riklam

عومەر شێخ موس: سەركردایەتیی كورد لەسیاسەت تێ نەگەیشتووە

چاوپێکەوتن 01:11 PM - 2019-10-16
.

.

عومەر شێخ موس، سیاسەتمەداری كورد، كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو پشتتێكردنەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان ئەگەر هەیە لە دژی هەرێمی كوردستانیش دووبارە ببێتەوە و دەشڵێت: بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێم كاتین و هاوپەیمانێتییەكی ستراتیجی نییە، لەوانەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەرژەوەندییان لەگەڵ وڵاتی ئێمە كۆتایی بێت.

عومەر شێخ موس پێی‌ وایە سەركردایەتیی كورد لە دیبلۆماسییەت و سیاسەت تێ نەگەیشتووە، بۆیە هەڵە دەكات و دەشڵێت: بزووتنەوەی كوردی تا ئێستا ئۆرگان و دەزگایەكی یەكگرتووی نییە، ڕاستە لە هەندێك پرسدا هاوكاریی یەكتری دەكەن، بەڵام كاری ڕێكخستن و بڕیاردەر بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بوونی نییە.

 

سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ تۆ شۆك بوو؟

عومەر شێخ موس: هەروەك چۆن بۆ خەڵكی ئەمەریكا و كۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا شۆك بوو، بۆ منیش مایەی شۆكێكی زۆر گەورە بوو.

 

ئەو بڕیارە چاوەڕوانكراو بوو، یان ڕێككەوتنێكی گەورەتر هەیە لە توانای كورد، كە ناتوانێت ڕێگریی لێ بكات؟

عومەر شێخ موس: باوەڕ ناكەم ڕێككەوتنێكی فراوان و گەورەتر هەبێت لە ئاست ئەم جۆرە بڕیارەی سەرۆك ترەمپ، كە یەكەمجار نییە بە شێوەیەكی سەرپێیی بڕیار دەدات، تەنانەت لە بارەی جیهانەوە بڕیاری سەرپێیی دەدات و دواتریش ناچار دەكرێت، كە بڕیاری پاشەكشێ بدات، یان بۆ خۆی پەشیمان ببێتەوە، ئەم بڕیارەی ئێستاش دژ بە ڕۆژئاوای كوردستان یەكێكە لەو نموونانە، لە مانگی 12ی ساڵی 2018 هەمان بڕیاری دا، كە لە سوریا دەكشێینەوە، بەڵام دواتر لە جیاتی ئەوە هێزی ئەمەریكی تیایدا زیاد كرا، ئێستاش ئەوەی دەیبینین لە كۆنگرێس و وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوە و زۆرێك لە ناوەندە بەهێز و كاریگەرەكانی ئەمەریكا، كاردانەوەیەكی زۆر بەهێزە، تەنانەت ترەمپ خۆشی ئەوەندە تویتی دژبەیەك دەدات، كە چاودێرانی سیاسی ناتوانن بە ڕاستی شیكردنەوە بۆ بڕیار و بۆچوونەكانی بكەن، چونكە بۆچوونەكانی لە یەكترییەوە دوورن و مەنتقی نین.

 

ترەمپ خۆی پەشیمان دەبێتەوە یان ناچار دەكرێت پەشیمان ببێتەوە؟

عومەر شێخ موس: هەردوو ئەگەرەكە هەیە، چونكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تویتێكی بڵاو كردەوە كە دەڵێت بڕیارم نەداوە دەست لە كورد هەڵگرم، یان كارێكی وا بكەم، كە توركیا هێرش بكاتەوە سەر كوردەكانی سوریا، تەنانەت كۆمارییەكانی ئەمەریكا و ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییەكانی ئەمەریكا كارێكی وایان كردووە لە بڕیارەكە پاشەكشە بكات. لەوانەیە ئەوە بۆ توركیا بكرێت، كە كۆنتڕۆڵێكی سەرزەمینی هەبێت لە نێوان سەرێكانی و تەلەبیەت، بەرەو مەعەسكەری  ئەلهۆڵ، ئەویش بڕیارەكەی بۆ تووڕەبوون لە وڵاتی ئەورووپا دەگەڕێتەوە، چونكە داوای كرد ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا هێز بنێرن بۆ پاراستنی كەمپی ئەلهۆڵ، یان دانیشتوانی كەمپەكە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، بەڵام ئامادەی هاوكاری نەبوون.

 

كەواتە كام لە وڵاتان لەم بڕیارە سودمەندە یان زیانیان بەردەكەوێت؟

عومەر شێخ موس: شیكەرەوەكانی ئەمەریكا، ئەوانەی ڕەخنە لە ترەمپ دەگرن دەڵێن ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی ڕوسیا و ئێران دەركراوە، هەروەها پێیان وایە بڕیارەكە پشتكردنە لە هێزی كورد بەرامبەر بە هاوپەیمانێتیی ئەمەریكا، ئەمەش لە دواڕۆژدا پەیوەندییەكان بەرەو خراپییەكی زۆر گەورە دەبات، ڕەوشێكی بەرەڵاش لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوڵقێنێت، هەروەك ئاشكرایە توركیا و ئێران بۆچوونیان لەسەر مەسەلەی سوریا جیاوازە، ئێران و ڕوسیا دژی ئۆپراسیۆنی توركیان، توركیاش دەوری كەڵەگا دەبینێت، كە دەیەوێت بەرژەوەندیی خۆی بەسەر كورددا بسەپێنێت، بە جۆرێك ڕێگر بێت لەوەی كورد لە ناوچەیەكی جوگرافیی بەیەكەوەبەستراو بەڕێوەبردنی سەربەخۆی هەبێت، هەروەك چۆن بۆ هەرێمی كوردستانیش هەمان سیاسەتی هەبوو، بەڵام نەیتوانی ئەو ڕێگرییە بكات، لە ساڵی 2003 ڕێگەی نەدا هاوپەیمانان لە توركیاوە هێرش ببەن بۆ عێراق بۆیە هاوپەیمانان لە كورد هاوكارییان وەرگرت.

 

باشترین سیناریۆ بۆ كورد لە ڕۆژئاوا چییە لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا؟ ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی سوریا یان پەنابردن بۆ ڕوسیا؟

عومەر شێخ موس: ڕێكخستنی ماڵی كورد و ئامادەیی هاوكاریكردن و یەكخستنی هێزەكانیان، هەروەها دەست بە گفتوگۆ بكرێت لەگەڵ حكومەتی سوریا و ڕوسیا، بۆ ئەوەی ڕێگر بن لە پەلاماردانی توركیا و دووبارەبوونەوەی كارەساتی عەفرین.

 

بۆچی یەكدەنگی لە چوارپارچەی كوردستاندا درووست نەبووە لەسەر پرسێكی ئاوهای وەك ڕۆژئاوا؟

عومەر شێخ موس: لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی كوردی تا ئێستا ئۆرگان و دەزگایەكی یەكگرتووی نییە، ڕاستە لە هەندێك پرسدا هاوكاریی یەكتری دەكەن، بەڵام كاری ڕێكخستن و بڕیاردەر بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بوونی نییە.

 

هەست ناكەن زۆربەی شەڕی داعش بە كورد كرا لە ڕۆژئاوای كوردستان و دواتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتی تێ كرد؟

عومەر شێخ موس: ناتوانین بڵێین كۆمەڵگەی جیهانی هەمووی پشتی كردە كورد، چونكە ئێستا دەبینین بەشی زۆری وڵاتان دەڵێن لەگەڵ ئەو بڕیارەی ترەمپ نین، پێیان وایە گەورەترین هاوپەیمانی و شەڕ لە دژی داعش كورد كردوویەتی، لەبەر ئەوە هەڵوێستی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا جیاوازە، ڕاستییەك هەیە دەبێت لێی تێ بگەین؛ بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ وڵاتێك كە لە ئێمە گەورەترە لە لایان گرنگتر و جێگەی بایەخی زیاترە، بەڵام بەرژەوەندیی ئێمە و وڵاتانی زلهێز بە شێوەیەكی كاتی یەك دەگرنەوە، بۆیە دەبێت لە كاتی یەكگرتنەوەی بەرژەوەندییەكانمان سود لەو پەیوەندییە وەربگرین.

 

بۆچی كورد هەمیشە ئەو مێژووەی بەسەردا دووبارە دەبێتەوە كە لە قۆناغێكدا بە كار دەهێنرێت و دواتر دۆستەكانی پشتی تێ دەكەن؟

عومەر شێخ موس: وڵاتان بەرژەوەندیی خۆیان بە گرنگترە دەزانن، سەركردایەتیی كوردیش لە دیبلۆماسیەت و سیاسەت تێ نەگەیشتووە، بۆیە هەڵە دەكات، بۆ نموونە پێش شەڕی داعش دەبوو كورد لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان ڕێككەوتنێكی ڕوون و ئاشكرای هەبێت، بە شێوەیەكی دیار و نووسراو، داخوازییەكانی خۆیان بەسەر هێزی هاوپەیماناندا بسەپێنن، بۆ ئەوەی وەك ئێستایان بەسەردا نەیەت.

 

كەواتە كورد تا ئێستا نەیتوانیوە دۆست لە دووژمن جیا بكاتەوە؟

عومەر شێخ موس: ئەوە بەو مانایە نییە، كورد زۆر باش دەتوانێت دۆست و دووژمن لە یەكتری جیا بكاتەوە، بەڵام هەندێك جار نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆست و دووژمن بكات.

 

دەوترێت ئەوەی بەسەر ڕۆژئاوای كوردستان هات ئەگەر هەیە بەسەر هەرێمی كوردستانیشدا بێت و ئەمەریكا پشتی تێ بكات لە قۆناغێكدا ئەوە پێشبینیكراوە؟

عومەر شێخ موس: بەڵێ، بە داخەوە ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ ئەمەریكا و چەند دەوڵەتێكی تری زلهێزی دونیا هەیە، ئەمەریكا چەند جارێك لە كورد دوور كەوتووەتەوە، لە  ساڵی 1975، لە ساڵی 1991، ئێستاش 2019، هەروەها ڕوسیا لە كاتی كۆماری كورستان كوردی بەجێ هێشت، لەبەر ئەوە سەركردایەتیی كورد دەبێت زۆر بە وریایی و ژیرانەوە سیاسەت بكات، پێویستە هێزەكانیان یەك بخەن و هاوكاریی یەكتری بكەن، تا بتوانن بەرەنگاری ئەگەری ڕەوشێكی لەو جۆرە ببنەوە.

 

پەیوەندیی نێوان هەرێم و ئەمەریكای ترەمپ هاوپەیمانێتییە یان تەنها بەرژوەندییەكی كاتی بە هەرێمەوە بەستوونیەتییەوە؟

عومەر شێخ موس: بەرژوەندییەكی كاتییە و هاوپەیمانێتییەكی ستراتیجی نییە، لەوانەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەرژەوەندییان لەگەڵ وڵاتی ئێمە كۆتایی بێت.

 

دەوترێت ترس لە ئێران نەبوایە ترەمپ بە تەواوی پشتی لە هەرێم دەكرد؟

عومەر شێخ موس: ئەوە بۆچوون و هەڵسەنگاندنێكی ناڕاستە.

 

بۆ ئەم قۆناغە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ كورد زۆر زەرورتر نییە لە پێشوو؟

عومەر شێخ موس: من باوەڕم بە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی نییە.

 

هۆكار چییە؟

عومەر شێخ موس: چونكە درووشمە و ڕاستیی سیاسیی تێدا نییە، كاری تەواوی بۆ نەكراوە تەنها هاژوهوژێكی ئیعلامییە.

 

ئەگەر كورد ڕۆژئاوای كوردستان لە دەست بدات، ئەگەری لەدەستدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستایش نییە، گەرەنتی چییە ئەم ئەزموونەش نەكەوێتە بەر مەترسی؟

عومەر شێخ موس: ڕەوشی عێراق زیاتر كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام لاوازبوونی هەر بەشێكی كوردستان، كاریگەریی لەسەر هەرێم و ناوچەكانی تریش دەبێت.

 

كورد لە ڕۆژئاوا دراوسێی هەرێم بێت باشترە یان ڕژێمی سوریا؟

عومەر شێخ موس: ئێوە جاری وا هەیە بەدیلی زۆر سەیر و سەمەرە دادەنێن، كورد دەتوانێت هەردووكیان بكات، بە جۆرێك پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم هەبێت و لەگەڵ حكومەتی سوریاش پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە.

PUKmedia لە ئاژانسەوە

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket