riklam

هەرێم.. بەرهەمی هەنگوین 60% زیاد دەكات

ئابوری 09:33 PM - 2019-10-28
.

.

بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی هەرێمی كوردستان بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو  60% زیادیكردووەو هۆكارەكەشی بۆ باشی رەوشی كەشوهەواو زۆری گەشەی گوڵ و گوڵزار لەكوێستان و ناوچە شاخاویەكان دەگەڕێتەوە، نرخەكەشی لەنێوان (10  -  80) هەزار دیناردایەو لەپیشانگای هەولێری نێودەوڵەتی هەنگوین و پێداویستی هەنگەوانی، هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان گلەیی لەزۆری هاوردەكردنی هەنگوینی بیانی و كەمی باجی گومرگی لەسەر هەنگوینی هاوردەو خراپی پشكنین و هەڵسەنگاندنی هەنگوینی باش و خراپی ناوخۆو دەرەوە دەكەن.

محەمەد سەعید وەك شارەزایەك لەبواری كاروباری هەنگەوانی سەبارەت بەكردنەوەی 12یەمین پیشانگای عەرەبی بۆ هەنگوین و پێداویستی هەنگەوانی لەپێشانگای هەولێری نێودەوڵەتی بە PUKmediaی راگەیاند: كردنەوەی ئەم پیشانگایە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ زیاتر ناساندنی بەرهەمی هەنگوێنی خۆماڵی هەرێمی كوردستان بەمیوانان و گەشتیارانی دەرەوەو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەلایەك و یەكترناسین و بەهێزكردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە لەلایەكی ترەوە، خۆشبەختانە ئەم پێشانگایە گەرموگوڕیەكی زۆری پێوەدیاربوو هاووڵاتیان و گەشتیارێكی زۆر لەناوچەكانی عیراق و وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەر سەردانی پێشانگاكەیان كردوە.

وتیشی: خۆشبەختانە ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی هەرێمی كوردستان بەبەراوورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو  60% زیادیكردوە هۆكارەكەشی بۆ باشی رەوشی كەشوهەواو زۆری بارانبارین و درێژی وەرزی بەهارو زۆری گەشەی گوڵ و گوڵزار لەكوێستان و ناوچە شاخاویەكان دەگەڕێتەوە، هەروەها ئەمساڵ نرخی یەك كیلۆ هەنگوین لەنێوان (10  -  80) هەزار دیناردایە.

عادل خورشید وەك یەكێك لەرێكخەرانی كردنەوەی پێشانگاكەو شارەزا لەبواری كاروباری هەنگەوانی، سەبارەت بەكردنەوەی (12) مین پێشانگای هەنگوین و پێداویستی هەنگەوانی پێی راگەیاندین: لەساڵی 2018ەوە ئێمە ئامادەكاری بۆ كردنەوەی ئەم پیشانگایە دەكەین و خۆشبەختانەش ئەم پێشانگایە رۆڵێكی گرنگی هەبووە بۆ لەیەكتر نزیكبوونەوەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەرو ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەنێوان هەنگەوانان و ئاشنابوون بەزانیاری و تەكنەلۆژیای بواری هەنگەوانی.

وتیشی: لەماوەی ساڵانی رابردوو ئێمە وەكو تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان بەشداری چەندین پێشانگاو پێشبڕكێی نێودەوڵەتیمان كردووەو توانیمانە ئەنجامێكی باش و چەندین میدالیای رێزلێنان بەدەستبهێنین، لەوانە لەهەریەك لەوڵاتەكانی (لوبنان و میسر و فەرەنسا و عیراق) و چەندین وڵاتی تر، ئەمەش وایكردووە كەهەنگوینی وڵاتەكەمان ناوبانگێكی باش پەیدا بكات.

عوسمان تۆفیق وەك هەنگەوانێك لەسنوری خۆشناوەتی سەبارەت بەبەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ پێیڕاگەیاندین: خاوەنی زیاتر لە (200) پوورە هەنگم و بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵیشم زیاتر لە دوو تۆن هەنگوینی باشبوو، هەنگەكانیشم زستانان لەدەڤەری خۆشناوەتی و هاوینان لەدەڤەری باڵەكایەتی بەخێو دەكەم، خۆشبەختانە بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ زۆرو باشبوو هۆكارەكەشی بۆ باشی رەوشی كەش وهەواو زۆری گەشەی گوڵ و گوڵزار لەكوێستان و ناوچە شاخاویەكان دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایكردووە كەببێتە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

وتیشی: داواكارم لەحكومەتی هەرێم بەتایبەتی لەوەرزی پێگەیشتنی هەنگوینی خۆماڵی باجی گومرگی لەسەر هاووردە كردنی هەنگوینی دەرەوە زیاد بكات بۆ ئەوەی رێگە لەهاووردە كردنی هەنگوینی بیانی بگیرێت و بەم هۆیەوە هەنگوینی خۆماڵی لەبازارەكانی كوردستاندا ساغ بكرێتەوەو لەهەمان كاتیش حكومەتی هەرێم لەرێگەی مەرزە سنوریەكانەوە پشكنینێكی باش بۆ بەرهەمی هەنگوینی هاووردە بكات.

خدر مەولود وەك هەنگەوانێك لەسنوری باڵەكایەتی سەبارەت بە بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ پێی راگەیاندین: ئەمساڵ بەرهەمی هەنوینی خۆماڵی زۆر باش بوو نرخەكەشی بۆ هەر یەك كێلۆ هەنگوینی رەسەنی نمرە یەك 75 هەزار دینارو یەك كیلۆ هەنگوینی رەسەنی نمرە دوو 40 هەزار دینارو یەك كیلۆ هەنگوینی نمرە سێ‌ 10 هەزار دینارە، خۆشبەختانەش بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ زۆرو باش بوو، بەڵام بەهۆی زۆری هاوردەكردنی هەنگوینی ئێرانی و توركی كەجۆرەكانیشیان خراپە وایكردووە كەنرخی هەنگوینی خۆماڵی دابەزێت.

عەبدوڵا سۆفی وەك هەنگەوانێك لەسنوری بناری قەندیل، هەر سەبارەت بە بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ پێیڕاگەیاندین: سەبارەت بەبەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ پێی راگەیاندین: لەكۆی 200 پوورەی هەن كەهەمە ئەمساڵ بەرهەمێكی باشی هەنگوینم هەبوو، بەڵام گرفتی سەرەكیمان ئەوەیە كەحكومەتی هەرێم سەرەرای ئەو هەنگوینە باشەی كەهەمانە رێگە بەبازرگانان دەدات كە هەنگوینی بیانی كەجۆرەكەی خراپە لەوڵاتانی دەرەوە هاووردەی هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی هەنگوینی ئیرانی و سعودی و توركی، چونكە ئەمە وادەكات كە بەرهەمی خۆماڵی ساغ نەبێتەوەو نرخەكەی دابەزێت، لەهەمان كاتیش بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان پڕ بكرێت لەجۆری هەنگوینی خراپ و ناتەندروست.

لەلایەكی تریشەوە مەحمود سپێنداری وەك هەنگەوانێكی چیای گارە لەسنوری پارێزگای دهۆك، سەبارەت بەكردنەوەی پێشانگاكە پێی راگەیاندین : كردنەوەی ئەم پێشانگایە گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بەر لەكردنەوەی پێشانگاكە نەتوانراوە رێكلامی پێویست بۆ كردنەوەی پێشاناكە بكەن بۆ ئەوەی خەڵكانێكی زیاتر سەردانی بكەن، لەهەمان كاتیش دەتوانم بڵێم كەهەڵسەنگاندنێكی باش بۆ بەرهەمەكانی هەنگوین كە لەم پێشانگایە بەشدار بوونە نەكراوە، ئەمەش وایكردووە كەپێوەرێك نەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگوینی باش و خراپ لەپێشانگاكەدا، ئەمەش نیگەرانی لای هەنگەوانانی بەشداربوو لەپێشانگاكە دروستكردووە.

PUKmedia فەتاح قەڵاتی – هەولێر 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket