riklam

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ چله‌ی پرۆفیسۆر د. عیزه‌ددین موسته‌فا ڕه‌سوڵ

ی.ن.ک‌‌ 08:21 PM - 2019-11-15
.

.

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ مه‌ڕاسیمی چله‌ی كۆچكردوو پرۆفیسۆر د. عیزه‌ددین موسته‌فا ڕه‌سوڵ ....
ئاماده‌بووان .. ماته‌م گێڕان
خێزان وكه‌سوكارو خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی كۆچكردوو ( پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزه‌ددین موسته‌فا ڕه‌سوڵ ) هاوڕێبازانی كۆچكردو له‌كۆڕی خه‌بات ، هاوڕێیانی ئه‌دیب وزانستخوازان ، ئاماده‌بوانی به‌ڕێز ..
وادیسان جارێكی تر له‌سلێمانی وله‌بۆنه‌یه‌كی خه‌مناك وله‌كۆستێكی گه‌وره‌ی پڕناسۆردا ،  مه‌ڕاسیمی ماته‌می چله‌ی كۆچكردوو پڕۆفیسۆر (د. عیززه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ) كۆمانده‌كاته‌وه‌ .
به‌ڕێزان ..
به‌داخ وپه‌ژاره‌یه‌كی ناخ هه‌ژێنه‌وه‌ ، چل ڕۆژ له‌مه‌و به‌ر ، سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیری وشاری داهێنه‌ری ئه‌ده‌ب له‌جیهاندا ، كه‌سایه‌تی یه‌كی دیارو ئه‌ستێره‌یه‌كی ڕۆشنبیرو ئه‌دیبی تری له‌ده‌ستدا .
كۆچكردوو د. عیزه‌ددین ، گه‌رچی له‌نه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمان په‌روه‌رو خاك دۆست بوو ، به‌ڵام خودی خۆی به‌ته‌نیا كه‌سایه‌تیییه‌كی بڵند بوو ، له‌پاڵ زانایی وداناییه‌كه‌یدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمان په‌روه‌ری هه‌ر له‌سه‌ره‌تای لاوێتی یه‌وه‌ له‌ناخیدا چه‌سپی وچه‌كه‌ره‌ی كردبوو ، تاله‌ ژیاندا بوو به‌رله‌وه‌ی مه‌رگ یه‌خه‌ی پێ بگرێت به‌ده‌ر له‌جیاوازی بیر وڕای سیاسی ، به‌رده‌وام ودانه‌بڕاو بوو له‌به‌شداریكردنی چالاكییه‌ سیاسی یه‌كان و له‌ یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانی كوردستاندا له‌سه‌ر لیستی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌ندام په‌رله‌مان بوو .
ئه‌مه‌جگه‌ له‌وه‌ی به‌فكرو ئایدۆلۆژیاو بیركردنه‌وه‌ی مۆدێرنانه‌ له‌یه‌ك كاتدا سیاسی وئه‌دیب ونووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس وزمان ناس ومێژوو نووس  بوو .
ماته‌م گێڕان ..
د. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ ، هاوكات پرۆفیسۆرو خه‌باتكار بۆبیرو باوه‌ڕی مرۆڤایه‌تی  ، ئه‌و بیرمه‌ندو مێژوونوس و ئه‌دیبێكی گه‌وره‌و سه‌نگین بوو ، هه‌روه‌ك مامۆستاو ڕاهێنه‌رو به‌رهه‌م هێنی سه‌دان مامۆستاو خوێندكاری زانستخواز بوو بۆ مه‌یدانی ئه‌ده‌ب و ڕووناكبیری و ناوه‌نده‌كانی پێگه‌یاندن و فێركاریی خوێندن وزانكۆكان  ،  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ له‌دوای خۆی گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پڕ له‌ سه‌رچاوه‌و ساغكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی زانیاری وزانستی بۆ نه‌وه‌كانی پاش خۆی جێهێشتووه‌ كه‌له‌داهاتوودا ده‌بنه‌ پێگه‌و مه‌رجه‌عێكی گرنگ بۆ توێژه‌ران وئه‌دیب وزمانناسان .
ئاماده‌بووان ..
له‌بیره‌وه‌ری ماته‌م وچله‌ی ئه‌م ڕووناكبیره‌ ئه‌كادیمییه‌دا ، كه‌له‌ڕیزبه‌ندییه‌كانی توێژه‌ری بواری زانستی مێژوویی وزمان وئه‌ده‌بی كوردیدا پێشڕه‌وبوو ، مامۆستاو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی له‌شێوه‌ی خه‌باتگێڕی وشۆڕشگێڕیی یه‌كه‌ی خۆی به‌هه‌ڵوێست بوو ،  بۆ داهاتووش به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌ .
له‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌داو له‌م ساته‌ی ئێستا كه‌ به‌هۆی ناعه‌داله‌تی له‌دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت وسامانی نیشتمان وزیادبونی  دیارده‌ی دزێوی گه‌نده‌ڵی وخراپ به‌كارهێنان و به‌هه‌ده‌ربردنی سامانه‌ سروشتییه‌كان و فراوانبوونی بازنه‌ی بێكاری ، خراپ بوونی حاڵ وگوزه‌رانی هاووڵاتیان ، عیراق به‌گشتی به‌دۆخێكی ناجێگیروئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت وناڕه‌زاییه‌كان گه‌شتوونه‌ته‌ لووتكه‌ ودوور نیه‌ پڕیشكی ئه‌و ئاگره‌ی كه‌زیاد له‌قه‌باره‌ی خۆی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ ڕوو له‌گه‌وره‌بوون بنێت ، به‌ په‌یمانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری وهاوهه‌ڵوێستی ویه‌كده‌ستی و ڕێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی گه‌وره‌ی گه‌لی كوردستان ڕۆحی ته‌واوی شه‌هیدانی گه‌لی كوردستان و خه‌باتگێڕان وزانستخوازانی كۆچكردو له‌به‌رزیدا شاد ده‌كه‌ین  .
دووباره‌ به‌ناوی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌یان ده‌كه‌ین و بۆ ووننه‌كردن وده‌رنه‌چوون له‌سه‌ر ڕێبازی سیاسی وئه‌ده‌ب وڕۆشنفكری وزانستخوازی ئه‌و كه‌ڵه‌ زانایه‌ ، بێ ئاوڕدانه‌وه‌ بۆ دوواوه‌ به‌ره‌پێش بێ ڕاوه‌ستان هه‌نگاوه‌كانمان خێراترده‌كه‌ین .

سه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتوو بن..


حاكم قادرحه‌مه‌جان          
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كاگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان       
   سلێمانی                 
15/11/2019

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket