riklam

پەرلەمان كێشە و گرفتی جوتیاران تاوتووێدەكات

کوردستان 05:01 PM - 2019-10-08
.

.

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای به‌ركاركردنی یاسای فیدرالیی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ عێراقییه‌كان و تاووتوێكردنی كێشه‌و گرفتی جووتیاران، سه‌عات10:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 8/10/2019، به‌سه‌رپه‌رشتیی عوسمان عه‌بدوڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری و به‌ڵێن ئیسماعیل سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان و بازرگانی و پیشه‌سازی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی له‌نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جێگرانی سه‌رۆك و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای به‌ركاركردنی یاسای فیدرالیی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌ (11)ی ساڵی (2010) ی هه‌مواركر او كرا.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ كرا كه‌به‌هۆی پرۆِژه‌كانی نه‌وت زیانیان به‌ركه‌وتووه‌و كاریگه‌ریی كردۆته‌ سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی.

هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ سه‌رجه‌م تێبینی و پێشنیازه‌كان ره‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت بۆئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی كشتوكاڵ و ئاودێری و وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی راوبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر بخه‌نه‌ڕوو به‌مه‌رجێك له‌ ماوه‌ی (10) رۆژ تێنه‌په‌ڕ نه‌كات.

هه‌ر ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێریی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم و به‌غدا له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌سه‌ر پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران كه‌هه‌موو ره‌زامه‌ندییه‌كی خه‌رجكردنی له‌سه‌ر دراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ته‌نیا پێویستیی به‌ فه‌رمانی كارگێڕیی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ داوا له‌لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا به‌جدی كار بۆ ئه‌م فه‌رمانه‌ كارگێڕییه‌ بكه‌ن.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرا كه‌ هۆشیاری بدرێته‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ جووتیاران و زه‌ویی كشتوكاڵی تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌و ململانێ سیاسییه‌كان نه‌كرێت.

PUKmedia   راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket