riklam

خەڵكی هەرێم بەبایكۆت پەیام بۆ توركیا دەنێرن

ریپۆرتاژ‌ 12:46 PM - 2019-10-26
.

.

ماوەی چەند رۆژێكە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی خۆڕسك، وەك هەڵوێستێكی نیشتمانی هەڵمەتی بایكۆتكردنی شمەك و كاڵای توركیان دەستپێكردووە و بەپێی بەدواداچوونەكانی PUKmedia ئەو بایكۆتە تەنها خۆراك و جلوبەرگی نەگرتۆتەوە بەڵكو، لایەنی فڕۆكەوانی و گەشتوگوزار و تەندروستی و بازرگانی و چەند لایەنێكی دیكەی گرتووەتەوە.

 

بایكۆت كردنی كاڵای توركی كاریگەرییەكی خراپی لەسەر بازاڕەكانی هەرێم نابێت

عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆكی یەكێتی هاوردەو هەناردنكارانی هەرێم بە PUKmedia ی راگەیاند: بایكۆت كردنی كاڵاو شتومەكی توركی لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمەوە كاریگەیری لەسەر قەبارەی هاوردەكردن دەبێت.

وتیشی: هەر هاوردەكارێك كەبازرگانی دەكات پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ 5 بۆ 10 وڵات هەیە، بۆیە ئەگەر لە توركیاشەوە كاڵا و خواردەمەنی هاوردە نەكەن ئەوا دەتوانرێت لە وڵاتانی دیكەوە بهێنرێت، بۆیە بایكۆت كردنی كاڵای توركی هیچ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر بازاڕەكانی هەرێم نابێت.

وتیشی: خواست لەسەر كاڵای توركی كەمیكردووە بۆیە بازرگانانیش هەوڵدەدەن كاڵا و كەلوپەلی توركی هاوردە نەكەن و ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەبێت.

چەند گەشتێكی نێوان توركیا و هەرێم هەڵوەشاونەتەوە

محەمەد زێباری ئەندامی یەكێتی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری هەرێم بە PUKmedia ی راگەیاند: هێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان كاریگەری لەسەر گەشتی نێوان توركیا و هەرێم هەبووە، بەشێوەیەك رێژەی گەشتیار 50% كەمیكردووە و نرخی بلیتی فڕۆكەی ئەو هێڵەش دابەزیوە.

راشیگەیاند: ماوەی دوو هەفتەیە كاریگەرییەكان لەسەر هێڵە فڕۆكەوانییەكان دەركەوتووە چونكە بەشێكی زۆر لەهاووڵاتیانی هەرێم بایكۆتی گەشتكردن بۆ توركیایان كردووە، بەوەش نرخی تكتەكان بەڕێژەی 30% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە ئەمەش بۆ نرخی تكتی فڕۆكە رێژەیەكی یەكجار زۆرە.

محەمەد زێباری وتیشی: هەر بەو هۆیەوە چەند گەشتێكی نێوان توركیاو هەرێم هەڵوەشاونەتەوە.

 

لە بایكۆتی كاڵای توركیدا كوردەكان تەنها نین

تەنها كوردەكان نین لەكوردستان بایكۆتی كاڵای توركیان كردووە، دكتۆر عەبدولناسر محەمەد عەلی كە بەرەگەز عەرەبە و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵانە بە PUKmedia ی راگەیاند: راستە دەرمان و چارەسەرە پزیشكییە توركیەكان كوالێتیان لەدەرمانی وڵاتانی تر نزمترە، بەڵام بایكۆت كردنی دەرمانی توركی لەلایەن ئێمەوە دەگەڕێتەوە بۆ هاوسۆزیمان بۆ گەلی كورد و دەمانەوێت لەم رێگەیەوە دژی هەڵوێستی دوژمن كارانەی توركیا بەرامبەر كوردستان بووەستینەوە.

راشیگەیاند: بایكۆت پەیامێكی ئەخلاقی و ئینسانی هەیە پێش ئەوەی هەر پەیامێكی دیكەی هەبێت.

9.jpg

دكتۆر كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی خۆراك بە PUkmedia ی راگەیاند: بایكۆت كردنی كاڵاو شتومەكی توركی تەنها خۆراك و جلوبەرگی نەگرتووەتەوە بەڵكۆ لایەنی پزیشكیشی گرتووەتەوە و من وەك پسپۆڕی خۆراك، لەسۆنگەی هەستكردنم بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی بایكۆتی دەرمانی توركیم كردووە و لە ئێستادا بەدیلی دەرمانی توركی بۆ چارەسەركردنی نوخۆشەكانم بەكار دەهێنم.

راشیگەیاند: سەرەڕای هەڵوێستە نیشتمانییەكان بۆمان دەركەوتووە كەدەرمانە پزیشكییە توركییەكان، كوالێتیان باش نییە.

 

بایكۆتی كاڵای توركی بڕیارێكی هەمیشەییە

لاس ماركێت دەكەوێتە گەڕەكی هەولێری نوێ كەیەكێك گەڕەكە ناودارەكانی هەولێر، خاوەنەكەی بە PUKmedia ی راگەیاند:  وەك ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقی بڕیارماندا بە بایكۆت كردنی كاڵاو شتومەكی توركی و یەكەم ماركێتیش بووین هەم ماركێت و هەم كۆگاكانمان بەتەواوی بەتاڵ بكەین لە كاڵای توركی، چونكە دەبینین خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا تەنها لەبەر ئەوەی كوردن هێرشیان دەكرێتەوە سەر و شەهید دەكرێن.

راشیگەیاند: هەڵوێستی ئێمە دوای ئەو هەڵمەتە هات كەتێیدا داوا كرا بایكۆتی كاڵای توركی بكرێت لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە ، بڕوای تەواومان بەوە هەیە كە بەبایكۆت دەتوانین زیان بەئابوری توركیا بگەیەنین و بەردەوام دەبین و هاووڵاتیانیش بەشێوەیەكی گەرموگۆڕ پێشوازی لە بڕیاری بایكۆتەكەمان دەكەن.

جەختیشیكردەوە كەبڕیاری بایكۆتی كاڵای توركی بڕیارێكی هەمیشەییە و  هەموو بەرهەمێكی توركی دەگرێتەوە، لە كاتێكدا بەم هۆیەوە زەرەرێكی زۆر  گەورەی ماددی دەكەین، وە جێگای كاڵا توركیەكان پڕ دەكەینەوە بەبەرهەمی ناوخۆیی و عەرەبی و بیانی ، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە لەسەر هەڵوێستەكەیان بەردەوام بن و ئەو قسانە ساردیان نەكاتەوە كە دەڵێن كاڵای توركی جێگرەوەی نییە.

8.jpg

 

گروپی ( بایكۆتی شتومەكی توركی)

 

هاوكات هاووڵاتیانی هەرێم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك خاوەنی گروپێكن بەناوی (بایكۆتی شتومەكی توركی) كە 252 هەزار ئەندامی تێدایە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پەیامەكانیان بە زۆرترین كەس بگات، سەربەست محەمەد كە ئەندامێكی گروپەكەیە بۆ PUKmedia دواو وتی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لە هەڵوێستەكانیان پاشگەز نەبنەوە و ئەو قسانە ساردیان نەكاتەوە كە دەڵێن (ئەگەر تۆش كاڵای توركی نەكڕیت كەسێكی دیكە دەیكڕێت).

 

3.jpg

لوقمان سدیق  بە PUKmedia ی راگەیاند: لەگەڵ چەند هاوڕێیەكمان لە شاری هەولێر، هەستاوین بە دیزاین كردن و چاپكردن و بڵاوكردنەوەی چەند بڕوشەرێك و بۆ زیاتر گرینگیدان و ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیان  و فراوانكردنی  بایكۆتی شتومەكی توركی، بەخۆشحاڵییەوە كاردانەوەی خەڵك ئەرێنی بوو.

11111.jpg

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران و  ئەكتەر و هونەرمەندانی ئەوروپا و ئەمریكا بەلەبەركردنی ئاڵای كوردستان هاوسۆزی خۆیان بۆ رۆژئاوای كوردستان دەربڕی و كوردیان وەك دۆستی هەمیشەیی خۆیان وەسفكرد و داوایان لەئەمریكا كرد هێرشەكانی توركیا بۆسەر باكوری سوریا رابگرێت ورێگەنەدات لەوە زیاتر خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە ببنە قوربانی.

رۆژی 9-10-2019، سوپای توركیا هێرشی سەربازی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل و شەڕڤان شەهید بوون، ئەمەش ناڕەزایی لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان لێكەوتوەتەوە و لەوچوارچێوەیەشدا هەندێك وڵات فرۆشتنی چەكیان بە توركیا راگرت.

PUKmedia ئا/ ژینەر محەمەد

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket