riklam

پەرلەمان یاسای بەناوكردنی زەوییە زیادەڕۆییەكان پەسەند دەكات

کوردستان 02:54 PM - 2019-10-30
.

.

پەرلەامنی كوردستان یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان پەسند كرا.

بەپێی راگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی گەیشتوەتە PUKmedia، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ی تشرینی یەكەمی 2019، بەسەرۆكایەتی د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی جێگرو سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (6)ی ئاساییی خولی پایزە لە ‌ساڵی یەكەمی‌ خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

سەرەتا د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەناوی خواو گەلی كوردستانەوە دانیشتنەكەی كردەوە، پاشان لەلایەن سكرتێری پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە پێكهاتبوو لە دوو خاڵ و خاڵی یەكەم بریتی بوو یەكەم لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە بەپێی حوكمی مادەكانی (79 و 80 و 82)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:

1- پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان-عیراق.

2- پێشنیازی یاسای (رێكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان-عیراق.

خاڵی دووەم و كۆتاییش بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان-عیراق) بەپێی حوكمی مادەكانی (90، 91، 93، 96، 97) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، هەروەها پوختەی دانیشتنی پێشوی پەرلەمان و ناوی ئامادەنەبوانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونەوەی لیژنە هەمیشەییەكان بەمۆڵەت و بێ مۆڵەتی خوێندەوە.

بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لیژنەی كاروباری یاسایی خوێندنەوەی یەكەمی بەجیا بۆ هەردوو  پێشنیازی یاسای ماف و ئەركی نەخۆش و  پێشنیازی یاسای ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان-عیراق ئەنجامداو لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە هەردوو پێشنیازەیاساكە ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان كرا بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكان.

پاشان خاڵی دووەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان-عیراق، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی پەرلەمان لیژنەی شارەوانی و لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمان راپۆرتی هاوبەشی لیژنەكەیان لەسەر دوا داڕشتنەوەی پێشنیازی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە بۆ پەرلەمانتاران خوێندەوە.

سەبارەت بە ناونیشانی پێشنیازە یاساكە دوای بەجیا خستنە دەنگدانی سەرجەم ئەو پێشنیازانەی كە كرابوون، ناونیشانی پێشنیازی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان لەهەرێمی كوردستان، كە پێشنیازی لیژنەی هاوبەش بوو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.

سەبارەت بە مادەی یەكەم، كە تایبەتبوو بە رێككارەكانی بەناوكردنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەكان زیادەڕۆیی لەسەر كراوە، وەكو خۆی بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.

مادەی دووەمیش كە تایبەتبوو بە مەرج و رێككارەكانی بەناوكردن، بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی، پێنج پێشنیار هەبوو لە كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی بە 85 دەنگ پەسند كرا.

مادەی سێیەمیش كە تایبەتبوو بەڕێككارەكانی دروستكردنی لیژنەی تایبەتمەند بۆ هەڵسەنگاندن و پەسندكردنی داواكانی بەناوكردنی زەوییە زێدەڕۆكان، بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی شازدە پێشنیار هەبوو لەكۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی پەرلەمان بە 67 دەنگ پەسند كرا. 

مادەی چوارەمیش كە تایبەتبوو بەڕێككارەكانی پابەندنەبوون بەناوەڕۆكی یاساكە لەلایەن كەسانی زێدەڕۆكارەوە، بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی مادەكە وەك خۆی خرایە دەنگدانەوەو بە 80 دەنگ پەسند كرا. 

مادەی پێنجەم كە تایبەتبوو بەڕێككارەكانی رووبەری زەوییە زێدەڕۆكان بەگوێرەی سەنتەری شارو شارۆچكەكان، بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی چوار پێشنیار هەبوو، لەكۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی بە 77 دەنگ پەسند كرا.

سەبارەت بە مادەی شەشەم كە تایبەتبوو بە رێككارەكانی رووبەری زەوییە زێدەڕۆكان بەگوێرەی سەنتەری شارو شارۆچكەكان، بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی دوو پێشنیار هەبوو، لە كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی بە 78 دەنگ پەسند كرا.

مادەی حەفتەمیش كە تایبەتبوو بەڕێككارەكانی دابەشكردنی داهاتە بەدەستهاتووەكان لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاساكەدا، بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی شەش پێشنیار هەبوو، لە كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی بە 75 دەنگ پەسند كرا.

دواتر بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی پەرلەمان، دوو مادە بەڕیزبەندی مادەی هەشتەم و نۆیەم بۆ پێشنیازی یاساكە زیادكراو بەپێی مادەی یەكەمی زیادكراو حوكمەكانی یاساكە ئەو زەوی وخانووانەی لەپێشووتردا بەتایبەت لەسەردەمی رژێمە یەك لەدوای یەكەكاندا رووخێنراون دەگرێتەوە، ئەو مادەیەش بە دنگی 83 پەرلەمانتار پەسند كرا.

مادەی دووەمی زیادكراویش، كە تایبەتبوو بەوەی حوكمەكانی ئەو یاسایە ئەو زەوییانە ناگرێتەوە كە مافی خاوەندارییەتی یان رەفتاركردنی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەكانی لەسەرە، بەدەنگی 88 پەرلەمانتار پەسند كرا.

پاشان مادەكانی دەیەم تا دوانزەیەم كە تایبەتبوون بەحوكمە كۆتاییەكان دوای خوێندنەوەیان بەجیا خرانە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسند كران.

هۆكارەكانی دەرچوواندن بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی  چوار پێشنیار هەبوو، لە كۆتاییدا پێشنیازی راپۆرتی هاوبەشی هەردوو لیژنەی یاسایی و شارەوانی بە 80 دەنگ پەسند كرا.

دواتر كۆی یاساكە خرایە دەنگدانەوەو بە دەنگی 100 پەرلەمانتار پەسند كراو بەو بۆنەیەشەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان و  ئەو هاووڵاتییانە كرد كە حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوەو راشیگەیاند: هیوادارین وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایەدا هەوڵی تەواوی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە پێویستییەكان و سوود وەربگرن لەو داهاتەی كە لەو چوارچێوەیەدا بەدەستدێت. 

هەروەها سەرۆكی پەرلەمان داواشی لە لیژنەكانی پەرلەمان كرد لەچوارچێوەی كاتی تەرخانكراو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ كار لەسەر ئەو پێشنیازە یاساو بڕیارانە بكەن كە ئاڕاستەیان كراوەو خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ ئەنجامدراوە تاوەكو پەرلەمان بتوانێت خزمەتی زیاتر لەبواری یاسادانان پێشكەش بكات. 

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket