riklam

مەلا بەختیار: دەبێ‌ كۆنگرەی گۆڕانكارییەكان بێت

ی.ن.ک‌‌ 01:55 PM - 2019-11-21
.

.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆڕێكدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەلومەرج ناوخۆیی‌ و دەرەكی لەئێستای كوردستان، عیراق‌ و ناوچەكە، لەگەڵ هەڤاڵای مەڵەبندی دهۆك، كۆدەبێتەوە.

لەو ئێوارە كۆڕەكەدا، كە رۆژی (20/11/2019) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كەكە گۆڕانكارییەكانی ئێستا نە لەسەر مێژوو، نە لەسەر كاریزما دەوەستێت‌ و وتی: خۆمان نەگۆڕین لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا، نەشیعر دادمان دەدات، نە رابردوو، نە قارەمانێتیە‌و نەپارتیزانی. 

لەبارەی جیهانیگریی‌و سەردەمی تەكنیك‌و تەكنەلۆژیاشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ئێستا تەكنەلۆژیا، تەكنەلۆژیای لێزەرو كلیكێكە، ئەگەر ئێمە لەسەردەمی شۆڕشدا، تەتەرمان هەبوبێ‌، ئێستا سەردەمی تویتەرەو هەر ئەمەش جیاوازییەكەی سەردەمی ئێستا‌و رابردووە.

راشیگەیاند: ئێمە بەقارەمانێتی‌و قوربانیدان، گرەوی بەرگریمان لەمێژوودا بردەوە، بەڵام ئێستا گرەوی ئەو گرەوە، لەگرەوی ئێستای ئەم سەردەمەدا دووبارە دەكەینەوە، كەئایا گرەوی رابردومان دەدۆڕێنین، یان گرەوی ئێستاش دەبەینەوە. بۆیە ئەگەر دەمانەوێ‌ گرەوی رابردوو نەدۆڕێنین‌و گرەوی ئێستاش ببەینەوە، دەبێ‌ بێینە ئەم سەردەمە سیاسەت بكەین‌و نابێ‌ لەرابردوودا بمێنینەوە. وتیشی: دەبێ‌ تێبگەین، نەخۆمان وەكو تێكۆشەر، تێكۆشەرەكەی سی چل ساڵ لەمەوبەرین، نە حزبەكەشمان حزبەكەی سی بۆ چل ساڵ لەمەوبەرە، نە حكومەتەكەشمان دەتوانێ‌ وەكو 20 یان 25 ساڵ لەمەوبەر بچێت بەڕێوە، چونكە فەلسەی سیاسی، چینایەتی، حوكمڕانی، ئایدۆلۆجی لەدنیادا گۆڕاوە. ئەم دنیایەش، بەفەلسەفەی نوێ‌، سیاسەتی نوێ‌، بەحزبێ كە گۆڕانكاری لەخۆیدا دروست بكات، بەسەركردەی نوێ‌، بەبیری نوێ‌، بەرێكخراوی دیموكراتی و ئێنجی ئۆی نوێ‌، بەوەرزش‌و هونەرو ئەدەبی نوێ‌، بەخۆشگوزەرانی لەشارو دەرەوەی شارەكان‌و دێهاتەكاندا دەبێ‌ بگۆڕین. بۆ ئەوەی مرۆڤ وەكو مرۆڤ بژی.

لەبارەی كۆنگرەشەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە كۆنگرە، دەبێ‌ كۆنگرەی گۆڕانكارییەكان بێت ‌و لەدوای كۆنگرەش، سەرەنجام یەكێتی بەستراتیجێكی تازە بێتەدەرەوەو خەڵكیش تێبگات یەكێتی بەجێ نەماوە لەگۆڕانكارییەكان‌و خۆی دەگۆڕێت‌و ئامادەیە لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا كێشەكانی خەڵك چارەسەر بكات‌و ئەمەش ئەركی ئێمەیە.

وتیشی: ئومێدەوارم ئەوەی جەنابی مام جەلال، بەئەمانەت بۆ ویژدانمان بەجێیهێشتووە، بەو ئەمانەتەوە بچینە ناو كۆنگرەو بەپێی ئەركەكانی ئێستاش لەناو كۆنگرە گفتوگۆ بكەین، بەپێی پێویستییەكانی ئێستاش ئەندامی كۆنگرە، لەكۆنگرە دەست بەرز بكاتەوە، بۆ ئەوەی كۆنگرە، كۆنگرەی گۆڕانكارییەكان بێت.

PUKmedia راگەیاندنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket