riklam

جوان ئیحسان: ڕووخاندنی عادل عەبدولمەهدی بە زیانی کوردە

کوردستان 01:31 PM - 2019-10-09
.

.

جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێـتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بە زەرەر و زیانەکانی ڕووخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەدات لەسەر کورد و پێی وایە کورد لە عادل عەبدولمەهدی باشتر نەبینیوە، بۆیە دەڵێت: ״وەک کورد پشتگیریی عادل عەبدولمەهدی دەکەین و ڕووخاندنی بە زیانی کوردە.״

جوان ئیحسان، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایدەگەیەنێت خۆپیشاندانەکان جگە لە داواکردنی مافی ڕەوا، هاوکات ئەجێندای دەرەکی و ناوەکی لە بەرژەوەندیی سیاسیشی تێدایە و دەشڵێت، ״بەشێکی خۆپیشاندانەکان بۆ ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت شۆڤێنییانە بیر ناکاتەوە.״

با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، خۆپیشاندانەکان عێراق بەرەو کوێ ئاڕاستە دەکەن؟

جوان ئیحسان: خۆپیشاندانەكان بەرەو هێوربوونەوە دەڕۆن، چونكە بەشێك لە داواكارییەكانیان  بە هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن جێبەجێ دەكرێت، هەندێك داواكاریشیان دەتوانرێت لە ماوەیەكی كەمدا جێبەجێ بكرێت و وەڵامیان دەدرێتەوە، هەندێك لە داواكارییەكانیش قابیلی ئەوەن لە ڕووی یاساوە چاوی پێدا بخشێنرێتەوە، هەندێكی پێویستی بەوەیە لە بودجەی ساڵی 2020 جێگەی بۆ بكرێتەوە، هەندێك لە داواكارییەكانیش قورسن و جێبەجێ ناكرێن، هەندێك داواكاریش هەیە پەیوەندیی بە خۆپیشاندانەوە نییە و ئەجێندای تری لە پشتەوەیە.

زۆر باس لە عەبادی و نوری مالیكی دەكرێت، وەك خوێندنەوەی سیاسەتی عێراق ئەو دوانە لە كوێی خۆپیشاندانەكاندان؟

جوان ئیحسان: لەوانەیە وەكو هەموو كوتلەكانی تر هانی خۆپیشاندەرانیان دابێت بەوەی كە داواكارییەكانیان ڕەوایە، بە تایبەتی حەیدەر عەبادی و كوتلەكەی بەم دواییە وەكو ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەرخستووە، بەڵام كەسیان نەیانتوانیوە پێشەوایەتیی خۆپیشاندانەكان بكەن، بەم دواییەش هاوپەیمانی  سائیرون  بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر ویستیان بچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە، بەڵام  خۆپیشاندەران قبووڵیان نەكرد، بۆیە دواجار هەر ئەوە بوو فراكسیۆنەكەیان كارەكانیان لە پەرلەمان هەڵپەرسارد.

كورد دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بكات؟

جوان ئیحسان: بە نیسبەتە ئێمەوە وەكو كورد هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی نییە، لەبەر ئەوە ئێمە پشتگیریی دەكەین، و عادل عەبدولمەهدی بە هیچ شێوەیەك تۆمەتبار نییە یان بڵێین ئەوە نییە كە هەموو تاوان و كەموكوڕییەكان لە ئەستۆی ئەودا بێت، هەموو ئەو حزبانەی كە ئێستا داوای چاكسازی دەكەن خۆیان بەشێكن لە درووستكردنی فەوزا و گەندەڵییەكە، ئەوەی ئێستا كەموكوڕی و خراپییەكانی حكومەتەكانی پێشووترە ئێستا لەسەر عادل عەبدولمەهدی كەڵەكە بووە، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەك پشتگیری لە عادل عەبدولمەهدی بكەین، چونكە ناوبراو كەسێكە لەگەڵ چاكسازییە و سوورە لەسەر بنەبڕكردنی گەندەڵی.

بەڵام کە ئێستا کابینەی عادل عەبدولمەهدییە تەقە لە خۆپیشداندەران کراوە؟

جوان ئیحسان: خۆپیشاندان واتە بارێكی نائاسایی، كۆمەڵێك خەڵك كە داوایەكی ڕەوایان هەیە كۆ دەبنەوە لە بەرامبەریشدا كۆمەڵێك خەڵكی تریشی تێدەكەوێت، ئێستا باس لەوە دەكرێت كە لە هێزە ئەمنییەكان خەڵك شەهید كراوە، واتە لە ناو خۆپیشاندەرانیش تەقە كراوە، بۆیە ئەمە دەبێت لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت و حكومەت لەم  مەسەلەدا تەحقیق و لێپێچینەوە دەكات.

باس لەوە دەكرێـت كە خەڵكی بیانی هەبووە لەسەر باڵەخانەكان بە قەناس تەقەی لە خۆپیشاندەران كردووە و ئەمە تا چەند ڕاستە؟

جوان ئیحسان: بەڵێ‌ دەوترێت، بەڵام نازانرێت ئەمە ڕاستە یان نا دەبێت لێكۆڵینەوە لەسەر ئەمە بكرێت.

ئایا قسە و گفتوگۆ كراوە لە ئەگەری لەدەستدەرچوونی بارودۆخەكە كورد چۆن مامەڵە بكات، پلانی هەیە؟

جوان ئیحسان: ئەوەی كە باس لەوە دەكرێت حكومەتی عێراق دەڕووخێت، ئەمە ڕاست نییە ڕووخانی حكومەت ئاوها ئاسان نییە، عێراق دەوڵەتە و دامەزراوەیە، بۆیە ئێمە پشتگیریی لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەین و لەگەڵ ئەوەش پشتگیری لە مافە ڕەواكانی خۆپیشاندەران دەكەین و لەگەڵ ئەوەین چاكسازی بكرێت.

لە بەردەامی و گەورەبوونی خۆپیشداندانەكان و لاوازبوونی حكومەتی عێراق، پێویست نییە كورد بارودۆخەكە بقۆزێتەوە بە تایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و كەركوك؟

جوان ئیحسان: لە سەرچاوەی فەرمیی حكومەتی هەرێم ئەوە باس نەكراوە، ئەمە ناكرێت ئێمە فرسەت و هەل لە لاوازی و پشێویی عێراق بقۆزینەوە، بەڵكوو ئەوەی هەیە حكومەتی هەرێم دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا دەبێت داوای بكات.

وەك بزانن خۆپیشاندان بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییە یاخود بۆ كۆتاییپێهێنانە بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی؟

جوان ئیحسان: ئەوەی بینیمان و دەیبینین هەردوو داواكەی تێدابوو، هەندێكیان بۆ ڕووخانی حكومەتە و هەندێكیشیان بۆ داوای چەند مافێكی ڕەوا بوو.

ڕووخانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی تا چەند لە زیانی كوردە؟

جوان ئیحسان: زۆر لە زیانی كوردە، لەبەر ئەوەی لە ساڵی 2003 تاوەكو ئێستا هیچ  حكومەتێك نەبووە وەك عادل عەبدولمەهدی گرێكوێرەی ڕق و كینەی نێوان هەرێم و بەغدا بكاتەوە، كورد هیچ كەسێك لە عادل عەبدولمەهدی باشتر نابینێـتەوە، و گەورەترین زیان بەر كورد دەكەوێت ئەگەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بڕووخێت، بەشێكی ئەوەی كە لە دژی عادل عەبدولمەهدی دەكرێت ئەوەیە كە بە چاوی شۆڤێنی سەیری نەتەوەكانی تری غەیرە عەرەب ناكات.

PUKmedia ئاژانس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket