riklam

هەواڵگری عیراق:سەركردەكانی داعش لەسوریاوە چونەتە توركیا

عیراق 06:48 PM - 2019-11-18
.

.

هەواڵگری عیراق هۆشداری دەدات لەسەرهەڵدانەوەی داعش و رایدەگەیەنێت: سەركردەكانی داعش بەپێدانی بەرتیل لەسوریاوە چونەتە توركیا، ئەوانەشی لەناوچەكانی نزیك بە توركیان رۆڵی سەرەكی دەبینن لە دووبارە رێكخستنەوەی چەكدارەكانیان.

فەریق روكن سەعد ئەلعەلاق سەرۆكی هەواڵگری سەربازی لەچوارچێوەی دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی (CNN)ی ئەمریكی عیراق رایگەیاند:سەركردە باڵاكانی داعش كە خاوەنی ملیۆنان دۆلارن لەڕێگەی بەرتیل دانەوە لەباكووری سوریاوە چوونەتە توركیاو هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن، ئەمەش ئاماژەیەكی روونی گەڕانەوەی توندوتیژییەكانە بۆ ئەوروپا.

سەرۆكی هەواڵگری سەربازیی عیراق هۆشداری دەدات لەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش پیلانیان هەیە خۆیان رێكبخەنەوەو هەوڵی تۆڵە سەندنەوە بدەن، بەتایبەت دوای كوژرانی بەغدادی، دەشڵێت: داعش پیلانیان هەیە هەزارەها چەكدارو لایەنگریان  لە سەربازگەو زیندانەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رزگار بكەن، هەوڵی بەكۆمەڵ هەڵهاتنیان دەدات.

فەریق روكن ئەلعەلاق دەشڵێت: فەرماندە باڵاكانی داعش بەتایبەتی ئەوانەیان كە لەوناوچانەی نزیك بە توركیان، رۆڵی سەرەكی دەبینن لە دووبارە چەكداركردنەوەی لایەنگرەكانیان.

باسی لەوەشكردوە: سەرانی باڵای داعش  كە بەنهێنی بەرەو شاری غازی عەنتاب و ناوچەكانی تر هەڵاتوون، پارەدارێكی گەورەن و كۆمەكی گەورەی دارایی دەبەخشنە رێكخراوەكە، چەندەها پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنانیان لەتوركیا هەیە، راشیگەیاندوە: پێش مانگێك بەڵگەنامەی تەواوی  نۆ لەسەرانی داعشمان داوەتە بەرپرسانی سەربازیی توركیا.

ئەو لێپرسراوە باڵایەی هەواڵگری عیراق ئەوەشی ئاشكراكردوە: بەردەوام  بەدوای ئەبوبەكر بەغدادیەوە بوون، تا ناچاریان كردوە خاكی عیراق بەجێ‌بهێڵێت و بەرەوە سوریا هەڵبێت، لەكۆتاییدا لەمانگی رابردوو هێرشی كرایە سەری و كوژرا.

ئەلعەلاق هۆشداریش دەدات لە بەهێزبوونەوەی داعش، دەڵێت: 10 هەزار چەكداریان لەگرتووخانەكانی سوریان و لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو: لەدوای هێرشی سوپای توركیاو میلیشیاكانی نزیك بەخۆی بۆ سەر باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، بڕیاری ئەمریكا بەكشانەوەی هێزەكانیان، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعش هیچ هەوڵێكیان نەداوە بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی كە داهاتوودا دێنە پێشەوە، تەنانەت ژمارەیەك لەوڵاتانی ئەوروپا رەتیانكردەوە كە هاووڵاتیەكانیان كە لەڕیزەكانی داعشدان وەربگرنەوە. بەوتەی فەریق روكن سەعد ئەلعەلاق: هێزەكانی توركیا دەیان كەسیان دەستگیركردوە كە گوایە سەر بەرێكخراوی داعشن، هەروەها 42 كەسی ترشیان دەستگیركردوە كە رۆڵیان گرنگیان هەیە لەپاڵپشتی دارایی رێكخراوی داعش، پێمانوایە ئەو گرتوخانەو سەربازگایانەی زیندانی كراوەكانی داعشیان تێدایە بەردەوام جێی مەترسین كە هێرشیان بكرێتەسەر، هەواڵگری عیراقی گەیشتوەتە ئەو بڕوایەش نیازی راستەقینەی تیرۆرستانی داعش ئەوەیە كە بتوانن شورای دەرەوەی زیندانەكان لەعیراق و سوریا وێران و خاپووری بكەن، دواتر هێرش دەستپێبكەن و چەكدارەكانیان رزگار بكەن.

لەپرسیارێكی تری كەناڵی (CNN)دا  ئەوەی رونكردوەتەوە: پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵەكان یەكبخرێن، لەبەرئەوەی تیرۆریستان هەموو كارێك دەكەن تاوەكو لەزیندان و سەربازگاكان و خێوەتەگاكان هەڵبێن و بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان و دەستبكەنەوە بەكاری تیرۆرستی، چونكە ئەوانە مەترسی جدین لەسەر ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاو باكوری ئەفریقیا.

PUKmedia و/ عومەر رەشید  

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket