riklam

ژنە کوردێکی کەرکوک لۆری لێ دەخوڕێت

ژنان‌ 11:57 AM - 2019-10-19
.

.

شەیدا عەبدولمەجید بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە كەركوك لێ دەخۆڕێت، یەكەمین ژنی كوردە لەسەر ئاستی عيراق خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕینی بارهەڵگری گەورەیە، بۆیە هەموو ئاستەنگەكانی بەردەمی بڕی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بە تایبەت ئەو كاتەی داواكارییەكەی پێشكەش بە هاتووچۆ كرد پێیان وت: ״ئەو مۆڵەتە بۆ ژن ڕێگەپێدراو نییە و تاكو ئێستا لە لایەن ژنانەوە داوا نەكراوە.״

ئەم وەڵامە وا لە شەیدای تەمەن 23 ساڵ دەكات زیاتر پێداگری لەسەر خواستەكەی بكات، ئەو هەوڵەكانی چڕتر دەكاتەوە بۆ گەیشتن بەو حەز و خولیایەی هەیبووە.

شەیدا چونكە هوشیارییەكی یاسایی باشی هەبوو، دەبوو لەوە دڵنیا ببێتەوە، كە ئاخۆ هیچ ڕێگرییەكی یاسایی لە بەردەم خواستەكەی ئەودا هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم مۆڵەتە، یاخود نا، بۆیە نووسراوێكی ڕەسمیی ئاڕاستەی لایەنە بەرپرسەكان لە بەغدای پایتەخت دەكات و لە وەڵامدا بۆی دەردەكەوێت هیچ ڕێگرییەكی یاسایی لە بەردەمیدا نییە تا وەك ژنێك ببێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێریی لۆری و بارهەڵگر‌.

لێرەوە شەیدا دەست دەكات بە ئامادەكارییەكان لە بواری تیۆری و پراكتیكی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، تا ڕۆژی 17ی نیسانی 2019 لە تاقیكردنەوەكان دەردەچێت، دەبێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێریی جۆری (ج) كە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر.

شەیدا ئەو كاتەی مۆڵەتەكەی لە پۆلیسی هاتووچۆ وەرگرتەوە، سەیرێكی وردی كرد و ئەمدیودیوی بە مۆڵەتە كرد و لە ناخەوە هەستی قووڵی بە خۆشی و شادی كرد، كە جگە لە سووربوون و كۆششی خۆی، هاوسەرەكەی هەمیشە پاڵپشتی بووە لە بەدیهاتنی خەونەكەیدا.

-.jpg

سەرباری ئەوەی شەیدا لە كاتی دەرهێنانی ئەو مۆڵەتە كەوتووەتە ژێر فشاری كەسوكارییەوە و پێیان وابووە ئەو كارە بۆ ژنان شیاو نییە، بەڵام شەیدا بە ئیرادەی خۆی و بە پاڵپشتیی هاوسەرەكەی خەونەكەی بە دی هێنا.

״لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك لە هەوڵدان بۆ ئەوەی نووسینگەی تایبەت بە فێركردنی ژنان بە ئۆتۆمبێلی لۆری بكەنەوە، بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێك لە بەردەم ئەو ژنانە نەمێنێت كە خەون بە فێربوونی شۆفێریكردنی لۆری دەبینن״. شەیدا وا دەڵێت.

بە گوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە ٦٣٩ كەس لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك مۆڵەتی شۆفێریی بارهەڵگری جۆری (ج)یان بە دەست هێناوە، لەو ژمارەیە تەنها دوو ژن هەن، زیاتر لە ٣١ هەزار كەسیش مۆڵەتی شۆفێرییان بە سەرجەم جۆرەكانییەوە بە دەست هێناوە، لەو ژمارەیەش نزیكەی ٥ هەزار كەس ژن بوون.

عەمید جەمال حەكیم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك، دەڵێت: ״ئەو خانمە داوای وەرگرتنی مۆڵەتی جۆری (ج)ی كرد، ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە هاوكاریمان كرد، بەڵام بە ڕەنجی شانی خۆی توانی ئەو مۆڵەتە بە دەست بهێنێت״.

ئەو كاتەی شەیدا بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر تەرایی دەدات، بۆ خودی ئەفسەر و پیاوانی هاتووچۆش جێی سەرنج بووە، هەروەها بۆ ئەو شۆفێرانەش هەر وا بووە كە دەیانبینی ژنێك شۆفێری بارهەڵگرە و بە دیقەتەوە سەیریان دەكرد.

56.jpg


بەڕێوەبەری هاتووچۆی كەركوك ئەم هەوڵ و دەستكەوتەی شەیدا بە كارێكی سەرنجڕاكێش و دەگمەن ناو برد و دەڵێت: ״شەیدا عەبدولمەجید لەسەر ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووكیش تاقیكردنەوەی ئەنجام دا، خۆشبەختانە لە هەردوو تاقیكردنەوەكاندا سەركەوتنی بە دەست هێنا، بەمەش دەبێتە یەكەم ژن لە عێراق مۆڵەتی شۆفێریی بارهەڵگر بە دەست بهێنێت.״

شەیدا لە ناو 637 پیاودا تاقەنە بوو، كە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی كەركوك مۆڵەتی شۆفێریی بارهەڵگری وەرگرتووە و هاوڕێیەكی ژنی دیكەیشی هەیە، بەڵام شەیدا زووتر مۆڵەتەكەی وەرگرتووە و نازناوی یەكەمینی بۆ خۆی پچڕیوە.

ژیان حەمید، لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتیی ژنانی كوردستان، وتی: ״ئێمە وەك یەكێتیی ژنان هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكەین ڕۆڵی ژنان لە سەرجەم بوارەكاندا بەرەوپێش ببەین، بە تایبەتیش لە بواری شۆفێریدا كە ڕێژەی شۆفێریی ژنان لە شاری كەركوك بە بەراورد بە پیاوان كەمە.״

71103704_1103027089887123_2048355351836753920_n.jpg


״بەشێكی زۆری ژنان لە ڕووی ماددییەوە سەربەخۆ نین، ئەگەر مووچەی تایبەتی خۆشیان هەبێت ناتوانن مامەڵە بەو پارەیەوە بكەن. ئەمە جگە لە نەبوونی پشتگیری و تێگەیشتنی كۆمەڵگە بۆ ڕۆڵی ژن هۆكاری دیكەی كەمیی ڕێژەی شۆفێری ژنن لە كەركوك״، ژیان حەمید وای وت.

ئەوەی  لە پشت سەركەوتنی شەیداوە بووە و هاندەر و پاڵپشتی بووە، عیسا مستەفای هاوسەرێتی، کە پیشەی پارێزەرە و دەڵێت: ״بەو پێیەی خۆم پیشەم پارێزەرە و شارەزای یاساییم هەیە، دەمزانی كە بە پێی یاسا ژنانیش دەتوانن مۆڵەتی شۆفێریی بارهەڵگر بە دەست بهێنن، بۆیە لە پشتی هاوسەرەكەم وەستام و پاڵپشتیم كرد״.

لە ماوەی ڕابردوودا شەیدا سیڤی پێشكەشی یەكێك لە كۆمپانیاكانی شاری كەركوك كرد، تاكو وەك شۆفێری لۆری كار بكات و خەونەكەی بە دی بهێنت، دوای ئەوەی خاوەن كۆمپانیاكە بەم داوایەی شەیدا ڕازی دەبێت و چەند ڕۆژێك كاریان لەگەڵ دەكات، بەڵام بە هۆی ئەوەی شەیدا خاوەنی ٢ منداڵە كە یەكێكیان تەمەنی تەنها ٢ ساڵە و ئەوەی دیكەشی ساڵێكە، نەیتوانی لە كارەكەی بەردەوام ببێت، بەڵام دەستبەرداری خەونەكەی نابێت.

״بوونی دوو منداڵی ساوا خەونەكەم لە ناو نابات، لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەكانم دەگەڕێمەوە سەر كارەكەم و هیوادارم ژنانی دیكەش هەر خەون و ئاواتێكیان هەبێت بتوانن ئەو ئاستەنگانە ببڕن، كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئامانجەكانیان بە دی بهێنن״، شەیدا عەبدولمەجید وای وت.

* دوای بەشداریکردنی لە خولێکی ڕێکخراوی ״Internews״ لەسەر شێوازی نووسینی ڕاپۆرتی هەستیاریی جێندەری، نووسەر ئەم ڕاپۆرتەی نووسیوە.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket