riklam

وه‌فدێكی زه‌حمه‌تكێشان سه‌ردانی یه‌كێتی ده‌كات

کوردستان 02:00 PM - 2019-11-20
.

.

كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی ڕایگه‌یاند به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌توانرێ مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كورد به‌ده‌ست بهێنرێ.

ئه‌م وتانه‌ی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠/١١/٢٠١٩ له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ (به‌همه‌ن حسێن، به‌ڵێن عه‌بدوڵا و سه‌عد خالید) ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و بێكه‌س قادر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ حاكم قادر حه‌مه‌جان و عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆكرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاو په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ئاراسته‌ی پته‌وكردن و گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر.

دۆخی كوردستان و عێراق ته‌وه‌رێكی تری دیداری نێوان وه‌فدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان بوو، هه‌ردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ چاكسازی و جێبه‌جێكردنی داوا ڕه‌واكانی خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕی و هه‌موو جۆره‌ توندوتیژییه‌كیان ڕه‌تكرده‌وه‌و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چاكسازی ڕیشه‌یی ئه‌نجام بدرێت و خزمه‌تگوزاری زیاتر پێشكه‌شی هاووڵاتیان بكرێت.

هه‌روه‌ك هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ ده‌ستكاری مافه‌ یاسایی و دیموكراسی و ده‌ستوورییه‌كانی كورد بكرێ و له‌ژێر هیچ بیانوویه‌ك ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی گوتی: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خه‌باتی كردووه‌و خه‌بات ده‌كا له‌پێناو عێراقێكی دیموكراتی فیدڕاڵ كه‌ تێیدا مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی كوردو سه‌رجه‌م پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان پارێزراو بێ.

په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌ ڕه‌واكانی كوردو پێشخستنی پرسی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ ده‌بێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كاربكه‌ن بۆ یه‌كهه‌ڵوێستی نێوانیان و خه‌بات كردن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانی كورد.

PUKmedia ڕاگه‌یاندنی جێگری سكرتێری گشتی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket