riklam

كاڵای توركی لە لایەك ڕیكلام و لە لایەكیش بایكۆت دەكرێت

ئابوری 11:18 PM - 2019-11-02
.

.

وەك كاردانەوەیەكی خۆڕسك بۆ هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، بایكۆتی كاڵای توركی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، بە تایبەت لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان و پەیج و گرووپی بۆ درووست كراوە، بەڵام زۆرێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش ڕیكلام و پڕوپاگەندە بۆ كاڵای توركی دەكەن، ژمارەیەك بازرگانیش گرێبەستە ئیمزاكراوەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان ڕەت كردووەتەوە، یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانیش لەگەڵ ئەو بایكۆتەدایە.

 

بایكۆتی زۆرێك لە هاونیشتمانیان بە قەناعەتەوەیە و بەشێك لە بازرگانانیش بایكۆتیان كردووە و جێگرەوەیان بۆ كاڵای توركی دۆزیوەتەوە، بایكۆتكردنەكەش گرانیی لە نرخی شتومەكدا درووست نەكردووە، وا لێك دەدرێتەوە كە زیانەكە بە تەنها بۆ ئابووریی توركیایە.

 

عەبدولواحید دوكانی، خاوەنی كۆمپانیای كەرەستەی خانوبەرەیە، 10 ساڵە بازرگانیی لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكاندا دەكات و گرێبەستەكانی ڕاگرتووە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو كارەی ئێمە شەڕێكی ئابوورییە بەرامبەر بە توركیا، هەموو گرێبەستەكانمان بە بڕی 45 دەفتەر دۆلار لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان ڕاگرت و بە ئیمەیڵ ئاگادارمان كردنەوە كە لەبەر ئەو زوڵمەیە كە توركیا لە ڕۆژئاوای دەكات.״

 

بایكۆتی كاڵای توركی لە هەرێم نرخی بەرز نەكردووەتەوە و بازاڕ جێگیرە، دۆزینەوەی بەدیل بۆ كاڵا توركییەكان هەوڵێكی ترە كە وای كردووە هاووڵاتییانی هەرێم زەرەرمەند نەبن.

 

״هاوردەی هەموو كەرەستەیەكی توركیمان ڕاگرتووە، هیچ موادێكی توركی لە ناو ماركێتەكەماندا نییە، ئەوەی لە كۆگاكانیشدابوو گەڕاندوومانەتەوە بۆ كۆمپانیاكانی توركیا، چیتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆ و وڵاتانی دیكە دەبەستین، ئێستا بەشێك لە كڕیارەكانمان دەپرسن و توركی ناكڕن״، ئەمە قسەی توانا ئیبراهیمە، خاوەنی ماركێتی لاسە لە هەولێر كە وای بە ״ئاژانس״ وت.

 

هەرچەندە هەوڵەكان بۆ بایكۆتی كاڵای توركی پەرتەوازەیە، بەڵام لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك پەیجی (بایكۆتی كاڵا و شتومەكی توركی) كراوەتەوە و گرووپێكیش بە ناوی (Boycott TURKEY) چالاكە و سێ هەفتەیەكە جاڕی بایكۆتی كاڵای توركی داوە و لە ئێستادا زیاتر لە 100 هەزار ئەندامی هەیە، ئەوە جگە لە چەندین هەڵمەتی هۆشیاری لە لایەن چالاكوانانەوە دەكرێن.

 

شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״قەبارەی بایكۆتی كاڵای توركی دیار نییە و بەم چەند ڕۆژە دەرناكەوێ، ساڵانە جەردی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ توركیا دەكەین، لە ساڵێكدا ١٠-١٢ ملیار دۆلار قەبارەكەیەتی كە لە ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ هەموو عێراق دێت.״

 

״وەك یەكێتییەكە لەگەڵ بایكۆتەكەداین و لە ئێستادا خەریكی دۆزینەوەی بەدیلی كاڵای توركین، هەفتەیەکە گرێبەستێكی ١٠ ملیۆن دۆلاریی بۆ كاڵا و شتومەك لە بوارەكانی خۆراك و پاككەرەوە و جوانكاری لەگەڵ ئەندەنوسیا كراوە، هەوڵ دەدەین زۆرترین وڵات بدۆزینەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی״، شێخ مستەفا وای وت.

 

بایكۆت كەرتی گەشتیاریشی گرتووەتەوە و بە زوویی لێكەوتەكەی دەركەوتووە، كە ڕێژەی گەشت دابەزیوە و نرخی بلیتی فڕۆكەش بۆ توركیا بە هەمان شێوە.

 

محەمەد زێباری، ئەندامی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״كاریگەریی بایكۆت  لەم دوو هەفتەیەدا لە كەرتی گەشتیاریی بۆ توركیا دەركەوتووە نرخی بلیتی فڕۆكە 30% دابەزیوە و ڕێژەی گەشتكردنیش ٥٠٪ كەم بووەتەوە، بەشێكی پەیوەندیی بە وەرزی گەشتەوە هەیە و بەشەكەی دیكەشی بایكۆتە.״

 

د.شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری كوردستان یەكێكە لە بایكۆتكارانی كاڵا و شتومەكی توركی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ساڵێك و شەش مانگە بایكۆتی كاڵای توركیم كردووە، هەموو داوایەكی دەرمانی توركیم لە نۆرینگەكەم ڕاگرتووە وەك كاردانەوەیە بەرامبەر دژایەتیی توركیا بۆ سەر كورد.״

 

ئەو كاڵایانەی ناوی توركیای لەسەرە وەك ماركە و هەروەها یاخود لە ڕێی باركۆدەكەیەوە دەناسرێتەوە كە (868  یان 869)ی بەسەرەوەیە، بایكۆتكاران زانیارییان بۆ هاووڵاتییان پەخش كردووە.

 

حسام بەرزنجی، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووریی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״قەبارەی بازرگانی و سودمەندیی توركیا لە هەرێم گەیشتووە بە 12 بۆ 14 ملیارد دۆلار لە ساڵێكدا كە لە ڕێگەی هەموو جۆرەكانی خواردن و كەلوپەل و پێداویستیی ناوماڵ كە دەیخاتە بازاڕەكانی هەرێم.״

 

״ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا توركییەكان لە كاتی قەیرانی دارایی هەرێمیان جێهێشت، ڕەنگە بەم بایكۆتەش زیانی زۆریان پێ بگات״، حسام بەرزنجی وا دەڵێت.

 

״غاندی لە ڕێی بایكۆتی جلوبەرگ و بەرهەمی خوێوە توانیی بەریتانیا لە هندستان بكاتە دەرەوە، وەك تاك دەتوانین شەڕی ئابووریی خۆمان بكەین و چاومان لە حكومەت نەبێت ئەو كارە بكات بەرامبەر بە توركیا״، د.كاوە قەرەداغی، ئەندامی دەستەی باڵای مونتەدای ئابووریی كوردستان وای وت.

 

لە هەندێ لە كەناڵەكانی هەرێمەوە پەخشی درامای توركی و هەروەها ڕیكلامكردن بۆ كاڵای توركی وەك خۆیەتی.

 

ئەنوەر بازگر، جێگری نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״زۆرینەی میدیای هەرێم حزبی و ئایدیۆلۆژییە، پێیان وایە بایكۆتی كاڵای توركی دژایەتیی سیاسەتی توركیایە و ئەمەش پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیان تێك دەدات.״

 

״هەندێ كەناڵ لە كوردستان لە دڵەوە پێیان خۆش نییە نە بایكۆتی فیلمی توركی بكەن نە بایكۆتی كاڵای توركی بكەن، كە بایكۆتەكەش ڕادەگەیەنن لە هەستی بەرپرسیارییەتی و مەسەلەی نیشتمانپەروەری نییە، بەڵكوو دەزانن دەكەونە بەر غەزەبی بینەرەكانیان، بۆیە بە ناچاری ئەو كارە هەڵدەبژێرن.״

 

PUKmedia ئاژانس 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket