riklam

دەبێت چاوەڕوانی ماعش و شانۆنامەیتر بین!!

بیروڕا 11:23 AM - 2019-11-02
.

.

لە دیرۆكدا ئەم دەڤەرەی ئێمە، لەسەر دەستی كۆمەڵێك گروپ و تاقمی دڕندەو دەستڕەش، رووبەڕووی هێرش و پەلاماری زۆر بۆتەوە، لەوانە  هێرشی عەرەبەكان لەسەردەمی خەلافەتی ئومەوی و عەباسیەكان، دوای  ئەوە مەغۆل و تەتەر و بەرخەكانی (سپی و رەش)،جەلائیری و سەفەوی و عوسمانیەكان،هەموو ئەوانە زەرەر و زیانی گەورەی مرۆیی و ماددیان بە گەلەكەمان گەیاندووە، بۆ نمونە رەشید پاشا سەرلەشكری عوسمانی بەخۆی و بەلەشكرەكەی هەڵدەكوتنە سەر برا ئێزیدییەكانمان ژمارەیەكی یەكجار زۆر خەڵكیان لێ دەكوژن و بەوەشەوە ناوەستن سەری زۆربەیان لێدەكەنەوە و لەسەری رمەكانیان دەچەقێنن ئەم شار و ئەو شاریان پێدەكەن، گوایە غەزایان كردووە، لەوەش مەپرسن رژێمە داگیركەرەكان چ كارەسات و وەیشومەیەكیان بەرپا كردووە بۆ قڕكردن و لەناو بردنی دانیشتوانی ئەو دەڤەرانەی سەریان بۆ شۆڕ نەكردوون، لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقیشەوە چەندین دەستە و تاقم  بە دەست و بە مەبەست هەڵتۆقیون ، راستە لە یەكتر جیاواز بوون، بەڵام لە ئەدگار و كرداردا كۆپی كراوەیی یەكتر و قوتابی یەك قوتابخانە و درێژە پێدەری ئەو كلتورە توند ئاژۆیە بوون كە لە رابردوودا لە دەڤەرەكەدا هەبوون،بە بڕوای خۆشم جار لە دوای جار توندڕەوتر و دەست سورتر  بە خوێنی خەڵكی بێوەی و زەرەر و زیانی گەورەتریان بە دوای خۆیاندا هێناوە، ئەوەتا دوا تاقم كە لە ناوەڕاستی 2013ەوە دروستكران و خەلافەتیان دامەزراند و دواجار فراوانیان كرد كە لە حەلەبەوە تا دیالەی گرتەوە، لە كوشتن و بڕین زەرەری زیان گەیاندندا لەوانەی پێشوتریان تێپەڕاند، یەقینم وایە دروستبوون و دامەزراندنیان دەستێكی گەورەی لەپشتەوە بووە مەبەستیشیان لەبار یەك هەڵوەشانەوەی  كۆمەڵگەكانی ئەم دەڤەرە  بە تایبەت كۆمەڵگەی كوردەواری بووە، چونكە لێكەوتە و زیانەكان ئەوەندە گەورە و كاریگەر بوون، هی پەیرەوكردنی مەبدەئێك یان دامەزراندنی كیانێك نەبووە، ئەگەر بە خێرایی سەیر بكەیت، لەوەتەی ئەو گروپە رادیكالە هەلتۆقیوە و پەلی كوتا بۆ فراوان كردنی دەسەڵاتەكەی تەڕو وشكی بەیەكەوە سوتاند، تەنها لە عێراق پێنج شاری گەورە و دەیان قەزاو ناحیە و هەزاران گوندیان گەیاندە لێواری كاولكاری، زیاتر لە پێنج ملیۆن كەسیان ئاوارە كرد، تا ئەم ساتەش زیاتر لە ملیۆنێك لە هەرێمی كوردستانن، بێجگە لەوانەی پەرگەندەی  وڵاتان بوون، 9000 ناوەندی خوێندنیان داخست، لە 7% ئەو شارانە لەبەردەستیان بوو بیناو باڵەخانەكانیان روخاند، بێگومان ناوەندی خوێندنی زۆری لەگەڵدا بوو، دوو شاری مێژوییان دەست بەسەرداگرت زۆربەی پاشماوەكانی  ئەو دوو شارەیان كە تەدمور لە سوریا و نەمرود لە عێراق خاپور كرد، وێڕای ئەوانە دەیان مەزارگای ئاینی هەموو پێكهاتەكانیان لە بناغەوە تێك و پێكدا، هەزاران خەڵكی سڤیل و بێوەیان بە خوێنی ساردەوە كوشت و سەریان لێكردنەوە، تەنها لە پێكهاتەی ئێزیدی هەزارانیان كوشت و زیاتر لە 6000 هەزاریان لە كچ و ژنان وەكو دەسكەوتی شەڕ دیل و داماوكرد كە تا هەنوكە 3000هەزاریان شوێن بزرن، لە روی ماددیشەوە ئەمەریكیەكان دەڵێن رۆژانە لەو شەڕەدا 11.5 یازدە ملیۆن و نیو دۆلارمان خەرجكردووە، ئاماری رێكخراوە تایبەتمەندكانیش رایانگەیاندووە عێراق 100 ملیار دۆلار زیان لێكەوتوە  وسوریاش 276 ملیار ، قوربانی شەڕەكانیش لە هێزی پێشمەرگەی  كوردستان 1800 شەهید و 10 هەزار بریندار بووە،  لە هێزەكانی سوریای دیموكراتیش 11 هەزار شەهید و 22 هەزار بریندار ، ئەگەر سەیری ئەو ژمارە و داتایانە بكەین دەردەكەوێت ئەوانە هەر وەك لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا بۆ دروست بوونی كیانێك نەبوون، بەلكو بۆ كاولكاری و لەبار یەك هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگاكان بە تایبەت كۆمەڵگەی كوردەواری بوون، بڕواشم وایە ئەو ئەجیندایەی دەگوزەرێت گەورەترە لە داعش، بۆیە ئەگەر ئەوانەش لە ناو ببرێن هەروەك خەلیفەكەشیان حەواڵەی جەهەنەم كرا، لەبەر ئەوەی خەلیفە گەورەكە و فیكرەكە ماوە هەروەها ئامانجە گڵاوەكانیان بەرجەستە نەبووە، دەبێت  چاوەڕوانی ماعش و شانۆنامەیتر بین.

ن:عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket