riklam

گێچەڵی سێكسی تەڵەیەكی مەترسیدار لەهەرێم

ریپۆرتاژ‌ 01:12 PM - 2019-12-06
فۆتۆ: ئینتەرنێت

فۆتۆ: ئینتەرنێت

سۆزان تەمەن 22 ساڵ، ناوی خوازراوی كچێكە لە هەولێر، یەكێكە لەو سەدان كچەی رۆژانە لە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە.

سۆزان دوای ئەوەی شۆفێری تاكسییەك دەیان جار گێچەڵی سێكسیی پێكردووە، ئیستا بڕیاریداوە لە بنكەی پۆلیس سكاڵا لە دژی ئەو شۆفێرە تۆمار بكات، كە بەوتەی خۆی چەندینجار بەزۆرەملێ گێچەڵی پێكراوە تەنانەت هەڕەشەشی لێكراوە كە بێدەنگ بێت.

بەگوێرەی ئامارە رەسمییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان، لە 8 مانگی رابردووی ئەمساڵدا لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان، 77 حاڵەتی گێچەڵی سێكسی تۆمار كراون و 172 كەسیش لە پۆلیس لەسەر دەستدرێژی دەستگیر كراون.

بەپێی ئامارەكە لە هەولێر 19 حاڵەت، سلێمانی 23، دهۆك 14،  گەرمیان 7، راپەڕین 5 حاڵەت تۆمار كراون، بەڵام لە سۆران هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە.

ئاری رەفیق، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە هەولێر رایگەیاندوە: یەكێك لەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بەڕەگەزی مێ دەكرێت، دەستدرێژی سێكسییە، ئەوەش جۆری زۆرە، جۆرێكیان بەدەربڕینی سیمای دەموچاو، برۆ هەڵتەكاندن،  دەستدرێژیكردن لە جەستەو ماچ، تا دەگاتە لاقەكردن لەجۆرەكانی گێچەڵن.

״ئەوەی لە كوردستاندا زۆر باوە تاوانی ئەلیكترۆنییە، بەهەڕەشەو ئابڕوبردن لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی نەشیاو، ژنان قوربانیی ئەم حاڵەتەن و پشكی شێریان بەركەوتووە״، ئاری رەفیق وای وت.

ئەو كەسانەی گێچەڵی سێكسی لە هەرێم دەكەن بەماددەی 2 لە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، كە  سزاكەی بەندكردنی تاوانبارە لە 6 مانگ كەمتر نەبێ و لە 5 ساڵیش زیاتر نەبێت، هەروەها بە غەرامەیەكیش سزا دەدرێت، كە لە 1 ملیۆن دینار كەمتر نییە و لە 5 ملیۆن دیناریش زیاتر نییە.

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەولێر دەشڵێت:بەشێك لەوانەی گێچەڵ بەژنان دەكەن بە مەبەستی تۆڵەكردنەوەیە و یان پارەوەرگرتنەو ئەم حاڵەتە رۆژ لە دوای رۆژ تەشەنە دەسێنێ و بەشێك لە ژنان پەیوەندیی بەهێڵی گەرمی 119ەوە دەكەن و بەشێكی تریش لە ژنان راستەوخۆ لە بنكەی پۆلیس دژی تاوانبار سكاڵا تۆمار دەكەن.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمیش،  172 كەس بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێكسی (ئاشكرا،ئاشكرا نەكراو) لە هەرێم دەستگیر كراون، بەگوێرەی ئەم داتایە لە 10 مانگدا كە 300 رۆژە، ئەوا هەموو سێ رۆژێك دوو ژن روبەڕووی دەستدرێژیی سێكسی بوونەتەوە.

عەمید محێدین مستەفا، بەڕێوەبەری حەرەكات و تاوان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێم رایگەیاندوە: كۆی گشتیی بەندكراوان لە هەرێمی كوردستان لەسەر دەستدرێژیی سێكسی گەیشتووەتە 172  كەس كە 168 حاڵەتیان ئاشكرا كران و 4 حاڵەتیان ئاشكرا نەكراون.

بەپێی ئامارەكانیش هەڵەبجەو سۆران هیچ حاڵەتێكی گێچەڵی سێكسیی تێدا تۆمار نەكراوەو زۆرترین حاڵەتیش لە سلێمانی و دهۆكە كە یەكەمیان 59 حاڵەت و دووەمیشیان 49 حاڵەت بووە و هەولێریش 28 حاڵەتە.

هەروەها لەساڵی پاریشدا 2018، لە هەرێمی كوردستان 183 حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كرابوو، دیسانەوە سلێمانی و دهۆك زۆرترین حاڵەتی تێدا تۆمار كراوە، كە 68 لە سلێمانی و 54 لە دهۆك و 21 حاڵەتیان لە هەولێر بووە، ئەوەی جێی سەرنجە ناوچەی بێ گێچەڵ نەبووە، هەڵەبجەش 7 حاڵەت و سۆرانیش 3 حاڵەتی تێدا بووە.

شادی نەوزاد، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: گێچەڵی سێكسی لەجۆرەكانی تووندوتیژییەو پێمانوایە رێژەكان زۆر بەرزن بەزووترین كات كاری جددی بكرێ بۆ دابەزاندی ئەو رێژانە بەئاستێك كە هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارامتر و ئامنتر بێ بۆ گوزەراندنی ژیانی ژنان.

״بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی ئێمە پلانمان هەیە كە دیراسەی باش بكەین بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو یاسایە دابڕێژێتەوە بە شێوەیەك بێت زۆر گشتگیر بێت كەموكورتی لە كەمترین ئاستدا هەبێت، بۆیە گێچەڵی سێكسی بەشێكە لە كارەكانمان״، ئەو پەرلەمانتارە وای وت.

لەنجە خاوێ، رێكخەری كۆمەڵەی سۆفیا لەسەر ئەم دیاردەیە دەڵێت:پێویستە كچان و كوڕان لە تەمەنی كەمەوە بەهاوكاریی وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانەكاندا پەروەردەی تەندروست بكرێن و وەكو پێویست هۆشیار بكرێنەوە.

PUKmedia لە هەفتەنامەی ئاژانسەوە وەرگیراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket