riklam

ئه‌و رۆژه‌ی هه‌موو ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كورد هاته‌ ده‌نگ

بیروڕا 02:13 PM - 2019-10-08
.

.

ئێستا كاژێر 2:30 خوله‌كی به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌یه‌ به‌كاتی نیویۆرك كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌نووسم. له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ من نه‌خه‌وتووم و ئاگاداری زۆربه‌ی كاردانه‌وه‌كانم له‌ ئه‌مریكا. دوێنێ شه‌و له‌ پڕا كۆشكی سپی له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك بڕیاری پشتگیری پلانی ناوچه‌ی "ئارامی" بڵاوكرده‌وه‌. بۆ به‌یانییه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ تووشی گه‌رده‌لوولێكی ره‌خنه‌ و فشار هاته‌وه‌. له‌ نه‌یارانییه‌وه‌ بۆ نزیكترین هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ كۆنگرێس، میدیا و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی ئه‌مریكا.

"نابێت خیانه‌ت له‌ كورد بكه‌ین" بووه‌ته‌ درووشمی نه‌ك ته‌نها سیاسییه‌كانی واشنتن له‌ هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكرات، به‌ڵكو كه‌سایه‌تییه‌ به‌نێوبانگه‌كانی ئه‌مریكا له‌ میدیا و هۆڵیوود و ته‌نانه‌ت به‌رنامه‌ كۆمیدییه‌كانیش.

"شێر" كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگی ئه‌مریكایه‌ پێش چه‌ند كاژێرێك له‌ تویتێكدا تره‌مپی به‌ "گه‌نده‌ڵ" ناوبرد. "تره‌مپ ده‌زانێت كه‌ توركیا كۆمه‌ڵكوژی له‌ دژی كورد ئه‌نجام ده‌دات. تره‌مپ هه‌ر ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانه‌ كورده‌كانمان بداته‌ ده‌ستی ئه‌ردۆغان" ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ به‌ ده‌گمه‌ن باسی سیاسه‌ت ده‌كات تویتی كرد.

ستیڤن كۆلبێر كه‌ به‌رنامه‌ كۆمیدییه‌كه‌ی شه‌وانه‌ زۆرترین بینه‌ری هه‌یه‌ له‌ ئه‌مریكا، سوزان رایس-ی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی پێشووی ئه‌مریكای بانگهێشتكردبوو و پێكه‌وه‌ وه‌سفی كوردیان ده‌كرد و ره‌خنه‌یان ده‌گرت له‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ.

ئه‌مشه‌و له‌ پڕبینه‌رترین كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی ئه‌مریكا كورد بابه‌تی سه‌ره‌كییان بوو. نه‌ك ته‌نها سی ئێن ئێن و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ ده‌نگی ئۆپۆزیسیۆنن له‌ دژی تره‌مپ، به‌ڵكو كه‌ناڵی فۆكس نیوزیش ره‌خنه‌گربوو له‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ. فۆكس نیوز پڕبینه‌رترین كه‌ناڵی هه‌واڵی ئه‌مریكایه‌ و گه‌وره‌ترین ده‌نگی پشتگیری دۆناڵد تره‌مپه‌.

ئه‌و فۆكس نیوزه‌ی كه‌ زۆربه‌ی بێژه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌كانی به‌ ئاشكرا پشتگیری له‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی تره‌مپ ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ ره‌خنه‌گربوون له‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ. ئه‌و ئه‌مریكایه‌ی كه‌ به‌ره‌ی پشتگیر و ره‌خنه‌گری تره‌مپ له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك ناكۆكن، له‌سه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ بوون.

ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 24 كاژێری رابردوودا رووده‌دات له‌ ئه‌مریكا وه‌رچه‌رخانێكی مێژووییه‌ بۆ دۆزی كورد. جاران ته‌نها دیپلۆماتكار و چه‌ند سیاسییه‌كی واشنتن ده‌یانزانی كورد كێیه‌، به‌ڵام ئێستا نه‌ك هه‌ر رای گشتی ئه‌مریكی كورد ده‌ناسێت به‌ڵكو له‌ ریزی ئیسرائیل كورد به‌ "باشترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا" ناو ده‌برێت.
من لێره‌ گه‌شبینیتان پێ نافرۆشم. تره‌مپ بڕیاری خۆی داوه‌ و توركیا موكڕ دیاره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی. به‌ڵام ویستم ئه‌م وێنه‌یه‌تان بۆ بگوازمه‌وه‌. ئه‌م شه‌پۆلی پشتگیریه‌ بۆ كورده‌ نه‌ك ته‌نها لایه‌نێك. كه‌س لێره‌ نازانێت یه‌په‌گه‌، یه‌كێتی، پارتی و ئه‌نه‌كه‌سه‌... هتد چییه‌. زۆربه‌یان نازانن كانتۆن له‌ كوێ ده‌ستپێده‌كات و هه‌رێمی كوردستان له‌ كوێیه‌. رای گشتی و سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا و سه‌ركرده‌ و خه‌ڵكی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان به‌ هه‌موومان ده‌ڵێن "كورد". هه‌واڵه‌كانی زۆربه‌ی رۆژنامه‌ و ده‌زگا میدیاییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن "توركیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كورد".

بێگومان هێرشی توركیا و دروستبوونی كاره‌ساتێكی مرۆیی له‌ رۆژئاوای كوردستان ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستبكات. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌م ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان نییه‌، به‌ڵكو ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ كه‌ ئێستا بۆ كورد دروستبووه‌. بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی مۆدێرندا، ئه‌م نه‌ته‌وه‌ مه‌زڵومه‌ له‌ دڵ و مێشكی به‌شێكی رای گشتی ئه‌مریكی و جیهانی جێی خۆی كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وانه‌ش گاڵته‌یان به‌ گرنگی هاوسۆزی رای گشتی ئه‌مریكا و رۆژئاوایی دێت.

من ساڵی 1991، 2014 و مانگی 12ـی 2018ـه‌یان بیرده‌هێنه‌مه‌وه‌. كۆڕه‌وه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی دوای راپه‌ڕین و هاوسۆزی رای گشتی فه‌ره‌نسی و ئه‌مریكی بووه‌ هۆی دامه‌زراندنی هێڵی 36. وێنه‌كانی رووداو له‌سه‌ر چیای شنگال بیانۆی سه‌ره‌كی ئۆباما بوو له‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ بڕیاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی پێشئه‌وه‌ی داعش بگاته‌ هه‌ولێر. شه‌پۆلی ره‌خنه‌ی رای گشتی و نوخبه‌ی سیاسی ئه‌مریكی بوو كه‌ ساڵی رابردوو دۆناڵد تره‌مپی په‌شیمانكرده‌وه‌ له‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی ته‌واو له‌ سووریا.

مه‌رج نییه‌ رای گشتی هه‌مووجارێك كاریگه‌ر بێت یاخود سه‌ركرده‌كان لێی تێبگه‌ن. ئه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ پێیوایه‌ كشانه‌وه‌ له‌ سووریا ده‌نگی زیاتری بۆ كۆده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ هاوسۆزییه‌ شتێكی نوێیه‌ و پێویسته‌ -به‌تایبه‌تی- بڕیاربه‌ده‌ستانی كورد لێی ئاگاداربن و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.

ئیدی كلیلی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی ته‌نها لای سیاسییه‌كانی واشنتن و پایته‌خته‌كان نییه‌، به‌ڵكو له‌ هزر و دڵی به‌شێك له‌ رای گشتی ئه‌مریكی و رۆژئاواییه‌ كه‌ كورد به‌ رزگاركه‌ر ده‌بینێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket