riklam

هەواكێشی سلێمانی بەسەر هاوردەدا زاڵە

ئابوری 07:58 PM - 2019-11-02
.

.

كارگەیەكی درووستكردنی هەواكێشی كارەبایی (ساحیبە) لە سلێمانی كۆنتڕۆڵی بازاڕەكانی هەرێم و عێراق دەكات و كێبڕكێی نرخ و چۆنایەتیی هەواكێشی هاوردەش دەكات، بەڵام حكومەت ناتوانێت وەك پشتیوانی ڕێ لە هاوردە بگرێت لە كاتێكدا توانای بەرهەمی ڕۆژانەی 1000 هەواكێشە بە هەشت سەعات كاركردن، داهاتی ساڵانەی نزیكەی 2 ملیار دینارە.

كارگەی لیدیكا كەرتی تایبەتە و یەكەمین كارگەیە لە هەرێم و عێراق كە هەواكێشی كارەبایی بەرهەم دەهێنێت، دەكەوێتە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی كە (203كم لە هەولێری پایتەختی هەرێم) و (349كم لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە) دوورە و هەلی كاریشی بۆ زیاتر لە ٣٠ گەنج ڕەخساندووە.

سیروان ڕەشید، بەڕێوەبەری فرۆشتنی كارگەی لیدیكا دەڵێت: ״بەرهەمی كارگەكە كوالێتیی زۆر بەرزە، زەمانی سێ ساڵی لەگەڵدایە، بۆیە توانیومانە بازاڕەكانی هەرێم و عێراقیش كۆنتڕۆڵ بكەین״.

كارگەكە دوو ساڵە كار دەكات و ٣٠ كەس لە هەردوو ڕەگەز كاری تێدا دەكەن، ڕۆژانە ٨ كاتژمێر كار دەكرێت و  بەو ماوەیە ١٠٠٠ هەواكێشی كارەبایی درووست دەكەن كە قەبارەكەی 6 ئینجە.

سیروان ڕەشید وتیشی: ״جیا لەوەی بەرهەمێكی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنین، نرخیشی زۆر كەمترە لە هاوردەی چینی كە هەمان قەبارە بە 10 هەزار دینارە، بەڵام بەرهەمە ناوخۆییەكە بە ٤ هەزار و ٥٠٠ دینار نرخی كۆیە، خاوەن دوكانەكان بە ٦ یان ٧ هەزار دەیفرۆشنەوە״.

جگە لە ماتۆڕی هەواكێشەكە كە لە چینەوە هاوردە دەكرێت، ئەوا پارچەكانی دیكەی لە كارگە خۆماڵییەكە درووست دەكرێن و لە ڕیسایكلینی پلاستیكی ناوخۆیی پارچەكانی دیكەی درووست دەكرێت.

بەپێی ئامارێك كە بەڕێوەبەری فرۆشتنی كارگەكە بۆ ״ئاژانس״ی خستە ڕوو، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی ٢٠٠ هەزار هەواكێش دەبێت، كە ١٥٠ هەزار دانەی بەرهەمی ئەم كارگەیەیە و ٥٠ هەزاری هاوردە دەكرێت، ٢٢٠ هەزار هەواكێشیش ڕەوانەی شارەكانی عێراق دەكرێت، و ساڵانە ٣٦٥ هەزار دانە بەرهەم دەهێنێت.

بەو پێیەی ساڵانە 365 هەزار بەرهەمی هەواكێشی هەیە، نرخی هەر دانەیەكش بە 4,500 بۆ 5000 دینارە، كەواتە داهاتی ساڵانەی لە فرۆشتنی بەرهەم دەگاتە (1 ملیار و 642 ملیۆن و 500 هەزار دینار) بۆ (1 ملیار و 825 ملیۆن دینار).

بەڕێوەبەری فرۆشتنی كارگەی لیدیكا رایگەیاند: ״بەشی پێداویستیی ناوخۆیی پڕ دەكەینەوە، لە پلاندایە ماوەی كاركردنی كارگەكە لە 8 سەعاتەوە بكرێتە 16 سەعات و 95% پێداویستیی عێراقیش پڕ دەكەینەوە״.

ئەو گۆڕانكارییەی لە ئەگەری جێبەجێكردنی زیادكردنی كاركردنی كارگەكە دێتە ئاراوە، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ 30 كەسی دیكە، هەروەها بەرهەمی ڕۆژانەش دەبێتە 2000 دانە هەواكێش و داهاتی ساڵانەش دەبێتە (3 ملیار و 285 ملیۆن دینار).

محەمەد جەبار، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی سلێمانی دەڵێت: ״هەر كارگەیەكی ناوخۆیی هەلی كار دەڕەخسێنێت و سەرمایەی ناوخۆیی ناچێتە دەرەوە و كۆنتڕۆڵی نرخ و كوالێتییش دەكرێت، بۆیە زۆر گرنگە كارگەكان پشتیوانی بكرێن״.

محەمەد جەبار ئاماژەی بەوەشكرد:״كارگەی هەواكێشی كارەبایی لە سلێمانی سودی بۆ هەرێم زۆرە ئەگەر پەرەی پێ بدرێت و ڕەنگە بە هۆی ئەم كارگەیەوە كارگەیەكی درووستكردنی ماتۆڕیش دابمەزرێت بۆ پشتیوانیی ئەم كارگەیە تا لە چینەوە هاوردە نەكرێت و گەشە بە كەرتی پیشەسازی بدرێت״.
سەركۆ گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان وتی: ״پشتیوانیی هەر كەسێك دەكەین لە ڕێگەی كارگەكەیەوە بیەوێت بەرهەمەكەی زیاد بكات و پێویستیی ناوخۆ پڕ بكاتەوە.״

گەڵاڵی دەشڵێت: ״بەرهەمی كارگە ناوخۆییەكان دڵنیاییەكە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەر ئەگەرێكی داخستنی سنوور و گەمارۆ.״
بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، زیاتر لە ٥ هەزار كارگە مۆڵەتیان پێ دراوە، بەڵام ئێستا ٣ هەزارو ٦٠٠ كارگە كار دەكەن، 1400 كارگەیان بە هۆی قەیرانی دارایی و هەندێكیش بەهۆی كەمتواناییان لە كار كەوتوون.
فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم رایگەیاند: ״لە كارنامەی وەزارەتدایە بۆ چوار ساڵی داهاتوو پشتیوانیی تەواوی كارگەكان و بەرهەمی ناوخۆیی بكرێت و بەرهەمی ناوخۆییش بپارێزرێت״.

راشیگەیاند:״كارگەی هەواكێشەكەی سلێمانیش یەكێك دەبێت لەوانەی پشتیوانیی تەواوی دەكرێت، بەڵام ناتوانین بە تەواوەتی بڕیار لەسەر ڕاگرتنی هاوردەی هەواكێشی هاوردە بدەین״.


PUKmedia  ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket