riklam

مەکتەبی سیاسی: شەهیدانی یەکێتی جەلادیان توشی شۆک دەکرد

ی.ن.ک‌‌ 06:04 PM - 2019-11-20
.

.

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەکێتی بۆ ڕۆژی شەهیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

دەقی بەیاننامەکە......

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان!

  ڕۆژی (21/11/1976)، كە هێشتا زۆر نەبوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرابوو، شۆڕشی نوێ‌ لە سەرەتای هەڵگیرساندا بوو، رژێمی لەناوچووی بەعس، شەهیدانی  سەركردە ( شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب) ی لەسێدارە. شەهیدەكان وانەی " كەم ژیان، كەڵ ژیان "یان داهێنا و جەلادەكانی بەعسیان تووشی شۆك و زیندانەكانیشیان كردە سەنگەرێكی تری بەرگری كردن لە گەلی كوردستان و ووزەو تینی زیاتریان دایەوە بە شۆڕش.
   یەكێتی، وەك هێزێكی پشوودرێژ و ڕچەشكێنی كوردایەتی، لە هەلومەرجێكی دژوارو سەختدا، كە نائومێدی باڵی كێشابوو بەسەر دەروونی هەموو كوردێكی دڵسۆزدا، جاڕی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ‌ دا و لە (44) ساڵ خەباتدا، زیاتر لە (20) هەزار رۆڵەی قارەمان و جوامێری لە سەنگەر و زیندانەكاندا گیانیان كردە قوربانی ڕزگاری‌و ئازادی كورد و كوردستان، لە ڕۆژمێری ساڵدا، ڕۆژنیە یادی شەهیدبوون و سەروەری و ئازایەتی رۆڵەیەكی یەكێتی تیانەبێت، گۆڕستان نیە بە دەیان كێلی بەرزو پیرۆزی پێشمەرگە و تێكۆشەری یەكێتی تیانەبێت.

  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێزی ڕاپەراندنی ئەركە سەختەكان بووە، هێزی ڕۆژی تەنگانەیە، بۆیە هەمیشە رۆڵەكانی لە پێشەوەی سەنگەری قوربانیدان بوونە بۆ كوردستان، لەهەر دۆخێكدا، كوردستان پێویستی بە قوربانیدان بووبێت، سەركردە و پێشمەرگە و كادیر و تێكۆشەرانی یەكێتی گیانیان لەسەر دەستیان بووەو پێشكەشی كوردستانیان كردووە. بۆیە بە پیرۆزییەوە لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی یەكێتی و هەموو شەهیدانی كوردستان دەڕوانین، لە ئاست كێلی بەرزی گۆڕەكانیاندا سەری ڕێزو وەفا دادەنەوێنین.

    شەهیدان لەپێناوی گەلێك ئامانجی پیرۆزو ڕەوادا، گیانیان بەخشی، بەشێكیان وەك مافی دەستوری لە عێراقدا بەدیهاتوون و بەشێكی تریان هێشتا بەدینەهاتوون، كە پێویستیان بە خەباتی هەمەلایەنەی هەموو هێزە تێكۆشەرەكانی كوردستانە، دەستكەوتە بەدیهاتووەكانیش لەبەردەم مەترسیدان و بەرپرسیارێتی لایەنە كوردستانیەكانە، بەیەكهەڵوێستی  بیانپارێزن.

    لە ڕۆژی "شەهیدی یەكێتی" دا، رایدەگەیەنین، ئەركەكانمان سەختن، ڕاپەراندنیان هیممەتی كوردانە و دڵسۆزانەی دەوێت. لە ئاستی عێراقدا دۆخێكی ئالۆز لە ئارادایە، هێشتا روون نیە چۆن یەكلایی دەبێتەوە، مەترسییەكانیش لە سەر مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان كەم نین، نابێ‌ نادیدەی بگرین.

    لە ئاستی ناوخۆی كوردستانیشدا، لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، بە پێویستی دەزانین بە بیری هەموولایەكی بێنینەوە، بەتایبەتی كاربەدەستان لە پەرلەمان و حكومەت، كە هەموولایەك قەرزارباری لەدەستدانی ژیانی هاوڕێ‌‌و هاوسەنگەرە شەهیدەكانمان و كەسوكارو خێزانەكانیانین ، قەرزارباری ئەو گەلە تێكۆشەرەیان، كە ماڵوێرانی و ئازاری زۆریان چەشتووە بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی ئێستا، بۆیە شایستەی باشتركردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستەترن.

  لە ئاستی یەكێتی دا، وەفاداری بۆ شەهیدان، درێژەپێدانی خەباتەكەیانە، پابەندبوونە بە رێبازی مام جەلال و بەستنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی ‌و سەركەوتنێتی بەگیانێكی بەرزی هەڤاڵانە و پەرۆشی بۆ ئایندەی یەكێتی، تا وەك هێزێكی رچەشكێن و قاڵبووی خەباتی كوردایەتی، تۆكمەترو بەهێزتر، خۆی بۆ راپەراندنی ئەركەكانی ئێستا و داهاتوو ئامادەبكات و لە ئاستی داخوازی و چاوەڕوانی گەلی خۆڕاگری كوردستاندا بێت.

   لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، سڵاوی ئەمەك و وەفا دەنێرین بۆ رۆحی پاكی شەهیدان، بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان، بەڵێن دووپات دەكەینەوە، رێبازەكەیان بەرنەدەین و هەمیشە كێلی بەرزی گۆڕەكانیان دوورنمای خەباتمان بێت.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket