riklam

عادل عبدالمهدی جەلاد یان قوربانی؟

بیروڕا 04:57 PM - 2019-12-01
.

.

نەوزادی موهەندیس 

•ڕێك لە 24/10/2018دا د.عادل عبدالمهدی و كابینەكەی ((تەنها 14 وەزیر)) متمانەی پەڕلەمانی عێراقیان وەرگرت و دواتر و دوای نزیكەی 8 مانگی تر ((4 وەزیری تر))متمانەیان پێدرا،كە لە ئێستادا تەنها دوای  ساڵێك و 1 مانگی تەواو  بەنیوەناچڵی ئیدارەی حكومەتێكی ناتەواوی كرد چونكە تاكو ئێستا كابینەكەی نەتوانی تەواو بكات و وەزیری پەروەردە وەك وەزارەتێكی كاریگەر و گرنگی بۆ پڕنەكرایەوە. هەرلەسەرەتاوە دیاربوو كە ئەم حكومەت و سەرۆكەكەشی ناتوانن 4 ساڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بۆ عێراق بگێڕنەوە،نا لەبەرئەوەی ئەم پیاوە بێتوانا و بێ‌ بەرنامە و گەندەڵ و بێ‌ ئەزوموونی سیاسی و ئیداری و ئەمنی و داراییە،بەڵكو بەهۆی ململانێ‌ توند و ناڕەواكانی سەرانی حیزبە سیاسیە شیعە مەزهەبەكانی هاومەزهەبی خۆیەوە و بەتایبەتیش سائیرون و فەتح كە خۆیان بە كوتلەی گەورەی پەڕلەمانی دەزانی و هەریەكەشیان هەوڵیدەدا كە سەرۆك وەزیران لەلای خۆی بێت،كاتێكیش نەگەیشتنە ئەنجام و بەناچاری ئەم پیاوە میانڕەوە و خەمخۆرو پاك پەرێزەیان وەك كاندیدی هەردوولا و تەوافوق هێنایە پێشەوە و كردیانە نوێنەری خۆیان و ڕازیبوون بە پێدانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێی،بەڵام هەر لەو كاتەوە كەوتنە تەون و داو نانەوە بۆی و ڕێگەیان نەدا كە بە ئارەزوو  ویست و لەسەر بەرنامە و پلانێكی بێلایەن نمایندە و وەزارەت و وەزیرەكان دیاریبكات لەسەر بنەمای لێهاتووی و لێوەشاوەیی و ئەزموون و ئەمانەت و دڵسۆزی و ئەكادیمیبوون و پسپۆڕی و شارەزایی كەسەكان،دوور لە پشكپشكێنەی حیزبایەتی و نەتەوایەتی و ئاینی و مەزهەبی و ناوچەگەری.بەڵام ئەوان لەیەك كاتدا هەم متمانەیان پێداو هەمیش خەنجەری ژەهراویان لە پشتی دەدا و ڕێگری و كۆسپی ناڕەوایان لە پێشدا دروست دەكرد،ئەوەبوو دوای نزیكەی 5-6 مانگ ئەوكات توانیان وەزیرەكانیان دیاریبكەن،بەم شێوەیە ئەم حكومەتە هەر لەسەرەتاوە بە نەبەكامی لەدایكبوو بە عەمەلیاتێكی قەیسەری لەسەر دەستی چەند بەناو دكتۆرێكی نەزان و نەشارەزا و  ئەنجامیش حكومەتێكی لاواز و بێدەسەڵات و كەمئەندامی لێپەیدا بوو.

•سەرەڕای ئەو هەموو كۆسپ و تەگەرە و خۆپیشاندانانەی كەلەماوەی ئەم ساڵەدا ڕووبەڕووی ئەم حكومەتە بوەوە كە زۆرینەی وەزیرەكانی لە شیعە مەزهەبەكان بوو،كەچی توانی بەهێمنی و بێدەنگی گەلێك كاری باش بكات لەڕووی ئیداری و سیاسی و ئابوریەوە و تاڕادەیەك ئەمنیەتیشی هێمن كردبۆوە و نمونەیەكی جوان و سەركەوتوویی كاری پێكەوەیشی لەنێوان هەرسێ‌ سەرۆكایەتیەكەی دەوڵەتیشدا پیشاندا و هەمئاهەنگی و لێكتێگەیشتنی زۆر باشیان لەنێواندا هەبوو،چەندین گرێبەست و ڕێكەوتنی ئابوری لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكاندا واژۆكرد بۆ ئاوەدانكردنەوە و بوژاندنەوەی عێراق. و پەیوەندیەكانی عێراق لەگەڵ ناوچەكە و دونیای عەرەبی و ئیسلامی و زلهێزەكانیشدا ئاسایی و گەرموگوڕتر كردەوە.بەڵام ئەم سەركردە بەناو خەمخۆر و دڵسۆزانەی عێراق كە خۆیان و حیزبەكانیان بەشێكی گەورەی حكومەتەكەی بوون كەچی بە ڕۆژ لەحكومەت و شەریك بوون لەشەویشدا ناڕەزایی و خەریكی داو و تەون هەڵخستن بوون بۆ حكومەتەكەی مەهدی.بەڕاستی دووڕوویی و درۆزنی ئەو سەركردانە وایكرد كە ئەم حكومەتە بەم دەردە بچێت.و هیچ ڕێزێكیان نە بۆ دەستور و یاساكان دادەنا ،نە بۆ هاوڵاتیان و سەروەری عێراق دادەناو نە بۆ داموزەدەزگا شەرعیەكانیش.هەربۆیە هەموان خەریكی گەندەڵی و مشەخۆری بوون لەسەر جەستەی ئەم حكومەتە كە لەماوەی 16 ساڵدا لەكۆی داهاتی 850 ملیار دۆلار بڕی 450 ملیار دۆلار بەهەدەرو بەگەندەڵی لە كیس عێراق و هاوڵاتیانی چوون،بەهەق ئەم دەستە سیاسیە بۆگەن و گەندەڵەی عێراقی نوێ‌ بە دەیان ساڵ عێراقیان پاشەكشە پێكرد بۆ دواوە ،چونكە لەلایەك بڕوایان بەسیستەمی حوكمڕانی عیلمانی و پەڕلەمانی و دیموكراسی و ئازادیەكان نەبوە و لەلایەكیش بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش كاریان دەكرد و هیچ بەلایانەوە بەرژەوەندی و سەروەری و بەهێزی عێراقیان لا مەبەست نەبوە. هەربۆیە لەماوەی 16 ساڵی ڕابووردوودا بە دەیان و سەدان كێشە و گرفتی گەورە و بچوك سەریانهەڵداوە لەناو كۆمەڵگای عێراقیدا هەر لە  گەندەڵی و مشەخۆری و بێكاری و هەڵاوسان و نەخۆشی و دواكەوتن و نەخوێندەواری و نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری و داتەپینی ژێر خانی ئابوری و نەبوونی كارگەی بەرهەمهێنی پیشەسازی و پاشەكشەی بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و تەندروستی و خوێندن و پەروەردە و ئاوەدانی و ...هتد.هەربۆیە گەنجان و لاوان و تەواوی چین و توێژەكان جامی توڕەیی وناڕەزایی و گیانی تۆڵە و ڕق و قینیان سەریكرد و لەماوەی دوومانگی تشرینی یەكەم و دووەمی ئەمساڵدا كەوتنە سەر شەقام و دەستیاندایە توندوتیژی و داواكاری ڕەوای خۆیان بەرزكردەوە و داوای مافی خۆیانیان دەكرد و بەداخیشەوە كە لە ئێستادا ڕێڕەوی ئەو خۆپیشاندانانە گۆڕاوە و داواكاریەكان لە داواكاری نەمانی گەندەڵی و بێكاری و بێ‌ خزمەتگوزاریەوە بەرزبۆتەوە بۆ دەستلەكاكێشانەوەی حكومەت و پەڕلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەمواركردنەوەی دەستور و یاسای هەڵبژاردنەكان و گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و چێكردنی چاكسازی و ..هتد. كەهەموانیان داواكاری سیاسین نەك جەماوەری كە ئەمەش بەڵگەی بوونی دەست و هێزی دەرەكی ناوچەیی و دونیاییشە لەم خۆپیشاندانانەدا.

ئەوەی لەماوەی ئەم 2 مانگەدا ڕوویاندا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی كە ڕاستەوخۆ حكومەت و سەرۆكەكەیان تاوانبار دەكرد و بەكەمتەرخەم و بێتوانا ناویان دەبرد،هیچ كام لەسەركردە و حیزبە سیاسیە باڵادەستەكان و تەنانەت مەرجەعیەتیش هەڵوێستێكی ئەرێنی و كردارەكیان نەبوو بۆ پاراستنی هەیبەت و شكۆی حكومەت و دامودەزگاكانی و هەموان ڕۆڵی تەماشاكەریان دەبینی و بێدەنگیان هەڵبژاردبوو،كە هەموانیان لەترس و تۆقینێكی گەورەدا دەژیان چونكە هەموانیان بەشدارن لە هێنانە كایەی ئەم دۆخەی ئێستا نەك بەتەنها حكومەت و عادل عبدالمهدی سەرۆكی.

•بۆیە ناڕەوایە و كارێكی نالۆژیكی و بێوژیدانیشە كە تەنها ئەو پیاوە بە لێپرسراوی  هەموو كەمتەرخەمی و گەندەڵی و هەڵە و شكستەكانی 16 ساڵی ڕابووردوو بزانرێت،و تەنها داوای لێپرسینەوە و سزادانی ئەم پیاوە بكرێت كە تەنها وەك قوربانی وایە و جەلادە ڕاستەقینەكانی كابینەكانی پێشوو لە مالكی و عەبادی و سەرۆكی حیزب و ڕەوت و هاوپەیمانێتیەكانی تری لێبێبەری بكرێت.

•ئەم پیاوە تەنها هەڵە و كەموكوڕی ئەوەبوو كە بەدڵسافی و دڵسۆزی و دەستپاكی و نیەتپاكیەوە مامەڵەی لەگەڵ هەمواندا دەكرد و متمانەی پێیان هەبوو،بەڵام ئەوان دووڕوویی و خۆپارێزی بنەمای شیعە مەزهەبیان لەگەڵ پیادە دەكرد،ئەم پیاوە دەیویست سیستەمی حوكمڕانی سەقەتی 16 ساڵی ڕابووردوو ڕاستبكاتەوە،دەیویست تەنها چەك بەدەست سوپا و هێزەكانی ناوخۆوە بێت،دەیویست میلیشیا چەكدارەكانی سەر بەوڵاتانی دەرەوە نەمێنن ،دەیوست گەندەڵی بنەبڕبكات و چەندین ئەنجومەن و لیژنە و نوسینگەی پشكنەرە گشتیەكان و دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی دروستكرد و پشتی دەگرتن بۆ لێپرسینەوەی گەندەڵكاران،دەیویست ئاشتی و ئاوەدانی بۆ وڵات بگێڕێتەوە ، گەرەكی بوو بێكاری و هەژاری و مشەخۆری و دواكەوتویی نەهێڵێت،دەیویست حكومەتێكی یاسایی و هاوڵاتی و دامودەزگایی پێكەوە بنێت. بەڵام هەموانیان بەڕوویدا ڕاوەستان و هەرجارەی تۆمەتێكی ناڕەوایان بۆ دروستدەكرد لەوەی كە جارێك سەر بەئێرانە و جارێك لەگەڵ ئەمریكادا نەرمە و جارێكی تریش لەگەڵ عەرەبە سونە مەزهەبەكانی كەنداودا ڕێكە و جارێكیش ڕووی كردۆتە چین و دەیانی تریش.كە هەموانیان تەنها مەبەستیان شكستپێهێنانی ئەم حكومەتە  بوو بۆ ئەوەی بەرنامە چاكسازی و پاكسازیەكانی سەرنەكەوێت و ئەوانیش بەردەوامبن لە مەلەكردن لەئاوی لێڵ و لیخنی گەندەڵی و دادۆشینی عێراق بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵە و وڵاتانی دراوسێدا.

•بەهەق دەستلەكاركێشانەوەی ئەم پیاوە و لەم دۆخەدا عێراق بەرە ئاڕاستەیەكی نادیار و ئایندەیەكی تاریك و تونتردا دەبات و جارێكی تریش عێراق پیاوێكی وەك ئەم مەهدی مونتەزەرەی شیعەكانی بۆ پەیدا نابێتەوە كە توانی دڵی هەموان بشكێنێت لە پێناو بەرژەوەندی عێراقدا  و دوور نیە عێراق بەرەو قۆناغێكی خوێناوی و شەڕی ناوخۆ هەنگاو بنێت، هەروەك چۆن عێراق بەلەكیسدانی عبدالكریم قاسم پێی نایە قۆناغێكی خوێناوی و هاڕینی شەریكەكان لەدەسەڵاتدا لەناوخۆیاندا.ئیدی ئەمە عێراقە غەریب و عەجیبەكەیە كە هەمیشە و بەدرێژایی 5هەزار ساڵەی مێژووی خۆی لە دەوامەیەكی هاڕینی یەكتر و خوێن و فرمێسك و كاولكاری و جەنگ و شەڕی ناوخۆیدا دەژی.ئەوەی نامۆیە كە نابێت هیچ دەیە ساڵێك بە ئارامی و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی بژێت.

•ئەم مەهدیە وەك خۆی نوسیویەتی لەنامەی دەستلەكاكێشانەوەكەیدا لە 29/11/2019دا كە هیچ دەسەڵاتێكی ڕەهای نەبوە و چیدیش ناتوانێت لەگەڵ كۆمەڵێك گەندەڵ و دزی ماڵی گشتیدا كاربكات  لەپێناو بەرژەوەندی عێراق و عێراقیەكاندا دەستلەكاردەكێشێتەوە. چونكە دژەكانی سیستەمەێكی حوكمڕانی وا بۆگەن و پیسیان پێكەوەناوە گەر موسا بە گۆچانە ئەفوسوناویەكەشیەوە بێتەوە ناتوانێت چاكی بكاتەوە چ جای مەهدیەكی بێدەسەڵات وەك عادلكەی عێراق،بەڕاستی ئەو ئایەتەی كە هێناویەتیەوە زۆر جوان دەربڕی خواست و ناخێتی كە لەماوەی ئەم ساڵەدا بەدەست ئەم هەموو فشار و گەندەڵی و ناحەزانەوە خواردویەتی وەكو قوربانیەك دێتە پێش چاو نەك وەك جەلادێك و بكوژی خۆپیشاندەران. كە دەڵێت ))یا ابت افعل ما تۆمر ستجدنی ان شا‌و الله من الصابرین((.

•دڵنیام عێراق بەبێ‌ ئەم مەهدیەش هەر دەڕوات بەڕێوە بەڵام وەكو ئەم عادلە بەخۆیەوە نابینێتەوە بەگشتی بۆ عێراقیەكان و بەتایبەتیش بۆ كورد و هەرێمی كوردستان چونكە دۆستێكی دڵسۆز و سەر ڕاست و بەوەفای لەدەستدا. و دەبێت لەمەودوا فاتیحایەكی قوڵ بۆ عێراقێكی یەك ویەكگرتووی بەهێز دابدرێت،چونكە هەر لەئێستاوە بەرەو لەناوچوون و پوكانەوە و داڕمین ومردنێكی لەسەرخۆ و هێواش هەنگاو دەنێت.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket