riklam

پێنج وڵات بازاڕی تایەی هەرێم هەڵدەسوڕێنن

ئابوری 09:50 PM - 2019-10-27
.

.

هەرێمی كوردستان پشت بە هاوردەی تایەی ئۆتۆمبێل دەبەستێت و بە سێ ساڵ 475 ملیۆن و 900 هەزار تۆن تایەی ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە، كە بەهاكەی (961 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار) بووە، پێنج وڵاتیش سەرچاوەی سەرەكیی هاوردەن كە پشتیان پێ دەبەسترێت بۆ دابینكردنی تایەی 1 ملیۆن و 700 هەزار ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لە هەرێم و وەرزی بارانبارین و سەرماش جووڵە دەخاتە بازاڕی تایەفرۆشانەوە.

سامان ئەحمەد تەمەن 32 ساڵ، چوار تایەی نوێی بۆ ئۆتۆمبێلە نیسان سەنییەكەی دەكڕی و سەرقاڵی مامەڵە بوو لە فولكەی مامەڕیشە لە سلێمانی وتی: ״بەر لە وەرزی باران پێویستی دەكرد تایەی سەیارەكەم بگۆڕم و باشترین جۆری كۆری-یم بە 265 دۆلار كڕی״.

بە گوێرەی ئاماری هاوردەی تایە بۆ هەرێمی كوردستان كە لە وەزارەتی كاروباری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم دەستكەوتووە بە سێ ساڵ 475 ملیۆن و 900 هەزار تۆن تایەی ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە بە بەهای (961 ملیۆن و 800هەزار دۆلار)، كە هاوردەی ساڵی 2018 قەبارەكەی (162 هەزار و 700) تۆن بووە بە بەهای (388 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار)، ساڵی 2017 یش (169 هەزار تۆن) بە بەهای (265 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار  و ساڵی 2016یش بڕی (144 هەزار و 200 تۆن) بە بەهای (307 ملیۆن و 700 هەزار) دۆلار هاوردە كراوە.

بەو سێ ساڵەش بە بە های 24 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار 7 هەزار و 500 تۆن تیوبی تایە هاوردە كراوە.

عەبدولڕەزاق عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی كاروباری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم وتی: ״ئاماری ئەمساڵ بەردەست نییە، بەڵام هەرێم پشت بە هاوردەی تیوب تایەی ئۆتۆمبێل دەبەستێت و ئەو قەبارەیەش لە خاڵی سنووریی هەرێم و خاڵی سنووریی باشوورەوە هێنراون״.

״ لە چین، ئیمارات، ژاپۆن، كۆریای باشوور و تایلەندەوە تایە هاوردە كراوە، كە زۆرترینیان لە چینەوەیە و لە ڕیزبەندیی یەكەمدایە و تایلەندیش كەمترینە״، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی وای وت.

سەلام عومەر تەمەنی 49 ساڵە و  پێشانگای تایە و تیوبی لە سلێمانی هەیە و رایگەیاند: ״٢٤٠ بۆ ٥٠٠ تایەی قەبارە جیاواز هەیە و هەریەكە و بە نرخێكە، باشترین جۆری تایەش لە هەرێم جۆری تایلەندییە و خواستی لەسەرە، چونكە بۆ هەموو ئۆتۆمبێلێك دەبێت. نرخیش لە 45 دۆلارەوەیە تا ٢٥٠ دۆلار بۆ جووتێك تایە״.

لە پێنج وڵاتەوە و بە ڕێگەی كوالێتی كۆنتڕۆڵ تایە هاوردەی هەرێم دەكرێت، ڕێگەی قاچاخیش بوونی هەیە لە خاڵە گومركییەكان و فڕۆكەخانەكان، بەڵام هێندە كارێكی ئاسان نییە و ئاسایشی خاڵە سنوورییەكان زۆر بەهێزن.    

بەختیار مەلا ئەحمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هاوردە وتی: ״لە هەموو فڕۆكەخانە و خاڵە سنوورییەكان كوالێتی كۆنتڕۆڵ هەیە بەبێ پشكنین داخڵ ناكرێ״.

״بە پێی دەستووری عێراق ڕێگە نادەن لە ناوخۆدا تاقیگەی پشكنین هەبێت، بۆیە لە بەسڕە، ڕەبیعە و ئەو خاڵە سنوورییانەی عێراق هەیەتی بۆ دەرەوە، بە پارە بە واستە كاڵای كوالێتی خراپ داخڵ دەكرێت، لەو چوارچێوەیەدا هاوردەی هەرێم دەكرێ بەبێ پشكنین و لە بازاڕەكانی هەرێم ساغ دەكرێتەوە״، بەختیار مەلا ئەحمەد وا دەڵێت.

هەرێمی كوردستان 100% پشت بە هاوردەی تایە و تیوبی ئۆتۆمبێل دەبەستێت، چونكە هیچ كارگەیەكی درووستكردنی تایە نییە، لە كاتێكدا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەیە و ڕۆژانە نزیكەی 600-700 ئۆتۆمبێلیش هاوردە دەكرێت.

بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم رایگەیان:نزیكەی یەك ملیۆن و 700 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێم تۆمار كراون و زۆرترینیان لە هەولێرن كە 791 هەزار و 72 ئۆتۆمبێلە.

سەرچاوەكەی هەناردە و هاوردەكارانیش دەڵێت: ״تایەی توركی، خلیجی، ئەندەنووسی و مالیزیش هاوردە دەكرێن״.

 

PUKmedia  ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket