riklam

ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی کوردستان

کوردستان 04:13 PM - 2019-11-05
.

.

ئه‌مڕۆ 5-11-2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركۆماری عیراقی فیدرال، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ئه‌نجام درا بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی.

سه‌رجه‌م به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری ڕووداوه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و ئیداریی عێراقدا ڕووده‌دات، ده‌رئه‌نجامی كه‌موكوڕیی كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ندین ساڵه‌ی حوكمڕانی و جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور بووه‌، بۆیه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ڵسه‌نگێندرا، هاوكات داكۆكی له‌ مافی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی هاووڵاتییان له‌ داواكردنی مافه‌كانیان كرایه‌وه‌، وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر قوربانیانی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی عیراقن و پشتیوانن كه‌ حكوومه‌تی عێراق ڕێكاره‌ پێویسته‌كان بۆ چاكسازی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان بگرێته‌ به‌ر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پاراستنی سه‌قامگیریی عیراق و دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی به‌ پێویست زانرا، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و هێزه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر عێراق، به‌تایبه‌تی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.

ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هاوهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر بۆ‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی عیراق به‌گشتی و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی پێكهاته‌كان. له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی عیراق له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی حوكمڕانییه‌كی دروست و هێنانه‌دی چاكسازی و ره‌چاوكردنی مافی هه‌موو پێكهاته‌كان، كرایه‌وه‌.

بابه‌تی داواكاریی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عیراق، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌شدابووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیان‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستووردا ده‌بێت سیسته‌می فیدراڵی و ماف و ئازادییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عیراق و ماف و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستووریه‌كه‌ی پارێزراو بن.

به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌كانی، پاراستنی سه‌قامگیری و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌بێت و پشتیوانیی چاكسازییه‌كان له‌ عیراق ده‌كه‌ن، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو كوردستانییان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی كار ده‌كه‌ن و ده‌سكه‌وت و به‌رژوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌پارێزن.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket