riklam

مەلا بەختیار:ناونیشانی سەرەكی ئەم راپەڕینە لەعیراقدا گەندەڵییە!

ی.ن.ک‌‌ 02:32 PM - 2019-10-12
.

.

بۆردی پێگەیاندنی كادران، بەهاوكاری مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین، لەژێر دروشمی "گەشەپێدانی فیكر، گەشەپێدانی رەفتارە" خولێكی گەشەپێدانی هۆشیاری بۆ كادرانی مەڵبەندی خانەقین كردەوە.
خولەكە، كە ئەمڕۆ (12/10/2019) لەهۆڵی دیالۆگی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەئامادەبوونی مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین، وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند:مەترسیدارترین بابەتێك بۆ هەموو كۆمەڵێك، بۆ هەموو نەتەوەیەك، دەسەڵاتێك، دەوڵەت‌و ئەزمونێكی سیاسی، بۆ هەموو حزب‌و رێكخراوێك‌و تەنانەت خێزان‌و تاكە كەسێكیش، ئەوەیە كە لەسەردەمەكەی خۆی بەجێبمێنێت!

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئەو روانگەیەشی رونكردەوە، كە: بەجێمان لەسەردەم، لەو پێشكەوتنانەی لەدەوروبەر‌و دنیادا هەیە، واتە چەقین لەرابردوودا! هەركاتێكیش ئەقڵ چەقی، ئەوا تێناگات. چونكە تەكنەلۆجیای ئێستا، تەكنەلۆجیا‌و تەكنیكی سەد ساڵی رابردوو نییە، لەكاتێكدا ئێستا بەهۆی تەلەفۆنەكانەوە هەموو دنیا لەگیرفانی ئێوە هەموو تاكێكدایە. بۆیە گوناهە ئێستا تاك هەوڵنەدات فێرببێ‌‌و سود لەدەستكەوتەكانی سەردەم وەربگریت.

وتیشی: لێپرسراوێتی ئێوە ئێستا، پێشئەوەی لێپرسراوێتی پێشمەرگایەتی‌و شەڕكردن‌و دژایەتیكردنی تەعریب بێ‌، لێپرسراوێتیتان گەشەپێدان‌و هۆشیاری چەكی مەعریفە‌و فیكرییە. چەكی فێربونە لەئەركەكانی ئێستا‌و لەواتاكانی، لەدیموكراسی، ئازادی، مافی ژن، یاسا، پەروەردە‌و..تدی ئەم سەردەمە‌و ئەم چەكەش زۆر لەو چەكە گرنگترە كە پێیدەڵێن: چەكی پێشمەگەرو شەڕ!

رونیشیكردەوە: ئەگەرچی ئێستا دەوترێت داعش تێكشكاوە‌و بەتەنها مەفرەزەیەك لێرەو لەوێ ماوە، بەڵام بۆ دەتوانێ‌ درێژە بە مقاوەمەت‌و كردەوەی ترس‌و تۆقاندن بدات؟ هۆكارەكەی ئەوەیە، كۆمەڵی عیراقی بەكوردستانیشەوە، پەروەردەكە بۆ ئەوەی فیكری داعش‌و رۆحی داعش لەمێشكی خەڵك بچێتەدەرەوە، نەریتی داعش لەژیانی كۆمەڵایەتی ئێمە نەچۆتە دەرەوە.

ئەوەندەی ئێمە قوربانیمانداوە بۆ ئەوەی بەرگری لەم ئەزمونە بكەین، نیوهێندە خەباتمان نەكردووە بۆ ئەوەی فیكر، فەلسەفە‌و باوەڕی داعش لەڕەگ‌و ریشە هەڵبكەنین. بەدڵنیایشەوە هەركاتێك كۆمەڵ فیكری داعشی تێدا نەما، لەبیر‌و هۆش‌و سایكۆلۆژیماندا فیكری داعش نەما، ئەوا داعش ناتوانێ‌ رێكخستنی خۆی بكات‌و چالاك بمێنێ‌، بەڵام ئەگەر بمێنێ‌، ئەوا بەپێچەوانەوە دەبێ‌.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە شەڕكردن لەگەڵ داعش‌و لەڕووی عەسكەرییەوە ئاسان بوو تێكبشكێنرێن،  بەڵام شەڕی فكر  لەگەڵ داعش گرانە تێكبشكێنرێ‌‌و ئەمەش بە ئەمریكا‌و ئۆرۆپا ناكرێ‌، بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەمریكاو ئۆرۆپا خۆیان ئیسلام نین، رەخنەی ئەوان مەناعەتێكی هەیە لەلای ئیسلامییەكان، بۆیە دەبێ‌ لەناو خۆماندا گۆڕانكارییەك دروستبكەین لەپەروەردەكردنی ئەقڵ، لەبیروهۆشی خەڵك‌و ئەگەر ئەمەش لەناو خۆماندا دروست نەبێ‌، ئەوا ئەو وەرگۆڕانە گەورەیەی كە پێویستە بۆ ئەوەی لەكۆمەڵێكی دواكەوتووەوە، لەتاكێكی دواكەوتووەوە وەربگۆڕێین بۆ كۆمەڵێكی سەردەمی‌و پێشكەوتوو، زەمینەی كۆمەڵایەتی خۆمان ئامادەبكەین، بۆ ئەوەی دیموكراسی قبوڵ بكات، ئەوا ئاسان نییە تەنها بەفیكری هاوردەی رۆژئاوا بتوانین فیكری داعش‌و سەلەفی لەعیراق‌و كوردستان‌و لەناو وڵاتانی ئیسلامی لەڕەگ‌و ریشە هەڵبكەنین! بۆیە لەمبارەیەوە پەروەردە، ئێجگار گرنگە.

لەو روانگەیەشەوە جەختیكردەوە: ئەم خولانە زۆر گرنگە‌و مەڵبەندی خانەقین كارێكی باشی كردووە كە خولەكەیان رێكخستووە‌و وانەكانی خولەكەش یارمەتیدەردەبێ‌ بۆ پەروەردەیەكی نوێ‌، ئەگەرچی هێشتا لەڕووی پەروەردەی ئایدۆلۆجی، فەلسەفیی‌و سیاسییەوە، كەموكوڕیمان هەیە‌و پێویستە بەرنامەیەكی هەمەلایەنەو گشتگیرمان هەبێ‌ بۆ ئەوەی ئەم پەروەردەیە هەبێ‌.
لەبەشێكی تری وتەكەیدا، مەلا بەختیار، خوێندنەوەی بۆ هەلومەرجەكەش كردو وتی: بەهەلومەرجێكدا تێدەپەڕین، كە هەلومەرجی عیراق‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژئاواو باشوری كوردستان، هەموو ئەمانە لەیەكچوون‌و لەناویەكدا تێكچڕژاون.

سەبارەت بەهەلومەرجی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە سێ‌ هۆكار هەیە. یەكەم: جێبەجێ‌ نەبوونی دەستور‌و سەروەرنەبونی یاسا. دووەم: وڵاتەكە نەبوو بەوڵاتێكی دیموكراسی، راستە هەڵبژاردن هەیە، بەڵام هەڵبژاردن بەویژدان ناكرێ‌، بەڵكو بەكڕین فرۆشتن‌و بەتەزویركردنە. ب

بۆیە ئەم هەڵبژاردنە مەترسیدارترینە لەسەر دیموكراسی. سێهەم: هۆكارەكەی ئەوەیە كە بەشێك لەدەسەڵاتەكانی ئێستا، لەباتی ئەوەی سەركردە، سەركردەی بزوتنەوەی دیموكراسی و پارێزەری دەستوربن، سەركردەی جوڵانەوەی گەندەڵین! خۆیان گەندەڵن‌و گەندەڵەكانی خوارەوە دەپارێزن، گرێبەستەكان بەسەرپەرشتی خۆیان ئیمزا دەكرێت‌و بەوهۆیەشەوە بەسەدان ملیار دۆلار لەعیراقدا نەماوە‌و دزراوە‌و وتیشی:
حكومەتی عیراق، میللەتێكی وەكو كورد، كە هەموو قوربانییەكیداوە بۆ ئەوەی عیراق لەدەست بەعس رزگار ببێت‌و دیموكراسی بێتەدی، مانگانەی 17 ملیارد وەك بودجە بدەنە كورد باشترە، یان رێگە بدەن گەندەڵەكان هەموو سەروەتی عیراق بدزن! لەكاتێدا تا دە تا سی ساڵی تریش هەموو مانگێك بەتەواوەتی 17 ملیارد بدەنە كوردستان، هێشتا قەرەبوی مادی‌و رۆحی ئەنفالەكان ناكەنەوە.!

تەئكیدیشی كردەوە: لەم وڵاتەدا دیمكوراسی بەرقەرار نییە‌و یاسا سەروەرنییە، گەندەڵیش چۆتە هەموو جومگەكانی ژیان‌و حكومەتیشەوە، ئەگەرچی ساڵێك‌و پێنج ساڵ بەمەزهەب‌و بەریكلامی سیاسی دایانپۆشی‌و خەڵكیش هەر بەرگەی گرت، بەڵام دواجار خەڵك پڕ بوو تەقییەوە. بۆیە ئەگەر لەرەگ‌و ریشەوە كێشەكان چارەسەر نەكرێت‌و ئەو كەشی ترس‌و تۆقاندن‌و سەپاندنی مەزهەب‌و تایەفەگەرییەوە لەعیراق نەگۆڕن، بەدڵنیاییەوە ئەمجارە بتەقێتەوە خراپتر دەتەقێتەوە!
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی،

جەختیشیكردەوە: ناونیشانی سەرەكی ئەم راپەڕینە لەعیراقدا گەندەڵییە. بۆیە ئەگەر عیراق فەزای سیاسی خۆی نەگۆڕێت، سەروەری یاسا نەچەسپێنێت. سوپا‌و هێزی چەكدار یەكنەخات، باردۆخی ئەمنی چاك نەكات‌و بزوتنەوەی رووناكبیری و هونەری پێشنەخات، ژیانی مەدەنی بە باشتر نەیاتەپێشەوەو هەموو كەسێك هەست بەوە نەكات هاووڵاتییەكە‌و مافی هاووڵاتیبونی لەم وڵاتە هەیە‌و گەندەڵیش كۆتایی پێنەهێنێت، ئەوا دیسانەوە راپەڕین سەرهەڵداتەوەو ئەگەر ئەمجارە لەشەش حەوت پارێزگا بووە، ئەوا ئەمجارە لەهەموو عیراقی عەرەبی، راپەڕین بەفراوانی روودەدات!

وتیشی: پەیوەندی عیراق‌و كوردستان خراپەو دوو هۆكاری سەرەكیش هەن، یەكەم ئەوەیە كە یاسا لەم وڵاتەدا بوونی نییە‌و جێبەجێ‌ نەبووە! كە یاساش جێبەجێ‌ نەبوو واتە مادەی 140 جێبەجێ‌ نابێ‌! كە ئەو مادەیەش جێبەجێ‌ نەبوو واتا ناوچە كێشە لەسەرەكان هەمیشە لەكێشەداین، تەعریب هەیە، تائیفییەت هەیە، دەركردنی كورد هەیە، داگیركردنی خاكی جوتیارو هاووڵاتی كورد هەیە‌و هەموو ئەمانەش كێشەیە لەنێوان ئێمەو ئەواندا.

دوەمین هۆكاریش، ئەو دزی‌و گەندەڵییەی كە هەیە، وایكردووە كێشەی دارایی لەنێوان ئێمەو بەغداد هەبێ‌. لەسەر نەوت، غاز، بودجەو موچە، پێشمەرگەو چەكداركردنی هەیە، تەنانەت لەسەر مافی جوتیارانیش، كە ئەمەش كێشەی گەورە گەورەیە لەنێوانماندا‌و باوەڕیشموایە: هەقە هەرێمی كوردستان، بەڕاوێژ لەگەڵ هەموو حزبە كوردستانییەكان، لەناو پەرلەمان‌و لەگەڵ حكومەت، پرۆژەیەكی تازەمان بۆ دانوستاندن هەبێ‌‌و لەم پرۆژەیەشدا دەبێ‌ لەهەموو بابەتەكان قسە بكەین، نەك تەنها لەنەوت‌و غاز.

لەكۆتایی وتەكەشیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، رایگەیاند: دانوستاندن تەنهها لەسەر نەوت‌و غاز، گومان لای هاووڵاتی دورستدەكات ‌و دەڵێت: ئەم حكومەتە دەیەوێ‌ نەوت‌و غازەكە ببات بۆیە هەر دانوستاندن لەسەر نەوت‌و غاز دەكات! ئەی كوا قەرەبوی ئەنفالەكان، دێهاتەكان، كیمیاباران؟ ئەی كوا چەكداركردنی پێشمەرگە، ئەی كوا سەروەری یاسا، كوا دیموكراسی بەمانای كامڵی خۆی، كوا كۆمەڵی مەدەنی، كوا سەربەستییەكانی ژن؟! ئێمە لەناو عیراقدا دەژین، لێپرسراوێتیشمان ئەوەنییە تەنها بەرگری لەوە بكەین كە نەوتەكەمان بڕوات یان نا! بەڵكو لێپرسراوێتیشمان ئەوەیە لەناو فەزای عیراقدا، عیراق ببێت بەوڵاتێكی مەدەنی‌و دیموكراسی. چونكە عیراق نەبێ‌ بەوڵاتێكی دیموكراسی‌و مەدەنی، ئەوا لەوێ‌ ئاگر بەرببێتەوە، بەر ئێمەش دەكەوێت. خۆپیشاندان بكرێ‌ مەترسی لەسەر ئێمە هەیە، داعش لەموسڵ سەرهەڵدەدات، دێتە شەنگال، دێتە كەركوك‌و مەخموریش.

بەپێچەوانەشەوە سەقامگیری لەعیراقدا هەبێ‌، یاسا سەروەربێ‌، دیموكراسی هەبێ‌، خۆشگوزەرانی هەبێ‌، دژایەتی گەندەڵی بكرێت، ئەوا لەهموو بارێكەوە بۆ كوردستانیش باشە‌و تەئكیدی كردەوە:

ئەگەر دانوستاندنی كوردستان لەگەڵ بەغداد، دانوستاندێكی كامڵ‌و تەواوەتی نەبێ‌، ئەمجارەش رێكبكەوینەوە، ئەوا جارێكی ترنێوانمان تێكدەچێتەوەو تا سەرنابێ‌. بۆیە دەبێ‌ دانوستاندنەكەمان، دانوستاندێكی مەبدەئی‌و نەتەوەیی‌و یاسایی‌و ئابوریش بێ‌.
لەبارەی كوردستانیشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هەتا ئێستا كوردستان، پێكهێنانی حكومەت كارێكی باش بوو، چارەسەری هەندێك لەكێشەكان لەنێوان پارتی، یەكێتی‌و گۆڕان، باش بوو. ئەگەرچی لەگەڵ هەندێك لەهێزە ئیسلامییەكان كێشەكان ماوەتەوەو چارەسەر نەكراوە، لەگەڵ ئەوەی بەشبەحاڵی خۆم پێمخۆشبوو لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكان، كە كۆمەڵی ئیسلامی ئامادەبوو بچێتە حكومەت بەڵام بەداخەوە جدیەت نەبوو لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ئەگەرنا پێموابوو كێشەكان لەگەڵ ئەوانیشدا چارەسەر دەكرا.

هەروەك ئەم حكومەتەی ئێمەش مەحكومە بەڕووداوەكانی ناوچەكە، عیراق‌و كوردستان‌و حزبە كوردستانییەكانیش. ئەگەر كۆی كێشەكان كە هەیە لەناوچەكەو لەعیراق، حكومەتی ئێكە هەڵسوكەوتێكی حەكیمانە نەكات، بەرنامەی نەبێ‌‌و بەوردی مامەڵە لەگەڵ كێشەكان‌و شەڕەكان‌و بەدبەختییەكان نەكات، ئێمە ناتوانین دوور لەكێشەكانی لەدەوروبەرمان هەیە، ئەم حوكمڕانییە چۆنمان بوێت وا بچێت بەڕێوە. بۆیە دەبێ‌ حكومەت لەهەموو بارێكەوە بیر لەسەركەوتنی خۆی بكاتەوە. ئەوەش نابێ‌ حكومەت بەتەنها بیر بكاتەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە حزبە كودستانییەكان كۆببنەوە، پەرلەمان حزبە كوردستانییەكان بانگ بكات، كاتی ئەوەیە سەرۆكی هەرێم، حكومەت‌و پەرلەمان، بیر لەوە بكەنەوە چۆن باشترین مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا بكەین‌و پارێزگای لەسەنگی خۆمان لەهاوكێشەكانی نێودەوڵەتی، ئێرانی‌و ئەمریكی بكەین‌و نەبوین بەبەشێك لەشەڕەكە.

بۆ رۆژئاواش رێگەی تەندروست ئەوەیە، رۆژئاوا حزبە كوردستانییەكانی رێكبكەون، پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبێ‌، لەگەڵ كۆنگرەی جنێف‌و لەگەڵ روسیان ئێران، ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و یەكێتیی ئۆرۆپا قسەبكەن‌و هەوڵبدەن بەمرونەتەوە دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی سوریا بكەن.
سوریاش دەبێ‌ لەدیدێكی نیشتمانی فراوانەوەو بەئزمون وەرگرتن لەهەموو ئەو كارەساتانەی توشی بووە سەیری كێشەی كورد بكات، نەك بەئەقڵییەتی بەعسییەتی جاران. چونكە سەردەمی ئەقڵییەتی قەومی تەسك‌و شۆڤێنییەت نەما! 

سەبارەت بەسیاسەتی نێودەوڵەتیش، وتی:
سیاسەتی نێودەوڵەتی تا ئێستا دژی بەرژەوەندییەكانی ئێمەنین لەباشوری كوردستان، مەترسی لەسەر ئێمە نییە، بەڵام تا ئێستا سیاسیەتی ئۆرۆپا‌و جیهان، ستراتیجێكی نییە، بڕیارێكی روونی نییە بۆ چارەسەرەكردنی كێشەی نەتەوەیمان. هەروەك كێشەی كوردی لەبەشەكانی تری كوردستان، بەتایبەتی ئێستا لەرۆژئاوا لەپێشەوەیەو رووبەڕووە، بەڵام مافی كوردو كێشەی كورد بەپێی بەرژەوەندی‌و ململانێی دەوڵەتەكان ئاڵوگۆڕی لەگەڵ دەكرێت. ئەگەرچی هەمیشە وتومە: ئێمە جەنگاوەری ئازانین شەڕتان بەپارە بۆ بكەین، بەڵكو ئازادیخوازین، لەشۆڕشی ئەیلولەوە تا ئێستا هەر ئازادیخوازین، نابێ‌ كە شەڕ تەواو بوو بڵێن: ئافەرین، ئێمە یارمەتی ئێوەمان زۆرداوە! چوار لەمەوبەر ئەم قسەیەم كردووە، بەڵام ئەوەتا قسەكەم هاتەدی‌و ترەمپ دەڵێت: شەڕتان بۆ كردووین‌و ئێمەش پارەمان داونەتێ‌!  
  
PUKmedia  تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket