riklam

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؛ خۆشەویستی ئاسان و هاوسەرگیری سەخت

هەمەرەنگ 01:49 PM - 2019-11-02
.

.

بەناز و ڕێبین نموونەی هاوسەرێكن كە قۆناغی ناسین و عاشقایەتییان لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە بە ئاسانی بڕی، بەڵام قبووڵكردنی كەسوكاری هەردوو لا بەو ڕێگەیە لەمپەرە قورسەكەی بەردەمیان بوو، دوای ئەویش كۆمەڵگەی كوردەواریی، هەرچەندە مامۆستایەکی ئایینیش ڕێگریی شەرعی نابینێت و نکۆڵی لە دیاردەکەش ناکات.

بەناز ئەحمەد، ناوی خوازراوی ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵە و خاوەنی منداڵێکە، زیاتر لە ٢ ساڵە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە ھاوسەرگیریی لەگەڵ ڕێبین محەمەد کردووە.

بە ھۆی ئەوەی تاکو ئێستا لای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بە تایبەت کەسە بەتەمەنەکان ھاوسەرگیری لە ڕێگەی ئینتەرنێت کارێکی نەشیاوە، بەناز ئامادە نەبوو ناوی ڕاستەقینەی ئاشکرا بکرێت.

بەناز ئەحمەد، وتی: ״سێ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ ھاوسەرەکەم لە ڕێگەی فەیسبووکەوە یەکترمان ناسی، شەش مانگی سەرەتای یەکەم تەنها وەک ھاوڕێ قسەمان دەکرد، دواتر یەکترمان بە دڵ بوو و پەیوەندییەکەمان پتەو کرد و بووین بە خۆشەویست، بەڵام خێزان و كەسوكاری هەردوو لامان تووشی زەحمەتی و ناخۆشی و دڵەڕاوكێی زۆریان كردین تا دواجار ھاوسەرگیریمان ئەنجام دا و سوپاس بۆ خوا پێکەوە زۆر خۆشحاڵین.״

شڤان ئازاد، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھاوسەرگیریی لەگەڵ هاوسەری ئێستای کردووە، ئەو دەڵێت: ״سەرەتا لە ئینستاگرام ئەکاونتی کچێکم کەوتە پێش چاو منیش فۆڵۆم کرد، دواتر ئەویش منی فۆڵۆ کرد، لەو کاتەوە دەستمان بە نامە گۆڕینەوە کرد.״

شڤان ئازاد وتی: ״دوای ئەوەی چەند مانگێک وەک ھاوڕێ قسەمان دەکرد دواتر چەند جارێک یەکترمان بینی، پەیوەندییەکەمان بوو بە خۆشەویستی.״

״کاتێک کەسوکارەکەم چوونە خوازبێنی، کەسوکارەکەی ڕەتیان کردەوە کچەکەیانم پێ بدەن و وتیان ئێوە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە یەکترتان ناسیوە و لە کۆمەڵگەی ئێمەدا شتی وا نییە، دواتر لە ڕێگەی چەند ڕیشسپییەكەوە کە ناسیاوی ماڵی کچەکە بوون توانرا قەناعەت بە باوکی ھاوسەرەکەم بهێندرێت.״ شڤان ئازاد وای وت.

دادگا و مامۆستای ئایینی پەیوەستن بە هەر هاوسەرگیرییەكەوە كە لە كۆمەڵگەی كوردەواری دەكرێت و ئەوان شەرعییەت بە پڕۆسەكە بە كوڕ و كچ دەدەن.

گەیلان محەمەد، مامۆستایەکی ئایینی لە کەرکوک دەڵێت: ״ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناو کۆمەڵگەی کوردی سەری ھەڵداوە و ناتوانین نکۆڵیی لێ بکەین، لە ڕووی شەرعیشەوە ھیچ ڕێگرییەک لەو جۆرە ھاوسەرگیرییە نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت کەسەکان بە نییەتی پاکەوە و بە ئامانجی ھاوسەرگیریکرن بە پێی ئایینی ئیسلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە قسە بکەن.״

״ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییە سەرجەم چین و توێژەکانی گرتووەتەوە و تەنانەت چەند مامۆستایەکیش ھەبووە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھاوسەرەکانیان ناسیوە و زەواجیان کردووە״، گەیلان محەمەد وای وت. وتیشی: ״باشتر وایە متمانەی تەواو بەو کەسانە نەکرێت کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەیانناسین، چونکە کەسایەتیی ڕاستەقینەی کەسەکان بەو شێوەیە دەرناکەوێت و کەسانی زۆر ھەن لەو ڕێگەیەوە ھەڵخەڵەتێندروان.״

ھەرچەندە ھیچ ئامارێکی ڕەسمی بۆ ڕێژەی ھاوسەرگیریکردن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە، چونکە لە گرێبەستی ھاوسەرگیریدا ڕێگەی یەکترناسینی کچان و کوڕان نانووسرێت، بەڵام چەند توێژێک ھەن کە مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کچان و کوڕاندا ھەیە لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھاوسەرگیرییاندا، بۆیە ئەوان زیاتر درکیان بەو بابەتە کردووە.

دڵسۆز جەبار، خاوەنی ئارایشتگایە لە کەرکوک، وتی: ״زۆرن ئەو بووکانەی لە ڕۆژی ھاوسەرگیریدا جوانکارییان بۆ دەکەم، کاتێک پرسیاری چۆنێتیی یەکترناسینیان لێ دەکەم، دەڵێن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کوڕەکەمان ناسیوە.״

دڵسۆز جەبار ئاماژەی بەوەش دا: ״مانگانە نزیکەی  ٨ – ١٠ بووک کاتێک دێنە ئارایشتگایەکەمەوە دەڵێن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکمان ناسیوە، تەنانەت چەند حاڵەتێکیش ڕووی داوە کە بووک و زاوا لە ڕێگەی یاریی پەپجییەوە یەکتریان ناسیوە.״

نەبوونی ھیچ ئامارێکی ڕەسمی وای کردووە کە توێژینەوە لە بارەی سەرکەوتووبوون یاخود سەرکەوتوو نەبوونی ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییانە ئەستەم بن.

چێنەر سیروان، توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە و دەڵێت: ״بڕیاردان لە باشی، یا خراپیی ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییانە کارێکی ئاسان نییە، ئەگەر ئامار و داتای ورد لەبەر دەست بن و بە پێی ئەو ئامارانە توێژینەوە ئەنجام بدەین لەو کەسانەی لە ڕێگەی تۆڕە کومەڵایەتییەکانەوە ھاوسەرگیرییان کردووە بزانین سەرکەوتوو بوون یان جیابوونەوەی لێ کەوتووەتەوە.״

״ئەگەرچی ئەو ئامارانە بەردەست نین، بەڵام بە بڕوای من کەسەکان خۆیان گرنگن نەک چۆنێتیی بەیەکگەیشتنیان، ئەگەر لە ڕێگەی ئینتەرنێتیشەوە یەکتر بناسن دواتر ھەر یەکتر دەبینن و باشتر یەکتر دەناسن، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئەم بابەتە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا شتێکی نوێیە بۆیە تا ڕادەیەک لای بەشێک لە خێزانەکان قبووڵکراو نییە״، چێنەر سیروان وای وت.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket