riklam

هۆڵەندا.. چیرۆکی قوربانیانی تاوان و جینۆساید تۆماردەكرێت

تاراوگە‌‌ 02:59 PM - 2019-11-30
.

.

لە پەراوێزی کۆنفرانسی 24 هەمینی ساڵانەی مونتەدای جیهانی لاهای، کە  ڕۆژانی 25 ئەم مانگە تا 29 ی نۆڤمبەری 2019 خایاند و لە ئۆفیسی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW لە شاری دەنهاخ بەڕێوەچوو، 23 ڕێکخراو لە کوردستانەوە بەشدریان تێدا کرد بوو، وەک کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیایی سەردەشت و ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ.. هتد.

یانەی کوردیی "میدیــــا" لە هۆڵەندا، بە هەلی زانی کاک شێخ فەتاح و خاتوو دیمەن بەرزنجی لە ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال میوانداری بکات و بەیەکگەیشتن و دیدارێکیان بۆ ڕێک بخات لەگەڵ دەستەیەک لە ڕیکخراوە کوردییەکانی هۆڵەندا، ئەوانیش بە خۆشحاڵیەوە لە نزیکەوە تیشکیان خستە سەر کاروجالاکییەکانیان و بەڕێوەچوونی ڕۆژەکانی کۆنفرانسەکە و ڕۆڵی خۆیان و ڕێکخراوە کوردییەکان بەگشتی و (ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال)یان خستە ڕوو.

سەرەتا خاتوو دیمەن محەمەد سەرۆکی ڕێکخراوەکە، باسی چۆنێتی دامەزراندنی چیرۆکەکانی ئەنفال کرد و بەشداری خۆیانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW بە وردی خستە پێشچاو، هەروەها باسی ئەوەی کرد، کۆمەڵێک کتێب و دۆکۆمێنتی بەزمانی ئینگلیزی و کوردی پێشکەش کردوون و لەکۆڕەکەی "میدیــا"شدا دابەشی کردن.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد، ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال، کار لەسەر تۆمارکردنی چیرۆکی قوربانیانی تاوان و جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران دەکات، دەیەوێت زاکیرەی قوربانیان بەزیندوویی بمێنێتتەوە. هەورەها باسی لە زنجیرە چالاکیەکانی ڕێکخراوەکە کرد لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.

پاشان شێخ فەتاح ڕاوێژکاری ڕێکخراوەکە و لێپرسراوی بەشی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و جێگری مەڵبەندی یەکی سلێمانی (ی.ن.ک)، تیشکی زیاتری خستەسەر چۆنێتیی بەرێوەچوونی ڕۆژەکانی کۆنفرانسەکە و وێڕای هەندێ سەرنج و ڕەخنە، ڕۆڵی ڕێکخراوە کوردییەکانی لە کۆنفرانسەکەدا بەرز نرخاند لە هەوڵدانیان بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیابارانکردنی تێکڕای گوند و شارۆچکەکانی کوردستان و پرۆسەکانی ئەنفال، هەروەها ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی خوێندەوە، کە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی ڕێکخراوی OPCW کردبوو. شایانی باسە شێخ فەتاح خۆی یەکێکە لە قوربانیانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو.

لە ئیوارەکەدا ئامادەبووان بەشدرییەکی لێبڕاوانەیان لە گفتوگۆکاند کرد و پرسیاری ڕووبەڕوویان ئاڕاستەی لێپرسراوانی ڕێکخراوی چێرۆکەکانی ئەنفال کردەوە و ئەوانیش هەریەک لە بەڕێزان ئەکرەم محەمەد ئەحمەد لێپرسراوی کۆمیتەی پ.م دێرینەکانی هۆڵەندا و هاوڕێ باخەوان لە ڕێکخراو و وێبسایتی کوردیپێدێیا و سەرکەوت فەتاح لە ڕێکخراوی چاک و کامەران جەباری و مامۆستا شێخ جەمال و حەمە عەلی مەحمود بوون.

PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket