riklam

ترەمپ كوژرانی بەغدادی تیرۆریستی راگەیاند

جیهان 04:25 PM - 2019-10-27
.

.

دۆناڵد ترەمپ بەڕەسمی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی ئەمیری داعشی راگەیاند، وتیشی: دوو هەفتەیە بەوردی چاودێری شوێنی بەغدادی دەكەین و دەمانزانمی لەكوێیە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی شوێنەكەیەوە پرۆسەكەمان دوادەخست، دواتر بەغدادی چووە نێو تونێلێكەی و هاواری دەكردو دەگریا و خۆی تەقاندەو كوژراو سێ منداڵیشی لەگەڵ خۆی برد.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری وردی لەبارەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خستەڕوو، رایگەیاند: ئەبوبەكر بەغدادی كوژرا، ئەو دامەزرێنەری داعش بوو، یەكێك بوو لە رێكخراوە تیرۆرستییەكانی سەرانسەری جیهان، ئەمریكا چەند ساڵە بەدوای بەغدادیدا دەگەڕێ، دەستگیركردن و كوشتنی یەكێك بوو لەكارە سەرەكییەكانی ئیدارەكەم.

وتیشی: تیمێكی تایبەتی هێزە تایبەتەكانمان توانیان لەشەودا لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر زەوی ئۆپراسیۆنەكەیان تەواو بكەن بێ هیچ زیانێكی گیانی، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەیاریدەدەرو چەكدارەكانی بەغدادی كوژران.

ترەمپ لەكۆنگرەكەدا چیرۆكی كوژرانی بەغدادی گێڕایەوەو وتی: بەغدادی وەك كەسێكی ترسنۆك دوای ئەوەی چووە نێو تونێلێكەوە لەسەر دەست دەڕۆيشت و هاواری دەكردو دەگریاو وەك قارەمانێك نەمرد، وەك سەگێك لەسەر دەست مرد.

باسی لەوەشكرد: لەنێو ژوورەكەدا 11 منداڵ برانە دەرەوە، تەنها كەسێك كە لەناو تونێلەكە بوو بەغدادی بوو، سێ لەمنداڵەكانی بردبووە ناو تونێلەكە، دوای گەیشتن بەكۆتایی تونێلەكە خۆی تەقاندەوەو خۆی و سێ منداڵەكەی كوشت و تەرمەكەشی بەتەواوی وێران بوو بوو، بەڵام دواتر بەشێك لەتەرمەكەی وەرگیراو تیمی تایبەتمان پشكنین و توێكارییان بۆ كردو پشكنینەكانیش سەلماندیان كە ئەوە بەغدادی بووە.

سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاند: ئۆپراسیۆنەكە ماوەی دوو سەعاتی خایاندو دواتر هەرچی زانیاری و پیلانەكانی داهاتوو دۆكیۆمێنتەكانیان هەبوو دەستمان كەوت و كۆمانكردەوە.

لەبەشێكی دیكەی كۆنگرەكەدا وتی: بەغدادی دەمێكە خۆی دەشارێتەوە، بەڵام دوای تێكشکاندنی 100%ی خەلافەتەكەی توانیمان خۆشی بكوژین، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لەكوشتنی چەكدارەكانی و كۆتایی پێهێنانیان، كە چەندین خەڵكی بێتاوانیان كوشت و سەریان بڕین و جینۆسایدی ئێزدییەكانیان كرد، ئەوان دڕەندەترین رێكخراوی تیرۆرستی بوون.

ئەوەشی وت: شەوی رابردوو شەوێكی گرنگ بوو بۆ ئەمریكاو جیهان، كەسێكی دڕەندەمان كوشت، ئێستا هەڕەشەكانی كۆتاییان هاتووە، ئەو وەك كەسێكی ترسنۆك كوژرا و جیهان سەلامەتە. 

دۆناڵد ترەمپ سوپاسی روسیاو عیراق و سوریاو توركیای كرد، وتیشی: دەمەوێت سوپای كوردەكانی سوریا بكەم بۆ ئەو پشتیوانی و هاوكارییەی پێشكەشیان كردین بۆ كوشتنی بەغدادی.

ئەوەشی خستەڕوو: چەند هەفتەیەك لەمەوبەر دەمانزانی بەغدادی بۆ كوێ دەچێت، دەیویست شوێنەكانی خۆی بگۆڕێت، بۆیە دوای چاودێری دەمانزانی تونێلەكەی لەكوێیە، بۆیە توانیمان بچینە شوێنەكەی و بیدۆزینەوەو بەهەشت كۆپتەرو تیمێكی شەڕكەرەوە كە لە ئۆپراسیۆنەكەدا بەشدار بوون بەغدادی و یاریدەدەركانی و چەند سەركردەیەكی دیكەی داعشیان كوشت و هەندێكیشیان دەستگیركرد.

ئەوەشی وت: ئێمە چاودێری پرۆسەكەمان دەكردو ئاگاداری بووین، وەك سەیری فیلمێك بكەین ئاوا سەیری كوشتنی بەغدادیمان دەكرد.

ئەوەشی راگەیاند: چوینە چەند ناوچەیەك كە لەژێر دەستی روسیا بوو، هەروەها عیراق هاوكارێكی زۆر باش بوو، روسیا نەیدەزانی بۆ كوێ دەچین و چی دەكەین، هاوكاری سەربازییان نەكردین، بەڵام كوردەكان هاوكار بوون لە کوشتنی بەغدادی.

لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش لەسوریا، ترەمپ وتی: كشانەوەی هێزەكانمان پەیوندی بەئۆپراسیۆنی كوشتنی بەغدادییەوە نییە، چونكە دەمێكەوە بەدوایەوەین، ئەو دەیویست داعش بونیاد بنێتەوەو جارێكی تر داعش سەرهەڵبداتەوە

راشیگەیاند: لەسوریا هەندێك سەربازمان هێشتوەتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەنەوتەكە بكەن، چونكە دەبێت شەڕ بۆ نەوتەكە بكەین، ئەوێ بڕێكی زۆر نەوتی لێیەو كەسانی تریش ئەمەیان دەوێت، نامانەوێت داعش دەستی پێبگات كە پێشتر سەرچاوەی داهاتی بووە، هەندێك لەنەوتەكە دەبەین و  بەشی كوردیشی لێدەدەین،  دەمانەوێت رێككەوتن لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل یان كۆمپانیایەكی ترمان بكەین و بچنە ئەوێ بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتەكە.  

PUKmedia 

 

ترامب.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket