riklam

مەلا بەختیار: ئەم قۆناغە، قۆناغی بەرگری عەسكەریی‌و هەڵمەتی مەدەنییە

ی.ن.ک‌‌ 11:41 PM - 2019-12-01
.

.

 مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لەوەفدێكی كەنەكە دەكات، كە پێكهاتبوون لە ئەحمەد قەرەموس، هاوسەرۆكی كەنەكە، شاڵاو حەفید، جێگری هاوسەرۆكەكانی كەنەكە و ئەكرەم كەمال، رامان مەجید، مژدە عەباس و فەرهاد دۆسكی، ئەندامانی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەنەكە‌و ئاماژەش بۆ ئەوەدەكات، كە: بەئومێدەوە لەو سەردانانەی وەفدەكە لەدوای كۆنگرە دەڕوانێت، هەتا هاوكاری بڕیارەكانی كۆنگرە بكرێت‌و جێبەجێ‌ بكرێن.

لەكۆبوونەوەیەكیشدا، كە ئێوارەی ئەمڕۆ 1/12/2019 بەڕێوەچوو، وەفدەكەی كەنەكە، سوپاسوگوزاریی و پێزانینی خۆیان بۆ بەشداریەكەی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی لەكۆنگرەكەیان‌و ئەو پەیام‌و وتارەشی ئاراستەی بەشداربووانی كۆنگرەكەیانی كرد بوو، نیشانداو بەبایەخەوە هەڵیانسەنگاند.

هاوكات وەفدەكەی كەنەكە، لەبارەی رۆژئاوای كوردستانەوە، رەوشەكەی بەئاڵۆز ناوبردو پاشئەوەی تێڕوانینی خۆیشیان لەبارەی رێككەوتنەكانەوە نیشاندا، ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد، كە سەرەرای هێرشەكان، بەڵام مەترسیان لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە هەیە. 

هەروەك لەگەڵ ئەوەی زانیاری پێویستیشیان لەبارەی هەوڵەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد‌و كۆبوونەوە بەردەوامەكانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانیان لەناوچەكەو هەرێمایەتی خیستەڕوو، تەئكیدیان لەبەردەوامی كۆبوونەكانیان لەباشوری كوردستان كردەوە.

لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، خۆشحاڵی بەكارو چالاكییەكانی وەفدەكەی كەنەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە نیشانداو بەگرنگ خوێندنەوەی بۆ كرد، بەتایبەت كە لەئێستادا هەلومەرجەكە، هەلومەرجی جموجۆڵە، جموجۆڵی، سیاسی، دیپلۆماسی و جەماوەریی‌و بەرگری عەسكەرییەو وتی: باوەڕموایە كە ئەم قۆناغە، قۆناغی بەرگری عەسكەریی‌و هەڵمەتی مەدەنییە‌و جەختیشیكردەوە:

لەو شوێنەی هێز بەرگری لەخۆی بكات‌و لەو شوێنەی شەقام هەیە، هەڵمەتی مەدەنی بەرین. جا ئەگەر شەقامی دەرەوەی وڵات بێ‌، یان شەقامی وڵاتانی هەرێمایەتی‌و هەرلایەك بێ‌، دەبێ‌ خەڵك بەشێوازی مەدەنی هەڵمەت ببات بۆ ئەوەی هەلومەرجەكەی كە هاتۆتە پێشەوە، كارەساتەكانی تێدا دووبارە نەبێتەوەو بەپێچەوانەوە دەبێ‌ هەلومەرج ‌و دەرفەتەكان بەڕێگەی جۆراوجۆری خەبات بقۆزینەوە، بۆ ئەوەی دەستكەوت بەدیبهێنین.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە: مێژووی كورد پڕە لەكارەسات‌و هەموویان پێكەوە زیاتر لەدوو سەد كارەسات لەمێژووماندا هەیە، هەر لەهەلومەرجی ئیمپراتۆریەتی صەفەویی‌و عوسمانی تا دەگاتە كۆمارییەكان، كە دەوڵەتەكانی هەرێمایەتی، یان دەوڵەتێك لەدەوڵەتەكان، ویستویانە راپەڕین یان شۆڕشێكمان سەركوت بكات، بەداخەوە لەو سەركوتكردنەشدا، هەموو دەوڵەتەكان لەگەڵیدا بوون. 

بەڵام دووجار لەمێژووی نەتەوەی كورددا، دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان دەیانەوێ‌ سەركوتمان بكەن، بەڵام دەوڵەتەكانی جیهان‌و رای گشتی جیهان لەدژی ئەو سەركوتكردنە بوون. جاری یەكەم ساڵی 1991 لەباشور، كە راپەڕین‌و كۆڕەو دەستیپێكرد، كە هەموو دەوڵەتانی هەرێمایەتی دەیانویست كۆتایی بەراپەڕینەكە بهێنن و بەجۆرێكیش لەجۆرەكان پشتیوانی لەصەدامیش بكەن، تەنها ئێران نەبێ‌ كە بەتەواوەتی لەگەڵا عیراق نەبوو، كە سەركوتمان بكات. 

لەچوارچێوەی سەركوتكردنی راپەڕینی خەڵكی  كوردستانیشدا،  لەلایەن بەعسەوەو گەڕانەوەی بۆ شارەكانی كوردستان، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، كۆڕەوی خەڵكی كوردستانی بەخەباتێكی تر، بەڵام بەبێ‌ بەرنامەی گەلەكەمان پێناسە كرد، كە لەناو ژان‌و ئازاری نەتەوەكەماندا سەریهەڵداو بەو هۆیەشەوە سیاسەتمەدارو لێپرسراوە باڵاكانی دەوڵەتە گەورەكانی  جیهان هاتنە سەر هێڵ‌و كەوتنە كار بۆ دەركردنی بڕیاری 688 لەئەنجومەنی ئاسایش‌و ئەم بڕیارەشی لەدوای پەیمانی سێڤر، بەتاكە پشتیوانییەك بۆمیللەتەكەمان ناوبردو رونیكردەوە: ئەمەش دەیسەلمێنێ‌ هەر كاتێك پشتوانیمان هەبێ‌، چ نێودەوڵەتی‌و چ رایگشتی، ئەوا داگیركەران ناتوانن لەناومان بەرن و لەو دیدەشەوە، تەئكیدی كردەوە، كە: لەئێستاشدا، رایشگی، شەقامی سیاسی‌و مەدەنی، مێدیاكانی ئۆرۆپاو جیهان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانن‌و ئەمەشی گرنگ خوێندەوە، كە دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتە گەورەكانیش ناچار دەبن، گوێ‌ لەم شەقامە بگرن. چونكە هەمویان دەچنە سەر سندوقی هەڵبژاردن‌و دەنگەكانی شەقامیان پێویستە، بۆیە ناچارن گوێ‌ لەدەنگەكانی شەقام بگرن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، شرۆڤەیەكی وردی بۆ كۆی وێنە گەورەكەی هەلومەرجەكە كردو دواهەمین لێدوانەكانی گەورە لێپرسراوەكانی دەوڵەتە گەورەكانیشی لەبارەی رۆڵی كوردەوە، بەگرنگ پێناسە كرد، بەتایبەتی لەم پرۆسێسەی كە ئێستا لەسوریا بەڕێوەدەچێت بۆ نوسینەوەی دەستور، هەتا مافی نەتەوەكەمان لەو بەشەی كوردستان، بەشێوەیەك لەشێوەكان لەبەرچاو بگیرێت. 

مەلا بەختیار، بەپێویستیشیزانی، كە لەئێستادا كەنەكە، هەسەدە، پەیەدە و تەنانەت پەكەكەش نابێ‌ غافڵگیربن و هێماشی بۆ ئەوەكرد، كە لەئێستادا ئەگەرچی ئاسۆ پاكبۆتەوە، بەڵام هێشتا مەترسی هێرش‌و پیلانگێڕییەكان و لێكگرێدانی بەرژوەندییەكانی وڵاتانی هەرێمایەتی‌و جیهانی لەئارادا ماوە، هەتا ئەوكاتەی لەدەستوری سوریا، مافی كورد نەسەلمێنرێ‌، دەبێ‌ لەبەرچای بگرن كە پیلانگێڕییەكان بەردەوامن.

وتیشی: كەی لەدەستوری سوریا، مافی كورد ئەوەندەی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت دابینكرا‌و دانوستاندنی رەسمی لەنێوان هەسەدەو دەوڵەتی سوریا بەچاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان یان دەوڵەتە گەورەكانن تەنانەت ئەگەر بەچاودێری روسیاش بێ بەتەنها‌و دەستیپێكرد، بەشبەحاڵی خۆم بەسەركەوتنێكی گەورەی دەزانم‌و رایگەیاند:

كوردی رۆژئاوای فەرامۆشكراو لەسەد ساڵی رابردوودا هەر لەسایكس پیكۆوە تائێستا، لەسەرەنجامی قوربانی و تێكۆشانەكانی وای لێبێ‌ دەوڵەتێكی ئەنجومەنی ئاسایش بڵی: دەبێ‌ مافی كورد دابینبكرێ‌، پێویستە سوپاسگوزاربین. چونكە ئەگەر بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش نەبوایە، ئەوا ئەوەی ئێستا لەباشوری كوردستان هەیە، نەدەبوو. بۆیە مافی دەستوریی‌و بڕیاری نێودەوڵەتی، درێژە دەكێشێ‌ و كاتی نییە.

راشیگەیاندەوە، كە: ئەمە دووەمینجارە كورد پشتیوانی نێودەوڵەتیمان هەیە، یەكەمینجار لەساڵی 1991 و دووەمینجاریش رۆژئاوا لەلێواری هەڵدێراندا بوو، كۆتایی پێهاتبوو، سەرلەنوێ‌ لەژێر فشاری نێودەوڵەتی، هاوكێشەكان تاڕادەیەك گۆڕان‌و ئەگەر ئەم پرۆسەیەش بەردەوامبێ‌ تا دەگاتە نوسینی دەستور‌و دابینكردنی مافی كورد لەبڕگەو مادەكانیدا، ئەوا باوەڕموایە خاڵی گۆڕانی سیاسی لەمێژووی سوریا‌و رۆژ ئاوای كوردستاندا، دەستپێدەكات.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، جەختیكردەوە:

كاتێك میللەتێك لەسەنگەردا بێت‌و خوێن بڕێژێ‌ وەكو لەرۆژئاوا روودەدات، دەبێ‌ بزانین و گوێ‌ بگرین لەوەی لەسەنگەردایە چیدەڵێ‌! نەك گوێ‌ بگرین لەوەی لەئۆرۆپایە چیدەڵێ‌. بۆیە دەبێ‌ ئۆرۆپا گوێ‌ لەسەنگەر بگرێ‌، نەك سەنگەر گوێ‌ لەئۆرۆپا بگرێ‌. 

ئومێدیشیخواست كە كەنەكەو وەفدەكانی، لەچالاكییە سیاسی‌و دیپلۆماسییەكانیاندا چالاكبن‌و هاوكات تەندروستی و پتەوی پەیوەندییە ئۆرگانیكییەكەی نێوان رۆژئاوای و باشوری كوردستانیشی، بەگرنگ پێناسە كردو وتی: رۆژئاوای كوردستان شكست نەخوات، بەشێوەیەك لەشێوەكان دوای سەركەوتن‌و دابینكردنی مافەكانی نەتەوەكەمان‌و گەلانی تری وڵاتەكە لەدەستوری سوریادا، ساڵێك تا دوو ساڵ نابات گفتوگۆ لەباكور لەنێوان پەكەكەو توركیاش دەستپێدەكات. 

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket