riklam

د.رێواز فایه‌ق: 300 هەزار خانوو دەبێتە موڵکی هەژاران

کوردستان 05:37 PM - 2019-11-07
.

.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2019/11/7، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی كرد له‌ ئه‌لیس وڵبۆڵ جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن  له‌ عیراق و شاندی یاوه‌ری كه‌ پێكهاتبوو له‌ ڕیكاردۆ ڕۆدریگز به‌رپرسی نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووكان له‌ هه‌ولێر و فرانسیس ڕیڤالتۆ لاناو به‌رپرسی به‌شی سیاسی.

له‌ دیدارێكدا به‌وردی له‌باره‌ی دواپێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عیراق و دۆخی نه‌خوازراوی خۆپێشاندانه‌كان و داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانی عیڕاق گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا،  سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای عیڕاق به‌گشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران له‌ عیراق په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سێكته‌ره‌  جیاوازه‌كانی حكومه‌تدا كه‌ تایبه‌تن به‌ ژیان و گوزه‌رانی عیراقییه‌كان، به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانه‌كان كاریگه‌ریی خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر ژیان و ئاسایشی عێراقییه‌كان به‌گشتی و پڕیشكیشی به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها كار ده‌كاته‌ سه‌ر لایه‌نی ئابووری و ئاسایشی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان  له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ئاواره‌بوون و ڕووتێكردنی هاووڵاتییانی باشووریش له‌ ئارادایه‌ به‌هۆی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ی كه‌ خۆپێشاندان به‌دوای خۆیدا هێناویه‌تی، ئێمه‌ خوازیارین هه‌موو كێشه‌كان به‌ لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، دوور له‌هه‌موو توندوتیژییه‌ك و پاراستنی مافی هاووڵاتییان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیرییه‌كی سه‌رتاسه‌ری".

سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ نووسینه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عیڕاقیش، د.ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاند: "دووباره‌ نووسینه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوور له‌ كه‌شێكی ئارام و سه‌قامگیردا بكرێت باشتره‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌لومه‌رجێكی ته‌مومژاوی و ناسه‌قامگیر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وەشدا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ لیژنه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌دا مافی هه‌رێمی كوردستان و سیسته‌می فیدڕاڵی و په‌رله‌مانی پارێزراوبن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له‌ پاراستنی هه‌رێمه‌كان و پێكهاته‌كان له‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ ده‌كرێن".

له‌باره‌ی ئیشوكاره‌كانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گووتی: "ئێمه‌ ده‌ستمان كردووه‌ به‌جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خۆمان و تا ئێستا چه‌ند پڕۆژه‌یاسایه‌كمان ده‌ركردووه‌، له‌وانه‌ یاسای به‌جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژیی شنگال، هه‌روه‌ها یاسای ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه‌ به‌نایاسایی دروستكراون، كه‌ به‌په‌سه‌ندكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ نزیكه‌ی 300000 خانووه‌ ده‌بن به‌موڵكی خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان خه‌ریكی پڕۆژه‌یاسای بیمه‌ی كشتوكاڵییه‌، به‌پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش سه‌ندوقێك دابین ده‌كرێت بۆ پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می خۆماڵی و وه‌ستانی كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی له‌ سێكته‌ری كشتوكاڵدا".

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌لیس وڵبۆڵ جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد بۆ هه‌موو ئه‌و ڕوونكردنه‌وانه‌و شیكارییه‌ واقیعبینانه‌ی كه‌ پێشكه‌شیكردن و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ لێیان كرا.

PUKmedia راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket