riklam

یەكێتی ژنانی‌ كوردستان 30 ساڵ‌ خەباتی بەردەوام

ژنان‌ 09:39 AM - 2019-11-04
.

.

یەكێتی ژنانی‌ كوردستان رێكخراوێكی‌ جەماوەریی دیموكراتی‌ سەربەخۆیە بۆ هەموو ژنانی‌ كوردستان بەجیاوازی‌ نەتەوە‌و ئایین‌و بیروڕای‌ سیاسی‌، بەمەرجێك پەیڕەوو پرۆگرامەكەی‌ پەسەند بكات‌و باوەڕی‌ بەخەبات هەبێت بۆ بەدیهێنانی‌ ئامانجە نیشتمانی‌‌و دیموكراتییەكانی‌ گەلی‌ كوردستان‌و دەستەبەركردنی‌ مافە سیاسی‌‌و یاسایی‌و كۆمەڵایەتی‌‌و رووناكبیرییەكانی‌ ژنانی‌ كوردستان.

یەكێتیی‌ ژنان‌ بڕوای‌ وایە رزگاری‌ راستەقینەی‌ ژنانی‌ كوردستان‌و بەدیهێنانی‌ ئامانجەكانی‌، لەڕزگاری‌ كوردستان‌و سەركەوتنی‌ گەلەكەیدایە.

یەكێتیی‌ ژنان بێلایەن نین بەرامبەر چارەنووسی‌ خۆیان‌و گەلەكەیان، هەست بە بەرپرسیارێتی‌ دەكەن بۆ ناساندنی‌ مەسەلەی‌ رەوای‌ كورد بەجیهان‌و فیداكاریی‌ بەردەوامیان هەیە بۆ گەیشتن بەمافە رەواكانی‌ گەل‌و مافەكانی‌ ژنانی‌ كوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتیی‌ ژنان هەوڵیداوە ئامانجەكانی‌ خۆی‌ بەڕێگەی‌ سیاسی‌و دیموكراتی‌‌و جەماوەری‌ بەدیبهێنێت، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین پێشنیار‌و پڕۆژەی‌ تایبەتی‌ هەبووەو بۆ جێبەجێكردنیشی‌ چەندین رێپێوانی‌ ئاشتییانەی‌ ئەنجامداوە.

 

پێشنیارەكانی‌ بۆ لیژنەی باڵای دەستووری عیراق

* یەكێتی‌ ژنان پێشنیارەكانی‌ پێشكەش بەلیژنەی‌ باڵای‌ داڕشتنی‌ دەستووری‌ عیراق كردووە، بۆ:

– بەدیهێنانی‌ رژێمێكی‌ دیموكراسی‌ كە مافی‌ چارەی‌ خۆنوسین بۆ گەلی‌ كورد‌و مافی‌ مرۆڤ دابین بكات، بەجۆرێك كە ژن‌و پیاو لەبەكارهێنانی‌ مافەكانی‌ هەڵبژاردن‌و كاركردن‌و مافە سیاسی‌و یاسایی‌و ئابووری‌‌و پەروەردەیی‌‌و تەندروستییەكاندا یەكسان بن.

– بۆ بەگژداچوونەوەی‌ كوشتنی‌ بەكۆمەڵ‌و پاكتاوكردنی‌ رەگەزیی‌ (جینۆساید) لەجیهاندا.

– بۆ نەهێشتنی‌ هەموو جۆرە جیاوازییەكی‌ رەگەزیی‌ لەدەستووردا.

– بۆ سەلماندنی‌ هەموو ئەو مافانەی‌، كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان‌و كۆمەڵەی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و رێكخراوە مرۆییەكانەوە بۆ ژنان دابینكراوە بەدەوڵەت‌و تۆماركردنیان لەدەستوورو یاساكاندا.

 

جگە لەوەی‌، كە یەكێتی‌ ژنانی‌ كوردستان سەرنج‌و راو پێشنیارەكانی‌ بۆ پڕۆژە دەستووری‌ هەرێمی‌ كوردستانیش پێشكەش كردووە‌و لەهەمانكاتدا چەندین پڕۆژەیاسا‌و هەمواركردنی‌ یاسا‌و سەرەنج‌و تێبینی‌ پێشكەش بەسەرۆكایەتیی‌ هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەت كردووە، كە خۆشبەختانە هەندێكیان بەهەند وەرگیراون‌و جێبەجێ‌ كراون. وەك دەرچوونی‌ دوو یاسا لەلایەن بەڕێز هەڤاڵ‌ (مام جەلال)ەوە، كە لەوكاتەدا سەرۆكی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو، لەسەر داوای‌ یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستان‌و بەهاوبەشی‌ چەند رێكخراوێكی‌ تری‌ ژنان لەهەرێمی‌ كوردستان. یاساكانیش بریتی بوون لە:

– یاسای‌ ژمارە (59)ی‌ سەرۆكایەتیی‌ هەرێمی‌ كوردستان، كە لە 12/4/2000 دەرچووە‌و تیایدا كوشتن یان ئازاردانی‌ ژنانی‌ بەبیانووی‌ شەرەفپارێزییەوە وەك هەر تاوانێكی‌ تر داناوە‌و بیانووی‌ (غسل العار)ی‌ راگرتووە.

– یاسای‌ ژمارە (62)ی‌ 30/4/2000ی‌ سەرۆكایەتیی‌ هەرێم، كە تایبەت بووە بەهەمواركردنی‌ چەند بڕگە‌و مادەیەكی‌ یاسای باری‌ كەسێتی‌، كە تایبەتە بە فرەژنی‌، ئەمە جگە لەوەی‌ لەبڕگە‌و مادەكانی‌ تری‌ یاسای‌ باری‌ كەسێتیدا چەندین پێشنیاری‌ هەمواركراوی‌ كردووە‌و جێبەجێش كراون.

 

پڕۆژە یاسا‌و هەمواری‌ یاساییە پێشكەشكراوەكان

هەروەها چەندین پڕۆژە یاسا‌و هەمواری‌ یاسایی‌ پێشكەش بەسەرۆكایەتیی‌ پەرلەمانی كوردستان كردووە. وەك:

– یاسای‌ دەستدرێژی‌ سێكسی‌ ساڵی‌ 2013 بۆ پەلەمانی‌ كوردستان

– هەمواری‌ یاسای‌ (باری‌ كەسێتی‌ ژمارە 88ی‌ ساڵی‌ 1959)

– هەمواری‌ یاسای‌ (سزادانی‌ عیراقی‌ ژمارە 111ی‌ ساڵی‌ 1969)

– هەمواری‌ یاسای‌ (نەهێشتنی‌ لەشفرۆشی‌ ساڵی‌ 1988)

– سەرنج‌و پێشنیار لەسەر جێبەجێنەكردنی‌ یاسای‌ باری‌ كەسێتی‌ هەمواری‌ ساڵی‌ 2008.

– سەرنج‌و پێشنیار لەسەر پڕۆژە یاسای‌ چاوپێكەوتنی‌ منداڵ‌ ساڵی‌ 2011.

لەسەرەتای‌ دروستبوونی‌ رێكخراوەكەوە گرنگی‌ بەبواری‌ كۆمەڵایەتی‌ دراوە‌و بەشێكی‌ تایبەتی‌ بۆ كراوەتەوە، كە كارەكانی‌ بریتین لە: (چارەسەر‌و بەدواداچوونی‌ كێشە كۆمەڵایەتییەكان)‌و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی‌ چارەسەری‌ گونجاو بۆیان، كە لەڕێگەی‌ كەسانی‌ پسپۆڕ‌و شارەزا‌و توێژەری‌ كۆمەڵایەتییەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

چەندین پڕۆژەی كۆمەڵایەتی‌ ‌و تەندروستی‌

یەكێتی‌ ژنان لەڕوانگەی‌ گرنگیی‌ بەشداریی‌ ژنان لەگەشەكردنی‌ كۆمەڵایەتیدا بەشێكی‌ زۆر خزمەتگوزاری‌ كۆمەڵایەتی‌‌و تەندروستی‌ بەئەنجام گەیاندووە، لەوانە:

* پڕۆژەی‌ لانەی‌ ئارام: بۆ گرتنەخۆی‌ ئەو ژنانەی‌ توندوتیژییان لەسەرە.

لەساڵی‌ 1998 لەسەر بودجەی‌ بەڕێز هەڤاڵ‌ مام جەلال ئەم لانەیە كرایەوە بۆ گرتنەخۆو مانەوەو چارەسەركردنی‌ كێشەكانی‌ ئەو ژنانە بەڕێگەی‌ یاسایی‌‌و بەچاودێریی‌ توێژەری‌ كۆمەڵایەتی‌‌و دەروونی‌ ژنان.

* پڕۆژەی‌ جێژوانی‌ خێزان: ئەم بەشە تایبەتە بەبینینی‌ ئەو منداڵانەی‌، كە دایك‌و باوكیان لەیەكجیابوونەتەوە، كە بەڕەسمی‌ لەدادگای‌ باری‌ كەسێتییەوە دەنێردرێن‌و رێكخراوی یەكێتیی ژنان جێژوانی‌ بۆ ئامادەكردوون‌و ستافێكی‌ پسپۆڕ‌و توێژەری‌ كۆمەڵایەتی‌ سەرپەرشتی‌ دەكەن.

* پڕۆژەی‌ سەنتەری‌ راوێژكاری‌ خێزانیی‌: بەهاوكاری‌ فەرمانگەی‌ تەندروستی‌ شارەكان لەهەرێمی‌ كوردستاندا بۆ ئەو كوڕ‌و كچە گەنجانەی‌، كە ژیانی‌ هاوسەری‌ پێكدەهێنن پێش گرێبەستی‌ هاوسەرگیری‌ هەندێك زانیاری‌ كۆمەڵایەتی‌‌و تەندروستی‌‌و ئابووری‌‌و یاسایی‌ وەردەگرن، بۆئەوەی‌ دواتر تووشی‌ هەندێك كێشە نەبن‌و خێزانی‌ گونجاوو تەندروست پێكبهێنن.

– یەكێتی‌ ژنان جگە لەهەوڵدانی‌ زۆری‌ بەنووسراوی‌ رەسمی‌ بۆ حكومەت بۆ دەستەبەركردنی‌ مۆڵەتی‌ دایكایەتی‌، كە لەساڵێك كەمتر نەبێت بەمووچەی‌ تەواوەوە بۆ چاودێریكردنی‌ منداڵەكەی‌، هانی‌ كردنەوەی‌ دایەنگەی‌ بەپێی‌ پێویست داوە‌و خۆشی‌ لەچەند شوێنێك دایەنگەی‌ سەردەمیانەی‌ كردۆتەوە، لەوانە (دایەنگەی‌ تەوار) لەناو تەلاری‌ تەواردا.

– لەهەمانكاتدا یەكێتیی‌ ژنان بایەخی‌ زۆری‌ بەژنانی‌ خاوەن ئەزموون‌و خانەنشین داوە، بەئامانجی‌ گەیاندنی‌ ئەزموونەكانیان بەنەوەی‌ نوێ‌ بۆ ئەو مەبەستەش هاوكاریكردوون بۆ دامەزراندنی‌ رێكخراوی‌ تایبەت بەخۆیان.

* پڕۆژەی‌ نەخۆشخانەی‌ سۆزی‌ دەروونی‌: بەهەوڵی‌ یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستان‌و تەرخانكردنی‌ بودجە لەلایەن بەڕێز هەڤاڵ‌ (مام جەلال)‌و وەزارەتی‌ تەندروستییەوە كرایەوە بۆ ئەو ژنانەی‌ تووشی‌ نەخۆشی‌ دەروونی‌ بوون‌و كێشەی‌ گەورەیان هەیە بۆ خۆیان‌و خێزانەكانیان، زۆربەیان بەجۆرێك چارەسەر دەكرێن كە دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەكانیان‌و كۆمەڵگە. لەساڵی‌ 2008 ەوە تائێستا 1025 نەخۆش رووی‌ لەم نەخۆشخانەیە كردووە‌و یەكێتیی‌ ژنان بەهاوكاری‌ وەزارەتی‌ تەندروستی‌ سەرپەرشتی‌ دەكات.

* پڕۆژەی‌ پشكنینی‌ مەمك: یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستان لەگەڵ‌ فەرمانگەی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ جێبەجێی‌ دەكات‌و هۆشیاری‌و رێنمایی‌ بەژنان دەدەن بۆ پشكنین‌و زانینی‌ پێشوەخت بۆ شێرپەنجە.

* پڕۆژەی‌ مەڵبەندی‌ راهێنان‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌: لەزۆربەی‌ شارو شارۆچكەكاندا هەیە بۆ كردنەوەی‌ خول بەپێی‌ پێویست‌و بەهەموو جۆرەكانییەوە بۆ پێگەیاندنی‌ كارمەندی‌ ئامادەكراو بۆ هەر بوارێك لەو بوارانەی‌ كە خولی‌ تێدا دەبینرێت وەك: (كۆمپیوتەر، كاری‌ دەستی‌، دوورمان ….).

كردنەوەی چەندین خولی تەندروستی

 

هەروەها یەكێتیی‌ ژنانی لەبواری‌ تەندروستیدا چەندین راهێنان‌و خولی‌ هۆشیاریی‌ تەندروستی‌ لەبابەتەكانی‌ (شیردانی‌ سروشتی‌، نەزۆكی‌، سكپڕی‌‌و منداڵبوون، خۆپاراستن لەنەخۆشییە باوەكانی‌ وەك ئەنفلۆنزا…… ) ئەنجامداوە.

لەگەڵ‌ ئەوەشدا یەكێتیی‌ ژنان هۆشیاری‌‌و رێنمایی‌ لەسەر زیانەكانی‌ خەتەنەی‌ مێینە بەئەركی‌ سەرەكی‌ خۆی‌ زانیوە‌و بەڕێژەیەكی‌ بەرفراوان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ كوردستاندا لەسەر ئەو پرسە كۆڕو كۆبوونەوە‌و سیمیناری‌ ئەنجامداوە.

بەرنامەی‌ ئەم خولانە لەسەر ستانداردە جیهانییەكانی‌ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی‌ وەك یونسێف‌و دەبلیو ئێچ ئۆ ‌و …. بووە.

 

پڕۆژەی‌ تایبەت بەبواری‌ رووناكبیری‌ ‌و راگەیاندن ‌و هونەری‌

جگە لەم پڕۆژانە چەندین پڕۆژەی‌ تایبەتمەند بەبواری‌ رووناكبیری‌‌و راگەیاندن‌و هونەری‌ جێبەجێ‌ كراون، وەك:

– نەهێشتنی‌ نەخوێندەواری‌ لەناو ژنانی‌ كوردستاندا، بەجۆرێك كە زۆرێك لەژنان خوێندنیان تەواو كردووە‌و هەندێكیان گەیشتوونەتە قۆناغی‌ زانكۆ.

– دەركردنی‌ گۆڤاری‌ تەوار (گۆڤارێكی‌ وەرزی‌ رووناكبیری‌ گشتییە)، كە لەبەهاری‌ 1990 ەوە تائێستا 70 ژمارەی‌ لێدەرچووە‌و بەردەوامە.

– دەركردنی‌ رۆژنامەی‌ ژیانەوە كە (بڵاوكراوەیەكی‌ كۆمەڵایەتی‌‌و رووناكبیری‌ تایبەتە) لەساڵی‌ 1997ەوە تائێستا 772 ژمارەی‌ لێدەرچووە.

– پڕۆژەی‌ چاپكردنی‌ كتێب، كە تائێستا 65 كتێبی‌ بەناونیشانی‌ جیاجیا‌و پەیوەندیدار بەپرسەكانی‌ ژنان لەسەر ئەركی‌ رێكخراوەكە لەچاپخانەی‌ تەواری یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستان بەچاپ گەیاندووە.

– كتێبخانەی تەواری‌ هەیە، لەناو تەلاری‌ تەواردا.

– پڕۆژەی‌ كەناڵی‌ رادیۆی‌ تەوار لەگەرمیان (كەناڵێكی‌ لۆكاڵییە تایبەتە بەپرسەكانی‌ ژنان) لەساڵی‌ 2003 تا 2015، بەرنامەكانی‌ پەخش كردووە.

– بۆ چەند ساڵێك سەدان بەرنامەی‌ تەلەفیزیۆنی‌ بەناوەكانی‌ تەوارو خەرمان لەتەلەفیزۆنی‌ گەلی‌ كوردستان ئامادەو پێشكەش كردووە.

– لەبواری‌ هونەریدا چەندین پێشانگەی‌ شێوەكاری‌‌و فۆتۆگرافی‌‌و كاریكاتێری‌‌و كاری‌ دەستی‌ بۆ هونەرمەندانی‌ ژن‌و پیاو كردۆتەوە.

– سێ‌ فێستیڤاڵی‌ تەواری‌ نێودەوڵەتی‌ بۆ كورتە فیلم لەساڵەكانی‌ (2004، 2007، 2010) رێكخستووە بە بەشداری‌ زۆرێك لەهونەرمەندانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و دەرەوەی‌ وڵات، كە تیایدا چەند كورتە فیلمێك لەبەرهەمهێنانی‌ (ی‌. ژ. ك) بووە، وەك (ژنێك لەهۆزی‌ تەم، تیرۆرستێك دادەبەزێت، شەوی‌ بێ‌ مانگ، سووتووەكانی‌ جەنگ‌و …) هەروەها دوو فیلمی‌ دۆكیۆمێنتاری‌ بەرهەمهێناوە لەسەر خەتەنەكرنی‌ مێینە‌و كاری‌ پەرستیاری‌.

– تیپی‌ كۆرسی‌ تەوار یەكێكە لەپڕۆژە هونەرییە بەرچاوەكانی‌ یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستان، كە بەسەرپەرشتی‌ خاتوو (كومیكۆ ئۆكومورا) ساڵی‌ 2007 لەشاری‌ سلێمانی‌ دامەزرا. ئەم تیپە تیپێكی‌ هونەری‌ كچانەیە بەشێوەی‌ كۆڕاڵ گۆرانییە كوردی‌‌و جیهانییەكان ئەكادیمیانە ئامادە دەكات، زیاتر لە 30 كۆنسێرتی‌ ئامادە‌و پێشكەش كردووە، جگە لەبەشداریی‌ زیاتر لە 50 چالاكی‌ هونەری‌، هەروەها دوو ئەلبومی‌ گۆرانی‌ بڵاوكردۆتەوە‌و بەشداری‌ لەدوو فێستیڤاڵی‌ جیهانی‌ لەنەمسا كردووە لەساڵەكانی‌ (2008، 2010) كە دواجار لەناو 27 وڵاتی‌ بەشداربوودا تیپی‌ كۆرسی‌ تەوار پلەی‌ یەكەمی‌ بەدەستهێنا.

 

سازكردنی چەندین پاڵەوانێتی‌ ‌و پێشبڕكێی‌ وەرزشی

– بۆ هاندان‌و هاوبەشیكردنی‌ ژنان لەبواری‌ وەرزشدا چەندین پاڵەوانێتی‌‌و پێشبڕكێی‌ وەرزشی‌ سازداوە‌و ساڵی‌ 2005 پاڵەوانێتی‌ گۆڕەپان‌و مەیدانی‌ لەشاری‌ خانەقین رێكخستووە‌و ساڵی‌ 2006 خولێكی‌ یاری‌ تۆپی‌ پێی‌ یاریگەی‌ بچووكی‌ بۆ كەناڵەكانی‌ راگەیاندن كردۆتەوە‌و چەندین ماراسۆن‌و پێشبڕكێی‌ وەرزشی‌ ئەنجامداوە، هەروەها جگە لەشەنگی‌ تەوارو مەلەوانگەی‌ تەوار، كە لەپڕۆژە گرنگ‌و بەردەوامەكانی‌ یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستانە، لەناو تەلاری‌ تەواردا، لەزۆربەی‌ شارو شارۆچكەكان هۆڵی‌ وەرزشی‌‌و شەنگی‌ بۆ ژنان كردۆتەوە.

– یەكێتیی‌ ژنان گرنگی‌ زۆری‌ داوە بەپتەوكردنی‌ پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ‌ رێكخراوە پێشكەوتووخوازەكانی‌ سەراپای‌ كوردستان‌و رێكخراوە ناوخۆیی‌و مرۆیی‌و جیهانییەكان لەپێناوی بەدیهێنانی‌ ئاشتی‌‌و ئازادی‌‌و دیموكراسیدا.

 

بەشێكی‌ گرنگی‌ رێكخراوەكە

بەشی‌ پەیوەندییەكانی‌ یەكێتیی‌ ژنان بەشێكی‌ گرنگی‌ رێكخراوەكەیە، بەرپرسە لەڕێكخستنی‌ سەرجەم پەیوەندییەكان.

– یەكێتیی‌ ژنانی‌ كوردستان بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی‌ هەوڵیداوە لەزۆربەی‌ شارو شارۆچكەكاندا لەڕێگەی‌ لق‌و لیژنەو ئۆرگانەكانییەوە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە پێشكەش بكات بەپێی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ رێكخراوەكە.

PUKmedia  ئا/ ژیانەوە

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket