riklam

بڕیاری دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆكان درا

کوردستان 03:08 PM - 2019-10-16
.

.

 ئەمڕۆ 16ی ئۆكتۆبەری 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران كۆبوویەوە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی گەیشتوەتە PUKmedia، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان كراوە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦. لەمبارەیەوە دوای ئەوەی ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راپۆرتێكی پێشكەشكرد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دامەزراندنیان وەك قۆناغی یەكەمی دامەزراندنی یەكەمەكان.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پڕۆژەیەكی دەربارەی بەبازاڕكردنی ناوخۆیی گەنمی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو. سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە گرنگیدان ب كەرتی كشتوكاڵ یەكێكە لە ئەركە لە پێشینەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك كە پێویستە كار لە سەر دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بكەین و هەوڵیش بدەین بازاڕ بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بدۆزینەوە. ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بڕیاریدا چەند وەزارەت و فەرمانگە و دەستەیەكی حكومەت رابسپێرێت بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی پرۆژەكە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی چەند گرفتێكی پەیوەندیدار بەوەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی كرد كە لەلایەن كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازی و بازرگانی پێشكەش كراو لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران بۆ چارەسەركردنیان.

لە كۆتاییدا وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان فەرید كورتەیەكی دەربارەی پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەكان پێشكەشكرد. وەزیرە پەیوەندیدارەكان راسپێردران لە داهاتوویەكی نزیكدا راو سەرنجی خۆی دەربارەی ئەو ماددانە بخەنەڕوو كە پەیوەندیدارن بە كاروباری وەزارەتەكانیان تا لە نزیكترین دەرفەتدا بنێردرێت پەرلەمان بكرێت.

PUKmedia 

 

4747..jpg

7567575.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket