riklam

رێواز فایەق: پێگەی ژنان بەیاسا بەهێز بكەین

ژنان‌ 11:35 AM - 2019-11-25
.

.

ئەمڕۆ 25-11-2019، لە هەرێم هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان راگەیەنرا و  لەو چوارچێوەیەشدا لە زۆرێك لە ناوچەكانی هەرێم چالاكی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاوووڵاتیان بەڕێوەچوو.

هاوكات هەر بەو بۆنەیەوە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەهەولێر رایگەیاند: ئەركی ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان رەخساندنی یاساییە بۆ دامەزراوەكانی ژنان و بەتایبەت ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان كە دەبێت وەك هەر دەستە و ئەنجومەنێكی تری بوارە جیاوازەكان یاسایەكی تایبەت بەخۆیان هەبێت.

وتیشی: دەبێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە 8ی ساڵی 2011 بەجۆرێك هەموار بكرێتەوە كەلەئاستی پێویستی ئەو دامەزراوە رەسمیانەدا بێت كەئەركی  جێبەجێكردنی یاساكەیان لە ئەستۆیە و بەئاشكرا  باس لەكەم و كوڕییەكانی دەكەن.

راشیگەیاند: گرنگە پێگەی ژنان لە ناو دەسەڵاتە دەستورییەكان و حزبە سیاسییەكان و ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار بە یاسا بەهێز بكەین.

رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییەكان و حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كرد لەچوارچێوەی سنووری دەستڕۆییەكانیاندا، هەرچی زوترە شەنگال و گوندەكانی دەوروبەری ئاوەدان بكەنەوە و زەمینەی گەڕانەوەی دانیشتوانەكەی لەڕووی ئەمنی و سەربازی و خزمەتگوزارییەوە بڕەخسێنن، بۆئەوەی ژنان و كچانی ئێزدی بەگەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بەشێك لەبرینەكانیان ساڕێژبێت و دەرفەتی چارەسەری دەرونی و بەهێزكردنی تواناكانیان بۆ بڕەخسێنرێت

تەئكیدیشیكردەوە كە پەرلەمانی كوردستان لە سنووری دەستڕۆیی لە بواری یاسادانان و چاودێریكردن خۆیان بە بەرپرس دەزانن بەرامبەر هەر رووداوێكی توند و تیژی دژی ژنان، ئەگەر هۆكارەكەی دروستبوونی بۆشایی یاسایی یان كەموكوڕی یاسایی بێت لە یاسا بەركارەكان.

هاوكات لە سلێمانیش رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو چەندین چالاكی تایبەت بە توندوتیژی دژی ژنان و هۆشیاركردنەوە پێشكەشكران. 

رۆژی 25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێك بەڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان ناسێنراوە و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لە دۆمینیكان لەساڵی 1937 نزیكەی 15 تا 25 هەزار كەس بەبیانووی ئەوەی پێستیان رەشە لەژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی جەنەراڵ رافائیل تروجیللۆدا دەكوژرێن، لە هەمان كاتدا دەرگا بە رووی سپی پێستەكانی جولەكە راكردووەكاندا دەكرێتەوە و لەو سەرو بەندەشدا و لە25ی نۆڤەمبەردا بەشێوەیەكی نامرۆڤانە و دوور لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی، سێ خوشك بە ناوەكانی (مینیرفا ،پاتریا ،ماریا )دەڕفێنرێن و دواتر دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەریان و دەكوژرێن.

هۆكاری ئەشكەنجەدان و كوژرانی ئەو سێ خوشكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەر لە زووەوە هەستیان بە توندوتیژییەكانی كۆمەڵگە كردووە دژ بەژنان و دوایی ئەوەی یەكێك لەخوشكەكان بە هەڵگری بیرۆكەی چەپەكان دەناسرێت لە خوێندنگەكەیاندا، ئیتر لەو كاتەوە هەرسێ خوشكەكە چەندین جار دەستگیر دەكرێن و ئازاد دەكرێنەوە، تا لەساڵی 1959 دا لەگەڵ هاوسەرەكانیان و ژمارەیەك لە هاوەڵەكانیان دژ بە رژێمی رافائیل بزووتنەوەی چواردەی شەش رادەگەیەنن، دواتر لەلایەن رژێمی ئەوكاتەی دۆمینیكانەوە هاوسەرەكانیان دەستگیردەكرێن و پاش ئەوەی بەمەبەستی بینینیەوەیان هەرسێ خوشك سەردانی زیندانییەكان دەكەن، لە كاتی گەڕانەوەیاندا بە شێوەیەكی نهێنی دەستگیر دەكرێن و ئازارو ئەشكەنجە دەدرێن و لەگەڵ شوفێرەكەیاندا دەكوژرێن، دواتر ئوتومبیلەكەشیان لە شاخێكی بەرزی ناوچەكە فڕێ دەدەنە خوارەوە كە گوایە بە كارەساتی ئوتومبیل گیانیان لەدەستداوە، بەڵام خەڵكی دۆمینیكان بەم پیلانە دەزانن و بێزاری خۆیان لە دەسەڵات دەردەبڕن، پاش شەش مانگ دواتر دیكتاتۆر ڕافائیل لەبۆسەیەكدا دەكوژرێت.

دواتر لە ساڵی 1980 گروپێك لە فیمینیستەكانی ئەمریكای لاتین لە كۆلۆمبیا كۆدەبنەوە رایدەگەیەنن كە 25 نۆڤەمبەر دەكەن بە رۆژی بەگژدا چوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

دوای ئەم كارەساتە هەموو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەوكەس و لایەنانەی كە بڕوایان بە ئازادی ژن و مافەكانی مرڤ هەبوو كەوتنە خۆ بۆ وشیاركردنەوەی ژنان و ناساندنی مافەكانیان، رەخنەگرتن لەهەموو ئەو كارە نەشیاوانەی كە بە ژنان دەكرا لە جیهاندا .

له 17 دیسەمبەری ساڵی 1999 كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی هەشتاو سێیەمیدا، بڕیاریدا بە لەخۆگرتنی پرۆژەی (25 نۆڤەمبەر وەك رۆژی جیهانی بنەبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان) ئەمڕۆژەش بۆ زیندوو راگرتنی یادی خوشكانی (میرابال) كە رۆژی تیرۆركردنی ئەو خوشكانە بوو زۆر دڵڕەقانە لە كۆماری دۆمنیكان و لە سەردەمی دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی (رافائیل تروخیۆ).

PUKmedia  ژینەر محەمەد

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket