riklam

بلاسخارت سه‌ردانی سیستانی ده‌كات

عیراق 05:37 PM - 2019-11-11
.

.

ئه‌مڕۆ 11-11-2019، خۆپیشانده‌ران له‌شاری موسڵ پردی ئه‌لنه‌سڕیان داخست، له‌به‌غداش پردی ئه‌لزه‌یتون .

كه‌ناڵی حوره‌ رایگه‌یاند: هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستگیركردنیان له‌دژی خۆپیشانده‌ران ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌مڕۆش له‌شاری ناسریه‌ 44 كه‌سیان ده‌ستگیر كردوه‌.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ بلاسخارت نوێنه‌ری ئه‌مینداری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشتۆته‌ شاری نه‌جه‌ف، كه‌ به‌نیازه‌ له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌و شاره‌، سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عیراق ببینێت و دیدارێكی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامبدات، و تێیدا له‌باره‌ی بارودۆخ و هه‌لومه‌جی ئێستای عیراق گفتوگۆ بكه‌ن.

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق (یۆنامی) رۆژی 10-11-2019 كۆمه‌ڵێك پێشنیاری سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندانه‌كان داوه‌ته‌ حكومه‌تی عیراق، داوای دانبه‌خۆداگرتن ده‌كات، چه‌ك به‌كارنه‌هێنرێت، به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت بۆ رووداوی رفاندنی هاووڵاتییان.

هه‌مان كات ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبووه‌ته‌وه‌، بابه‌تی سه‌ره‌كی دانیشتنه‌كه‌ی مافی مرۆڤ بریتی بووه‌ له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌تۆماری مافی مرۆڤ له‌ عیراق، كوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقه‌وه‌ له‌پێشینه‌ی گرنگی پێدانه‌كانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی بووه‌.
جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌غداو شاره‌كانی باشوور له‌مانگی رابردودا نزیكه‌ی 147 كه‌س كوژراون، له‌ شه‌پۆلی دووه‌می خۆپیشاندانه‌كان له‌ 25ی ئوكتوبه‌ره‌وه‌ 100 هاووڵاتی تر كوژراون.

له‌ شه‌پۆلی دووه‌می خۆپیشاندانه‌كاندا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان راسته‌وخۆ غازی فرمێسك رژێنیان ته‌نها بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران به‌كارنه‌هێناوه‌،  به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی نادروست به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنراوه‌، كه‌ رێكخراوه‌كه‌ ئه‌مه‌ به‌كارێكی دڕندانه‌ وه‌سف ده‌كات.

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق به‌ڵگه‌ی كوشتنی 16 خۆپیشانده‌ری لایه‌ كه‌ به‌گازی فرمێسك كوژراون.

رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ ده‌كات، به‌وه‌ی كه‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ به‌كارهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌به‌غداو شاره‌كانی تر له‌دژی خۆپیشانده‌ران. ده‌شڵێت: له‌ 25ی ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ تا 4ی نۆڤمبه‌ر 97 كه‌س كوژراون.

PUKmedia ئاژانسه‌كان
و: عومه‌ر ره‌شید


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket