riklam

ئاڵتونی زۆر بەختی كچانی دهۆك دەسوتێنێت

ریپۆرتاژ‌ 08:48 PM - 2019-10-10
.

.

گەنجانی دهۆك و دەوروبەری بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری روو لە نەینەوا و شارەكانی دیكە دەكەن و ناچنە ژێر باری داواكاریی زۆری ئاڵتوون و ناوماڵ، كە كچانی شارەكەی خۆیان داوای دەكەن، ئەمساڵ (261) كەس لە دەرەوەی دهۆك كچانی تریان خواستووە و مارەیان كردوون، ئەوەش كار دەكاتە سەر هەڵكشانی رێژەی قەیرەیی كچان.

دلڤین سەركەوت، ناوی خوزراوی كچێكی تەمەن 36 ساڵی دانیشتووی ناوەندی شاری دهۆكە، بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״بە هۆی نەریتی كومەڵایەتی كچ داوای ئاڵتوونی زۆر دەكات، بۆیە لە كاتی خوازبێنیدا دەیان كچ و كوڕ ناتوانن هاوسەرگیری بكەن״.

دلڤین یەكێكە لەو كچانەی شووی نەكردووە و بەو هۆكارە چەند دواكارێكی دوور كەوتوونەتەوە و نموونەی خزمێكی خۆی باس كرد كە بۆ هاوسەرگیریی كچەكەیان نزیكەی 50 هەزار دۆلاریان بە ماڵی زاوا سەرف كرد تەنیا بۆ ئاڵتوون و شەكراو و ئاهەنگگێڕان״.

بە گوێرەی ئامارێكی شەش مانگی ئەمساڵ كە ״ئاژانس״ لە دادگای دهۆك دەستی كەوتووە، (261) مارەبڕینی دەرەكی هەبووە و دواتر لە دادگاكانی دهۆك بۆیان پەسەند كراوە.

حاجی فەخرییە داود، تەمەنی بەرەو حەفتا ساڵ هەڵدەكشێ و ئەمساڵ ژنی بۆ دوو كوڕی هێناوە و دوو بووكەكەی خەڵكی موسڵن، بووكێكی دیكەی هەیە كە دهۆكییە.

حاجی ژنە فەخرییەش  بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״لەبەر ئەوەی داواكاریی كچانی دهۆك لە ناوماڵ و ئاڵتوون ئێجگار زۆرە، بۆیە دوو بووكی موسڵاویم بۆ كوڕەكانم هەڵبژارد و زۆریشیان لێ ڕازیم״.

״داواكاریی ماڵ و ئاڵتوونی زۆر لە خێزانەكانی دهۆك هەر هەبووە و لەبەر قسەڵۆكی خەڵكیش ناوێرین داواكاریی كچ كەم بكەینەوە و دواتر بە چاوی كەم تەماشا دەكرێت״، حاجی فەخرییە وا دەڵێت.

داواكاریی زۆر بۆ ئاڵتوون و مارەیی و ناوماڵ لە دهۆك، ڕێژەی هاوسەرگیریی كەم كردووەتەوە بەراورد بە شارەكانی دیكەی هەرێم.

بە گوێرەی ئامارێكی ساڵی 2018ی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی لە لای ״ئاژانس״ە، دهۆك كەمترین ڕێژەی هاوسەرگیریی تێدا كراوە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، كە 10 هەزار و 902 كەس هاوسەرگیرییان كردووە و زۆرترین ڕێژەش لە هەولێر بووە كە  15 هەزار و 25 كەس بووە و سلێمانیش 13 هەزار و 836 كەس بووە.

زیرەك ئامێدی، تەمەن 30 ساڵ، سێ مانگە ژنی هێناوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״هاوسەرگیریم لەگەڵ خزمی خۆم كردووە و نزیكەی 2 هەزار دۆلارم بۆ ئاڵتوون و داواكاری خەرج كردووە.״

خەتاب عومەر، پارێزەر لە دادگای دهۆك بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״هیچ یاسایەك نییە ڕێگری لە كچ و كوڕ بكات لە داواكاریی پارە و زێڕی زۆر، دادگاش دوای ڕێككەوتنی كوڕ و كچەكە لە لای قازی ڕەزامەندیی هاوسەرگیرییان بۆ دەكات״.

هەیفە دۆسكی، پسپۆڕی كۆمەڵایەتی بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״بەشێك لە خێزانەكان لە بەشوودانی كچدا زێڕێكی زۆر داوا دەكەن و ئەم دیاردەیەش چەندین ساڵە لە دهۆك هەیە و ئەمەش ڕێژەی قەیرەیی لە هەردوو ڕەگەز زیاد دەكات״.

بێوار داخاس، بەرپرسی ڕاگەیاندنی داگای دهۆك ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی دادگای دهۆكی بۆ ״ئاژانس״ خستە ڕوو، كە 5295 هاوسەرگیریی كراوە و 737 كەسیش جیا بوونەتەوە و جیا لەو ئامارەش 261 مارەبڕینی دەرەكیش هەبووە كە دواتر لە دادگاكانی دهۆك پەسەند كراون.

PUKmedia لەئاژتنسەوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket