riklam

توركیا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دەدات

کوردستان 06:42 PM - 2019-11-04
.

.

ئەمڕۆ 4/11/2019 روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ هێزەكانی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی رۆژانە كاری ناڕەوا بەرامبەر بەهاوڵاتیان ئەنجام دەدەن و خەڵكی عەفرین و ناوچەكە ناچار دەكەن خانوو ماڵیان بەجێ‌ بهێڵن.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ وتی: ئەم كارو هەڵسوكەوتانەی ئەو ملیشیایانە پلان بۆ داڕێژراوەو دەیانەوێت دیمۆگرافیاو پێكهاتەی دانیشتوانی ناوچەكە بشێوێنن و تێكی بدەن، روانگەكە ئاماژەش بەوە دەكات كە بەڵگەی بڕواپێكراویان لایە كە توركیا پلانی هەیە بەتەواوەتی شاری عەفرین و ناوچەكە لەكورد چۆڵبكات و رێگەش نەدات بەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان.

روانگەی سوری دەشڵێت: میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە توركیا رۆژانە تاوانی جەنگ دەرهەق بەهاوڵاتیانی سڤیل لەعەفرین ئەنجام دەدەدەن و خەڵكی دەترسێنن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە پێشێلكارییەكانی ئەو گروپە چەكدارانە راستەوخۆ بە فەرمانی هەواڵگری توركیا لەدژی ئەوخەڵكانەی كە تائێستاش لەناوچەكە ماونەتەوە ئەنجام دەدرێت ناچار دەكرێن شارەكە بەجێ‌ بهێڵن.

روانگەی مافەكانی مرۆڤ دەشڵێت: هەرچەندە وڵاتی توركیا ئەم هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە كار لەسەر  گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بكات،بەڵام بەبەرچاوی ئەو وڵاتەو بەسەرپەرشتی راستەوخۆی خۆیان  رۆژانە پێشێلكاری زەق دەكرێت ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە توركیاو لایەنەكانی سەر بەو وڵاتە بەپلانێكی داڕێژراوو وورد، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و ناوچەكەیان هەیە، ئامانجشیان ئەوەیە لەجێگەی خەڵكی رەسەنی شارەكە خەڵكانێكی تێدا نیشتەجێ‌ بكەن كە سەر خۆیانن.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ هۆشداری دەدات كە پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیا هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر پێكهاتەكانی سوریاو كاریگەریشی لەسەر تێكڕای خەڵكی ناوچەكە دەبێت.

بەپێی سەرچاوە فەرمیەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، نیوەی دانیشتوانی ناوچەكە كە ژمارەكەی 320 هەزار كەسە لەبەر شاڵاوە سەربازییەكانی توركیا هەڵاتوون و ئاوارە بوون، میلیشیا لایەنگرەكانیان كەوتونەتە  دزی و تاڵانكردن.

روانگەی سوری راشیگەیاند: لەپێناو رێگریکردن لە پرۆسەی شێواندنی دیمۆگرافیای ناوچەكە، داوا لە خەڵكی  ناوچەكەدەكات بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و خاكی خۆیان و چیتر ژیانی ئاوارەیی بەسەر نەبەن، ناوچەكەشیان نەبێتە مۆڵگەیەكی تری سەر بەتوركیا كە خەڵكانێكی تێدا نیشتەجێ‌ كراون كە بێگانەن بەخاكەكەیان.
روانگەی مافی مرۆڤی سوریا میلیشیاكانی سەر بە توركیا لەشاری عەفرین  تۆمەتبار دەكات بەوەی رۆژانە كاری قێزەون هەر لەكوشتن و رفاندن و دزی و تاڵانی  دەرهەق بەهاوڵاتیانی شارەكە ئەنجام دەدەن،  بەناوی باجەوە سەرانەیەكی زۆرو  بەزۆر لەخەڵك دەسەنن.

دەشڵێت:  تیپی 132ی سەر بە چەكدارەكانی لیوای فەتح هەڵیانكوتاوەتە سەر دێی ترمیشای سەر بە شێخ حەدید لەعەفرین و شەش هاوڵاتیان بەبیانووی پەیوەندیی بە ئیدارەی پێشووەوە رفاندوە كە لەنێویاندا دوو ژنی تەمەن 65 ساڵ هەیە.

سەرچاوەكەی مافی مرۆڤی سوری ئاماژەش بەوە دەكات كە چەكدارەكانی لیوای سوڵتان فاتح كەسەر بەتوركیان هاوڵاتیانی گوندی عەرەب ئۆشاغیان ناچار كردوە دار بۆ بارەگاكانیان دابین بكەن، ئەگەر فەرمانەكانیان جێبەجێ‌ نەكەن ئەوا خۆیان دار زەیتونی ماڵەكانیان دەبڕنەوە.

لەلایەكی تریشەوە چەكدارەكانی لیوا سولەیمان شاە دوو هاوڵاتی گوندی كاخرەیان رفاندوە، لەبەرامبەر ئازادكردنیان چەكدارەكان داوای هەزار دۆلاریان لە كەسوكاری رفێنراوەكان كردوە.

لەلایەكی تریشەوە چەكدارەكانی سەر بە ئەبو عەشمە، غەرامەیان بەبڕی 500 یۆرۆ سەپاندوە بەسەر ژمارەیەك هاوڵاتی لە ناوچەی شێخ ئەلحەدید كە كەسوكاریان لە ئەوروپان.

هەروەها چەكدارەكانی سەر بەتوركیا نیازیان وایە بۆهەموو دۆنمێك زەوی كشتوكاڵی 50 لیرەی توركی لەهاوڵاتیان بسێنن.

PUKmedia ئاژانسەکان

و/ عومەر رەشید

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket