riklam

لەدایکبوون و ژیان لە پێش مردنەوەن

ریپۆرتاژ‌ 06:25 PM - 2019-11-07
.

.

ڕێژەی مردن لە هەرێمی كوردستان لە شەش كەسەوە كەمی كردووە بۆ چوار كەس، بە پێی ئەو داتا و ئامارانەی كە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردووەتەوە، ڕێژەكە بەردەوام ڕوو لە دابەزینە، هۆشیاریی تەندروستی لای هاووڵاتییان و نەمانی شەڕی داعش و نەمانی نەخۆشییە كوشندەكان لە ناو منداڵان هۆكاری داكشانی ڕێژەی مردنن.

بە پێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێم لە ساڵی پاردا (2018)، 16 هەزار و 359 كەس مردوون، بە بەراوردی ساڵی 2017 ڕێژەی مردن كەمی كردووە كە 17 هەزار و 371 كەس مردوون، بەڵام ئاماری ئەمساڵ (2019) ناخرێتە ڕوو تا كۆتایی ساڵ تەواوی ئاماری هەرێم بە مردن و لەدایكبوون كۆ دەكرێتەوە.

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستغ وتی: ״ناڵێین كەرتی تەندروستیی هەرێم بە شێوەیەك پێشكەوتووە كە هۆكاری كەمبوونەوەی ئەم ڕێژەیەن، بەڵام بەرچاوڕوونیی هاووڵاتییان و سەردانكردنیان بۆ بنکە تەندروستییەكان وای كردووە هاووڵاتییان زیاتر تەندروستیی خۆیان بپارێزن״.

״زۆرترین ڕێژەی مردنیش لە نێوان تەمەنی سفر بۆ پێنج ساڵان بووە، ئێستا ڕێژەكە كەمی كردووە، هەرچەند ئەم تەمەنە تا چەند ساڵی ڕابردوو لە هەموو جیهان باو بوو، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەكە بە گشتی كەمی كردووە  بە هەرێمیشەوە، كە كەرتی تەندروستی لەم ڕووەوە ڕۆڵی هەبووە״.

هەر بە گوێرەی هەمان داتا، ڕێژەی لە دایكبوونیش بەرزە، كە لە ساڵی پاردا 150 هەزار و 19 منداڵ لە دایك بوون و ساڵی پێشتریش 149 هەزار و 636  لەدایكبوون تۆمار كراوە.

محەمەد قادر دەڵێت: ״لە بەرامبەر كەمبوونی ڕێژەی مردن، ڕێژەی لەدایكبوونیش بەرزە بە هەمان ڕێژە واتا لە چوار كەسەوە زیادی كردووە بۆ شەش كەس و لە كاتی لەدایكبوونی منداڵان كوتانیان بۆ دەكرێت و هۆشداریی تەندروستی دەدرێت بە دایكان و باوكان ئەمەش هۆكاری نەمانی زۆربەی نەخۆشییە باوەكانە لە نێوان منداڵان״.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەستکەوتوە ساڵانە 3 ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێم بۆ چارەسەر و پاراستنی تەندروستییان سەردانی بنكە تەندروستییەكان دەكەن و لە نەخۆشخانەكانیشدا شەش ملیۆن پشكنینی تەندروستی دەكرێت.

بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی پار ڕێژەی مردن لە هەر هەزار منداڵێك بۆ هەر پارێزگایەك (15) منداڵ بووە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2013دا لە هەزار منداڵدا ژمارەی ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە بۆ هەر پارێزگایەك 24 منداڵ بووە.

مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی وتی: ״ڕێژەی درێژیی تەمەن بەراورد بە هەموو شارەكانی عێراق زیادی كردووە كە بە تێكڕا درێژیی تەمەن لە هەرێم لە ئێستادا لە 75 ساڵ زیاترە، ڕێژەی مردنیش لە نێوان منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵ بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، ئەمەش بە هۆی كوتان دژی ئەو نەخۆشییانەی كە دەبێتە هۆی مردن لە نێوان ئەم چینەی كۆمەڵگە و نەمانی نەخۆشییە كوشندەكانی وەكو مەلاریا و سورێژە و كۆكەڕەشە و ئیفلیجی، كە ساڵانە ڕێژەیەكی زۆر لە منداڵان بە هۆی ئەم نەخۆشییانەوە گیانیان لە دەست دەدا״.

لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی تیمەكانی بڵاو دەكاتەوە بۆ كوتان دژی ئەم نەخۆشییانە و ٩٦%ی منداڵان كوتانیان بۆ كراوە و پێش لەدایكبوونیش دایكان كوتانیان بۆ دەكرێت بۆ زیادبوونی بەرگریی منداڵەكانیان دژ بە نەخۆشییەكان.

نەمانی شەڕی چەند ساڵەی تیرۆریستانی داعش هۆكارێكی تری كەمبوونەوەی ڕێژەی مردنە، كە لە چوار ساڵی شەڕی داعشدا 1700 پێشمەرگە شەهید بوون.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket