riklam

سلێمانی كوانوی داهێنان و نوێگەری

ریپۆرتاژ‌ 04:17 PM - 2019-11-17
.

.

لە هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بۆزیاتر پتەوكردنی پردی پەیوەندی ڕایەڵەی نێوان كۆمەڵگاو زانكۆ، چالاكی وكۆنفرانس و كۆنگرەكانی زانكۆی سلێمانی زۆرترین پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەكایەجیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردیەوە هەیە، وەك ستافێكی ئەكادیمی ئەم ناوەندە گرنگ و ڕۆشنگەرەی شاری سلێمانی وەك ڕۆژنامەنووسێك هەوڵدەدەم، ئەو كۆنفرانس و پانیڵ و كۆنگرانەی ئامادەی دەبم بڵاوی بكەینەوە، چونكە زۆر كۆنفرانس و چالاكی گرنگ بەداخەوە كەمتر ناوەڕۆكەكەی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بەتایبەت میدیای نووسراو بڵاوكراوەتەوە، بەوپێیەی زۆرترین پسپۆڕو توێژەرسوودی لێوەردەگرێت و ئەگەر لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاوبكرێنەوە بەزووترین و كات دەگاتە بەردیدەی كەسانی پەیوەندیدار.

لە ساڵیادی شاری سلێمانی و ناساندنی ئەم شارە لەلایەن رێكخراوی "یۆنسكۆ" وەك شاری ئەدەب بۆساڵی 2019، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لە هۆڵی پ.د.عزەدین مستەفا رەسوڵ، زنجیرەیەك سمیناری زانستی ئەكادیمی ئەدەبی و مێژووی و فەرهەنگی و كلتوری  دەربارەی شاری سلێمانی بۆ ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ ڕێكخست. هەوڵدەدەم كورتەیەك لەو سیمنارانە بخەمە بەردیدەی خوێنەران بەهۆی گرنگی باسەكان و تازەگەری ونوێگەری لە زانیاری و داتاو تیڕوانیە تازانەی لەلایەن توێژەرانەوە خرانەڕوو.

 

 

 بابانەكان خاوەنی (6000) هەزار سەرچاوەی ئەدەبی و رۆشنبیری بوون

پ.ی.د.ڕەزا حەسەن لە وتەكەیدا بەوردی باسی مێژووی دروستبونی شاری سلێمانی و دووبارە دامەزراندەوەی زانكۆی سلێمانی كردوباسی لەوەكرد: مێژووی دروستبوونی ئەم شارە هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنچینەیەكی رۆشنبیری و ئەدەبی بنیاتنراوە، ئەم شارە لە ساڵی 1784 لەلایەن عەبدولرەحمان پاشای بابانەوە دامەزراوە، كە بابانەكان لە مێرنشینەكەیاندا لە قەڵاچوالان خاوەنی (6000) هەزار سەرچاوەی ئەدەبی و رۆشنبیری بوون.لە ساڵی 1820 سلێمانی (5) مزگەوتی هەبووە، كە ئەو مزگەوتانە شوێنی خوێندن و نوسین و فێربوون بوون، مامۆستایانی گەورەبی وەك شێخ مارفی نۆدێ و مەلا خالیدی نەقشبەندی و كاك ئەحمەدی شێخ و عومەر قەرەداغی و چەندین تر لەم شارەدا بوونەتە مامۆستاو نەوەكانیان فێری خوێندەواری كردووە.لە ریزی شاعیرانیشدا  نالی و سالم و كوردی كە بە سێ كوچكەی شاعیرانی بابان ناودەبرێن هەر لەم شارەدا گەورە بوون و دواتر بوونە قوتابخانە بۆ رۆشنبیرانی دوای خۆیان، مەحوی و زێوەرو عەلی كمال باپیرو شێخ نوری شێخ ساڵح و فائیق بێكەس و پیرەمێردو بەختیار زێوەرو چەندنی تر درێژەپێدەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و ئەدەبییەبوون كە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو رەوتە رۆشنبیری و ئەدەبییەبوون كە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم شارەوە دەستیپێكرد. ئەم شارە بەهیچ شێوەیەك شارێكی تەقلیدی نەبووەو هەمیشە بیری داهێنەرانە لەم شارەوە سەرچاوەی گرتووە، هەربۆیەش دەبینین سلێمانی لە ساڵی 1926  خاوەنی یەكەمین خوێندنگەی كچان بوو، لە ساڵی 1925 یەكەمین شانۆگەر نمایش كراوە، لەسەردەمی حكومەتی شێخ مەحمودی نەمردا چەندین رۆژنامە دەرچوون لەوانە بانگی حەق و ئومێدی ئیستقلال و بانگی كوردستان، پاشان لە ساڵی چلەكان لەسەر دەستی مامۆستا برایم ئەحمەد و عەلادین سوجادی بۆ ماوەی 10 ساڵ گۆڤاری گەلاوێژ خزمەتێكی گەورەی بە ئەدەبی كوردی شاری سلێمانی گەیاندووە.هەروەها لەسەر دەستی پیرەمێردی نەمر رۆژنامەی ژین و ژیان درێژە پێدەری ئەم رێبازە رۆشنبیرییە بوون كە لەسەرەتای دروستبوونی ئەم شارەوە هەبووە . بۆیە ناساندنی شاری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناساندنی سلێمانی وەك شارێكی داهێنەر لە بواری ئەدەب لەلایەن "یونسكۆ" وە، جێگەی شانازییە بۆ خەڵكی ئەم شارە .

 

"سلێمانی لە نێوان داهێنانی زمانی و داهێنانی ئەدەبیدا"

 ئەم بابەتە ناونیشانی سیمناری، پ.د.دڵشاد عەلی محەمەد بوو،  بە گشتی لە باسەكەیدا گەڵاڵەی ئەو تێڕوانینە كردبوو كە شێوەزاری سلێمانی و ئەو دەقانەشی كە بەو شێوەیە نووسراون، بە تایبەتی دەقە شیعرییەكانی نالی و سالم و كوردی ومەحوی، بەرهەمهێنراوی ڕەوانبێژی قەڵەمن نەك ڕەوانبێژی زمان، واتە لە بازنەی فۆرمی قەڵەمدا نەك فۆڕمی زمانی ئاخاوتندا بەرهەم هێنراون، لەو دیو داهێنانی ئەو فۆڕمەشەوە جۆرە بزوتنەوەیەكی ڕۆشنبیری دەبینین كەلە باسەكەدا بە (كوردگەرایی ڕۆشنبیری) ناسێنرابوو، هەر لە باسەكەدا پ.د.دڵشاد، هەندێك بۆ چون و تێڕوانینی نوێ دەربارەی ئەو دەقە ئەدەبیانە بخرێنە بەر دەست كە پێش دروستكردنی شاری سلێمانی و دوای دروستكردنی شاری سلێمانی بەرهەمهێنراون، بەو ئامانجە زانستیەی بتوانرێت ئەو زەمینەو كەشە سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەیتەی دیاری بكرێت كە بوونەتە مایەی داهێنانی شێوە زاری سلێمانی و داهێنانی ئەدەبی سەر بەو شێوە زارە.

بە گشتی باسەكەی پ.د.دڵشاد لە دوو بەش پێكهاتبوو، یەكەمیان تەرخانكرابوو بۆ ئەو دەقانەی پێش بنیاتنانی شاری سلێمانی بەرهەم هێنراون و لە بەشی دووەمیشدا ئاوڕدراوەتە بوەوە لەو دەقانەی كەلەدوای بنیاتنانی شاری سلێمانیەوە تانیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدە بەرهەم هێنراون لە هەردوو بەشەكەشدا جارێكی تر سەیری ئەو ڵێكۆڵینەوەو نووسینەنانەدا كرابووكە پێشتر دەربارەی بەرهەمە ئەدەبیەكانی ئەو دوو قۆناغە خرابوونە ڕووبە تایبەت ڵێكۆڵینەوەكانی (محمەمەد عەلی قەرەداغی و كەمال ڕەووف و نەوشیروان مستەفا ئەمین و دكتۆر مارف خەزنەدار)، كە لە هەندێك لایەندا توێژەر بۆ چوونی جیای خستە ڕوو بە تایبەت ئەو بۆ چوونانەیان كە تایبەتن بە ناساندنی شێوەزاری دەقەكان.

 

" بزوتنەوەی رۆژنامەنووسی: ئاستەنگ و پزیسكەكانی"

 ئەم بابەتەش ناونیشانی سیمناری، پ.د.محەمەد دلێر محەمەد ئەمین بوو، توێژەر سەرەتا باسی پیشەی ڕۆژنامەنووسی وەك فەنتازیای نەتەوەیی و هۆكاری هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو پردی پەیوەندی ڕۆشنبیران، لە هەموو بزاڤ و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو جیهاندا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە، ڕۆژنامەنووسی لە شاری سلێمانیداو لە ساڵانی 1920 ەوە بناغەی داناوە ڕۆژنامەی "پێشكەوتن" و چابخانەكەی "مێجەرسۆن" هێنایە شارەوەو دەستەبژێری كۆكردەوەو پیشەكەی زادەی مۆدێرنەی بە باشوری كوردستان ناساند.

هاوكات پ.د. محەمەد دلێر میسری باسی پەیوەندی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسی كردو ئاماژەی بەوەدا پەیوەندی ئەم دوانە مێژووییەكی دێرینی هەیەو ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوكراوەكان، بوونە زادەی شیعری نوێ و چیرۆكی هونەری وتارو بابەتب دواندنی كۆمەڵ لە ناوخۆدا، ئەم پیشەیە لە سلێمانیدا گەشەی زۆری خستە ناوەندی ئەدەبیەوەو شاعیرەكان بوونە ڕۆژنامەنووس و سۆزو خەیاڵی و شاعیرانە لە بابەتێكی خودیەوەو بوونە بابەتێكی فیكری و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕۆشنبیری و سیاسی. دیارە ئەم بزوتنەوەیە، بە قۆناغ و سەردەمی جیاجیادا گوزەری كردەوەو، ڕۆژانی زمانحاڵی یەكەمین دەسەڵاتی سیاسی كورد بووە(1922-1924) وڕۆژانی تر بەلای ئەدەبدا وەرچارخاوە بەڵام پشوو درێژ بووە و بە قەڵەمی پڕشتی منەوەرانی كورد كاروانیكی پڕ شكۆی بەڕێكردوە و هەمیشە لەبەرەی گەل و خزمەتی زمانی كوردی و ناساندنی نەتەوایەتیدا كارابووە. 

بەگشتی لە باسەكەی پ.د.محەمەد دلێر ئەمین میسری، تیشك خرابووە سەر پزیسكە گەش و ڕووناكەكانی ئەم ڕۆژنامەنووسیە و دواتر باس لە ئاستەنگ و لە مپەڕی سانسۆری دەسەڵاتە داگیركەرو دژ بەكورد كراوە، لەگەڵ سانسۆری دارایی و خودی و كۆمەڵایەتی كەلەهەر قۆناغێكدا بەجۆرێك دەركەوتووە. لە هەناوی ئەم لاپەڕە تۆماركراوانەدا، بانگەوازی ئازادی بیروڕاو ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەخوێنینەوە، دیسانەوە ئەو هەستە پاكژو ویژدانیە دەبینین كەڕۆژنامەنووسی ئەو دەمە كاریان پێكردوەوئیتیكی ڕۆژنامەنووسیان ڕەچاوكردوە بێ ئەوەی دەرچووی هیچ پەیمانگاو دەزگایەكی ئەكادیمی ببن، هەر ژمارەیەك لەو ڕۆژنامانە دەیان توێژینەوەو هەڵسەنگاندنی بەرزی ئەكادیمی دەهێنێ.

 

" مزگەوتی گەورە وەك مەڵبەندێكی ئاینی و ڕۆشنبیری لە سەرەتای دروستكردنی شاری سلێمانیدا"

 ناونیشانی باسەكەی پ.د.فازڵ مەجید مەحمود بوو، لە دوو ڕوانگەوە باسی ڕۆڵی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەكات یە كە میان ڕۆڵی ئاینی كە ئاشكرایە بۆ پەیڕەوكردنی كاروباری ئاینی و نوێژو خواپەرستی و ڕێنمایی ئاینی و وتار خوێندن و جێبەجێكردنی سروتی ئاینی و بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژانەو هەفتانە خەڵكێكی زۆر هاتوچۆی ئەم مەڵبەندەیان كردوەو ژمارەیەكی زۆر كاروباری كاروباری كۆمەڵایەتی و تیایدا ئەنجامدراوە لەگەڵ ئەوەشدا بە تایبەتی كەبۆتە ڕێبازی قادری و كەشێخ مارف پێشڕەوی دەكردن، هەرچی ڕوانگەی ڕۆشنبیریە هەر لەوكاتەی بابانەكان لەقەلاچۆلان بوون خوێندنگەیەكی گەورەی هەبووە كەزانای گەورەو ناوداری كورد دەرسیان تیادا وتۆتەوەو كاروباری ئاینی و كۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریان بەڕێوە بردوە، لەگەڵ دروستكردنی شاری سلێمانیدا ئەم مەڵبەندە گوێزراوەتەوە بۆ مزگەوتی گەورەی سلێمانی و كتێبخانەكەشی هێنراوە، شێخ مارفی نۆدێش یەكەم كەس بووە وانەی تیاوتۆتەوە و لەسەردەمی ئەمیشدا زۆر فراوان كراوەو لەهەموو ناوچەكانی سلێمانیەوە قوتابیەكی زۆری بۆ خوێندن و وەرگرتنی زانیاری و ئیجازەی مەلایەتی ڕوویان تێكردبوو میرەكانی بابانیش بە هەموو هێزوو توانایەوە چاودێریان دەكردو هەوڵی پەیداكردنی سەرچاوەی كتێب لەهەر شوێنێك بووبێت بۆیان دراوە. بێجگە لەوەی هەموو پێداویستی و تێچوونێكیان لە ئەستۆ گرتبوو تەنانەت خواردن و پێداویستی ڕۆژانەیان، دوای خوێندن دەگەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان و چەندین زااناو شاعیرو منەورانی كورد دەرچووی ئەم خوێندنگەیە بوون.  

 

" بابانەكان و ڕۆڵیان لە بزاڤی ڕۆشنگەری كوردیدا"

ناونیشانی باسەكەی پ.ی.د.عوسمان عەبدول بەرزنجی بوو، توێژەر باسی لە سلێمانی كرد كەبووەو مەڵبە ندێكی ڕۆشنبیری گەورە لە ناوچەكەدا و شارێكی گەشاوەو پڕلەزانست بووەو زانای وا لەم شارەدا پێگەیشتوون و هەڵكەوتوون، نەك لە كوردستان و یا میرنشینی بابان بە ڵكو لە جیهانی ئیسلامیشداناوناوبانگیان دەنگی داوەتەوە لەوانە شێخ مارفی نودێیی و مەلا عومەری ڕەنجووری و میرزا شەفیعی جامە رێزی و مەولاناخالیدی نەقشەبەندی و كاك ئەحمەدی شێخ و مەلامەحمودی دێڵژە و مەلائەحمەدی چاومارو مەلاعەبدولڕەحمانی پێنجزێنی وهتد....، هاوكات لە بواری شیعرو ئەدەبیاتیشدا، ڕابەران و دامەزرێنەرانی قوتابخانەی شیعری كلاسیكی كوردی نالی و كوردی و سالم ودەیان شاعیری ئەو ڕێبازی ڕۆمانسیەتی كوردی شێخ نوری شێخ ساڵح و گۆران و ڕەشید نە جیب و پیرەمێرد...هتد. ئەمە بێجگە لەوەی قوتابخانەی ریالزمی شیعری كوردی هەر لەم شارەوە سەریهەڵداو پاشان قوتابخانەی شیعری ڕوانگەییەكان و هتد....

هەر لە درێژەی باسەكەیدا و دەربارەی داهێنانەكانی سلێمانی پ.ی.د.عوسمان عەبدول بەرزنجی باسی لەوەكرد، یەكەم چایخانەو یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و یەكەم قوتابخانەش قوتابخانەی روشدیە بوو، یەكەم قوتابخانەی كچان و یەكەم قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەسەردەستی حەپسەخانی نەقیب هەر لەم شارەدابوو، لەبواری مۆسیقاو نواندن و هونەرەكانی تر سلێمانی سەرقافڵەبووە، سلێمانی یەكەم شارە كەبەدەستی كورد خۆی دروتكراوەو پایتەختی میرنشینێكی گەورەی تیادا دەستنیشانكراوە، یەكەم دەزگای وزاری و ئیداری سەردەمیانە هەرلەم شارەدابوو لەسەردەمی حكومەتی خواری كوردستان بەسەرۆكایەتی مەلیكی كوردستان شێخ مەحمودی حەفید.

  د. ژینۆ عەبدولڵا

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket