riklam

خوێندنی باڵا: هەموو هەوڵێك بۆ پەرەپێدانی توێژینەوە دەخەینەگەڕ

کوردستان 11:58 AM - 2019-11-06
.

.

لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بەشدارانی سێیەمین كۆنگریسی نێودەوڵەتی خوێندنی كوردی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بۆ هاندانی توێژەران و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە زانكۆكانی كوردستان، لە كارنامەی چوار ساڵی كاركردندا تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ توێژینەوەی زانستی لەخاڵە سەرەكییەكاندایە.

ئەم لێدوانەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەمیانی كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ بەشدارانی سێیەمین كۆنگریسی نێودەوڵەتی خوێندنی كوردی، كە لەلایەن ئینیستیوتی كوردی لە پاریس، بەهاوكاری زانكۆكانی كۆیە و زاخۆ بە پشتیوانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامدرابوو.

لە كۆبونەوەكەدا، كە كەنداڵ نەزان سەرۆكی ئینستیوتی كوردی لە پاریس و نەزەند بەگیخانی و، د. وەلی محمد سەرۆكی زانكۆی كۆیە و، د. داود سلێمان بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازە و پرۆژەكان لە وەزارەت و، ژمارەیەك لە توێژەرانی نێودەوڵەتی ئامادەیبون، بەشداران ئاماژەیان بە كارەكانی بەڕێوەچونی سێیەمین كۆنگریسی كوردی كرد، بەتایبەت ئەو بابەت و تەوەرە گرنگانەی خراونەتەڕو و، واش بڕیارە لە ڕاسپاردەكاندا بخرێتە بەردەستی وەزارەت بەمەبەستی پەسەندكردن و خستنە بواری جێبەجێ كردنەوە.

د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا وێڕای بەرزنرخاندنی وەها كۆنفرانسێكی زانستی لەزانكۆكانی كوردستان، كە ئامانج و ستراتیژی سەرەكی كارەكان بریتییە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی لەبارەی زمان، ئەدەب، كلتور، مێژو، جێندەر، كۆمەڵگە، شوێنەوارناسی، و ڕۆڵی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات، ستایشی ئەو هەوڵەی ئینستیوتی كوردی لە پاریس كرد.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: گەلی كورد بەدرێژایی مێژو هەوڵی داوە بەگونجاندن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوبەشیكردن لە پڕۆژە و كاری پێكەوەیی وڵاتان دۆست و هاوكاری گەلەكەمان بوون، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی وڵاتان بۆ گەلەكەمان لەلایەك بە پێویست و لەلاكەی تریشەوە جێگەی سوپاس و رێزە، بۆیە بە هەمو شێوەیەك پشتیوان و هاوكاری كۆنفرانسەكەتان بوین و چاوەڕێی ڕاسپاردەكان دەبین و بە گرنگەوە كار لەسەر خاڵ و بڕگەكانی دەكەین.

هەر لە وتەكەیدا، د. ئارام محمد قادر ئاماژەی بە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هاندانی توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەكانی دونیا كردو وتی: لە كارنامەی چوار ساڵی كاركردندا تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ توێژینەوەی زانستی لەخاڵە سەرەكییەكاندایە و هەموو هەوڵ و پشتیوانیەك بۆ پەرەپێدانی ئاستی توێژینەوە لە وڵاتەكەمان دەخەینەگەڕ.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەشدا بەشداران چەند سەرنج و تێبینیەكیان لەبارەی كارەكانی دو رۆژی كۆنگریس و چەند بابەتێكی تر خستەڕو.

جێگەی ئاماژەیە رۆژی دوشەمە رێكەوتی 4-11-2019، سێیەمین كۆنگریسی نێودەوڵەتی خوێندنی كوردی بەڕێوەچو و، تیایدا د. داود سلێمان نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكردو تیایدا ئاماژەی بە چەند تەوەر و بابەتێكی گرنگ لەبارەی كۆنگرێسەكە كرد.

PUKmedia راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket