ئازادكردنەوەی شەنگال برینی ئێزدییەكانی ساڕێژنەكرد
جینۆساید 07:34 PM - 2019-11-13.
چوار ساڵ بەسەر رزگاركردنەوەی قەزای شەنگال لەدەست تیرۆرستانی داعش تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا 15%ی ئێزدییەكان نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و نزیكەی سێ هەزار پیاو و ژن و كچ و منداڵی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون چارەنوسیان نادیار.
ئەمڕۆ 13ی تشرینی دووەمی 2019، چوار ساڵ بەسەر رزگاركردنی قەزای شەنگال لەدەست تیرۆرستانی داعش تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا قەزاكە دەستی ئاوەدانی پێنەگەیشتوەو زۆربەی دانیشتوانەكەشی ئاوارەن، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی دەڵێت: لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقەوە هیچ هەوڵێكی جدی نەدراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان لەشەنگال و دەوروبەری.
حسێن قائیدی بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوە ئێزدییەكان ئاماژە بەوەدەكات كاتێك لەساڵی 2014دا داعش قەزای شەنگالی داگیركرد ژمارەی ئێزدییەكانی ئەوكاتە كە لەسنوری قەزای شەنگال دەژیان 400 هەزار كەس زیاتر بووە، بەڵام داعش جگە لەكۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان، بەتەواوی ناوچەكەشی وێرانكردوەو 68 مەزارو پەرستگای ئێزدییەكانی تەقاندوەتەوە.
قائیدی بە PUKmediaی وت: بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستمانە، كاتێك داعش شەنگال و دەوروبەری داگیركرد هەزارو 293 كەسی شەهید كردوە، جگە لەوانەش شەش هەزارو 417 ژن و پیاو كچ و منداڵی رفاندوە.
وتی: دواتر توانیمان سێ هەزارو 516 ژن و پیاو كچ و منداڵی ئێزدی لەناوچەكانی عیراق و سوریا رزگار بكەینەوەو بیانگەڕێنینەوە هەرێمی كوردستان، ئەوانیش پێكهاتوون لە 339 پیاو، هەزارو 193 ژن و كچ و ئەوانی تریش منداڵن بەهەردوو رەگەزەوە.
بەوتەی بەڕێوەبەری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوە ئێزدیەكان: تائێستا دوو هەزارو 901 پیاو ژن و كچ و منداڵ لەلای داعش ماون و چارەنوسیان نادیارەو زیاتر لە 75 گۆڕی بەكۆمەڵیش دۆزراونەتەوەو كە روفاتی ئێزدییەكانی تێدایە كە لەلایەن داعشەوە كۆمەڵكوژ كراون.
غەیاس سورچی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی بە PUKmedia راگەیاند: دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر رزگاركردنی قەزای شەنگال-دا، تا ئێستا 20%ی هاووڵاتیانی شەنگال بە گوندو ناحیەكانیشەوە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.
هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گەریلا توانیان قەزای شەنگال لە دەستی داعش رزگار بكەن كە لە 3ی ئابی 2014 دا لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیركراو بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی كۆمەڵكوژ كران.
سورچی وتیشی: نزیكەی 300 هەزار هاووڵاتی شەنگال لە شارو شارۆچكە و كەمپەكانی هەرێم ئاوارە بوون و زۆرێك لەگەنجەكانیشیان روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە، بەتایبەت ئەڵمانیا.
بەوتەی قائیدی، تائێستا 15%ی ئێزدییەكان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و زیاتر لە 300 هەزار ئێزدیی ئاوارەن و لەكەمپەكان دەژین و نەگەڕاونەتەوە، دەشڵێت: بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 100 هەزار ئێزدیی دوای داگیركردنی قەزای شەنگال و دەوربەری لەساڵی 2014ەوە روویان لەوڵاتانی ئەوروپا كردوە.
غەیاس سورچیش باسی لەهۆكاری نەگەڕانەوەی ئێزدییەكان كرد بۆ زێدی خۆیان، وتی: هۆكاری نەگەڕانەوەی ئەو رێژە زۆرەی شەنگالییەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانەیان بەهێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەو ترسی رادەستكردنیان بەتیرۆرستانی داعش یان هێزێكی هاوشێوەیان، ئەمە جگە لە نەبوونی ژێرخانی ئابوری و ترسی گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەكە، چونكە تائێستا رۆژانە لەو شوێنانە داعش كردەوەی تیرۆرستی ئەنجامدەدات.
راشیگەیاند: خزمەتگوزاری لە شەنگال لەسەرجەم سێكتەرەكانی پەروەردە و تەندروستی و ئاو كارەبا و پیشەسازی و كشتوكاڵی لە خراپترین ئاستدایە و ئەمەش هۆكارێكی دیكەی نەگەڕانەوەی شەنگالییەكانە.
گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان (INTERNATIONAL crisis Group) لەكۆتایی شوباتی 2018دا راپۆرتێكی تایبەتە بەكۆتایهاتنی داعشی لەعیراق و كۆمەڵكوژی دژ بەئێزدییەكانی شەنگالی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەدا بوو شەنگال پێویستی بەبونیادنانەوەی سیاسی و ئابوریی و گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شوێنی خۆیان و لەسەر حكومەتی عیراقیش پێویستە شارەكە ئاوەدان بكاتەوەو خزمەتگوزاریی و پرۆسەی خوێندنیان بگەڕێنێتەوەو خوێندنگاكان بكاتەوە.
لەڕاپۆرتەكەیدا دەشڵێت: شەنگال كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی ئێزدییە، لەمانگی ئابی 2014دا لەلایەن داعشەوە داگیركراوەو خەڵكەكەی روبەڕووی كۆمەڵكوژی و كوشتن و دەستدرێژی و رفاندن و بەكۆیلەكردن بونەتەوە، هەروەها ئەوانەشی ئاوارە بوون رویان لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستان كردوە.
لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، باسی لەوەكردوە: رەگی كێشەكانی شەنگال بۆ پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی 2003 دەگەڕێتەوە كە بەهۆی نەبونی یەكەیەكی كارگێڕی كاراو ناكۆكی تائیفی و نەبوونی رۆڵی حكومەتی عیراق و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لەقەزاكەدا وایكردوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان سود لەو بۆشاییە كارگێڕی و ئەمنییە وەربگرێت و دەسەڵاتی ئیدارەی شارەكە لەلایەن كەسانی سەر بەو حزبەوە بەڕێوەببرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی جەماوەری شەنگالی لەگەڵ نەبووە، چونكە پارتی وەك كورد مامەڵەی لەگەڵ ئێزدییەكان دەكرد نەك وەك پێكهاتەیەكی ئاینی، ئەوەش رەشبینی شەنگالییەكانی زیادكرد كە وەك كوردی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، هەروەها هەوڵەكانی پارتی بۆ ئەوەش بووە كە شەنگال بخاتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆری ئێزدییەكان دژی ئەو كارە بوون.
گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەدابوو: دوای پاشەكشەی هێزەكانی پارتی لەكاتی داگیركردنی شەنگالدا لەلایەن داعشەوە، پارتی ئەو جەماوەرییەی كە لەگەڵی بوون لەدەستیداوەو، پارتی لەشەنگال هەڵات و خەڵَكەكەشی بەدڕندەی داعش سپارد.
رونیشیكردبوویەوە: كاتێك داعش شەنگالی داگیركرد، شەڕڤانان بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمریكا بەشێكی زۆری دانیشتوانی شارەكەیان رزگاركردو دواتریش روبەڕووی داعش بوونەوەو بەشێكی شارەكەیان كۆنترۆڵكردەوە.
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەت بۆ گەڕانەوەی ئەو رێژە زۆرەی دانیشتوانی شەنگال بۆ ناوچەكانیان، غەیاس سورچی وتیشی: لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقیشەوە هیچ هەوڵێكی جدی نەدراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی شەنگالییەكان كە ئاوارە بوون، تاكو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار ژن و كچی ئێزیدی چارەنووسیان نادیارە.
لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی دەشڵێت: تائێستا توانراوە سێ هەزار ژن و كچی ئێزیدی بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو كەسوكاریان، ئەوەش بەهەوڵی حكومەتی هەرێم و كەسوكاریان بووە، هاوكات پەیەدەش رۆڵی گەورەی لە گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆر كچ و ژنی ئێزدی هەبووە لە تەلەعفەر و موسڵ، كە دواتر رادەستی حكومەتی هەرێمیان كردوون.
دوای سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش و داگیركردنی بەشێكی زۆری خاكی عیراق و سوریا كە لەلایەن ئەبو بەكر بەغدادییەوە سەرۆكایەتی دەكرا، هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان توانیان لەو ناوچانەی داعش داگیریكردبوون ئازاد بكەنەوەو پێشمەرگەش لەكۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی موسڵ رۆڵی سەرەكی بینی، دواجار رۆژی 10ی كانونی یەكەمی 2017دا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق رزگاركردنەوەی تەواوی ناوچەكانی عیراقی لەژێر دەستی داعش راگەیاند.
دوای چەند ساڵێك بەسەر داعشدا، رۆژی 27ی تشرینی یەكەمی رابردو، دۆناڵد ترمەپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەشێوەیەكی رەسمی هەواڵی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی ئەمیری رێكخراوی تیرۆرستی داعش راگەیاندو سوپاسی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)شی كرد ەكە هاوكار بوون لەكوژرانی بەغدادیدا.
بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئابی 2014، ئەو هێزانەی لەشەنگال بوون بەبێ هیچ بەرگرییەك پاشەكشەیان كردو قەزاكە لەلایەن داعشەوە داگیركرا، بەوهۆیەشەوە بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی كۆمەڵكوژ كران و ژمارەیەكی زۆریشیان رووبەڕووی ئاوارەیی بوونەوە.
PUKmedia تایبەت
هەواڵی زیاتر
-
باندێکی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێت
01:13 PM - 2024-03-19 -
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە شوان کەریم کابان
12:45 PM - 2024-03-19 -
ئەلینا ڕۆمانەوسکی: ئەمریكا زیاتر لە 18 ملیار دۆلاری بۆ عیراق خەرجكردووە
03:50 PM - 2024-03-18 -
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە PUKMEDIA
03:19 PM - 2024-03-18
ئەمانەش ببینە
یەکێتی دوو لیژنەی گرنگ لەنەینەوا وەردەگرێت
10:59 AM - 2024-03-19
وتەبێژ: یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان
11:06 PM - 2024-03-18
حەوت رۆژە مووچە لای حکومەت دەستبەسەرەو یهكێتی داوای دابهشكردنی دهكات
04:50 PM - 2024-03-18
تیمی یەكێتی لەحكومەت: داوای دابەشكردنی مووچەمان كردووە
12:58 PM - 2024-03-18
زۆرترین خوێنراو
-
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە شوان کەریم کابان
کوردستان 12:45 PM - 2024-03-19 -
دادگای فیدراڵی تەئکید لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەکاتەوە
عیراق 11:58 AM - 2024-03-19 -
یەکێتی دوو لیژنەی گرنگ لەنەینەوا وەردەگرێت
کوردستان 10:59 AM - 2024-03-19 -
وتەبێژ: یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان
کوردستان 11:06 PM - 2024-03-18 -
حەوت رۆژە مووچە لای حکومەت دەستبەسەرەو یهكێتی داوای دابهشكردنی دهكات
کوردستان 04:50 PM - 2024-03-18 -
ئەلینا ڕۆمانەوسکی: ئەمریكا زیاتر لە 18 ملیار دۆلاری بۆ عیراق خەرجكردووە
کوردستان 03:50 PM - 2024-03-18 -
بۆچی هاوبەشیی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق گرنگە
بیروڕا 03:44 PM - 2024-03-18 -
مەکتەبی رێکخستن رێزلێنان دەبەخشێتە PUKMEDIA
کوردستان 03:19 PM - 2024-03-18