riklam

هەمواركردنەوەی دەستور ...

بیروڕا 07:20 PM - 2019-11-04
.

.

 هەمواركردنەوەی دەستور ...
مەترسیە ڕاستەقینەكە بۆسەر كورد !

ئاشكرایە لەساڵی 2005دا بۆ یەكەم جار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقیدا دەستورێكی هەمیشەیی نوسرایەوە،چونكە بەدرێژایی 83 ساڵ تەمەنی ئەو دەوڵەتە  لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاساڵی 2003 هەر لەسایەی دەستوری كاتیەوە بەڕێوەبراوە بە قۆناغەكانی پاشایەتی و كۆماریەكانیشەوە.بەڵام لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی لە ساڵی 12003دا،ئیدی عێراقی نوێ‌ پێویستی بەدەستورێكی نوێی مۆدێرنی موتوربەكراو بە بەها مرۆڤایەتی و بە دروشمەكانی سەردەم لە دیموكراسی و ئازادیەكان و كاری پێكەوەیی و سیستەمێكی حوكمڕانی پەڕلەمانی و دەستەجەمعی هەبوو، نەك تاكڕەوی و تاك حیزبی ،دەستورێك كە میكانیزمی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و پارێزگاكان بەناوەندەوە ڕێكبخات بەشێوەیەی فیدڕاڵی و دەسەڵاتەكان هەمووی بەرتەسك نەكرێتەوە لە پایتەخی بەغدادا، بەڵكو جۆرێك لە نامەركەزیەت هەبێت و دادپەروەریش هەبێت لەدابەشكردنی سەروەت و سامان و داهاتی وڵاتدا بەبێ‌ جیاوازی نەتەوە و ئاین و مەزهەب و پێكهاتە و ناوچەكاندا.بەم شێوەیە دەستوری نوێی عێراق تاڕادەیەك دەستورێكی كراوە و گونجاو بوو بۆ ئەو قۆناغە نوێیەی عێراق  كە نزیكەی 12 ملیۆن عێراقی بەهەموو پێكهاتە جیاوازەكانەوە دەنگی بەڵیان پێداو پەسەندیان كرد. ئەوەتا 16 ساڵە لەسایەی ئەم دەستورە هەمیشەییەوە  بەنیوە ناچڵی و بە نابەدڵی عێراقی نوێ‌ بەڕێوەدەبرێت.

لەئێستادا و لەگەرمەی خۆپیشاندانە جەماوەریەكەی عێراق و بەتایبەتی پارێزگا شیعە نشینەكانی ناوەڕاست و باشووردا،دروشمی هەمواركردنەوەی دەستور بەرزكراوەتەوە ،جا لێرەدا ئەو پرسیارانە سەرهەڵدەدەن،ئایا ئەم داواكاریە سیاسیە یان جەماوەریە ؟ ئایا دەستور بۆتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان یان گەندەڵی و بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاریەكان؟ ئایا كەموكوڕی لە دەستورەكەدایە یان لە جێبەجێكردن و پیادەكردنەكەیدایە لەلایەن دەسەڵاتداراە دەستڕۆیشتوەكان لەحیزب و سەركردە سیاسیەكانەوە ؟ ئایا هەمواركردنەوەی دەستور فریاد ڕەسی هەموو داواكاریەكانی خۆپیشاندەرانە و عێراق ڕزگار دەكات و بەرەو كەناری ئارامی و خۆشوگوزەرانی دەبات؟ یانیش هێندەی تر عێراق ڕووبەڕووی لێكهەڵوەشان و لێكترازان و دابەشبوونی ڕاستەقینە دەبات؟ و دەیان پرسیاری تریش.

بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە گەرەكە چەند ڕاستیەك دەربارەی دەستوری عێراق باس بكەین بۆ بەرچاو ڕوونی هەموان و ئەوساش وەڵامەی پرسیارەكان بدەینەوە. سەرەتا ئەو دەستورە تەواو كامڵ و بێكەموڕی  دەستوری و یاسایی نیە و وەڵامدەرەوەیەكی ڕاست و ڕاستەقینەی هەموو داواكاری پێكهاتە جیاوازەكانیش نیە،بەڵكو هەموان بەناچاری پێڕازیبوون و لەبەر ئەو قۆناغە پڕ مەترسیەی ساڵی 2005 و دواتریش ،چونكە عێراق لەگەرمەی فەوزا و بێسەروبەری و بێ حكومەتی و دەستور و یاسادا بوو،ڕووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و تیرۆریستان ببوەوە،بۆیە هەموان بەناچاری بەو دەستورە ڕازیبوون وەك دەروازە و دەرچەیەكو وەكو دەسپێكێكیش بۆ دامەزراندنەوەی هەموو ئۆرگانەكانی سیستەمی حوكمڕانی لە عێراقی نوێدا جیا لە سیستەمە حوكمڕانیە تاكڕە و شموڵی و خۆسەپێن و زاڵم و چەوسێنەری بەعسیەكان،بەهەمان شێوە كاری هەمواركردنەوەی دەستوریش كارێكی ئاسایی و یاساییشە لەدوای ئەوەی كە تێبینی كرا لەسەر زەمینەی واقع كەموكورتی تیادایە و دەكرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا هەموار بكرێتەوە،بەمەرجێك ڕەزامەندی هەموان لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكان جێگەی ببێتەوە و هیچ لایەنێك هەست بە مەغدوری و كەنارخستن و پەراوێزخستن نەكات و هەست بكات كە داواكاری و مافەكانی ڕٍێزیان لێگیراوە.

بەڵام ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەكرێت ئەوەیە كە ئەم داواكاریە لە داواكاریەكی جەماوەریەوە بۆتە داواكاریەكی سیاسی لەلایەن سەركردە سیاسیەكانە بەزركراوەتە كە نیەتی ڕاستۆگۆیانەیان قۆرخكردنی دەسەڵاتە و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی تاكڕەوی و خۆسەپاندن و كەنارخستنی ئەوانی تر نەك هاوبەشی و پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگای عێراقی.هەربۆیە ئەوەی داوادەكرێت ((یقول الحق و یراد به الباگل))، هەموانیش باش دەزانن كە دەستور  و كەموكوڕیەكانی نەبونەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی خۆپیشاندەران بەڵكو ئەوە گەندەڵی دەسەڵاتدارانی 16 ساڵی ڕابوردوە كە نەیانتوانیوە سەرەتایترین خزمەتگوزاریەكان پێشكەش بكەن و وڵات ئاوەدانبكەنەوە و بێكاری نەهێڵن بەڵكو ئەوان بونەتە هۆكاری زیاتر وزیاتر دواخستن و هەژاركەوتن و بڵاوبونەوەی جۆرەها دیاردەی قێزەون لەناو كۆمەڵگادا و عێراقیان گەڕاندۆتەوە بۆ دواوە بە دەیان ساڵ لەهەموو بوارەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ..هتد.هەربۆیە ئەم دەستورە گەر وەكو خۆی و بە ڕۆح و دەقی دەستورەكە كاربكرایە ئەوا بەدڵنیایی نە خۆپیشاندان سەریان هەڵدەدا و نە ناڕەزایی و نە گەندەڵی و  نە بێكاری و نەهەژاری و ..هتد بونیان نەدەبوو،بەڵكو ئەوە عەیبەی دەسەڵاتداری گەندەڵكارانی عێراقە لە زۆرینەی شیعە مەزهەب و سونە و كوردیشەوە كە نەیانتوانیوە سەروەت و سامانی عێراق بپارێزن و بیخەنە خزمەتی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنی وڵاتەوە.

ئەم دەستورە كە لە 6 باب و 12 فەصڵ و 144 مادە پێكهاتوە ،بەهەموو پێوەرە دەستوریەكانی جیهانی و وڵاتە پیشكەوتوەكانەوە تاڕادەیەكی زۆر دەستورێكی كراوە و مۆدێرن و ڕ ێزگرتنی مافەكانی تاك و كۆمەڵ و كۆمەڵگای تیادا بەرجەستكرابوو، و دەستەبەری ئازادی و دیموكراسی و سیستەمێكی حوكمڕانی پێكەوەیی و مافەكانی مرۆڤ و ..هتد.بوە، بەڵام كە دەسەڵاتدارە گەندەڵەكان نەیانویستوە  بەویستی خۆیان یان بە فشار و دەستێوەردانی دەرەكی ناوچەیی و دونیایی جێبەجێی بكەن،ئیدی عەیب لەدەستورەوە نیە.جا هەر هەموراكردنێكی دەستور كە نەچێتە خانەی خزمەتكردن بە ژیانی كۆمەڵگاوە ئەوا زیانی زیاتر دەبێت وەكو لە سوودەكان،وەك ئەوەی هەستیشی پێدەكرێت سەركردە سیاسیەكان باس لەهەموارێك دەكەن كە گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بگۆڕیت بۆ سەرۆكایەتی،كەبۆخۆی ئەم هەنگاو و داواكاریە تەنها لە پێناو گرتنە دەستی دەسەڵات و تاكڕەویە و هیچی تر،چونكە سیستەمی پەڕلەمانی سیستەمێكی دیموكراسیە و هەموان تیایدا بەشدارن و نوێنەرانی گەل دەسەڵاتدار و سەرچاوەی دەسەڵاتەكانن،بەڵام لەسیستەمی سەرۆكایەتیدا وەك ئەوەی توركیا و ئەردۆگان پیادەی دەكات گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی تاكڕەوی بەعسیەكانی تاك حیزب و تاك سەركردە.ئیدی هیچ مانایەك بۆ گۆڕانكاری و عێراقی نوێ نامێنیتەوە كە لەسەر پایە گرنگەكانی سیستەمێكی ((دیموكراسی و پەڕلەمانی و فیدڕاڵی و كاری پێكەوەیی )) بونیاتنراوەتەوە.
ئاشكراشە هەركات سیستەمی حوكمڕانی بوە سەرۆكایەتی ئەوكات دیموكراسیەت نامێنێت و لەجێگەیدا تاكڕەوی پیادەدەكرێت و هەركاتیش سیستەم بەدەست تاك حیزب و سەركردە یان نەتەوە و مەزهەبێكەوە بوو ئەوكاتیش حساب بۆ كاری پێكەوەی ناكرێت و شێوازی فیدڕاڵیش هەڵدەوەشێتەوە و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵ و زیاتریش بۆ دواوە و هەموو خەباتی چەندین ساڵەی گەلانی عێراق دەگەڕێتەوە خاڵی سفر و دەستپێكێكی خوێناوی و كاولكاری و زوڵم و چەوساندنەوە .هەربۆیەش ئەم جۆرە هەموارەی دەستور ،دەستور نەك ناكاتە فریاد ڕەس بۆ چارەسەری كێشەكان ،بەڵكو دەیكاتە گۆچانێك بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆ زیاتر خۆسەپاندن و بەرتەسككردنەوەی زیاتری ماف و ئازادیەكان و قەتیسكردن و داخستن و داخراوی ئاسمان و زەوی و دەریای عێراق و عێراق دەبێتە بەندیخانەیەكی فراوان و گەورە بۆ ڕۆڵەكانی  نەك ئەو بەهەشتەی كەهەموان خەونمان پێوەدەبین و هیچ خۆش و خۆشگوزەرانیەكیش وەدەستناخات.

هەربۆیە هەمواركردنەوەی دەستور بەو جۆرە و بەو نیەت و نیازە پێشوەختە خراپەوە دەبێتە مایەی ماڵوێرانی زیاتر و دڕدۆنگی و سەرهەڵدانی ناعەدالەتی و ناڕەزایی پێكهاتەكان و دووبارەش سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و خەبات و بەو پێیەش عێراق بەرگەی ململانێی زیاتر ناگرێت و ئەنجامیش بە جیابونەوە و دابەشبوونی خاك و گەلانی عێراق تەواو دەبێت.

لەم سەروو بەندی هەمواركردنەی دەستور وگۆڕینی سیتەمی حوكمڕانی بەگشتی،لەنێوان هەمواندا كورد زیانی گەورەی بەردەكەوێت،چونكە كورد بەشدار و شەریكێكی گەورە و كاریگەر بوە لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیدا و لە نوسینەوە و پەسەندكردنی ئەم دەستورەدا ،گەرچی هەموو داخوازیەكانیشی لەخۆنەگرتبوو،چونكە ناحەز نەیارانی كورد گەرەكیانە سەرەتا لەو مادەیەوە دەستپێبكەن لەمادەی 142 و بڕگەی //4 كە باس لە ڕەتكردنەوەی هەر هەمواركردنێكی دەستوری دەكات لە ڕاپرسیی جەماوەریدا بە زۆرینەی 2/3  سێ‌ پارێزگا هەر هەمواركردنێك ڕەتبكاتەوە بیگۆڕن چونكە باش دەزانن ئەمە لە قازانجی كورد و مافەكانی و مانەوەی دەسەڵات و قەوارەی هەرێم و هێزی پێشمەرگە و زۆر دەسكەوت و مافی تریشە. جا هەركات ئەم مادەیە گۆڕا و لابرا ئیدی دەستدەبەن بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و دواتریش كار بە دیموكراسی ناكەن و هەرواش كار بەبنەمای زۆرینە و كەمینە دەكەن و بنەمای كاری هاوبەش و پێكەوەیی ڕەتدەكەنەوە و دواجاریش  سیستەمی فیدڕاڵیش كەهەر لەسەرەتاوە بەدڵیان نەبوە هەڵدەوەشێنەوە و ئیدی مانایەك بۆ بوون و مان و قەوارەی هەرێمی كوردستان نامێنێتەوەو ئەوكاتیش پارێزگاكانی هەرێم دەبنەوە بە یەكێك لە 18 پارێزگاكەی عێراق و كوردیش دەنگ و ڕەنگ و قورسایی نەتەوەیی و دەستوریان نامێنێت و مادەی 140 دەستور هەڵدەوەشێتەوە یان دەگۆڕێت و هێزی پێشمەرگەش شكۆ و پیرۆزی نامێنێت و پشكی بودجە و مووچەی كوردستانیش وەكو هەموانی تری لێدێت و بەكورتی و بە كوردی ئەوە تەنها كوردە كە زیانی گەورەی بەردەكەوێت لەم هەمواركردنی دەستورەدا.

بۆیە ئەركی هەموو كوردە بە سەركردە و حیزب و جەماوەرەوە،كە یەك هەڵوێست و یەك دەنگ و ڕەنگ بن لەبەرامبەر ئەم مەترسیە ڕاستەقینەیەدا كە بەرۆكی كوردی گرتوە،ئەگینا بە جیاوازی و ناتەبایی و دڕدۆنگیو پەرتوبڵاوی نێو ماڵی كورد هەموو دەسكەوتەكانمان لەكیس دەچێت.و ئەوكاتیش پەشیمانی دادی هیچ لایەك نادات و دەبێت بەدیار گڵكۆی خەبات و شەهید و قوربانیەكانەوە جارێكی تر خوێن و فرمێسك هەڵبڕێژینەوە،كە ئەم كارەش نە خوا و نە خەڵكی خۆمان و نە نەوەكانی ئایندە و نەمێژووش لەم سەركردە و حیزبە سیاسیانەی ئەم قۆناغەی قبوڵ ناكەن،بۆیە ئەم قۆناغە پێویستی بەنەرمی نواندنی زیاتر و لێكتێگەیشتن لە مەترسیەكانی عێراق و ناوچەكە و دونیاش هەیە و هیمەتێكی خەمخۆرانە و كوردانەی ڕاستەقینەی گەرەكە نەك هەڵپەكردن بۆ دەسكەوتی مادی و پلەو پۆست و ئیمتیازاتی بێ بەها بە بەراورد بە بەها نیشتیمانی و نەتەوەیی و مافە ڕەواكانمانەوە.وەك دەڵێن ((ئەو كەسە كەسە ئەلفێكی بەسە)) و با عیبرەت لە مێژوو و هەڵەكانی ڕابووردومان وەربگرین.

نەوزادی موهەندیس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket