riklam

ئەمجارەیان پاساوەكە چی بوو...!!!

بیروڕا 01:48 PM - 2019-10-26
.

.

  لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە هەرچی بەسەر كوردا هاتبێت، شیكرەوە و لێكۆڵەرەوە سیاسیەكان، ئۆباڵەكەیان خستۆتە ئەستۆی كورد خۆیەوە، زۆر كەمتر بەلای بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان چون، كەواهی ئەو راستیەش كاتێك شێخی نەمر سەرنەكەوت و مەملەكەتی كوردستان بەرقەرار نەبوو،هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گێڕایەوە گوایە مەلیك مەحمود لاگیری عوسمانلیە دۆڕاوەكان بووە كە دەبوو لە بەرەی ئینگلیزەكاندا بێت، روخانی كۆمارە ساواكەی كوردستانیشیان بۆ ئەوە گێڕایەوە  هەڵە لە راگەیاندنی ئەو كۆمارە هەبووە، هەڵەكەش ئەوە بووە، دامەزراندنی لە دواساتەكانی شەڕی جیهانی دووەم و سەرەتای شەڕی سارد بووە كە لەسەر ئەرز دابەشكاریەكان تەواو ببوون ، هیچ كام لە لایەنەكان ئامادە نەبوون لە بڕێك لە بەشەكەی خۆیان خۆشبن بۆ بەرژەوەندی كورد، بە هەرحاڵ ئەگەر هەموو ئەو خوێندنەوانە راست بن ، ئەی ئەمجارەیان پاساوەكە چی بوو؟ ئایا كوردان بە گشتی و  لە كوردستانی رۆژئاوا كەمیان كردووە، ئەی ئەوەنیە لە دەسپێكی شەڕی تیرۆرەوە حازر و ئامادەبوون و گیان لەسەر دەستانە شەڕی دەستە و یەخەیان كردووە و زیاتر لە (11)هەزار شەهید و  22 هەزار برینداریان داوە، ئەگەر هی هەرێمیشی لەگەڵدا كۆبكرێتەوە كە هەموی هەر شەڕی تیرۆر بووە، تێكڕا دەگاتە 13 هەزار شەهید و زیاتر لە 33 هەزار بریندار، خۆ درەنگیش نەهاتن، بەر لەوەی فیشەكێك لەم شەڕە نەگریسە كە لە راستیدا جەنگی جیهانی سێهەمە بە بێ ئاشكرا كردنی، لە  لایەن زلهێزەكانەوە بتەقێنرێ، لە لولەی تفەنگی پێشمەرگە و شەڕڤانەوە تەقێنرا، بەشێك لەوانەی ئێستا لافی شەڕی تیرۆر لێدەدن ئەو دەم و تا ئەم ساتەش دایكە دزە و هێلانە و هەڵهێنەری داعش و تیرۆرستەكانن، لە هەڵبژاردنی بەرەی شەڕیشدا كوردان خاوەن بڕیار خۆیان بوون بە خوێندنەوە و لێكدانەوەیان بۆ بارودۆخی جیهان و ئەوەی لە واقیعدا هەیە ، لەگەڵ بەرەی دژە تیرۆر بگرە بۆ رۆژئاوا و رۆژ هەڵات سوپەریش بوون ، لە پرەنسیپە جیهانیەكانیش كە لە دنیای مۆدێرنەدا بانگەشەی بۆ دەكرێت، واتە لە دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ و مافی ژنان، بێ كەموكوڕی و بە قەد ئەو كاڵای لەبەردەستیاندا بووە پراكتیزەیان كردووە، سەرباری هەموو ئەوانە ئەوەتا بە بەرچاوی ئەو سیستەمە جیهانیە موزەیەفەوە، كوردستانی رۆژئاواو ئیدارە تازە پێڕۆكەی خەڵتانی خوێن دەكرێت،  نەك هەر ئەوە ناو و ناتۆرەشیان بۆ دادەتاشرێت، جارێك پێیان دەڵێن تیرۆرست ، جارێكیتریش دەڵێن بە پارەو چەكی ئێمە شەڕیان كردووە، كەڕەتێكیتر بە رون و ئاشكرا دەڵێن ئێمە ناتوانین (400)ساڵ پارێزگاریان لێبكەین چونكە خۆیان 300 ساڵە شەڕیانە، زۆر بەبێ ویژدانانە و دوور لە بنەماكانی ئەخلاقی سیاسی و مرۆڤایەتی، كورد و دوژمنەكانی دەخەنە تای تەرازوو، بێ ئەوەی بپرسن، ئەوە كێیە شەڕ دەكات لە پێناوی مانەوەی، كێشە شەڕ دەفرۆشێت بۆ قڕكردن و سوتماككردن؟ من بڕوای تەواوم بەوە هەیە هەرچی بە كورد و كوردستان كراوە بەوەی ئێستاشەوە ، ئەوە لێگەرێن ئێمە چیمان كردوە و چۆن بووینە ، هەموی دەچێتە خانەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و بازرگانی دەوڵەتە زلهێزەكان، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی دەڤەرەكە بەردەوام سەودامان پێكراوە، جارێك ئەولا بەرزی كردووینەتەوە، جارێكیتر ئەولایتر كەپسی كردووین،  ئەوەی ئێستاش هەر ئەوەیە و درێژكراوەكەیەتی، هەر ئەو زەمەنەی كە بۆ كورد وەیشومە بووە، چەندین شوێنی جیهان بوونەتە خاوەنی سەروەری خۆیان، بەراورد بە ئێمە زۆر كەمیشیان كردووە، ئەوەتا تەیموری رۆژهەڵات، ئەوە باشوری سودان، ئەوە سۆماڵی باكور، ئەوە ئەریتیریا، ئەوەش پاشماوەكانی یوگسلافیای كۆن كە ئێستا بوونەتە چەند وڵاتێك تێیاندایە بە قەد پارێزگایەكی ئێمە نابن،ماوەتەوە بڵێین و جەختی لەسەر بكەینەوە، ئەمە جیهانە و ئەوەش واقیعەكەیە بە بەرچاوتانەوە، ئیتر بەسە نوزە نوز و تۆمەت بەخشینەوە بۆ یەكتر، ئەگەر فریای ئەوەی ماوە نەكەون گورگان خواردی دەبین.

ن:عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket