riklam

قوتابخانه‌ی رۆژنامــه‌وانیی سلێمانی

بیروڕا 02:37 PM - 2019-11-23
.

.

سەكۆی كوردایەتی و شۆڕش ومیدیا، مەملەكەتی كوردستان وبۆردومانی فڕۆكەكانی ئینگلیزو شەڕی بەردە قارەمان و ئاوباریك، جاسەنەو رۆژنامەو چاپخانە، راپەڕینی بەردەركی سەراو خۆپیشاندان و شەڕی كۆڵان بەكۆڵان..

مێژوویەك پڕ سەروەری ورووداو، پڕ لەهاواری تاساو، پڕلە قریشكەی دایكی جگەر سووتاو، لەدامەزراندنەوە تا ئەمڕۆی پڕ بەسەرهات،هەر سوچێك دەیان داستانی پر سەروەری دەگێڕێتەوە، هەر زیندانێك ناڵەی سەدان شۆڕشگێڕت بۆ باس دەكات، هەر چاپخانەیەك، هەزاران لاپەڕەی كوردایەتیت بۆ چاپ دەكاتەوە، هەر شاسوارێكی رۆژنامەنووسی شار، هەزاران هەڵوێستی جوان و مەردانەت بۆتۆمار دەكاتەوە، هەر رۆژنامەنووسێك تۆماری سەروەری شارێك و وڵاتێكت بۆ بەیان دەكات..ئەمەیە مێژووی سلێمانی..

قوتابخانەی رۆژنامەوانی شار بەشێكە لە مێژوە پرشنگدارەكەی، لە دروستبوونی كاغەزو چاپەوە تا شۆڕشی تەمموزی 1958 نۆزدە شۆڕەسواری مەیدانەكەمان دەستنیشان كردوە، ئەوانەی ئەسپی كوردایەتی و رۆژنامەیان تاوداوەو ئێمەش ناومان ناون مامۆستاو خەمخۆرو قوتابخانەی رۆژنامەوانیی سلێمانی..

جەمال بابان :-

ناوی‌ جەمال كوڕی‌ رەشید كوڕی‌ خالید كوڕی‌ ئەحمەدە، لەساڵی‌ 1893 لەدایكبووە، كۆلێژی‌ (حقوق)ی‌ لەبەغدا تەواو كردووە، لەساڵی‌ 1914دامەزرێنەری‌ كۆمەڵەی‌ (زانستی‌)بوو لەسلێمانی‌، لەساڵی‌ 1913یەكەم ژمارەی‌ گۆڤاری‌ (بانگی‌ كورد)ی‌ بەزمانی‌ عەرەبی‌ و كوردی‌ دەركردوو پاش دەرچوونی‌ (5) ژمارەی‌ گۆڤارەكە بەهۆی‌ هەڵگیرسانی‌ جەنگی‌ یەكەمی‌ جیهانیەوە لە كاركردن وەستا.
ساڵی 1965 كۆچی دوایی كردوە..

موستەفا پاشای‌ یاموڵكی‌:-

كوڕی‌ مەلاعەزیزی‌ یاموڵكی‌ یە، لە (25/1/1886)لەگەڕەكی‌ گۆیژەی‌ سلێمانی‌ لەدایك بووە، سەركردەی‌ سوپای‌ عوسمانی‌ و رۆژنامە نووس و وەزیری‌ پەروەردە بووە لەحكومەتی‌ كوردستان..

خاوەن ئیمتیازی‌ رۆژنامەی‌ (بانگی‌ كوردستان)بووەو بەسێ‌ قۆناغ تاساڵی‌ (1926)، (17) ژمارەی‌ لەم رۆژنامەیە دەركردووە.
لە (25/1/1936)لەتەمەنی‌ (70)ساڵیدا كۆچی‌ دوایی‌ كردووەو لەگردی‌ سەیوان نێژراوە.

شێخ نوری‌ شێخ ساڵح :-

شێخ نوری‌ شێخ ساڵح بەرزنجی‌ لەساڵی‌ (1896) لەگەڕەكی‌ (دەرگەزێن) لەدایك بووە.
سەرنوسەرو رۆژنامەو شاعیرو چالاكوانێكی‌ ناسراو بووە،
لەشانشینی‌ كوردستاندا سەرنوسەری‌ رۆژنامەی‌ (بانگی‌ كوردستان)و خاوەن ئیمتیازی‌ رۆژنامەی‌ (رۆژی‌ كوردستان)بووە، لە (20/كانونی‌ یەكەمی‌/1958) كۆچی‌ دوایی‌ كردووە.

رەفیق حیلمی‌ :-

ساڵی‌ (1898) لە كەركوك لەدایك بووە، منداڵی‌ خۆی لەكەركوك و سلێمانی‌ و كفری‌ تەواو كردووەو ئامادەیی‌ لەبەغداو لەئەستەنبوڵیش پەیمانگای‌ ئەندازەی‌ تەواو كردوە،راوێژكاری‌ رامیاری‌ شێخ مەحمودی‌ مەلیكی‌ كوردستان بوو.
نوسەرو مێژوونوس و شاعیرو رەخنە گر بوو، لەرۆژنامەی‌ (بانگی‌ كوردستان) نوسەر بووەو دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی‌ لەگۆڤارو رۆژنامە كوردییەكان بڵاو كردوەتەوە، لە (4/8/1960) لەبەغدا كۆچی‌ دوایی‌ كردووەو لەگردی‌ سەیوان لەسلێمانی‌ بەخاك سپێردراوە.

عەلی‌ كەمال باپیر :-

نازناوی‌ (كەمالی‌) یە، شاعیرێكی‌ ناودارو هەڵكەوتووی‌ كوردستانە، ساڵی‌ (1886)لەشاری‌ سلێمانی‌ لەدایك بووە، وەك فەرمانبەر لە شارەكانی‌ سلێمانی‌ و بەغداو كەركوك و هەڵەبجە خزمەتی‌ كردووە، لەرۆژنامەی‌ (بانگی‌ كوردستان) نوسەر بووە، لە گۆڤارو رۆژنامەكانی‌ سەردەمی‌ خۆی‌ وەك (بانگی‌ كورد، رۆژی‌ كوردستان، ئومێدی‌ ئیسستیقلال، ژیانەوە، ژین) شیعرو بەرهەمەكانی‌ بڵاوكردۆتەوە، كەمالی‌ لەشەوی‌ (29-30/11/1974)كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

ئەحمەد خواجە :-

كوڕی‌ عەزیزی عوسمان ئاغای‌ ئەردەڵانیە، ساڵی‌ (1903)لەدایك بووە، سەرەتا لەحوجرەكەی‌ خواجە ئەفەندی‌ باوكی‌ و دوایی‌ خوێندنی ئامادەیی‌ لەقوتابخانە میرییەكاندا تەواو كردووە. ئەحمەد خواجە لەساڵی 1922 گەنجینەوانی‌ شۆڕش وحكومەتەكەی‌ سلێمانی بووە.
سەرنوسەری رۆژنامەی‌ (ئومێدی‌ ئیستیقلال) بوە،جگەلەوەش چەندەها وتارو بەرهەمی‌ ئەدەبی‌ لەگۆڤارو بڵاوكراوەكانی‌ ئەو سەردەمەدا بڵاوكردۆتەوە، لەمانگی‌ ئازاری‌ 1997لە بەغدا كۆچی‌ دوایی‌ كردوو لەگردی‌ سەیوان بەخاك سپێردرا.

حسێن نازم :-

مێژوونوس و رۆژنامە نوس، حسێن نازم، لەساڵی‌ (1870) لەگەڕەكی‌ گۆیژە لەدایك بووە، لەتەمەنی‌ شەش ساڵیدا لای‌ خواجە ئەفەندی‌ خراوەتە بەر خوێندن، لەساڵی‌ 1921 بەڕێوەبەری‌ ناحیەی‌ (مەرگە) بوە، پاشان گوێزراوەتەوەو بووە بە بەڕێوبەری‌ ناحیەی‌ (ماوەت)لەساڵی‌ 1923 كەرۆژنامەی‌ (ئومێدی‌ ئیستیقلال)دەرچوو، حسێن نازم لەژمارە (15)ەوە، هەتا ژمارە (25) كە دوا ژمارە بووە سەرنوسەرو بەڕێوەبەری‌ بووە.
كۆتایی‌ ساڵی‌ (1929)سەرنوسەری‌ رۆژنامەی‌ (ژیان) بووە، مانگی‌ ئایاری‌ 1923 كۆچی‌ دوایی‌ كردووە.

مستەفا مەزهەر:-

ساڵی 1888 لە سلێمانی لەدایك بوەو هەر لەوێ خوێندنی ئاینی و سەرەتایی تەواوكردووە. پاشان چووەتە ئەستەمبووڵ، لە خانەی مامۆستایان وەرگیراوە و 1913 كراوە بە مامۆستا لە شاری نەجەف و چەند شوێنێكی تر.. لە 1919-1922 دا سكرتێری حاكمی سیاسیی ئینگلیز بووە لە سلێمانی و بەو هۆیەوە سەرپەرشتیی ڕۆژنامەی (پێشكەوتن)ی كردووە. پاشان چووەتە بەغدا، لە شاری ناسرییە بووە بە مامۆستا. دواجار كراوە بە بەڕێوەبەری ناوەندیی سلێمانی تا 1935 ..لەوەبەدوا یاریدەدەری بەڕێوەبەری مەعاریفی كەركووك تا 1939، لەو ساڵەیشەوە بەڕێوەبەری مەعاریفی سلێمانی، تا لە 1946دا كۆچی ‌دوایی كردووە.

تۆفیق وەهبی‌ :-

زمانەوان و مێژونووس و سیاسەتمەدار و ئەفسەری‌ ناوداری كورد، لە(1 /1/1891)لەسلێمانی‌ لەدایك بووە، كۆلێجی‌ سەربازی‌ لە ئەستەنبوڵ‌ تەواو كردووەو لەساڵی‌ 1929 كراوەبە فەرماندەی‌ كۆلێجی‌ سەربازی‌ لەبەغدا، لەساڵی‌ 1930 كراوە بەموتەسەریفی‌ سلێمانی‌ لەساڵەكانی‌ (1943 و 1948) پۆستی‌ وەزیری‌ ئابوری‌ و وەزیری‌ مەعاریفی‌ وەرگرتووە.
گەلێك پەرتوكی‌ بەنرخی‌ لەبارەی‌ زمان و مێژووی‌ كوردستانی‌ كۆن بەزمانەكانی‌ كوردی‌ وتوركی‌ و عەرەبی‌ و ئینگلزی‌ داناوە، لەدوای‌ شۆڕشی‌ 14ی‌ تەموزی‌ 1958، عیراقی‌ بەرەو وڵاتی‌ بەریتانیا بەجێهێشتووەو لەشاری‌ (لەندەن) دواساڵەكانی‌ ژیانی‌ بەسەر بردووە،لە (5/1/1984) لە لەندەن كۆچی‌ دوایی‌ كردوەو لەسەر راسپاردەی‌ خۆی‌ تەرمەكەی‌ هێنراوەتەوەو لەچیای‌ پیرەمەگرون بەخاك سپێردراوە.

جەمیل سائیب :-

چیرۆك نوسی‌ ناوداری‌ كورد، لە (16/8/1887)لەدایك بووە، خوێندنی‌ ئاینی‌ لەشاری‌ هەڵەبجە خوێندووە.
پێشەنگی‌ چیرۆك نووسانی‌ كوردە، لەساڵی‌ (1924)بووە بەسەرنوسەری‌ رۆژنامەی‌ (پێشكەوتن) پاشان بووە بەسەرنوسەری‌ رۆژنامەی‌ (ژین) كەپێشتر پیرەمێرد دەریدەكرد، جەمیل صائیب ئەركی‌ ئیدارەخانە و نووسینی‌ ڕۆژنامەی‌ (ژین)ی‌ كەوتووەتە سەرشان..
لەمانگی‌ 10/1951 لەنەخۆشخانە لەبەغدا كۆچی‌ دوایی‌ كردو لەگردی‌ مامەیارە لەتەنیشت گۆڕی‌ پیرەمێرد بەخاك سپێردراوە.

ئەحمەد زرنگ :-

لەنەوەی پیرەمێردە، لە حوزەیرانی‌ ساڵی‌ 1930 لەسلێمانی‌ لەدایك بووە، ساڵی‌ 1954 كۆلێجی‌ حقوقی‌ لەبەغدا تەواو كردووە، پیرەمێرد نازناوی‌ (زرنگ)ی‌ بۆهەڵبژاردووە، لەناوەڕاستی‌ پەنجاكانەوە تا 8ی شوباتی ساڵی‌ 1963 سەرنووسەری‌ رۆژنامەی‌ (ژین) بوو، لەمانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2011 كۆچی‌ دوای‌ كردوو تەرمەكەی‌ لەگردی‌ (مامەیارە) بەتەنیشت باپیریەوە (پیرەمێرد) بەخاك سپێردراوە.

محەممەد ئەدیب عەزیز:-

ساڵی 1902 لە سلێمانی لەدایك ‌بووە. هەر لەوێش سەرەتایی و قوتابخانەی ڕوشدییە و ئامادەیی تەواوكردووە، ساڵی 1920 بوە بە كارمەندی چاپخانە.
ساڵی 1924 كراوە بە بەڕێوەبەری چاپخانە و پاشان سەرپەرشتی ژمارەكانی 39-56 ی ڕۆژنامەی (ژیانەوە) و ژمارەكانی59-81 ی ڕۆژنامەی (ژیان).
ساڵی 1972 كۆچی‌ دوایی كردووە و لە گۆڕستانی ئەعزەمییەی شاری بەغدا بەخاك سپێرداوە.

عەلی‌ عیرفان:-

ساڵی 1882 لە گەڕەكی‌ (كانێسكان) لەدایكبوە. خوێندنی‌ حوجرەی‌ لای‌ باوكی و قوتابخانەی‌ ڕوشدییەی‌ عەسكەریی‌ لە سلێمانی‌ تەواوكردووە. چەندین وەزیفەی حكومی لە هەڵەبجەو كۆیە بینیوە، لە ئەیلوولی‌ 1927ەوە كراوە بە بەڕێوەبەری‌ چاپخانەی‌ شارەوانیی‌ سلێمانی‌ و بەرپرسی‌ ژمارەكانی‌ (82-259) ی‌ ڕۆژنامەی‌ (ژیان) بوە. بە هۆی‌ شەڕی‌ بەردەركی‌ سەرای‌ سلێمانیەوە چەند مانگێك لە زیندان توندكراوە، جگە لە وتاری‌ بڵاوكراوەی‌ ناو (ژیانەوە، ژیان، گەلاوێژ)، نامیلكەیەكیشی‌ لە زمانی توركییەوە وەرگێڕاوە بۆ كوردی.. ساڵی‌ 1968 كۆچی‌ دوایی‌ كردووە.

پیرەمێرد :-

تۆفیق بەگی مەحمود ئاغای‌ هەمزە ئاغای‌ مەسرەفە، ساڵی‌ (1867)لەگەڕەكی‌ گۆیژەی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لەدایك بووە، لەتەمەنی‌ حەوت ساڵیدا خراوەتە حوجرەو هەتا ساڵی‌ 1898بەموچەخۆری‌ حكومەت لە سلێمانی‌ و دەوروبەری‌ كاری‌ كردووە، لەساڵی‌ 1905 بڕوانامەی‌ حقوقی‌ وەرگرتووەو لەساڵی‌ (1908)گۆڤاری‌ (كوردی‌) لەئەستەنبوڵ‌ دەركردووە، لەساڵێ‌ 1926 رۆژنامەی‌ (ژیان)ی‌ لەسلێمانی‌ بەڕێوەبردو لەساڵی‌ 1939رۆژنامەی‌ (ژین)ی‌ دامەزر اند..
لەتەمەنی‌ (83) ساڵیداو لەشوباتی‌ 1963كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

نوری‌ ئەمین مەحموود:-

ساڵی 1925 لە سلێمانی‌ لەدایك بوە، لە 1948 دا كۆلیجی‌ حقوقی‌ زانكۆی‌ بەغدای تەواوكردوە. لە ژمارە 1016ی‌ ڕۆژی‌ 7/9/1950وە بووە بە بەڕێوەبەری‌ بەرپرسی ڕۆژنامەی‌ «ژین». پاش كۆچی‌ دواییی‌ جەمیل سائیب، لە ژمارە1071ی‌ ڕۆژی‌ 25/10/1951 بەدواوە تا ژمارە 1105ی‌ 31/7/1952 ئیدارەخانە و كاروباری‌ نووسینی‌ پێكەوە گرتووەتە ئەستۆی‌ خۆی‌. بە بەڕێوەبەری‌ بەرپرس ماوەتەوە تا ژمارە 1252ی‌ ڕۆژی‌ 9/6/1955، لەوەبەدوا پێوەندیی‌ پێوە نەماوە.
پاش ژیانێكی پڕجەنجاڵی و تەواوكردنی خوێندن لەئەمریكاو بەشداری لە شۆڕش و مەنفادا، گۆشەی‌ بێ‌دەنگیی‌ گرتووە و لەساڵی 2003یشەوە دوا ڕۆژەكانی‌ ژیانی‌ پیریی‌ لە سلێمانی بەسەردەبا.

عەبدوڵڵا گۆران :-

شاعیرو رۆژنامەوان، ساڵی‌ (1904) لەهەڵەبجە لەدایك بووە، تاساڵی‌ 1937 لەو ناوچەیەدا مامۆستابووە، پاشان چالاكی‌ سیاسی‌ و رۆژنامەوانی‌ دەست پێ‌ دەكات و چەندین جار دەخرێتە بەندینخانەوە، لە (1952)ەوە، تاكۆتای‌ ژیانی‌ لەرۆژنامەو گۆڤارە كوردیەكاندا وتارو بابەتی‌ نووسیوە، لەساڵی‌ (1959) سەرپەرشتی‌ گۆڤاری‌ (شەفەق) دەكات ، لەساڵی‌ 1960 ئەندامی‌ دەستەی‌ نوسەرانی‌ رۆژنامەی‌ (ئازادی‌) بووە، لەرۆژنامەی‌ (ژین) سەرپەرشتیار بوە.لەتشرینی‌ دووەمی‌ 1962 بەنەخۆشی‌ شێرپەنجەی‌ گەدە كۆچی‌ دوایی‌ دەكات.

ئیبراهیم ئەحمەد :-

روناكبیرو نوسەرو خەباتكاری‌ رامیاری‌، ساڵی (1914) لەسلێمانی‌ لەدایك بووە، لەساڵی‌ 1937 كۆلێجی‌ یاسا لەبەغداد تەواو دەكات، هەر لەسەرەتای‌ ژیانیەوە دەستی‌ داوەتە كاری‌ نووسین و رۆژنامەوانی‌، لەتەمەنی‌ (18) ساڵیدا لەرۆژنامەی‌ (ژیان)كاریكردووە، لەساڵی‌ 1939 بۆ 1949لەگەڵ‌ عەلائەدین سوجادی‌ گۆڤاری‌ گەلاوێژ دەردەكەن، لەپاش شۆڕشی‌ 14ی‌ تەموز مۆڵەتی‌ چەند ژمارەیەكی‌ گۆڤاری‌ (رزگاری‌) پێ‌ بەخشراو هاوكات بەرپرسیاریەتی‌ رۆژنامەی‌ خەباتیشی‌ دەركرد، لە8ی‌ نیسانی‌ (2000) لە لەندەن كۆچی‌ دوایی‌ كردوو لەشاری‌ سلێمانی‌ بەخاك سپێردرا.

ساڵح قەفتان :-

لەساڵی‌ 1885 لە سلێمانی لەدایكبووە، هەرلەوێش قوتابخانەی‌ روشدییەی‌ سەربازی‌ خوێندووە و ئامادەیی‌ سەربازی‌ لەبەغداو كۆلێجی‌ سەربازی‌ لە ئەستەنبوڵ‌ تەواو كردووە، یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی‌ رۆژنامەی‌ (بانگی‌ كوردستان) لەساڵی‌ (1937) رۆژنامەی‌ (زبان)ی‌ لەسلێمانی‌ دەركردووە، لەساڵی‌ (1938) گۆڤاری‌ زانستی‌ لە سلێمانی‌ بڵاوكردەوە، لەگۆڤاری‌ گەلاوێژو رۆژنامەی‌ ژیان و روناكی‌ گەلێك نوسین و وتاری‌ نوسیوە، لەساڵی‌ 1968 كۆچی‌ دوایی‌ كردووە.

عەلائەدین سجادی‌ :-

ساڵی‌ (1907)لەشاری‌ (سنە) لەدایك بووە، بۆخوێندنی‌ ئاینی‌ هاتۆتە سلێمانی‌ و بووە بەفەقێ‌، لەساڵی‌ 1938 ئیجازەی‌ مەلایەتی‌ وەرگرتووە، كەسی دوەمی گۆڤاری (گەلاوێژ) بوە، خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەری‌ گۆڤاری‌ (نزار) بووە، لەئازاری‌ 1948 تا شوباتی‌ 1949، (22) ژمارەی‌ ئەوگۆڤارە دەركردوە و بەعەرەبیش دەرچووە. لەكانونی‌ یەكەمی‌ 1984 كۆچی‌ دوایی‌ كردووەو لەگۆڕستانی‌ شێخ عەبدولقادری‌ گەیلانی‌ لەبەغدا بەخاك سپێردراوە.

رۆژنامەی‌ ژیانەوە :- (1924 / 1926)

لەخولی‌ سێهەمی‌ هاتنەوە ئینگلزەكان بۆ سلێمانی‌ رۆژنامەیەكیان بەناوی‌ (ژیانەوە) دەركرد، كە (56)ژمارەی‌ لێ‌ دەرچوو، لەساڵی‌ 1924- 1925 بۆیەكەمجار كوردێك بووبە موتەسەریفی‌ سلێمانی‌ بەناوی‌ (ئەحمەد بەگی‌ تۆفیق بەگ)و رۆژنامەی‌ ژیانەوە وەستا لەچاپ و بڵاو كردنەوە.

رۆژنامەی‌ ژیان 1926 / 1939

ئەحمەد بەگی‌ تۆفیق بەگ، موتەسەریفی‌ سلێمانی‌، پاش وەستانی‌ رۆژنامەی‌ (ژیانەوە) لەسەر دەستی‌ ئەو ناوی‌ رۆژنامەی‌ ژیانەوە كرابە (ژیان)و لە21ی‌ كانونی‌ دووەمی‌ 1926 یەكەمین ژمارەی‌ لێدەرچوو، ئەم رۆژنامەیە تادوا ژمارەی‌ كەلە 10ی‌ مارسی‌ 1938 دەرچوو (553) ژمارەی‌ لێ‌ چاپكرا رۆژنامەی‌ (ژیان) بەچوار قۆناغ دەرچوو :-

-1قۆناغی‌ یەكەم لەژمارە (1 – 81) جەمیل سائیب و پاشان محمد ئەدیب عەزیز سەرپەرشتی‌ كردووە.
-2قۆناغی‌ دووەم لەژمارە (82 – 259)عەلی‌ عیرفان سەرپەرشتی‌ كردووە.
-3قۆناغی‌ سێهەم لەژمارە (260 – 420)حسێن نازم بەگ بەڕێوەی‌ دەبرد.
-4قۆناغی‌ چوارەم لەژمارە (421 – 553)پیرەمێرد سەرپەرشتی‌ رۆژنامەكەی‌ كردووە.

رۆژنامەی‌ ژین (1939 – 1963) :-

رۆژنامەی‌ (ژین) رۆژنامەیەكی‌ كوردی‌ بوو، كەلەلایەن پیرەمێردی‌ شاعیر لەسلێمانی‌ چاپ دەكرا، وەك درێژكراوەیەكی‌ رۆژنامەی‌ (ژیان)، پیرەمێرد یەكەم ژمارەی‌ (ژین)ی‌ لەساڵی‌ 1939دا، دەركردوو تاكۆچی‌ دوایی‌ كرد لەساڵی‌ 1950بەردەوام بوو بەژمارە (1015)ی‌ گەیاند، دوای‌ خۆیشی‌ (جەمیل سائیب)و (نوری‌ ئەمین بەگ) و (گۆران) و (ئەحمەد زرنگ) بەردەوام بوون تاساڵی‌ 1963، گەیاندیانە ژمارەی‌ كۆتای‌ (1714).

كاروان ئەنوەر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket