riklam

سلێمانی.. ژمارەی‌ تووشبوانی‌ ئۆتیزم (329) تووشبووە

کوردستان 05:49 PM - 2019-10-09
.

.

ئەمڕۆ 9ی‌ 10ی‌ 2019، لە كۆنفرانسێكی‌ تایبەتدا بە ئامادەبوونی‌ بەڕێزان ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ پەرلەمان‌و ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ژمارەیەك لە بەرپرسی‌ ڕێكخراوەكانی‌ ئۆتیزم‌و سەنتەرە فەرمییەكانی‌ بواری‌ ئۆتیزم، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەنجامی‌ ڕووپێویەكی‌ بۆ تووشبوانی‌ ئۆتیزم خستەڕوو، بە پێی‌ ئەنجامەكانی‌ ئەو ڕووپێوییە ژمارەی‌ تووشبوانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ (329) تووشبوەو لەو ژمارەیەش (61)یان لە ڕەگەزی‌ (مێ)و (261)یان لە ڕەگەزی‌ (نێر)ن.

لەو كۆنفرانسەدا، سۆران سەعید، بەرپرسی‌ بەشی‌ پلان‌و بەدواداچوون لە دیوانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ڕوونكردنەوەی‌ پێویستی‌ لەبارەی‌ كات‌و چۆنیەتی‌ كاركردنی‌ ڕووپێویەكەو پڕۆگرامی‌ بە داتاكردنیان خستەڕوو، پاشان عومەر گوڵپی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ وتەیەكی‌ پێشكەشكردو تیایدا ئەنجامەكانی‌ بۆ ڕووپێوییەكی‌ خستەڕوو و تیایدا ڕوونكردنەوەی‌ پێویستی‌ لەسەر ژمارەكان خستە بەردەم ئامادەبووان و دەزگاكانی‌ ڕاگەیاندن.

لە سەرەتای‌ وتەكەیدا بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ بایەخی‌ بوونی‌ ئامارو زانیاری‌‌و داتای‌ بۆ چۆنیەتی‌ دانانی‌ پلان‌و بەرنامە خستەڕوو، و وتی‌ :" ئەم ئامارو داتا متمانە پێكراوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی‌ باشتر بتوانین بڕیار بدەین‌و پلانەكانی‌ خۆمان داڕێژین چ لەسەر ئاستی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ چ لەسەر ئاستی‌ وەزارەت".

هەر لە وتەكەیدا عومەر گوڵپی‌، ئاماژەی‌ بە كاركردنی‌ سەنتەری‌ ئۆتیزم داو وتی‌ :" ئەگەرچی‌ سەنتەری‌ ئۆتیزمی‌ سلێمانی‌ لە ئاست خواستی‌ دایك‌و باوكان‌و كێشەی‌ ئۆتیزمدا نەبێت، بەڵام باشترین سەنتەری‌ سەرجەم عێراق‌و كوردستانە لە هەردوو ڕووی‌ ژمارەی‌ سودمەندان‌و كوالێتی‌ كاركردنەوە، بەرنامەشمان هەیە ئەم حاڵەتە جێگیربكەین، هەروەها لە ئایندەدا ڕاهێنانی‌ زیاترمان دەبێت بۆ خێزانەكانیش".
پاشان هەریەكە لە ئامادەبووان بێجگە لە دەستخۆشی‌ لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ بۆ ئەم كارە گرنگەی‌، بۆچوونی‌ خۆیان لەبارەی‌ ڕووپێویەك‌و چۆنیەتی‌ كاركردن بۆ ئۆتیزم‌و تووشبوانی‌ ئۆتیزم خستەڕوو.

لە خوارەوە پوختەو تەواوی‌ زانیارییەكانی‌ ڕووپێویەكە دەخەینەڕوو:

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاوێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌
(پوختەی‌ ئەنجامی‌ ڕووپێوی تووشبوانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌)
پاش ڕاگەیاندنی‌ پرۆسەی‌ ڕووپێوی و ئاماری‌ توشبوانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە بەرواری‌ ١٦ی‌ ٦ی‌ ٢٠١٩ەو گرتنەبەری‌ سەرجەم ڕێوشوێنەكان بۆ ئاگاداركردنەوەی‌ دایك و باوك و خێزانەكان لە چەندین ڕێگەی‌ جیاجیاوە، ئەنجامی‌ ڕووپێوی بۆ منداڵانی‌ ئۆتیزم لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەمجۆرەی‌ خوارەوە دەخەینەڕوو:


١ـ كۆی گشتی ئەو كەسانەی‌ كە ڕووپێوییەكە بە پێی‌ بەڵگەنامەی‌ فەرمی‌ بە توشبوی‌ ئۆتیزم ئەژماری‌ كردوون بریتین لە (329) تووشبوو لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، لەوانە (268)یان لە ڕەگەزی‌ (نێر) و (61)یان لە ڕەگەزی‌ (مێ)ن.


٢ـ دابەشبوونی منداڵانی ئۆتیزم بە پێی شوێن لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌: (196) تووشبووی‌ ئۆتیزم بەڕێژەی‌ (%60) دانیشتووی‌ ناو شاری‌ سلێمانین و ئەوانەشی‌ لە دەرەوەی‌ شاری‌ سلێمانی نیشتەجێن بریتین لە (133) تووشبوو بە ڕێژەی‌ (%40).


٣ـ دابەشبوون بە پێی‌ تەمەن: زۆرترین ڕێژەی‌ تووشبوانی‌ ئۆتیزم بریتیە لە منداڵانی‌ تەمەن(٧ بۆ ١١)ساڵ، بە رێژەی‌ (٤٧%) و كەمترینیان تەمەنیان لە نێوان (٢٧ بۆ ٣٠ ساڵیدایە) كە یەك تووشبوە بە ڕێژەی‌ (0.30%).


٤ـ دابەشبوون بە پێی‌ سودمەندبوون لە سەنتەرەكان: ڕێژەی‌ منداڵانی‌ سودمەند لە سەنتەرەكانی‌ ڕاهێنان بریتیە لە (219) تووشبوی‌ ئۆتیزم بە رێژەی‌ (%66.57)، لەو ڕێژەیەش (96) تووشبوو لە سەنتەری‌ حكومی‌ سودمەندبوون بە ریژەی‌ (%29.17) و ئەوانەشی‌ لە سەنتەری‌ ناحكومی‌ سودمەند بوون بریتین لە (123) تووشبو بە ڕێژەی‌ (%37.38).


٥ـ دابەشبوون بە پێی‌ سودمەندبوون لە هاوكاریی‌ كۆمەڵایەتی‌: ژمارەی‌ ئەو تووشبوانەی‌ ئۆتیزم كە تۆمارن لە تۆڕی‌ پاراستنی‌ كۆمەڵایەتی‌ و سودمەندن لە هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكان بریتین لە (84) تووشبو بە ڕێژەی‌ (%25.53) و ژمارەی‌ ئەوانەشی‌ سودمەند نەبوون بریتین لە (245) توشبوو بەڕێژەی‌ (%74.47).


٦ـ دابەشبوون بە پێی‌ خول و ڕاهێنانەكان: لە كۆی‌ (329) خێزانی‌ ئۆتیزم تەنها (70) لە خێزانەكانیان بەشداری‌ خول و ڕاهێنانیان كردووە بە ڕێژەی‌ (%21.28)، واتە (259) خێزان بە ڕێژەی‌ (%78.72) بەشداری‌ هیچ خول و ڕاهێنانێكیان نەكردووە.


٧ـ دابەشبوون بە پێی‌ سودمەندبوون لە مۆڵەتی‌ بەخێوكار: لە كۆی‌ (329) تووشبوی‌ ئۆتیزم، (73)یان بەڕێژەی‌ (%22.19) سودمەند بوون لە مۆڵەتی‌ بەخێوكار.


٨ـ دابەشبوون بە پێی‌ دۆخی‌ ئابوری‌: بە پێی‌ ئەنجامی‌ ڕووپێوییەكە (265) خێزان دۆخی‌ ئابوریان مامناوەندو باشە بە رێژەی‌ (%80)، و (264) خێزانی‌ ئۆتیزم بە ڕێژەی‌ (%80.24) نیشتەجێن لە موڵكی‌ خۆیاندا، هەروەها ژمارەی‌ ئەو خانەوادانەی‌ كە دۆخی‌ ئابوریان خراپ و زۆر خراپە بریتیە لە (64) خێزان بە رێژەی‌ (%19.46)، و ژمارەی‌ ئەو خانەوادانەی‌ كە لە خانوی‌ كرێدان بریتیە لە (61) خێزان بە رێژەی‌ (%18.54).


٩ـ بە پێی‌ ئەنجامەكانی‌ ڕووپێوییەكە (11) خێزان بێجگە لە تووشبوو بە ئۆتیزم، یەكێكی‌ تر لە ئەندامانی‌ خێزانەكەیان خاوەن پێداویستی‌ تایبەتە بە رێژەی‌ (%3.33).


PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket