riklam

وەستایەك ئۆتۆمبێلی كۆن نوێ دەكاتەوە

ریپۆرتاژ‌ 04:53 PM - 2019-12-06
.

.

كاتێك ئەبوبەكر بەئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆن و سەرنجڕاكێشەكانی بەناو شەقامەكانی كەركوكدا دەسوڕێتەوە، ئیدی سەرنجی تەواوی ئەو كەسانە رادەكێشێت كە لەو شوێنەدان، ئەو كاتانەشی ئۆتۆمبێلەكەی رادەگرێت وێنەی سێڵفی لەگەڵ سەیارەكەیدا دەگیرێت.

ئەبوبەكر كامیلی تەمەن 56 ساڵ، لەدایكبووی گەڕەكی ئازادیی شاری كەركوكە، لە تەمەنی 26 ساڵییەوە خولیای لەگەڵ كڕینی شتومەكی كەلەپووری و بە تایبەت ئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆنەكان هەبووە، لە ئێستاشدا لەگەڵ ئەوەی پیشەی فرۆشتنی ئامێرە كارەباییەكانی ناوماڵە، 6 سەیارەی مۆدێل كۆنیشی هەیە، كە لە شارەكانی دیكەی عیراق بە سكرابی كڕیونی و نوێی كردوونەتەوە.

سەرباری سپیبوونی تاڵەكانی قژی ئەبوبەكر، بەڵام تەمەنی بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانەی كە هەیەتی، لە تەمەنی خۆی گەورەترن، كۆنترینیشیان سەیارەی سترۆینی فەڕەنسییە كە لە ساڵی 1946 درووست كراوە، نرخیشی نزیكەی (50) هەزار دۆلارە (پێنج دەفتەر)، بە وتەی ئەبوبەكر تاكە ئۆتۆمبێلە لەو جۆرە لە عیراق مابێت، نوێترین سەیارەش كە هەیبێت ڤۆكس واگینكی مۆدێل 1974ـە، كە نرخەكەی نزیكەی هەشت هەزار دۆلارە 80 وەرەقە).

ئەبوبەكر كامیل، خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەڵێت: شارەكانی عیراق و كوردستان دەگەڕێم بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلە كۆنە سكرابەكان و دەیهێنمەوە بۆ كەركوك لەسەر شێوەی خۆی چاكسازییان تێدا دەكەمەوە، ئەو كەرەستانەی بۆ نوێكردنەوەی سەیارەكان پێویستن لە كەركوك دەست ناكەون״.

״لەڕێگەی ئنیتەرنێتەوە ئەو كەرەستانە لە بەغداو موسڵ و وڵاتانی دەرەوە دەهێنم، تەنانەت بۆ دوو تایە چوومەتە ئێران״، ئەبوبەكر كامیل وای وت.

جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە ئەبوبەكر نوێی كردوونەتەوە، بریتین لە سترۆین 1946 شۆڤرلێت 1957 شۆڤرلێت ئیمپالا 1966 شۆڤرلێت ئیمپالا 1967 ڤۆكس واگینك 1974 جێب لاندرۆڤەر 1974، پێشتریش دوو ئۆتۆمبێلی كۆنی نوێ كردووەتەوە و فرۆشتوونی.

״چاككردنی سەیارەیەكی كۆن كە تەواو بێكەڵكە نزیكەی 7 مانگی پێدەچێت، گواستنەوەی ساڵانەشی زۆر قورسە، چونكە بەشێكی زۆریان خاوەنەكانیان لە ژیاندا نەماون و سەیارەكان وەك میرات ماونەتەوە״، كامیل وای وت.

بە وتەی ئەبوبەكر لە كەركوك تەنها 5 كەس سەرقاڵی ئەم كارەن، ئۆتۆمبێلی كۆن دەكڕن و نوێیان دەكەنەوە، ئەو دەڵێت: ״ئەو ئۆتۆمبێلانە تا مۆدێلەكەی كۆنتر بێت نرخەكەی زیاترە، من بە كۆنەیی بە نزیكەی دەفتەرێك دۆلار دەیكڕم و نوێكردنەوەشی دەفتەرێك دۆلاری تری پێویستە.״

״سەیارە كۆنەكان زۆر جیاوازن لەگەڵ نوێیەكان، ئەم سەیارە كۆنانە پلێتیان بەهێزە״، ئەبوبەكر كامیل وا دەڵێت.

نوێكردنەوەی ئەو سەیارانە بە چەندین قۆناغ تێپەڕ دەبن، سەرەتا پلێتی ئاسنەكە لەڕەنگی كۆن و ژەنگ پاك دەكرێتەوە، دواتر بە چەند ماددەیەك بۆیاغ دەكرێتەوە، دواتریش بزوێنەرو تەواوی كەرەستەكانی دیكەی ئۆتۆمبێلەكە نوێ دەكرێنەوە.

یوسف محەمەد، نزیكەی 30 ساڵە وەستای بۆیاغی ئۆتۆمبێلە، تاكو ئێستا 4 سەیارەی كۆنی بۆیاغ كردووە، دەڵێت: ״ئەو سەیارانە لە كەركوك بۆیاغ دەكرێن و بۆ شارەكانی دیكەی عیراق و كوردستان دەگوازرێنەوە، چونكە لە كەركوك نرخی بۆیاغكردن كەمترە و وەستای باشتریشی لێیە.״

یوسف محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشدا؛ ״كاركردن لە سەیارەی كۆن جیاوازە، دەبێت گرنگیی زیاتری پێ بدەین، چونكە ئەو سەیارانە سەرنجڕاكێشن و خەڵك بە دیقەتەوە سەیری دەكەن.״

״ماوەی بۆیاخكردنی ئۆتۆمبێلە كۆنەكان نزیكەی 3 مانگ دەخایەنێت، چونكە بە چەند قۆناغێك تێپەڕ دەبێت، ئیشكردن لە سەیارە كۆنەكانیش خۆشترە، چونكە بە زەوقەوە ئیشی لێ دەكەین و خەڵك دێن سەیرمان دەكەن״، یوسف محەمەد وای وت.

بزوێنەری ئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆنەكان لەگەڵ ئۆتۆمبێلە نوێیەكان جیاوازە و هەموو وەستایەك كاری لەسەر ناكات، دەبێت وەستاكە ئەزموونێكی زۆری هەبێت.

عەباس فایەق، زیاتر لە پەنجا ساڵە فیتەری تایبەت بە بزوێنەر و گێڕ و ئەكسلی ئۆتۆمبێلە، ئەو دەڵێت: ״بزوێنەری ئۆتۆمبێلە كۆنەكان لەگەڵ نوێیەكان جیاوازن، كەرەستەی سەیارە كۆنەكان بە دەگمەن دەست دەكەون و زیاتر لە بەغدا هەیە.״

״نرخی بزوێنەرێكی سەیارە مۆدێل كۆنەكان لە 500 بۆ 800 هەزار دینارە، ماوەی بەستنیشی لەسەر ئۆتۆمبێلێك 3 رۆژ دەخایەنێت، هەندێك ئۆتۆمبێل دەتوانین كەرەستەی سەیارەیەكی دیكەی بۆ بە كار بهێنین، هەندێكیشیان تەنها ئەو جۆرەی خۆی بۆ دەبێت״، وەستا عەباس وای وت.

PUKmedia لەهەفتەنامەی ئاژانسەوە وەرگیراوە 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket