riklam

مەلا بەختیار:دوا وێستگەی خەباتی كورد ئێستایە

ی.ن.ک‌‌ 10:29 PM - 2019-10-19
.

.

لە دووەم ڕۆژی، نۆزدەهەمین چڤاتی گشتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە ئەوروپا، مەلابەختیار وەكو میوانی تایبەتی كۆنگرەكە بابەتێكی شیكاری بۆ بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان پێشكەشكرد.

لەكۆنگرەكەدا كە رۆژی (18/10/2019) دەستیپێكرد، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەریەك لە هەڤاڵان ئارێز عبدوڵا، بلێسە جەبار فەرمان و شێركۆ میروەیس، ئەندامانی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی دەرەوە و نوێنەری یەكێتی لە ھۆڵەندا و بەرپرسی كۆمیتەی ڕێكخستن و نوێنەری چەند ئۆرگانێكی یەكێتی لەسەر ئاستی ناوەندی دەرەوە، كە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكایەتی كەنەكە بەشداری كۆنگرەكەیان كردوە،  بەرگەرمی پێشوازی كراون‌و سەرۆكایەتی كۆنگرەكەش، لەبەرامبەر ئامادەبوونی یەكێتی لەم كۆنگرەیە بەم ئاستە، بە پشتیوانییەكی گەورەیان لەقەڵەمدا و وەكو هێزی كۆنگرە ناوەزەندكرا.

لە ڕۆژی یەكەمی كۆنگرەكە، دوای مەراسیمی كردنەوەی كۆنگرە، كە تەرخان كرا بوو بۆ وتاری پارت و ڕێخراوە سیاسییەكان، لە نێو وتارە سەرەكییەكاندا، وتاری مەلا بەختیار بوو كە سڵاوی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی گەیەندرایە كۆنگرەكە و پشتیوانی یەكێتی پێ ڕاگەیاندن. لەڕۆژی دووەمی كۆنگرەكەشدا، لەسەر داوای سەرۆكایەتی كۆنگرەكە، مەلا بەختیار بابەتێكی شیكاری پێشكەش كرد.

لەدەستپێكیشدا، مەلا بەختیار ڕایگەیاند:جەنگ وردەكاری زۆرە، تەنها جەنگاوەر دەتوانێ‌ لەو وردەكاریانە باش قسەبكا‌و بەوردی لەسەر دۆخەكە قسەبكا‌و ئومێدیشیخواست كە راسپاردەو بۆچونەكانی كۆنگرەكە، وابێ‌ كە دڵی جەنگاوەرەكان وەها خۆشبكات، كە لەم قەیرانە مەترسیدارە رزگاریان بكات.  دەبێ‌ خۆیان لەم قەیرانە رزگار بكەن. چونكە پیلانەكان زۆر گەورەترە لەوەی ئێمە لەم كۆنگرەیە مەزندەی دەكەین.

لەبەشێكی تری بابەتەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە: ئێستا كە ئەو هەموو گەریلاو شەڕڤانە دەبینین‌و جێگەی شانازین، بەڵام لەدوا سەرەنجامدا، هەسەدە بڕیار دەدات، چی دەكات‌و چی ناكات. هەسەدەیە بەرپرسیارە لەچارەنوسی ئەو ئەزمونە دەوڵەمەندەی كە ئێستا لەڕۆژئاوای كوردستان هەیە، هەر بڕیارێكیش ئەوان بیدەن، بڕیاری مەیدان‌و چۆنێتی تێگەیشتنیانە لەپیلانەكان، لەبەتاڵكردنەوەی پیلانەكان، لەهاوكێشە سیاسییەكان، ئەمنییەكان‌و سەربازییەكانی ئێستا.

لەدرێژەی بابەتەكەیدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتیشی:سەردەمی ئێستا، سەردەمی جیهانگیرییە. ئایا لەم سەردەمە باش تێگەیشتووین، گوتارو فەلسەفەی سیاسیمان، لەگەڵ ئەم سەردەمە دێتەوە بۆ ئەوەی مافە دیموكراسییەكانمان بەدیهێنین، یان نا؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەگەڕێمەوە بۆ شێخ مەحمود، دێمەوە بۆ قازی محەمەد‌و دەچمەوە بۆ شۆڕشی ئەیلول. سێ‌ وێستگەی گەورە لەمێژووی كوردایەتی‌و چۆنێتی مامەڵەیان لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی.

شێخی مەحمود، گەورەترین هەڵە كە كردی، سەرەڕای ئەوەی كە پیاوێكی زۆر گەورەیە لەمێژووماندا، سەردارێكی كەم نییە لەمێژووی ئێمەدا لەدوای شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، كە یەكەمین سەركردەو شۆڕشگێڕ كە لەیەكێتی نەتەوەیی كورد تێگەیشتبوو، كۆنگرەی نەتەوەیی بەست‌و لەچۆنێتی و كات شوێنی شەڕ  باش تێگەیشتبوو لەمێژووی ئێمەدا، میری بەدرخان نەبوو، شێخ عوبەیدوڵای نەهری بوو. دوای ئەویش شێخ مەحمود پیاوێكی گەوریە لەمێژووماندا، بەڵام گەورەترین هەڵەی شێخ مەحمود، لەسیاسەتی سەردەمەكەو لەئینگلیز قوڵ نەبووبۆوە! دژی ئینگلیز بوو لەساڵی (1916-1917) بۆ ئەوەی بەرگری لەعوسمانییەكان بكات، سەرەنجام دەوڵەتێكی كۆڵۆنیالیستی سەركەوتووی كرد بەدوژمنی خۆی‌ و ویستی ئیمپراتۆریەتێكی روخاوی عوسمانی، بكاتە دۆست،كەچی ئەو روخا، ئینگلیز سەركەوت‌و شێخ مەحمودیش تیاچوو.

لەكۆماری مەهابادیشدا، گەرەترین هەڵە، سەرەڕای زەوەی كە كە قازی و ھاوڕێكانی نمونەی قارەمانی بوون، هەڵەكە لەوێدایە كە جەنگی دووەم تەواو دەبێت، لەسەر بەڵێنی یەكێتی سۆڤییەت، كۆمار رادەگەیەنرێت. 

لەكاتێكدا سۆڤییەت، لەكۆنگرەی یاڵتا‌و لەكۆنگرەی تاران، لە كۆتایی جەندا، گفتی دابوو بە ھاوپەیمانان كە ئێران بەجێدەهێڵێت. واتە دوو كۆنگرەی نێودەوڵەتی بڕیار دەدرێت ھێزەكانی دەوڵەتانی ھاوپەیمان، كە لەئێراندا هەن، هەموویان وڵاتەكە بەجێبهێڵن‌، ڕێك لەكۆتایی جەنگیشدا، لەدوای هەردوو كۆنگرەكە، كۆمار رادەگەیەنرێت‌و یەكێتی سۆڤییەتیش ئێران بەجێدەهێڵێت‌و هەردوو كۆماری كوردستان و ئازربایجان دەڕوخێن. 

لەكاتێكدا ئەگەر چوارساڵ لەوەپێش كۆمار رابگەیەندرایە، رەنگبوو لەناو هاوكێشەی سیاسیدا، بارودۆخەكە جۆرێك لەچارەسەری بۆ بدۆزرایەتەوە. ئێستاش بەڵگەنامەكان هەمووی دەیسەلمێنێ‌، كە بەریتانیا‌و ئەمریكا پێداگیریان كردووە لەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد. كە پێشەواش بە لەسێدارەدان‌و بەجێنەهێشتنی مەهاباد، سەلماندی كە چەندە دڵسۆزە بۆ كوردو كوردستان. بەڵام دكتۆر قاسملۆی شەهید دەڵێ‌: قازی محەمەد خۆی بڕیاریداوە مقاوەمەت نەكات، گەرچی سۆڤییەت بووە هۆكار، چونكە كشاوەتەوە.

هەر لەدرێژەی بابەتەكەیدا، مەلا بەختیار، پاش شرۆڤەی سیاسەت‌و وردەكاری مامەڵەی سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و خەبات‌و تێكۆشانی هەریەك لەسەردارەكانی كورد، لەسێ‌ وێستگەی سەردەمی حوكمداری شێخ مەحمود، قازی محەمەد‌و شۆڕشی ئەیلول، روانگەی خۆی بۆ هەریەك لەو قۆناغانەی حوكمڕانی نەتەوەكەمان خستەڕوو، تیایدا وتی: ئەگەر بنج‌و بناوانی ئەو مێژووە بەباشی بخوێنینەوە، رەنگە یەكێك لەهۆكارەكانی ئەوەبێ‌ كە خوێندنەوەی هاوكێشەكان لەوكاتەدا، وای لەقازی محەمەد كردبێ‌، هیچ ئومێدی بەدەوڵەتەكان نەبووبێ‌‌و هیچ چارەی نەبووبێ‌ تەنها لەناو سۆزی میللەتەكەی خۆیدا، بكرێت بە پەتی سێدارەدا.  

ئەمەش دووەم ئەزمونە، كە ورد نەبوونەوەیە لەسیاسەت‌و هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان.

وتیشی: كۆماری كوردستان لەكۆتایی جەنگی دووەم ‌و سەرەتای جەنگی سارددایە. شۆڕشی ئەیلولیش، لەگەرمەی جەنگی سارددایە. شۆڕشی ئەیلول، وردە وردە كە ئەمریكا‌و ئێران‌و وڵاتانی دۆستی ئەمریكا، پشتیوانی دەكرد، سەرەنجام لەنێوان خۆساغكردنەوە لەنێوان بلۆكبەندی رۆژهەڵات‌و رۆژئاوا، بەیەك بڕیاری سیاسی، رێككەوتننامەی جەزائیر كۆتایی بەشۆڕشی چواردەساڵەی گەلەكەمان هات. 

ئەوپەڕی قارەمانێتیی لەشۆڕشی ئەیلولدا هەبوو، بەڵام ئەوەی كۆتایی پێهێنا، بڕیاری سیاسی بوو، نەك عەسكەری. چونكە بڕیاری سیاسی یەكلاكەرەوەیە، بەڵام بڕیاری عەسكەری كاتییە. ئەوەی كۆتایی بەهەموو دۆخەكە دەهێنێ‌، بڕیاری سیاسی سەركردایەتییەكانە.   

مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە: ئێستا ئێمە لەسەردەمی جیهانگیریداین، جیهانگیریش هاوكێشەكانی هەمووی گۆڕیوە. نەدەوڵەتەكان، نە كۆمەڵەكان، نە چینەكان، نە خێزان، نە تاك‌و نەبازاڕیش وەك جاران نین. ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و جەماوەریانە كە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بێ گوومان وڵاتانی دەوروبەر لێی بەدەر نابن، مانەوەی ھێزی چەكدار وەكو سەنگەری بەرەنگاری، ھێشتا گرنگە. 

بەڵام كە گۆڕانكارییە فراوانەكان لە ناوچەكە دێنە پێشەوە، خۆپیشاندان و چ ڕاپەڕین لە پێناوی ئازادی و دیموكراسی ڕاستەقینەدا، ئەو كاتە سەنگەری شۆڕشگێڕانە و مەدەنی كوردستانیش، دەبێتە بەشێك لەو قۆناغەی گۆڕانكاری ناوچەكەدا. 

بۆیە دەبێت پشووی شۆڕشگێڕانەمان لەپێناو ڕەھەندی گۆڕانكارییەكان درێژ بكەین. لە درێژەی بۆچوونەكاندا مەلا بەختیار جەختی كردەوە: دوا وێستگەی خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ نەتەوەی كورد، ئەوەی ئێستایە كە هەیە! بۆیە دەبێت ئەم خەباتە بە ئامانج و چارەسەری سیاسی بگات.

 

PUKmedia  تایبەت 

5565.jpg

8787.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket