riklam

كۆتایی جەنەڕاڵێك‌و ئاكاری روماڵكردن

ئەدەب وهونەر 10:12 PM - 2019-10-23
.

.

قەدەری ئەو نەتەوەیەی ئێمە وایە، پۆل پۆل داهێنەرو مەزن‌و جەنگاوەرەكانی دەمرن، بەردەوام تێكۆشەرەكانی هەر زوو جێمان دەهێڵن‌و دەست لە كاروانەكە هەڵدەگرن، ئەو قەدەرەی وادەكات جەنەڕاڵەكان لە سەنگەرەكانی شكۆمەندی، یان لە روپەڕی رۆژنامەو شاشەكانی تیڤییەوە ماڵئاواییەكی خەمناك بنووسنەوەو رێگایەكی تر تاقیبكەنەوە، ئەو قەدەرەی جاروباریش بە روداوی خەمناك، پاڵەوانەكانی نیشتمانمان لێدەسەنێتەوە، بەڵام ئەودەمە خەمەكە گەورەتر دەبێت كە دەبینین، ئەوەی بكەرو قوربانییەكە هەریەك كەسە.

مەرگی جەنەڕاڵی شعرو پایز، هەر لەو روانگەوە خەمناك نییە كە داهێنەرێكمان لەدەست دەچێت، بەڵكو بەو دیوەشدا جێی دڵتەنگییە كە كۆتاییەكانی خۆی بەدەستی خۆی دەنوسێتەوە، ئەو پیاوەی هێشتا زیندووبوو، كە پەیكەرەكەی لەپاركی ئازادی‌و ئەویندا هەزاران عاشقی لەژێردا كۆدەبۆوە، ئەو مرۆڤەی كە هێشتا لەسەر پێیەكانی خۆی بوو، كە هەمیشە بە ئەوینی خەڵك‌و هەوادارەكانی بەسەردەكرایەوە، هەر ئەوەشە پرسیارە جەوهەرییەكە بە چەشنێكی تر لە یادەوەری خۆماندا دوبارە دەكاتەوە، كە داخۆ بۆ سەرلەشكری عەشق‌و جوانی خۆی دەبێتە جەلادی جەستەی خۆی‌و بەو چەشنە حەزینە كۆتاییەكەی بۆ خەڵك وەك قەسیدەیەكی نوێ دەنوسێتەوە.

لەراستیدا من هەرگیز ئەو پاساوە پەسەند ناكەم، كە فۆڕم‌و مۆدێلی خۆكوشتن لەناو ئەدیب‌و شاعیران دەگشتێنن، چونكە بەهرەمەند‌و داهێنەرانی بواری ئەدەب، بە ئەندازەیەك ژیاندۆستن، دوا ریگەش هەرگیز بیری لە خۆكوشتن ناكەنەوە، بەڵكو ئەوەی هەیە گرێدراوی پرسێكی دیكەیە، ئەوەی لە ژیانی نووسەرو ئەدیبانی كوردو نەتەوەكانی تر دەگوزەرێت پەیوەستی شتێكی ترە، ئەو شتەی كە دەشێت وەك جۆرێك لەجۆرەكانی هەستكردن بەجیاكاریی‌و پەراوێزی بكەوێتە ناو ناخ‌و یادەوەری ئەو زاتانەوە، كە بەدڵنیایشەوە ئەوە دۆخێكی نۆڕماڵە، چونكە داهێنەران لەناو نەتەوەیەكی بێ یادەوەریدا هەر ئەو جیاكارییەیان بە نسێب دەبێت.

پرسی جەوهەری لەروداوەكەی (ئامانج‌و لانە) و دواتریش لە چیرۆكی كۆتایی (جەنەڕاڵی پایز) ئەو چەشنە روماڵە میدیاییەیە كە بەداخەوە، لە ئەنجامی خاڵیبوونەوەی بەرپرسیاریەتی‌و هەستكردن بە ژیانی ئەوانی دیكەدا رودەدات، ئەو فۆڕمە لە بڵاوكردنەوەو گواستنەوەی هەواڵەكان، ئەو چەشنە لە هەواڵ‌و روماڵەی میدیا‌و سۆشیال میدیا لە بنەڕەتەوە جگە لە ئازاردانی كەس‌وكاری قوربانییەكان، هاودەم جۆرێك لەدنەدان‌و هاندانیشی تێدایە، ئەو دنەدانەش دواجار دەشێت روداوەكان زیاتر‌و قوربانییەكانیش زۆرتر بكات.
رۆحی پایزو جەنەڕاڵەكەی شادبێت.

ئاری عومەر

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket