. 

لەسنوری مەڵبەندی 9ی رێكخستنی شارەزوور ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی تەواوبوون، ئەحمەد زرار سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی شارەزوور بۆ PUKmedia وتی: لەمەڵبەندی شارەزوور 251 دەنگدەر هەیە،هەروەها 70 كاندیدیش كێبڕكێی بوون بەئەندامی كۆنگرە دەكەن كە لەمەڵبەندەكان 23 كاندیدی سەركەوتوو 18 پیاو 5 ژن دەبنە ئەندامی كۆنگرە.

عومەر حاجی ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باس لەوەدەكات هەموو ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكەیان تەواوكردوەو چاوەڕێی دەستپێكردنی دەكەن، بە PUKmediaی وت: سبەینێ سەعات 8ی بەیانی پرۆسەكە دەستپێدەكات و 195 دەنگدەر هەیە، 72 كاندیدیش كێبڕكێ بۆ 19 ئەندامی كۆنگرە دەكەن كە لە 16 پیاو 4 ژن پێكدێن.

وتیشی: لەپرۆسەكەدا ئەگەر ژنان زۆرینەی دەنگەكان بێنن ئەوا ژمارەی ژنان بۆ ئەندامی كۆنگرە زیاتر دەبێت، ئەگەر ئەوەش نەبوو ئەوا بەكۆتا 4 ژن دەبنە ئەندامی كۆنگرە.

مامۆستا مەحمود قەرەداغی سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی  مەڵبەندی 7ی رێكخستنی موسڵی یەكێتی ئاماژە بۆ تەواوبوونی ئامادەكارییەكان دەكات، بە PUKmediaی راگەیاند: چاوەڕێی سەعات 8ی سبەینێ دەكەین تا پرۆسەكە دەستپێبكات، لەسنوری مەڵبەندی موسڵیش  151 دەنگدەر هەیە، هەروەها 54 كاندیدیش كێبڕكێكی پرۆسەكە دەكەن و لەبەرامبەریشدا 18 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 14 پیاو 4 ژنن.

لای خۆشیەوە هێمن حەمید سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی بازنەی 20ی رێكخستنی مەخموری یەكێتی ئەوەی خستەڕوو كە ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكەی سبەینێ تەواوكردوە، بە PUKmediaی راگەیاند: لەسنوری بازنەی مەخمور 49 دەنگدەر هەیە، هەروەها 18 كاندیدیش هەیەو دوای پرۆسەكەش 4 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە لە 3 پیاو ژنێك پێكهاتوون.

لەسنوری سۆرانیش هەموو ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواوكراوە، لەوبارەیەوە حامید حاجی قادر سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی 6ی رێكخستنی سۆرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی راگەیاند: بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندی سۆران 210 دەنگدەر هەیە، 42 كاندیدیش كێبڕكێكی بوون بەئەندامی كۆنگرە دەكەن و مافی مەڵبەندی سۆرانیش لەكۆنگرە 15 ئەندامە كە لە 12 پیاو 3 ژن پێكهاتوون.

لەمەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەش سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواو كراوە، سەرتیپ عەلی سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی كۆیە بە PUKmediaی راگەیاند: لەسنوری مەڵبەندی كۆیە 169 دەنگدەر هەیەو 63 كاندیدیش بۆ سەركەوتن بۆ ئەندامیەتی كۆنگرە كێبڕكێ دەكەن و بەتەواوبوونی پرۆسەكەش 12 كاندیدی سەركەوتوو كە لە 10 پیاو 2 ژن پێكدێن دەچنە كۆنگرە.

هەروەها لەبارەی كۆنفرانسی مەڵبەندی شەنگالیش، رێبوار ستار سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی شەنگال بە PUKmediaی  راگەیاند: سبەینێ دووشەممە كۆنفرانسی سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرتاسەری عیراق دەستپێبكات و لە مەڵبەندی شەنگال 86 دەنگدەر هەیە.

وتیشی: تەنها لەمەڵبەندی شەنگال 36 كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 8 كورسی بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە كۆنگرەی چواری یەكێتی كە بڕیارە رۆژی 21-12-2019 ئەنجامبدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پێویستە 20% كاندیدە سەركەوتووەكان ژن بن، واتا لە هەر پێنج كاندیدێكی سەركەوتوو پێویستە ژنێك هەبێت، كە ئەمەش مافی تەواو دەداتە ژنان كە بەشداری كۆنگرە بكەن. 

PUKmedia گۆران وەهاب  

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket