riklam

کۆسرەت رەسوڵ: شەهیدانی یەکێتی لەپیناو گەلەکەمان گیانیان بەخشی

ی.ن.ک‌‌ 06:27 PM - 2019-11-20
.

.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکیتی نیشتمانی بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکە...........

كۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵكی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

     ئەمڕۆ ڕۆژێكی پیرۆزە لە مێژووی یەكێتی و گەلەكەمان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، بەشانازییەكی گەورەوە، یادی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدی یەكێتی و گەلەكەمان دەكەینەوە، كە لەپێناوی بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و ڕزگاركردنی خاكی پیرۆزی كوردستاندا گیانیان بەخشی.
   لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، سەركردەكانی یەكێتی (شیهاب و ئەنوەرو جەعفەر) لەزیندانی بەعسییە فاشیەكاندا، قارەمانانە بەگژ جەلادەكانی بەعسیەكاندا چوونەوەو بەدەم ووتنەوەی دروشمی "كەم ژیان، كەڵ ژیان" بەرەو پەتی سێدارە چوون. لەمڕۆژەدا یادی هەموو شەهیدانی یەكێتی دەكەینەوە، تاجەگوڵینەی ئەمەك‌و وەفاداری لەسەر مەزاری پیرۆزیان دادەنێن و پێیان ڕادەگەیەنین" هەموو ڕۆژێك یادی سەروەری و جوامێری و ئازایەتی ئێوە دەكەینەوە، رێگاكەتان بەرنادەین و تا بەدیهێنانی دوایین ئاوات و ئامانج، كە لە پێناویدا گیانی خۆتان بەخشی لە خەبات بەردەوام دەبین".

جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی ...

  یەكێتیەكەتان، یەكێتی ڕۆژگارە سەختەكان و هێزی لەبن نەهاتووی دیموكراسی، یەكێتی ئەركە سەختەكان، یەكێتی جێگای ئومێد و هیوای خەڵكی كوردستان، خاوەنی شانازییەكی گەورە و سەروەرییەكی پیرۆزە، كە لە وێستگە جیاجیاكانی خەباتی (44) ساڵەیدا، سەنگەر نەماوە خوێنی رۆڵەكانی تێدا نەڕژابێ‌ و داستانی ئازایەتی تێدا تۆمار نەكرابێ، زیندان نیە، یەكێتییەكان بە ئازایەتی و خۆڕاگرییان، جەلادەكانیان شەرمەزار نەكردبێت و زیندانەكانیشیان نەكردبێتە سەنگەرێكی تری خەبات. ڕۆژ نیە یاد و بیرەوەری شەهیدبوونی قارەمانێكی یەكێتی نەبێت. كاروانی سەروەرانی یەكێتی هێندە دوور و درێژە، لە حوزەیرانی حەفتاو پێنجەوە تائێستاش رۆڵەكانی گیانی خۆیان دەبەخشن بە كوردستان.

  یەكێتی هێزێكی ڕچەشكێنە، لە نائومێدی دا بوو بە ئومێد، ڕچەشكێن لە خەباتی شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی و حزبایەتی دا، لە شەهید بەخشینیش هەر ڕچەشكێن بوو، زۆرترین سەركردە و زیاتر بیست هەزار رۆڵەی قارەمانی شەهیدبوون.

   گەلی كوردستانی تێكۆشەر ...

     شەهیدەكانی یەكێتی و تێكڕای شەهیدانی كوردستان، لە پێناوی ئامانجی پیرۆز و مافی ڕەوای گەلەكەماندا گیانیان بەخشیوە، ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی و مێژوویی هەموولایەكە، ئەو دەستكەوتانەی بەدیهاتوون بیانپارێزین و گەشەی پێ‌ بدەین و چاكسازی تێدا بكەین، ئەوانەشی ماون، بە یەكگرتوویی خەبات درێژە پێ‌ بدەین بۆ بەدیهێنانیان.
  بە پێویستی دەزانین، لەم رۆژە پیرۆزەدا، جەخت بكەینەوە لەسەر ئەم ڕاستیانەی خوارەوە:

= لە ئاستی كوردستاندا، پێویستە بەهەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەلەكەمان، چاككردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان، چاكسازی ڕاستەقینە و یەكریزی گەلەكەمان و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەكان وەفاداریمان بۆ شەهیدان بسەلمێنین.

-    لە عێراقدا، دۆخێكی هەستیار لە ئارادایە، خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بۆ چاكسازی و باشكردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان بەردەوامە، هێشتا ئاسۆی چارەسەر بەتەواوەتی دەرنەكەوتووە. هەشن دەیانەوێ‌ ئەو دۆخەی عێراق بكەنە دەرفەت بۆ بەرتەسككردنەوەی هەرێمی كوردستان و لەباربردنی دەستكەوتە دەستورییەكانی گەلی كوردستان بە بیانووی هەمواركردنەوەی دەستور، بۆیە پێویستە تەكبیری كوردستانیانەمان هەبێت و خۆمان بۆ ئەگەرەكان ئامادە بكەین.
-    سەبارەت بە یەكێتی، هێزێكی گەورەی وەك یەكێتی، كە خاوەنی سەرمایەی مەعنەوی گەورەیە، لە ئەزموونی دوورو درێژی سەرۆك مام جەلال و بیست هەزار شەهید و هەزاران تێكۆشەرو كادری دڵسۆز و ژیر و جەماوەرێكی خۆڕاگر و هێزی پێشمەرگەی قارەمان، گۆڕانكارییەكان و داخوازی خەڵك و ڕاپەراندنی ئەركەكان، وامان لێدەخوازن، یەكێتی خۆی نوێ‌ بكاتەوەو باشتر خۆی سازبداتەوە بۆ خەبات.

    كۆسرەت رەسول عەلی
   جێگری سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket