riklam

ئەنجومەنی ناوەندی ساڵڕۆژی شەهیدانی یەكێتی (گردە درۆزنە) بەرز رادەگرێت

ی.ن.ک‌‌ 06:02 PM - 2019-12-04
.

.

ئەنجومەنی ناوەندی یادی 17 ساڵەی شەهیدبوونی فەرماندە حەمە سەراویی و شەهیدانی تەپەكورەو گردە درۆزنە بەرز رادەگرێت.
ئەمرۆ چوار شەممە بە ئامادەبوونی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و هەڤاڵانی سكرتارییەت و ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەكان 17 هەمین ساڵیادی شەهیدانی تەپەكورە و گردە درۆزنە لە هۆڵی بۆنەكانی هەڵەبجە بەرز راگیرا.

لە مەراسیمەكەدا تاجە گوڵینەی ئەنجومەنی ناوەندی لە لایەن زوبیر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی لە بەردەم وێنەی ئەو قارامانانە دانرا و خەڵاتی رێزلێنانی پێشەكەشی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی تەپە كورە و خێڵی حەمە كرد.

 عەتا سەراوی نوێنەری كەسوكاری شەهیدانی تەپەكوڕەو گردەدرۆزنە، وتاری بنەماڵەی شەهیدانی خوێندەوە و رایگەیاند: لەمرۆژەدا پێمان خۆشە بەهەموو خەڵكی كوردستان بڵێین تاخاوەنی هێزێكی وەك یەكێتی بین ئامادەین سەدان كەسی ترمان بۆ ئازادی و ئارامی كوردستان و نەتەوەكەمان ببەخشین.
باسیلەوەشكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتای دروستبونییەوە تاوەكو ئەمڕۆ لەخەبات و تێكوشان و قوربانیدان درێغی نەكردوە، لەپێناو خاك و بەدەستهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەماندا، بەهەزاران شەهیدیداوە.

هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی وێرای دەربرینی هاوخەمی بۆ خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان بەڵێنی درێژەپێدانی رێبازی باوك و براكانیان دووپاتكردەوە.
هەر لە مەراسیمەكەدا بروسكەی ئەنجومەنی ناوەندی لەلایەن بەرێوەبەری گشتی شەهیدانی هەڵەبجەوە خوێندرایەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەتی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەرێزان/ خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی داستانی تەپەكورەو وگردە درۆزنە
بابەت/ بروسكەی ماتەمینی
سڵاوی خەبات و تێكۆشان...

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 17 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی 10 فەرماندە و 36 پێشمەرگەی قارەمانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شەوی 3/4 ی 12/2002 لە ئان و ساتی بەرگریكردن لە هەڵەبجەو شارەزووردا لەگوندی تەپە كوڕەو گردە درۆزنە بەدەستی تیرۆرستانی ئەنسارولئیسلام بەناوی هەڤاڵانی سكرتارییەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندییەوە جارێكیتر پرسە و ماتەمینی ئەنجومەنی ناوەندیتان پێ ڕادەگەیەنین و بەشداریی ئەم خەمە گەورەین، سەرەخۆشی ئاڕاستەی یەك بەیەكی ئەندامانی خانەوادەكەتان دەكەین.

ئەم جوامێرانە لە ئان و ساتێكدا هەتا دوا هەناسەی ژیانیان بەرگرییان كرد كە ئێوارەی عەرەفەی جەژنی رەمەزان بوو كە ئەمە هاو تەریب نیە لەگەڵ هیچ رێساو یاسایەكی ئاینی هەتا دوا دڵۆپی خوێنیان بەرگریان كرد و ، یەكێتی هەمیشە لە دژی دوژمنانی گەلەكەمان و تیرۆریستاندا خەباتی كردوە و رووبارێك خوێنی بەخشیوە بۆ هێنانەدی ئەمڕۆ.

ئەمساڵ كە ئەم یادە لە هۆڵی بۆنەكانی هەڵەبجەی رەمز و ناسنامەی كورد و كوردستان دەكەینەوە لەسەروبەندی بەستنی كۆنگرەی چوارەمین و كۆنفرانسی كۆمیتە و مەكتەبەكان بەسەركەوتووی ئەنجامدراوە و دوابەدوای كۆنفرانسی مەڵبەندەكانیش كۆنگرەی چوارەم دەبەستین و رۆحی سەرۆك مام جەلال و 20 هەزار شەهیدی یەكێتیی و دڵی كەسوكاری شەهیدان و ئەندام و كادیر و بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتی شاد دەكەین.

لەساڵیادی ئەم پۆلە پێشمەرگە ئازاو جەربەزەیەی نیشتماندا جارێكیتر سەری رێزو نەوازش لەبەردەم گلكۆی پیرۆزیاندا دادەنوێنین و پەیمان دووپاتدەكەینەوە درێژە بە رێبازكەیان بدەین و خزمەتی زیاتری كەسوكارە سەربەرزەكانیان بكەین.

داواكارین لەپەروەردگار رۆحی پاكی ئەم پۆلە شەهیدە بە بەهەشتی فراوانی شاد بكات، ئارامیی و دڵنەواییش بەئێوەو هەموو لایەك ببەخشێت.


انا للە وانا الیە راجعون
ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك)

4/12/2019


PUKmedia   تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket