riklam

هەمووی گلەیی هەیە، ئەی حزب گلەیی لە كێ بكات ؟!

بیروڕا 06:42 PM - 2019-11-09
.

.

پارتی سیاسی؛ بریتییە لە كۆمەڵێك هاوڵاتی كە باوەڕیان بە ئامانجە سیاسی و ئایدۆلۆجییە هاوبەشەكان هەیه،‌ بە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و هێنانەدی بەرنامەكەیان، واتە كۆمەڵێك هاوڵاتی پێكەوە گرێ دەدات كە هەڵگری یەك تێڕوانینی سیاسین كە بریتییە لە تێڕوانینی حزب، واتە لە بنەڕەتدا حزبی سیاسی؛ وەك نێوەندگیرییەك وایە لە نێوان گەل و سستمی حوكمڕانیدا، بۆیە رۆڵی سەرەكی دەبێت لە دەسەڵاتدا كە گرنگترینی داڕشتنەوەی پێداویستییەكان و كێشەكانی هاوڵاتیان و خستنەڕووی پێشنیازەكانە بۆ چارەسەركردن و گەیاندنێتی بە لایەنی پسپۆرو پەیوەندیداری دەسەڵات؛ بەشێوەیەكی یاسایی و رێكخراو.

لەو روانگەیەوە بنەماكانی حزب لە دوو خاڵی سەرەكیدا خۆی دەبینێتەوە یەكەمیان؛ ئایدۆلۆجی: واتە بیرۆكەو بیروباوەڕی هاوبەش و ئەولەویەتێك دەبێت كە لەڕێی بەرنامەكانییەوە‌ بگەیەنرێتە هاوڵاتیان. دووەمیان؛ رێكخستن: كە خۆی لە گشتگیری و بەردەوامیەتیدا دەبینێتەوە لەگەڵ بوونی تۆڕێكی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نەتەوەییدا.

گەر لە كوردستاندا تەنها لە رووی ئەو پێناسەیەوە خوێندنەوەیەك بۆ واقعی حزبی سیاسی بكرێت، ئەوا دەرئەنجام هەقیقەتی زۆری لێوە بەرجەستە دەبێت كە گرنگترینیان ئەوەیە هەر پارتێكی سیاسی لەپێناو خەڵك و بۆ خەڵك دێتە ئاراوە، بۆیە تا بەڵێن و خزمەت و پرۆژەكانی لەپێناوبەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی خەڵكدا بێت، تا راستگۆیی و دادپەروەری و شەفافیەتی ببێتە بەرنامەی كاری حزب، ئەوەندە جەماوەر لە دەوریدا  كۆ دەبێتەوە وخاوەن سەرمایەیەكی زۆری جەماوەری دەبێت.

لە لایەكی ترەوە گرنگی ئەندام و جەماوەری حزب لەوەدایە كە لە دەوری بەرنامەو پەیڕەوێكدا كۆدەبنەوە كە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتدایە و بەشێوەیەكی رێكخراو كارو پەیوەندییەكانی رێك دەخات.لەو نێوەندانەدا، ئەوەی بەدی دەكرێت گلەیی و چاوەڕوانی زوربەی ئەندامانە لە حزب،بۆیە پرسیاری جدی ئەوەیە ئایا حزب كێیەو وگلەیی لە كێ بكات؟

شتێكی بەدیهییە  كە هەموو  ئەو ئەندامانەی لە حزبدان شێوازو رێگەی جیاواز دەگرنە بەر؛ لەڕێی چالاكی و بەرنامە و بەپێی پەیڕەو كار بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و كۆمەڵ دەكەن، هەر ئەو كارە باشانەیشە وا دەكات حزب لای جەماوەرخۆشەویست بێت و لە هەمان كاتدا  ببێتە جێی متمانەی زیاتری جەماوەر، بە واتایەكی دیكە هەمیشە كادرەكانن كە حزب جوان و خۆشەویست دەكەن، ئەوەش بە ئینتمابوونیان دەبێت بۆ پەیڕەو پرۆگرامەكەی، نەك بۆ سەركردەو كوتلەیەك یان دەستەگرییەكی دیاریكراو، هەروەهابە پەروەردەكردنی كادرەكانی دەبێت بە هەڵگری بەهای ئەخلاقی و مرۆیی و بیروباوەری نیشتمانپەروەرێتی، و بە كاروكردەوەی خزمەت و بەرهەمهێن دەبێت، نەك بە مشەخۆری لەسەر حزب، بە هەڵوێستی بوێرانەو راستی وكۆدەنگی دەبێت لەسەر پرۆژەو بەرژەوەندی گشتی؛ نەك بە ریاییكردن و ستایش و بێدەنگی بەپێی ئەو پەندەی دەڵێت "دەست بە كڵاوی خۆتەوه بگرە‌ تا با نەیبات" بەشێوەیەك هەر ئەو جۆرە رەفتارانەی ئەندامان و خەڵكە وا دەكات ببێتە هەڵقولاوی كەسانێك یان سەركردەی دیكتاتۆر و پێچەوانەكەیشی هەر راستە.

لە دۆخ و واقعی ئێستای ناو حزبدا پەیوەندی و تێڕوانینەكانی لەنێو ئەنداماندا هەن پۆلێنی جۆر بەجۆر بەخۆوە دەبینن لەوانە؛ هەندێك  كەس هەن حزبیان دەوێت بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان، واتە ئامرازێكە بۆ گەیشتنی بە دەسەڵات و پۆست و بەرزكردنەوەی ئاستی دارایی و بژێوی ژیانی كە دەرئەنجامیش بەهۆیەوە بۆشایی و مەودایەكی گەورە لە نێوان خۆی و جەماوەردا دروست دەكات كە سەرئەنجام نە بە زەنگی تەلەفۆنەكەی دەستدەكەوێت و نە لە ماڵ و نە بە مەوعدو نەلە شوێنی كاریشیدا. هەندێكی دیكە پێی وایە ریایی و ستایشكردن بۆ بەرپرس و دەسەڵاتداران یان كوتلەیەكی دیاریكراو سەنگی مەحەكە بۆ گەیشتن و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی رازیكردنی تاك و لایەنەكاندا دەبێت لەپێناو مانەوەیدا، بێ گوێدانە پرنسیپەكانی حزب. هەندێكی تر پێیان وایە بە بێدەنگبونیان خزمەتی خۆیان و دەستەودایەرەكەیان دەكەن، بۆیە دەبێتە هۆی چەواشەكاری راستییەكان و شێواندنیان و هەمیشە لە هەوڵی راپۆرت و ووتی ووتی دەبێت لەپێناو درێژەدان بە مانەوەی، و هەروەها هەندێك دیكە پێی وایە حزب ئامرازێكە بۆ گیرفان پڕیو دەوڵەمەندی و پایەبەرزی و پۆزلێدان و جیاكاری، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی زیادكردن و كەڵەكەبوونی موڵك و ماڵدا دەبێت، هەندێكی تریش  هەن هەمیشە هەست بە مەغدوری و بێبەشی و قوربانی دەكەن، لەو روانگەیەی پێیان وایە  دەبێت حزب هەمیشە لە پۆستێكەوە بیگویزێتەوە بۆ پۆستێكی تر، بۆیە گەر دەرئەنجامەكەی بەخواستی ئەو نەبێت، ئەوا لە ئەنجامدا یان یاخی دەبێت و دەتۆرێت، یان لە ماڵەوە دادەنیشێت و واز دەهێنێت یاخود دەستلەكاركێشانەوەیەك دەدات بە تەنەی حزبەكە، یان رقی هەڵدەستێت و دەچێتە ناو حزبێكی دیكەوە یاخود گەر هێزێكی كەمیشی هەبێت حزبێك دروست دەكات، ئیدی سەنگەر گواستنەوە دەبێتەچەكێكی دەستی كە هەڕەشەی حزبەكەی پێ دەكات؛ لەپێناو وەرگرتنی باشتردا یان بە دیوێكی دیكەدا دەكەوێتە زەم و زەمكاری و قسەو باس بە سەر‌تاپای حزبەكەدا دەدات.هتد

لەگەڵ هەموو ئەو تێڕوانین وهەڵوێستە نەرێنیانەدا ئەوەی دەگوترێت و دەگوزەرێت لەو نێوەندانەدا ئەوەیە كە زۆرێك لەوانە خۆیان بە عەیاری(24)حزب دەزانن و كەسانی تریش كە هەڵگری ئەو خەسڵەتانە نین بە پێچەوانەكەی دەبینن؛ ئەمە لە كاتێكدا ئەو كەمینەیەیە كە پێچەوانەی ئەواننو‌ هەڵوێستی ئەرێنییان هەیە لە هەر حاڵێكدا كە بكەوێتە ئەو دۆخەوە، واتە بە دەرنەچوونی لە هەر هەڵبژاردنێكدا بێت یان بە دانەنانی لە هەر پۆستو پلەیەكدا بێت یاخود گەر هەڵگری هیچ پلەو پایەیەكی حزبیش نەبێت؛ هیچ كام لەوانە نایانوەستێنێت و تووشی لادانیان ناكات بە یەكێك لەو بارانەی پێشتر ئاماژەم پێكردن، ئەوەش لە روانگەی متمانەبوونێتی بە خود وەك توانا و باوەڕبونێتی بە پەیڕەوو پرۆگرام و بیروباوەرو ئایدۆلۆجیای حزب لەپێناو گشتدا؛‌ بەدوور لەهەر شتێكی تر، بۆیە بە ئەركی خۆی دەزانێ شێوازی جیا بگرێتە بەر بۆ خزمەتكردنی گشت و پرۆژەی خزمەتگوزار لەخزمەتی هەموواندا؛لەو روانگەیەی‌ باوەڕی وایە ئەم رێگە راستەیە كە دەبێت لە لایان كادرەكانەوە پەیڕەو بكرێت و خۆشەویستیو باوەڕی جەماوەر ببێتە ئامانج و بەو شێوەیەش  زیاتر خزمەت بە حزبەكەی دەكات‌، ئەمە جگە لەو راستییەی  دەكرێت حزب بتوانێت پۆست بۆ ژمارەیەكی دیاریكراو لە ئەندامان دیاری بكات؛ نەك بۆ گشت؛  بۆیە بوونی باوەڕبوون بە ئایدۆلۆجیا و بەرنامە و پەیڕەوی حزبە وا دەكات باوەڕت بەوە بێت كە كەناڵی جیا بۆ خزمەتكردنی فرەبوارو فرە لایەن  هەیە ‌و پێویستی بە توانا و لێهاتوویی وكارامەیی كادرەكانێتی، واتە كادرە ئاڕاستەی حزب دەكات كە جوان و باش و خزمەتگوزارو خوازراو بێت لەئاست خەڵكدا و بێگومان پێچەوانەكیشی  هەر راستە.

لەو روانگانەوە گرنگە ئەو كەسانەی خۆیان بە خاوەنی عەیارە بیستوچوارەكان دەزانن ئەوە بزانن كە:حزب لە هەر كۆمەڵگەیەكدا بێت ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان؛ نەك خودی ئامانجەكان بێت، ئامرازەكانیش میكانیزمی جۆربەجۆری هەیە كە ئەركی ئەندامەكانێتی بیگرنە بەر لە كات و شوێنی گونجاودا، بێ لادان لە بەها و بیروباوەڕ و راستی و مەعریفە و پێوەرو ئەخلاقەكان، ئیدی لەو نێوەندەدا كارو چالاكی و پرۆژەكان و گەیاندنی پەیام و خزمەتەكانن دەبنە سەنگی مەحەكی ئەندامێتی وئەوەشە حزبەكە باشترو تایبەتمەندتر و خۆشەویستر دەكات و خۆی دەسەپێنێت، بۆیە لە كۆتاییدا تۆی وەك ئەندام كە ناسنامەی تازە بە حزبەكە دەبەخشێت  و لە نوێكردنەوەیدا دەبیت وەك كادر، و ئەوە سستەم و بەرنامەی حزبیشە كە دەبێت كادرەكانی پێ بگەیەنێت و بەپێی پێوەرو تواناو لێهاتوویی پۆلێنیان بكات بۆ شوێنی شیاو و گونجاو، ئیدی لەو نێوەندەدایە كە شتێك نامێنێتەوە بۆ گلەییكردن لە لایەن كادری راستەقینەوە، چونكە بە بڕوای من كاتێك ئەندام تەنها  وێڵ بوو بە دوای پۆست ، و رەدوو كەوت بەدوای بەرپرسان، و لەخەمی بەرژەوەندییە تایبەتەكانیدا خۆی بینییەوە و بە دەمی خۆی و داوای خۆی و راكردنی خۆی و بگرە تەنازولكردنەوە داوای پۆست و پلەو پایەی كرد، ئەوە ئەو ساتە وەختەیە كە شتێك نامێنێتەوە بۆ بەها مرۆییەكان و مەودایەك نامێنێتەوە بۆ پاراستنی كەرامەت و رێز و كەسایەتی، هەروەك چۆن قەوارەیەكی سیاسی و سستماتیك بوونی نابێت بەناوی حزبی سیاسییەوە.

 

PUKmedia  كنێر عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket